تا کەی سەرکردایەتی پارتەکانی کوردستان، پەند لە کارەساتەکانی مێژوو وەرناگرن؟!!

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2020-11-11     850

چەن پرەنسیپ و ڕاستییەکی مێژوویی
- (کوردستان) خاکی کوردە، سەرەتا یەکپارچە بووە و هیچ لەمپەرێکی جوگرافیایی و ڕامیاریی، لێکی دانەبڕیوە. بەڵام داگیرکەران، چەن جارێ دابەشیانکردووە.
- کورد لە هەر شوێنێ ژیابێ، لە نەتەوەکانی دیکە جیاوازبووە. خاوەنی زمانێکی تایبەتیی و مێژوویەکی نەتەوەیی دێرینی خۆی بووە. بەڵام داگیرکەران، ڕۆڵەکانی کوردیان لێکترازاندووە و مێژووەکەشیان شێواندووە.
- ئەم سنوورانەی ئەوڕۆ، لە نێوان بەشەکانی (کوردستان)دا هەیە، چەن سنوورێکی دەسکردن، دەوڵەتە زلهێزەکانی جیهان ڕەنگیانڕشتووە، دەوڵەتە داگیرکەرەکانیش سەپاندوویانە و بە سنووری دەوڵەتەکانی خۆیانی دەزانن!
- دەوڵەتەکانی (توورکیا، ئێران، عێراق و سووریا)، چوار دەوڵەتی داگیرکەری (کوردستان) و دوژمنێکی سەرسەختی نەتەوەی کورد نەبن، هیچی دیکە نین!
- هەر پێشکەوتن و سەرکەوتنێ، لە هەر بەشێکی (کوردستان) ڕوویدابێ، هەر چوار دەوڵەتە داگیرکەرەکە، دژی وەستاون و هەوڵیشیانداوە، زیندەبەچاڵیکەن.
ئەمەش نەخشەی (کوردستان)ی مەزنە، ساڵی (1648)، واتە پیش (372) ساڵ کێشراوە و ڕاستیی بۆچوونەکانمان دەسەلمێنێ. بەڵام ئایا، دەوڵەتە داگیرکەرەکانی (كوردستان)، لە ئەم چەن پرەنسیپ و ڕاستییە مێژووییانە تێدەگەن؟! ئایا سەرکردایەتی پارتەکانی (کوردستان)یش، باوەڕیان پێی هەیە؟!!

پەیماننامەکانی نێوان دەوڵەتە داگیرکەرەکانی (کوردستان)
لە سەردەمە جیاوازەکانی مێژوودا، گەلێ پەیماننامە، لە نێوان دەوڵەتە داگیرکەرەکانی (کوردستان)دا مۆرکراوە. بەڵام لیرەدا، هێندەی پێوەندیی بە کوردەوە هەبێ، چەن نموونەیەکی گرنگ دێنمەوە.
ڕۆژی (8. 8. 1937)، پەیماننامەی (سەعدئاباد)، لە نێوان (توورکیا، ئێران، عێراق و ئەڤگانستان)دا مۆرکرا. بڕگەی (7)ی پەیماننامەکە، بە تایبەتی دژ بە کوردە.
ساڵی (1955)، پەیماننامەی (بەغدا)، لە نێوان (توورکیا، ئێران، عێراق و پاکنستان)دا واژۆکراوە.
ڕۆژی (6. 3. 1975)، ڕێککەوتننامە ڕەشەکەی (جەزایر)، لە نێوان (ئێران) و (عێراق)دا واژۆکراوە و کۆتایی بە شۆڕشی (11. 9. 1961) هێناوە.
ڕێککەوتننامە دوو قۆڵییەکەی (ئەکتۆبەری 1984)ی نێوان (توورکیا) و (عێراق). بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتننامەیە، هێزەکانی توورک بۆیان هەبوو، بە قووڵایی (18)کم سنووری خاکی (عێراق) ببەزینن و بە دوای هێزەکانی گریلادا بگەڕێن.
