دوو دەسەڵات و یەک خاکی داگیرکراو!

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2020-04-24     1328

شیعەکانی (ئێران) لە مێژە هەوڵدەدەن، باشووری (کوردستان) پارچە پارچەکەن. گەر بۆشیان بلوێ، ئەوا بەسەر چەن شار و شارۆچکە و گوندێکدا دابەشیدەکەن، بۆئەوەی ئەم ئەزموونە لەنێوبەرن!


جا گەر (یەکێتیی) ئەو دەسپێشکەرییە بکاو ئەو گرفتەیان لە کۆڵکاتەوە، ئەوا لە ئەرکی سەرشانی ئەوان کەمدەکاتەوە و دواییش بە ئوچ بۆیان دەنووسن!


قوڕبەسەر ئەو کوردەی، دوژمنی ڕاستەقینەی خۆی ناناسێ و داوای لەتکردنی خاک و دەسەڵاتەکەی خۆی دەکا. بۆچی سەرانی شیعەی (ئێران) و (عێراق)، لە (پارتیی) باشتر و لە پێشترن، وا (یەکێتیی) دانوووی لەگەڵیان ناکوڵێ؟!!


گەر سەیرێکی ئەزموونی وڵاتانی جیهان بکەین، وەک (ڤێتنام، ئەڵمانیا، یەمەن ...)، یەک نەتەوە و دوو دەوڵەت بوون، بەڵام ڕۆڵە دڵسۆزەکانی گەل، بیریان لە ئەوە کردەوە، بۆ یەکێتیی خاک و گەلەکەی خۆیان تێبکۆشن. بۆیە دوای چەندین ساڵ، جیاوازیی ئایدۆلۆژیا و بەرنامەی ڕامیاریی و ئابوورییان بەلاوەنا، زۆر جەسورانە و دڵسۆزانە، شەقێکیان لە بەرژەوەندیی تەسکی تاکەکەسیی و پارتایەتیی هەڵدا، تەنیا هەر بەرژەوەندیی نەتەوەییان لەبەرچاوگرت، لە ئەنجامیشدا، هەموویان یەکیانگرتەوە و یەک دەوڵەتی گەورەی بەهێزی نەتەوەییان دامەزراند.
کەچی ئێمەی کورد، هێشتا هیچ نین و لە بەشێکی کەمی وڵاتەکەماندا، لە (49%)ی ڕووبەری باشووری (کوردستان)مان بەدەستەوەیە، فیدراڵییەکی لاواز و بێدەسەڵاتمان هەیە، تازە هێندێ ئەندامی (یەکێتیی) و (گۆڕان)، دوای کڵاوی بابردوو کەوتوون و داوای دوو ئیدارەیی دەکەن!!!


بە ڕاستیی، کورد دڵسۆزی وەک ئەو جۆرە کەسانەی هەبێ، کە داوای دوولەتکردنی دەسەڵاتی وڵاتەکەیان دەکەن، هەم دوژمنی ناوێ، هەم دوژمنەکەش بە ئارامیی و بێ دڵەڕاوکە چاو لێکدەنێ! ئاخر (پیرەمێرد)ی خەمخواری گەورەی کورد، ڕاستی گوتووە، کاتێ فەرموویەتی:


دووشمنی ناوخۆت، ڕەگ دەردەکێشێ
دار پوازی لە خۆی نەبێ، ناقڵیشێ!


وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×