سەردەمی زێڕینی گەلی کورد

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2022-03-12     662

ئاشکرایە، لە دوای یەکەمین جەنگی جیهانەوە، دەوڵەتە زلهێزە براوەکانی جەنگ، لە پیلانێکی بەرنامە بۆ داڕێژراودا، باشووری (کوردستان)یان، بە (عێراق)ی عەرەبییەوە لکاند. لە ماوەی ئەو (33) ساڵەدا (1925-1958)، دانیان بە هێندێ لە مافە سەرەتاییەکانی گەلی کورددا نا، بەڵام بایی هێندە نەبوو، گوزارە لە ئاماج و مافە ڕەوا ستراتیژییە نەتەوەیی و رامیارییەکانی گەلی کورد بکا.

گەر کەمێ لە مێژووی ئەم (64) ساڵەی نێوان (1958-2022)ی باشووری (کوردستان)یش وردبینەوە، بە سەر چەن قۆناغێکی مێژووییدا دابەشیکەین و بە کورتی، لێی بدوێین، بە چاوێکی بێلایەنانە و بە ویژدانانە هەڵیسەنگێنین، ئەوا زۆر شتمان بۆ ڕووندەبێتەوە.

قۆناغی یەکەم (1958-1961)

لە ئەم قۆناغەدا، لە چاو قۆناغی نێوان ساڵانی (1925-1958)، هێندێ گۆڕانکاریی گرنگ، لە ڕەوشی نەتەوەیی و ڕامیاریی (کوردستان)دا ڕوویداوە. چونکە دوای کۆدەتاکەی ڕۆژی (14. 7. 1958)، دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی (عێراق)، بە شێوەیەکی فەرمی، دانیان بە هێندێ لە مافە ڕەواکانی گەلی کورددا ناوە. بۆ نموونە:

لە دەستووردا نووسیویانە: کورد و عەرەب لە کۆماری (عێراق)دا هاوبەشن.

مۆڵەتی کارکردنی فەرمییان، بە (پارتی دێمۆکراتی کوردستان) داوە.

ڕێیان بە سەرۆکی (پارتیی) و گەلی کورد (مەلامستەفا) داوە، بۆ زێد و نیشتمانەکەی خۆی بگەڕێتەوە.

گەلێ ڕۆژنامە و گۆڤار، بە زمانی کوردیی دەرچوو.

بەڵام بە داخەوە، زۆری نەخایاند، ئەم قۆناغەش پێچرایەوە.

قۆناغی دووەم (1961-1963(

لە ئەنجامی ئەو ناکۆکیی و جیاوازییانەی، لە دید و بۆچوونی، نێوان دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی (عێراق) و سەرکردایەتی (پارتیی)دا ڕوویاندا، ڕۆژی (11. 9. 1961)، شۆڕشێکی چەکداریی نەتەوەیی بەرفراوانی جەماوەریی، بە سەرکردایەتی (پارتی) و ڕابەرایەتی (بارزانی)، لە باشووری وڵات دەسیپێکرد. تا کۆبوونەوەکەی ساڵی (1964)ی (ماوەت)یش کرا، گەلی کورد یەکڕیز و یەک ماڵ بوو.

قۆناغی سێیەم (1963-1964)

لە ئەم قۆناغە ناسکەدا، ناکۆکییەکان لە دید و بۆچوونی، هێندێ لە ئەندامانی پەلیتبیرۆی (پارتیی) و سەرۆکەکەی (بارزانی)دا روویدا. پاشان ناکۆکییەکان قووڵبوونەوە، تا لە ئەنجامدا، دووبەرەکیی لەنێو ڕیزەکانی پارت و شۆرشەکەدا دەسیپێکرد. ئەمەش بۆ یەکەمین جار بوو، لە میژووی ئەو چەن ساڵەدا، خوێنی براکان بە دەسی یەکدی بڕژێ!

قۆناغی چوارەم (1966-1970)

لە ئەم قۆناغەدا، ئەوەی هەموو کوردپەروەرێکی دڵسۆز لێی دەترسا، ڕوویدا. بە پیلانێکی بەرنامە بۆ داڕێژراوی هەردوو دەوڵەتی داگیرکەری (ئێران) و (عێراق)، جەنگێکی پۆخڵی خۆبەخۆی کورد، بە خراپترین شێوە دەسیپێکرد. شۆڕشەکەش، نێوەڕۆکە نەتەوەیی و نیشتمانییەکەی خۆی لەدەسدا. لەبری یەک پارتی پێشڕەو و یەکگرتوو، دوو باڵی (مەلایی) و (جەلالیی) درووستبوو، هەر لایەکیشیان، بە پشتێوانی هەردوو دەوڵەتی داگیرکەری (ئێران) و (عێراق)، جەنگێکی چەپەڵی کوردکوژییان، لە شار و شاخ دەسپێکرد، کوردێکی زۆر لە هەردوولا کوژران.