هەموو ئەو ڕێککەوتننامەی، دوای ڕاگەیاندنی سیستەمی فیدراڵ لە باشووری (کوردستان)، لە نێوان ساڵانی (1992-1994)دا، لە پایتەختەکانی هەر سێ دەوڵەتە داگیرکەرەکەی (توورکیا، ئێران و سووریا)، دژی سیستەمی فیدراڵیی باشووری (کوردستان) و لەتوپەتکردنی خاکی (عێراق) ڕاگەیەنران.
توورکیا
مێژوو سەلماندوویەتی: لەنێو هەر چوار دەوڵەتە داگیرکەرەکەی (کوردستان)دا، گەورەترین دوژمنی سەرەکیی سەرسەختی کورد، بە پلەی یەکەم (توورکیا) دێ. چونکە توورکەکان، لە دوای یەکەمین جەنگی جیهانەوە، نەک هەر وەک مرۆ، تەماشای کوردیان نەکردووە و ناشیکەن، بەڵکوو نکولیش لە بوونی نەتەوەی کورد دەکەن، بە هیج شێوەیەکیش، دان بە زمان و کەلتووری نەتەوایەتی کورددا نانێن، ئەمەشیان هەرگیز نەشاردووەتەوە، بەڵکوو سەرکردەی پارتەکان و لێپرسراوانی دەوڵەتی داگیرکەری (توورکیا)، هەمیشە زۆر ڕاشکاوانە باسیانکردووە. بۆ نموونە:
توورکە داگیرکەرەکان، لە مێژە گوتوویانە؛ (ئەوەی لە ئەم وڵاتەدا، لە ڕەگەزی پاکی توورک نەبێ، تەنیا یەک مافی دەکەوێ، مافی خزمەتکاریی و کۆیلایەتی) هەروەها گوتوویانە: (لە هەر کوێ خەنجەری توورک، لە کالانەکەی هەڵکیشرا، گرفتی کورد لە ئەو جێیە، تەواودەبی.) "1"


(سلێمان دیمیرێل) گوتوویەتی: گەر دەوڵەتێکی کوردیی، لە ئەفریکاش دامەزرێ، تێکیدەدەینەوە!
(باخچەلی) سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی توورک، ڕووی دەمی لە (پ. ک. ک.) و کورد کردووە و گوتوویەتی: (ئێوە "25" ساڵی دیکە، لە ئەو چیایانە بمێننەوە، ئێمە بەردەوامیی بە ئەو شەڕە دەدەین. ئەبێ، ڕێفراندەم بخەینە زبڵدانی مێژووەوە. ئێمە ئامادەین، باجێکی قورس بە (بارزانیی) بدەین. گەر پێویستبکا، ئاگر لە ڕۆژەکانیان بەردەدەین. لە بەستەڵەکدا ئاگردەکەینەوە. گەر داوامان لێ بکرێ، سەنگەر بە سەنگەر، دژی ئەوان دەگەڕێین. ڕێفراندەم گەورەترین هەرەشەیە، دژی ئیرادەی میللیی ئێمە. هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، لەگەڵ ئاڵای توورکیا کارەساتە، سووکایەتییە. ئەوانەی لە ئەستەنبوڵ لەگەڵ بارزانیی کۆبوونەوە،، سەیری پشتی خۆیان کرد و پرسییان: کێ ئەو ئاڵایەی لیرە داناوە؟! پێشمەرگە، کەی بووەتە خاوەن ئاڵا؟! چۆن دەکرێ، باسی ئاڵاو و بەربوونی نوێنەری هەدەپە و ڕێفراندەم بکەن؟!!) "2"
ئەم چەن وشەیە، نەک هەر پوختەی بیر و باوەڕی، سەرۆکی ئەو پارتە ڕەگەزپەرستەیە، بەڵکوو هەموو پارتەکانی دیکە و زۆربەی توورکەکانیش، هەر بە ئەو شێوەیە بیردەکەنەوە و بە خوێنی سەری کورد تینوون! وەنەبێ ئەمەش، بەرانبەر بە نەتەوەی کورد، باوەڕ و هەڵوێستی ئەوڕۆیان بێ، بەڵکوو هەر لە یەکەمین ڕۆژی دامەزراندنی کۆماری نوێی (توورکیا)وە بە گشتیی، ئەمە دید و بۆچوونیان بووە. جا هەر کوردێ، چاو لە ئەم ڕاستییە بنووقێنێ، ئەوا جگە لە ئەوەی، خۆی و ڕۆڵە دڵسۆزەکانی کورد دەخەڵەتێنێ، دواڕۆژی کورد و ئەم ئەزموونەش، بە شێوەیەکی بەردەوام، لە مەترسییدا دەبێ!
