خەمی نیشتمان  ...

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2022-12-01     418

ئاخ نیشتمانەکەم!

گەر چیاکانی (قەندیل) و (پیرەمەگروون)، لە لووتکە بەرزەکانی خۆیان تۆران

گەر ڕووبارەکانی (سیروان) و (تانجەرۆ)، لە سەرچاوەکانی خۆیان هەڵگەڕانەوە

گەر دەشتەکانی (شارەزوور) و (قەراج)، حاشایان لە پانوبەرینیی و بەپیتی خاکەکەی خۆیان کرد

گەر مانگ و ئەستێرەکان، لە چەتری ئاسمانی ڕوون و شینی قووڵی خۆیان بێزاربوون

ئەوا ئەی نیشتمانەکەم!

من، هەرگیز لێت ناتۆرێم

هەرگیز لێت هەڵ ناگەڕێمەوە

هەرگیز حاشات لێ ناکەم

هەرگیز لێت بێزارنابم

با دەسەڵاتدارە بازرگان و گەندەڵ و ناپاکەکانی کوردیش، تاڵاوی ژاری داخێکی گەورەیان، بە دڵ و دەرووندا کردبی.

***

ئەی نیشتمانەکەم!

ئاخر ڕۆژێ لە ڕۆژان

پشتم تێ نەکردوویت و لێت نەتۆراوم، چۆن ئێستە دەتوانم، لێت بتۆرێم؟!

لێت هەڵ نەگەڕاومەتەوە و ناپاکیم لێ نەکردووی

بە دڵ و بە گیان، لێت دوورنەکەوتوومەتەوە و پشتم تێ نەکردووی

ئاوتەخوازنەبووم، خەڵکی وڵاتێکی دیکە بم و لێت بێزاربم

بەڵکوو ئەوەتەی ڕاست و چەپی خۆم ناسیوە و بیرمکردووەتەوە، لە کانگەی دڵێکی بێ گەردەوە، هەر خۆشمویستوویت و تا دوا هەناسەشم، هەر خۆشمدەوێی

ئیدی چۆن دەتوانم، پشتت تێ کەم و لەبیرتکەم؟!

ئەی نیشتمانە بێ نازە بریندارەکەم خۆشمدەوێی، بەڵێ، تا دوا دڵۆپی خوێن لە جەستەمدا بگەڕێ، هەر خۆشمدەوێی و هیچ شتێکیش، کار لە خۆشەویستیی تۆ ناکا!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×