قۆناغی پێنجەم (1970-1975)

لە ئەنجامی ئەو خەباتە سەختەی، هێزەکانی پێشمەرگە و (پارتی) بە سەرۆکایەتی (بارزانی) کردیان، پارتی (بەعس)یش، پێویستی بە پشوویەک هەبوو، تا بە تەواویی، دینگە سەرەکییەکانی دەسەڵاتی خۆی، لە (عێراق)دا بچەسپێنێ و خۆی قایمکا، هەردوو سەرکردایەتی (پارتی) و (بەعس)، دەسیان بە گفتوگۆ کرد و لە ئەنجامیشدا، ڕۆژی (11. 3. 1970)، ڕێککەوتننامەیەکی مێژوویی، لە نێوان هەردوو سەرکردایەتیدا مۆرکرا. ئەم ڕێککەوتننامەیەش، ماوەی (4) ساڵی خایاند، بەڵام سەرکردەکانی (بەعس)، لە زۆر شت پەشیمانبوونەوە و لە کۆتاییشدا، ، ڕۆژی (11. 3. 1974)، جارێکی دیکە جەنگ لە (کوردستان) دەسیپێکردەوە.

پێم وایە، ماوەی ئەو (4) ساڵی ڕێککەوتنە، (سەردەمی زێرین)ی گەلی باشووری (کوردستان) بوو. چونکە:

- بۆ یەکەمین جار بوو لە مێژوودا، دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی (عێراق)، بە شێوەیەکی فەرمیی، دانیان بە هێندێ مافی سەرەتایی نەتەوەیی، ڕامیاریی و یاسایی گەلی کورددا نا، کە خۆی لە (ئۆتۆنۆمی)دا دەبینی. ئەم دانپێانانەش تا ئێستە، وەک بەڵگەنامەیەکی مێژوویی وایە.

 -دەسەڵاتێکی کوردیی سەربەخۆی ئۆتۆنۆمی، جگە لە پارێزگەی (کەرکووک)، لە سنووری هەموو پارێزگە و شارۆچکەکانی دیکەی باشووری (کوردستان) دامەزرا.

- ئاوێکی بە ئاگری جەنگی چەپەڵی نێوخۆدا کرد و ڕیزەکانی گەلێ کوردی یەکخستەوە.

- (كوردستان) لە ڕووەکانی ئابووریی و بازرگانییەوە بوژایەوە.

- لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، کۆمەڵانی خەڵک، زۆر تەبا و ڕێک بوون، هەژاریی و نەداریی، بێکاریی و داماویی نەبوو.

- زمان و وێژەی کوردیی، پێشکەوتنێکی باشی بە خۆیەوە بینى.

 -کۆڕی زانیاریی کورد دامەزرا و باشترین کادیری ئەکادێمیی، لە بوارەکانی زمان، وێژە و کەلتووردا کاریان تێدا دەکرد.

- یەکێتیی نووسەرانی کورد دامەزرا.

- یەکێتیی هونەرمەدان و کۆمەڵەی هونەر و وێژە دامەزرا.

- بزووتنەوەیەکی ڕۆشنبیریی فراوان، لەنێو ڕیزەکانی گەلی کورددا نەشونمایکرد.

قۆناغی شەشەم (1991-2022)

هەرچەندە لە ئەم قۆناغەدا، ڕۆڵەکانی گەلەکەمان، دژی زۆرداریی و ستەمی داگیرکەر ڕاپەڕین، گەلەکەمان دەسکەوتێکی نەتەوەیی و ڕامیاریی گەورەتری بەدەسهێنا، مافی فیدراڵمان لە چوارچێوەی (عێراق) و لە دەستووردا بۆ سەلمێنرا. پەرلەمان و دەسەڵاتێکی فیدراڵ دامەزرا. بەڵام جگە لە ئەوەی، هەر دوای (3) ساڵ فەرمانڕەوایی و دەسەڵاتی هەرێمی فیدراڵ، جەنگێکیی قێزەونی نێوخۆ، لە نیوان هێزەکانی (پارتی) و (یەکێتی)دا دووبارەبووەوە، لە هەموو ڕوویەکیشەوە، زۆر لە (سەردەمی زێڕین)ی باشووری (کوردستان) خراپتربوو. چونکه:  

- لە سەردەمی نوێدا، گەلی کورد یەک ڕابەری مێژوویی نەتەوەیی نەبووە و تا ئێستەش هەر نییەتی.

 –یەک پارتی پێشڕەو و نیشتمانپەروەری نەبووە و نییە، بەڵکوو چەندین پارتی گەورە و گچکە، دەسەڵاتدار و بێدەسەڵات، ئاینیی و سیکیۆلار پەیدابوون. هەر پارتێکیش لە ئەو پارتانە، بە دەوڵەتێکی داگیرکەری (کوردستان)ەوە گرێدراون.

- بەرنامەیەکی یەکگرتووی نێشتمانیی، پارت و لایەنەکان کۆناکاتەوە، بەڵکوو بەرژەوندیی باڵای نەتەوەیی، بە قوربانی بەرژەوەندیی تەسکی پارتایەتیی و بنەماڵە کراوە.