ئاخر وەنەبێ، (ئۆردووگان) لە ئەوان باشتر بیربکاتەوە، بەڵکوو ئەویش هەر پەروەردەی هەمان قوتابخانەی ڕەگەزپەرستیی و فاشیزمی (ئەتاتوورک)ە. هەرگیز ئەمەشی نەشاردووەتەوە، وەک هەموو توورکێکی بێ ویژدان و فاشی، پێش دوو مانگ، زۆر بە ئاشکرا گوتوویەتی: (لە توورکیا شوێنێ نییە، ناوی کوردستان بێ، ئەوانەی کوردستانیان دەوێ، با بڕۆن بۆ باکووری عێراق و لە ئەوێ، کوردستان دەدۆزنەوە.) ئەوە لە کاتێکدا، خۆی سوور دەزانێ، زیاد لە (20) میلیۆن کورد، لەسەر خاکی باو و باپیرانیان، لە باکووری (کوردستان) دەژین!
هەروەها گوتوویەتی: (لە ئەم جیهانەدا، کوردی باش نییە، بەڵکوو دەتوانین، کوردی مردوو، بە کوردی باش دابنێین!) جگە لە ئەوەی گوتوویەتی: (زمانی کوردیی، لە جیهاندا دەسڕمەوە!) جا یەکێ ئەمە دید و بۆچوونی بێ، ئیدی دەبێ، چ جۆرە چاکەیەکی لێ چاوەروانبکرێ؟! چۆن دەتوانرێ، زمانێکی هاوبەشی لەگەڵ بدۆزرێتەوە، بە دیالۆگێکی دیمۆکراسییانە و ئاشتیخوازانە، کێشەی کوردی لەگەڵ باسبکرێ؟!! مەگەر هەر جاشبیرە ئیسلامییەکانی (کوردستان)، دوای کڵاوی بابردووی دەوڵەتی جێنشینی ئیسلامیی کەوتبن و دانێکی خێر، بە ئەو داگیرکەرە فاشستە توورکەدا بنێن، کە (ئۆردووگان)یش، بە ناوی ئایینەوە هەڵیاندەسووڕینێ و وەک کوردێکی جاشیش تەماشایاندەکا!  
هەڵبەتە، هەموو ئەو جەنگانەی، لە باشوور و خۆراوای (کورددستان)یش، دژی نەتەوەی کورد ڕوویانداوە، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ، دەسی توورکیای تێدا بووە. وەک ئەوڕۆ دەبینین، نەک هەر هێزە کوردستانییەکان، بەگژ یەکدیدا دەکەن، بەڵکوو ڕاستەوخۆ و بە ئاشکراش، پەلاماری هەردوو بەشەکەی باشوور و خۆراوای (کوردستان)یشیان داوە، بێ ئەوەی هیچ جۆرە حسابێ، بۆ مافی کورد و ڕای گشتیی دەوڵەتەکانی جیهانیش بکەن!
