سەبارەت بە پۆستی سەرۆک کۆماری (عێراق)

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2022-06-01     540

ئاشکرایە، گەر سەرکردایەتی هەردوو پارتی گەورە (پارتیی) و (یەکێتیی) هەوڵبدەن، پۆستێکی گەورەی وەک سەرۆک کۆمار لە (بەغدا) وەرگرن، گومانی تیدا نییە، سەرۆک تەنیا هەر، بۆ خۆی و پارتەکەی هەوڵدەدا، نە بۆ گەلی کورد بەگشتیی و نە بۆ پارتەکانی دیکە بەتایبەتی، هیچی پێ ناکرێ، چونکە پۆستی سەرۆک کۆمار، پۆستێکی پێشوازیکردن لە خەڵک نەبێ، هیچی دیکە نییە و هیچ دەسەڵاتێکیشی نییە. بۆ نموونە:

تا ئێستە (3) سەرۆک کۆمار، هەم (یەکێتیی) و هەم کوردبوون: (جەلال تاڵەبانی، فوواد مەعسووم و بەرهەم ساڵح)، ئایا چییان بۆ کورد کردووە؟!! هەمووی چەن ڕۆژێ بوو، (مام جەلال) پۆستی سەرۆک کۆماری وەرگرتبوو. سەبارەت بە ئەو پۆستە و ڕۆڵی (مام)، لە جێبەجێکردنی مافەکانی کورد، تێلێفیزیۆنی (زەحمەتکێشان). چاوپێکەتنێکیان لەگەڵ سازکردم، لە وەڵامدا زۆر بە ڕاشکاویی گوتم: ئەو پۆستە هیچ نییە و (مام) ناتوانێ، هیچ شتێ بکا، چونکە جگە لە ئەوەی کوردە، (عێراق)یش سیستمی سەرۆک شالیارانی هەیە و سەرۆک کۆمار دەسەڵاتی نییە. (سەددام حوسێن) لە چاوپێکەوتنێکی تێلێفیزیۆنیدا، تووڕەبوو، ئاڵای (عێراق)ی هەڵگرت و لێی نووسی: (لا اله الا الله)، تا ئێستەش، ئەو ئاڵایە ماوە و کەس نەیتوانیوە، بیکۆژێنێتەوە. ئایا سەرۆک (مام جەلال) دەتوانێ، شتێکی وا بکا؟! ئایا (مام) دەتوانێ، ئەو نێوچانەی (سەددام) عەرەبڕێژیکردن و لە (کوردستان)ی دابڕین، بیگێڕێتەوە؟!!

گەر ئەم دوو پارتە گەورەیەی باشووری (کوردستان)، لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار ڕێک نەکەون، کە هیچ بایەخێکی نییە، تەنیا هەر ئەوەیە، سەرۆک موچەیەکی باش وەردەگرێ و بۆ خۆشی کەڵکی لێ دەبینێ. ئیدی دەبێ، لەسەر کێشە سەرەکییەکانی کورد و مافە نەتەوەییە ڕەواکانی کۆمەڵانی خەڵک، چۆن ڕێکبکەون؟!!

ئاشکرایە، نە (پارتی دێمۆکراتی کوردستان)، لەسەر ڕێبازێکی ڕاستەقینەی دێمۆکراسیی دەڕوا، نە (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان)یش، بە بڕوایەکی نیشتمانپەروەریی ڕاستەقینەوە کاردەکا. بەڵکوو وەک دوو پارتی بنەماڵە، هەڵسوکەوت لەگەل یەکدی و گەلی کورد دەکەن. لەپێناوی بەرژەوەندییە تەسکەکانی بنەماڵەکانیان، هەموو هەوڵ و تێکۆشانێکیان، بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان تەرخانکردووە. بۆیە لەسەر بەرنامەیەکی نیشتمانیی ڕاستەقینە ڕێک ناکەون، یەکێتیی نەتەوەیی و نیشتمانیی کورد، ئاییندەی ئەم گەلە و ئەزموونەکەیان، زۆر بەلاوە گرنگ نییە.

جا گەر وانییە، ئەوا ماوەی (7) مانگ دەبێ، هەڵبژاردنی پەرلەمانی (عێراق) تەواوبووە، ئەو دوو زلهێزە نەیانتوانیوە، یا نەیانویستووە، لەسەر پاڵێوراوێکی کورد بۆ سەرۆک کۆماری (عێراق) ڕێک بکەون! یا ئەو دوو لایەنە، لەگەڵ پارتەکانی دیکەی (کوردستان) کۆدەبوونەوە، لەسەر بەرنەمایەکی ڕوون ڕێکەدەکەوتن و لە دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی (عێراق)، داوای مافە ڕەواکانی گەلی کوردیان دەکرد!

ئاخر گەر سەرکردەی پارتەکان، کەمێ ژیر و دڵسۆزی گەلی کورد بوونایە، ئایا لەسەر پۆستێکی هیچوپووچی بێدەسەڵاتی وەک سەرۆک کۆماری (عێراق)، دژی یەکدی دەوەستانەوە و بەسەر لایەنە ڕامیارییە شیعەکاندا دابەشدەبوون؟! ئەدی خۆیان بۆ یەک ناگرن و کەسێکی کەچەڵی ورگزل دانانێن، تا لە (بەغدا) کەمێ بحەوێتەوە، لافی سەرۆک کۆماریی لێبدا، ورگ و گیرفانی پڕکا؟!!

لە کۆتاییشدا جارێکی دیکە، لەگەڵ (حاجی قادرى كۆيى)دا دووپاتیدەکەمەوە و دەڵێم: 

(حاجی) كه‌سێكه‌ بێكه‌س، بۆ ئێوە‌ قوڕده‌پێوێ

گوێی لێده‌گرن زه‌ریفه‌، ناگرن به‌ڵا له‌ خۆتان

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×