- سەرکردەی پارتەکان دەوڵەمەند و ڕۆڵەکانی گەلیش، بە هەژاریی و کولەمەرگیی دەژین.

 –ڕەوشی ئابووریی هەرێم زۆر خراپە، هەژاریی و بێکارییەکی زۆر، لەنێو ڕیزەکانی گەلدا بڵاووبووەتەوە. تەنانەت وای لە کۆمەڵانی خەڵک بە گشتیی و لاوەکانمان بە تایبەتی کردووە، ڕێز لە دەسکەوتەکانی شۆڕش و قوربانییەکانی گەلەکەمان نەگرن، سەری خۆیان هەڵگرن و ڕوو لە ژیانی ئاوارەیی بکەن.

 –زمان بە تایبەتیی و وێژەی کوردیی بە گشتیی، لە قەیرانێکی زۆر خراپدا دەژین. تەنانەت ڕۆژبەڕۆژیش، زمانەکەمان بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە و خراپتردەبێ.

- خەڵکێکی بیانیی گومانلێکراوی زۆر، بە ناوی کارکردن و لێقەوماوییەوە، لە هەموو نێوچەکانی باشووری (کوردستان) بڵاوبوونەتەوە و دەژین.

- (کوردستان) بە ئاشکرا، بووە بە جێی تەراتێنی دەزگە سیخوڕییەکانی دەوڵەتە داگیرکەرەکان بە تایبەتی، هێندێ دەوڵەتی دیکەی نێوچەکە و جیهان بە گشتیى.

- هیچ کاتێ، هێندە عەرەبی سووننە و کۆنە بەعسی، بە بڕوبیانووی جیاجیاوە، پەنایان بۆ (کوردستان) نەهێناوە. ئەوڕۆ نزیکەی (1 – 1.5) میلیۆن عەرەب، لە نێوچە جیاوازەکانی باشووری (کوردستان) دەژین، وەک کوردێکێ خەڵکی وڵاتەکە، هەموو مافێکی کڕێن و فرۆشتنیان هەیە. ئەمەش ڕەنگە دوا قۆناغی بەعەرەبکردنی (کوردستان) بێ!

- هاونیشتمانیانی کورد، لە ژیان و گیانی خۆیان دڵنیانین. چونکە گەلێ ڕووداوی دڵتەزێن و ناخۆش ڕوودەدەن. دەسەڵاتی کوردییش، جگە لە ئەوەی خۆیان خەڵک دەچەوسێننەوە و سزایاندەدەن، لە ئەو ئاستەدا بەرزەشدا نییە، ژیان و گیانی خەڵک بپارێزێ.

 –یەکێتییەکی ئابڕوومەندانەی کوردپەروەرانە نییە، بەڵکوو ڕیزەکانی گەل لە یەکدی دابڕاون، ڕۆڵەکانی گەلەکەمان، بەسەر هەردوو باڵی (جەلالیی) و (مەلایی)دا دابەشبوون، بە شێوەیە، هەموو کاتێ مەترسیی، نوێبوونەوەی جەنگی نێوخۆ و دابەشکردنی هەرێمی (کوردستان) هەیە. بۆیە دوژمنانی سەرەکیی کوردیان بیرچووەتەوە و هەمیشە هەوڵدەدەن، لەگەڵ دەوڵەتە داگیرکەرەکانی (کوردستان)دا ڕیکبکەون و پشتی یەکدی بشکێنن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
زیاد جەبار: یەكێتی بەشداری هیچ كۆبونەوەیەك ناكات بۆ دواخستنی هەڵبژاردن
نوێترین زانیاری‌ له‌باره‌ی‌ واده‌ی‌ ڕەوانەكردنی موچه‌ی‌ مانگی‌ 4ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم
رێكخراوی سی پی تی: لەئەگەری هێرشی توركیادا 75%ی خاکی پارێزگای دهۆک لەدەست دەدرێت
نوری مالیکی: بیستوومانە لە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستانەوە بڕیارێک دەرچووە بۆ دواخستنى هەڵبژاردن
وەزیری دەرەوەی توركیا: ئەردۆغان گرنگی بە پاراستنی پەیوەندی باشی نێوان بەغداو هەولێر دەدات
هادی عامری: بەبانکیکردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم کۆتاییهاتوه‌و ئەوە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵییە
ئەمریکا توڕه‌یى‌و نیگەرانی لەبڕیارێكى عێراق بۆ پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربونەوەی هاوڕەگەزخوازی ڕاده‌گه‌یه‌نێت
كاتی گەیشتنی پارەی مووچەخۆران ئاشكرا كرا
ناوەڕۆکی کۆبونەوەی سەرۆکی هەرێم‌و سەرۆک وەزیرانی عێراق
سروە عەبدولواحید بۆ لایه‌نه‌سیاسییەکان: ملکەچی ئیرادەی پارتی مه‌بن‌ بۆ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×