شتێکی ئاشکرایە، گەر لە هەر بەشێکی (کوردستان)، بزووتنەوەی کوردایەتی تێکبشکێ، یا کارەساتێکی نەتەوەیی ڕووبدا، ئەوا دەسەڵاتدارانی هەموو دەوڵەتە داگیرکەرەکان، گەر پشگیریی دەسەڵاتە داگیرکەرەکە نەکەن، هەڵبەتە بێدەنگ دەبن. هەر بۆ نموونە: (سەددام حوسێن)، کیمیابارانی (کوردستان)ی کرد، گوندنشینەکانی لە گوندەکانی خۆیان ڕاگواستەوە، هەشت (ئەنفال)ی گەورە و گچکەی کرد، (182) هەزار ڕۆڵەی کوردی هەژاری موسوڵمانی، لە بیابانەکانی خوارووی (عێراق) زیندەبەچاڵکرد، کەچی یەک دەوڵەتی ئیسلامیی، لە ئەو (53) دەوڵەتە ئیسلامییە بە گشتیی، هەر (3) دەوڵەتە داگیرکەرەکەی (توورکیا، ئێران و سووریا) بە تایبەتی، تەنانەت بۆڵەیەکیشیان لەدەمەوە دەرنەهات. بۆچی ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد، موسوڵمان نین؟!!


جەنگی خۆبەخۆی کورد – کورد
یەکێ لە خەسڵەتە دزێوەکانی نەتەوەی کورد ئەوەیە، هەمیشە لەنێوخۆدا، ناکۆک و ناتەبا و یەکنەگرتوو بوون. مۆرکی دووبەرەکیی و ناپاکیی، بە زۆربەی زۆری مێژووی نەتەوەی کوردەوە، زۆر بە ڕوونیی دیارە. لە مێژوودا بە دەگمەن ڕوویداوە، دوو سەرکردەی کورد، دوو تیرە و هۆز، دوو ڕێکخراوی پیشەیی، ڕامیاریی ... تا سەر پیکەوە گونجابن و هەڵیانکردبێ. هەر وەک (خواجە سەعدەدین)، سەبارەت بە کورد، لە پەرتووکەکەیدا (تاج ئەلتەواریخ) نووسیوێتی: (هەموو کوردێ بۆ خۆی سەربەخۆیەکە و ئاڵای ملهوڕیی و زۆرداریی بەرزکردووەتەوە، لەنێو ئەو شاخ و کێوانەدا، بە سەربەستیی دەژی. ئەگەر سەرنج بدەیە، باری یەکدیگیریی و هاوبیریی و هاوکارییانەوە، تەنیا لە شەیەتمان و ئیمانهێناندا نەبێ، لە هیچ شتێکی تردا یەکتر ناگرنەوە.) "3" 
یەکێ لە ئامانجە سەرەکییەکانی، لێپرسراوانی دەوڵەتی (توورکیا) ئەوەیە: ئاگری جەنگی نێوخۆ، لە نێوان ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورددا هەڵگیرسێنن، کورد بە کورد بەکوشتبدەن. تەنانەت تا ئێستە، بە هیچ شێوەیە، دانیان بە دەسەڵاتە ئیفلیجەکەی هەرێمی باشووریشدا نەناوە! بەڵام باشووری (کوردستان)، وەک بازاڕێکی بازرگانیی، بۆ ساغکردنەوەی کاڵاکانیان بەکاردێنن، هەروەها وەک بنکەیەکی سیخوڕیی دەزگەی (میت)یش کەڵکی لێ وەردەگرن، تا ئاگایان لە هەموو بڕیار و جوڵەیەکی پارتەکان بێ، دەنگوباس کۆکەنەوە و چاودێریی هەموو جۆرە چالاکییەکی، ڕۆڵەکانی گەلی کورد بکەن.
جگە لە ئەوەی، توورکەکان هەموو جوڵانەوە ڕزگاریخوازانەکانی کورد، بە کارێکی تێرۆریستانە تاوانبار دەکەن. لە کاتێکدا گەر تێرۆریستی ڕاستەقینە هەبێ، سەرکردەکانی توورک خۆیانن! جا گەر (توورکیا) دەوڵەتێکی سیکیۆلاری دێمۆکراسیی مرۆدۆستانە بێ، کاری بە باشوور و خۆراوای (کوردستان) چییە، ڕۆژانە بۆردوومانیدەکا، خوێن دەڕێژێ و لاشە دەنێژێ؟!!    
