لاقەکردنی ئافرەتان

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2022-06-07     550

ئەم ڕەوشتە دزێو و پۆخڵە، لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، مێژوویەکی زۆر دێرینی هەیە. هێندەی من بیری لێ دەکەمەوە، ئەوەتەی مرۆ لەسەر ڕووی ئەم زەوییە پەیدابووە، هەر هەبووە. بەڵام سەرەتا بە ئەم شێوەیەی ئەوڕۆ نەبووە، بەڵکوو زۆر سنوورداربووە و ڕەنگە، لەسەر ئاستی تاکەکان بووبێ، ئارەزوو و خرۆشە سێکسییەکانی خۆیان پێ دامرکاندبێتەوە! 

پێم وایە، کاتێ کۆمەڵی مرۆ زیادیکردووە، تیرە و هۆزە کێویلە دڕندەکان، لەسەر بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیان، تۆوی دوژمنایەتییەکی خوێناویی، لە نێوانیاندا چێنراوە، ئیدی لاقەکردنیش، شێوەیەکی دیکەی وەرگرتووە، لە تاکەوە بۆ کۆمەڵ و لە ئارەزوودامرکاندنیشەوە، بۆ تۆڵەسەندنەوە و ئەتککردن گۆڕاوە.

کاتێ جەنگ لە نیوان دوو تیرە و هۆز، دوو گەل و دەوڵەت، یا چەن دەوڵەتیکدا بەرپادەبێ، لایەنە جیاوازەکانی جەنگە، بە هەموو چەکێکی سووک و قوورس، گەورە و گچکە، لە گیانی یەکدی بەردەبن و کوشتارێکی زۆر، لە هەموو لایەنەکان دەکرێ. بەڵام لایەنی سەرکەوتوو، قەرەبووی زیانەکانیان دەکەنەوە و بە هەموو شێوەیە، تۆڵە لە دوژمنەکانیان دەسەننەوە. تۆڵەسەندنەوەکەش، لە هەموو بوارەکانی داگیرکردن، کوشتنوبڕین، وێرانکردن، تاڵانکردن، لاقەکردنی ئافرەتانی، لایەنە دۆڕاوەکانی جەنگەکەدا دەبێ.

گەر زۆر دوور نەڕۆین، تەنیا هەر باسی عەرەبەکان بکەین، ئەوا پێش ئەوەی ئایینی ئیسلام پەیدابێ، لەنێو کۆمەڵە نەزانە دوواکەوتووەکانی، تیرە و هۆزەکانی عەرەبدا، پەلاماری یەکدیان داوە، سەر و ماڵی یەکدیان، بۆ خۆیان بە ڕەوا زانیوە. بۆیە هەر مناڵێکی کچیان بووبێ، زیندەبەچاڵیانکردووە، تا ئابڕووی خۆیان بپارێزن. ئەم کەلتوورە ناشیرینە، بە ئەو شێوەیە بەردەوامبووە، تا ئایینی ئیسلام سەریهەڵداوە.

کاتێ ئایینەکەش پەیدابووە، وردەوردە گەشەیکردووە، ڕەگی داکوتاوە و دەسەڵاتی پەیداکردووە، ئیدی بە شێوەیەکی دیکە، بە ناوی باوەڕداران و بێباوەڕانەوە، کلتوورەکەیان زیندووکردووەتەوە. ئەمەش دوو جۆر بووە: جۆرێکیان جەنگی نێوخۆی نیوان عەرەبە موسوڵمانەکان و عەرەبە گاورەکان بووە. جۆڕەکەی دیکەشیان، جەنگی نێوان موسوڵمانەکان و گەلانی دیکەی ناموسوڵمان بووە. لە هەردوو شێوەکەشدا، قوربانییەکان هەر ئافرەت بوون. مێژووی لەشکرکێشییەکانی عەرەبە موسڵمانەکانیشمان لەبەردەمدایە، چۆن ئافرەتانی نەیارەکانیان کۆکردووەتەوە، بەسەر جەنگاوەرەکانیاندا دابەشیانکردوون. ئەوانیش تا توانیویانە و پێیان خۆشبووە، بە زۆر و بە خوایشت، وەک کاڵایەکی هەرزان، لەگەڵیان جووتبوون. کاتێ لێشیان بێزاربوون، وەک کارەکەر لە ماڵەکاندا کاریان پێ کردوون، یا بە دیاریی بە یەکێکی دیکەیان بەخشیوە، یا لە بازاڕەکاندا فرۆشتویانن! بۆ ئەم کارە ناڕەوا و قێزەونەش، چەندین بڕوبیانوویان هێناوەتەوە، بە ئایەت و فەرموودەش ڕازاندوویانەتەوە و بە ڕەوایان زانیوە! تەنانەت لە جەنگی نێوان موسوڵمانەکان خۆیاندا، ئەو کارەیان کردووە و پێیان نەنگیی نەبووە!

لە مێژووی نوێشماندا، ڕەوشت و هەڵسوکەوتەکانی گرووپە جەنگاوەرەکانی فاشیزمی ئیسلامیی، گەواهیی ئەوەمان بۆ دەدەن، هەر بۆ نموونە: (داعش) بە هەزاران ئافرەتی بێچارە و داماوی کوردی یەزدیی و فەلەکانیان داگیرکردووە، ئەوی خۆیان پێیان خۆشبووە و ئافرەتە دیلەکان پێیان ناخۆشبووە، لەگەڵیان کردوون!

کەواتە ئەم کارە قێزەونە، شتێکی نوێ نییە، بەڵکوو سەرەتاکەی بۆ سەردەمی دەسەڵاتی ئایینی ئیسلام دەگەڕێتەوە. کاتێ لەشکری عەرەبە موسوڵمانەکان، هەر لە سەردەمی پەیامبەرەوە و پتر لە (1400) ساڵ لەمەوبەر، ئەم بێ ڕەوشتییەیان بڵاوکردووەتەوە. بۆ نموونە: لە هێرشەکەی لەشکری عەرەبە موسوڵمانەکان، بە سەرکردایەتی پەیامبەر (موحەممەد)، بۆ سەر هەردوو هۆزی جووی (بەنی نەزیر) و (بەنی قوڕەیزە)، پیاو و لاوەکانیان قەلاچۆکردووە، بە هەزاران ئافرەتیشیان، بە دیلگرتووە و لە نێوان خۆیاندا دابەشیانکردوون.

پاشان لەشکری توورکە موسوڵمانەکان، بە خراپترین شێوە، لە هەر سێ کیشوەرەکەی ئاسیا، ئەفریکا و ئەورووپا پێڕەویانکردووە، بە هەزاران کیژی مناڵ و ژنیان فڕاندووە، لاقەیانکردوون و دواییش فرۆشتوویانن. 

                                   * * *

دەوڵەتەکانی ئەورووپا و ئەمێریکاش، لە مێژووی بێ ئابڕووی ئەو لەشکرە داگیرکەرانەی عەرەب و توورکە موسوڵمانەکانەوە، فێری ئەو بێ ڕەوشتییە بوون، چونکە ئەو وڵاتانە، هەمووی پێش چەن سەد ساڵێ درووستبوون. 

گەورەترین شاڵاوی تۆڵەسەندن لە مێژووی نوێی مرۆڤایەتیدا، لە کۆتایی یەکەمین جەنگی جیهان ڕوویداوە، کاتێ هێزەکانی ئەڵمانیای نازی تێکشکان، هێزی هاوپەیانەکان سەرکەوتن و خاکی وڵاتەکەیان داگیرکرد، لاقەکردنی ئافرەتان بوو. ئەو دەسدرێژییە سێکسییە، بە شێوەیە بوو، مێژووی هاوچەرخی کۆمەڵی مرۆ تا ئەو کاتە، بە خۆیەوە نەدیبوو!

بۆیە نووسەری ئەڵمانیی (مریام گێرهارت)، لە پەرتووکی (کاتێ سەربازەکان هاتن)، لە ئەو بارەیەوە نووسیوێتی: (گەورەترین پڕۆژەی لاقەکردن لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، دوای ئەوە بوو، ئەڵمان لە دووەمین جەنگی جیهاندا دۆڕا و خاکەکەی داگیرکرا. هێزەکانی هاوپەیمانان، (2) میلیۆن ئافرەتیان لاقەکرد. تەرمی زۆربەیان لەسەر شەقامەکان کەوتبوون. سەربازەکانی بەرەی هاوپەیمانان، تەنانەت بۆ ساتێکیش دوودڵ نەبوون، لە ئەوەی هەر ئافەرەتێ، قایل نەبێ، داواکارییە سیکسییەکانیان قەبووڵکا، ئارەزووە قێزەونەکانی خۆیانیان پێ نەشکینن، بیانکوژن. گەر قایل نەبوونایە، سواریانبن. تا نێوەڕاستی پەنجاکانیش، فەرمانگە تایبەتەکانی ئەڵمان، (37) هەزار مناڵی بێ باوکیان. بە ناوی دایکەکانیانەوە تۆمارکرد!

لە ئەو کارە نامرۆییە قیزەونەدا، رووسەکان پتر لە یەک میلیۆن، ئەمێریکاییەکان (190) هەزار، بریتانییەکان (45) هەزار و فرەنسییەکانیش (50) هەزار ئافرەتیان لاقەکرد. سەیر ئەوەیە، ئەم تاوانبارانەی ئەم تاوانە پۆخڵەیان کردووە، ئەوڕۆ باسی مافی مرۆ و مافەکانی ئافرەتانمان بۆ دەکەن!).

هەروەها ئەزموونی (ڕواندا)، ئەو جەنگەی لە نێوان ساڵانی (1990 - 1993)دا، لە نێوان هەردوو تیرەی (هوتوو)ی زۆرینەی خاوەن زەوی کشتوکاڵ و کەمینەی خاوەن مەڕوماڵات (تووتسی)دا ڕوویدا، جگە لە ئەوەی نیو میلیۆن – یەک میلیۆن کەس، لە هەردوولا کوژران، بە هەزاران ئافرەتیشیان لە یەکدی لاقەکرد.

بەڵێ، کاتێ جەنگ لە نێوان لایەنەکاندا تەواودەبێ، لایەنی سەرکەوتوو، وڵاتی لایەنە ژێرکەوتووەکان داگیردەکا، ئیدی تٶڵەسەندنەوە دەسپێداکا، نەشەی سەرکەوتن دەیانگرێ، گوێ بە هیچ باوەڕێکی ئاسمانیی و زەمینیی نادەن. بۆیە هەرە پێشکەوتووەکانیان، هەرە خواپەرستەکانیان، وەک هەرە دواکەوتوو و بێباوەڕەکانیان، هەڵسوکەت لەگەڵ هەموو شتێکی پیرۆزی گەلە ژێردەسەکانیان دەکەن!

 

سەرچاوە:

مریام جیبیهارت، عندما اتي الجنود، 2016

من ويكيبيديا، الموسوعة الحرة، الانتهاكات الجنسية أثناء احتلال ألمانيا

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×