ئاخر توورکەکان، تەنیا هەر دژی یەک پارتی کوردیی دیاریکراو نین، بەڵکوو دژی هەموو کوردن. گەر ئەوڕۆ بەرژەوەندییەکانیان، لەگەڵ (پارتیی)دا وا پێویستبکا، دژی (پەکەکە) بجەنگن، ئەمە ئەوە ناگەیەنێ، توورکەکان پارتێکی کوردستانیان دەوێ و یەکێکی دیکەیان ناوێ، بەڵکوو تەنیا هەر ئەوەیە، کارێکی تایبەتییان پێی هەیە، ئەگینا لە ڕاستیدا، دان بە هیچ پارتێکی کوردیی و کوردستانیدا نانێن، گەر دژی یەکدی نەبن، پلان و پیلانەکانی (توورکیا) جێبەجێ نەکەن. چونکە ئەوان، بڕوایان بە کێشەی نەتەوەیەکی پتر لە (40) میلیۆنیی نییە، بەڵکوو کێشەکە لە ئەوە دایە، بە هیچ شێوەیە، دان بە بوونی نەتەوەیەکدا نانێن، ناوی کورد بێ!
ئەمە چەندین جارە، بە دەسی توورکەکان، لە باشووری (کوردستان)، جەنگ لە نێوان (پەکەکە) و هێزەکانی باشووردا هەڵدەگیرسێ، تەنانەت یەکەمین بڕیاری پەرلەمانی (کوردستان)، ساڵی (1992) دژی هێزەکانی (پەکەکە) دەرچوو، بە هەردووو پارتی دەسەڵاتدار (پارتیی) و (یەکێتیی)، بە یارمەتی هێزە سەربازییەکانی (توورکیا)، پەلاماری گەریلاکانی (پەکەکە)یان دا. کاتی خۆی وتارێکی دریژم، بە ناوی (بڕیارێکی خوێناویی)ەوە، لەسەر ئەو جەنگە خوێناوییە نووسی. (4)
بەڵام زۆر بە داخەوە، سەرکردایەتی پارتەکانی باشوور، لە ئەو ئاستە بەرزە نەتەوەیی و نیشتمانییەدا نین، لە ئەم پیلانە پۆخلە گەورەیە تێبگەن و زۆر بەگەرموگووڕیی جێبجێیدەکەن! لە ئەوە دەچێ. ئەم پارتانەی لەمەڕ باشوور، هەر داگیرکەرانی (کوردستان)، بە دۆست و برای ڕاستەقینەی خۆیان و براکانی خۆشیان، بە دوژمنی سەرەکیی باوەکوشتەی خۆیان بزانن! (5)
لیرەدا پێویستە، ئەوەش بڵێم: زۆر بە داخەوە، سەرکردایەتی (پەکەکە)ش، وەک سەرکردایەتی (پارتیی) و (یەکێتیی)، هەمان هەلەی مێژوویی گەورە دووبارەدەکەنەوە، هەر جارەی لەگەڵ دەوڵەتێکی داگیرکەری (کوردستان)، هاوکاریدەکەن و مەرجەکانیان پەسەنددەکەن، جگە لە ئەوەی، گوتار و هەڵسوکەوتەکانیان، لەگەل پارتەکانی باشوور و دەسەڵاتی هەرێمدا توندە و رەوشەکە رەچاوناکەن. لە کۆتاییشدا، تەنیا هەر دەوڵەتە داگیرکەرەکانی (کوردستان)، کەڵک لە ئەو کارە دەبینن! بۆیە زۆر پێویستە، سەرکردایەتی (پەکەکە) بە بۆچوون و کارەکانی خۆیدا بچێتەوە، ستراتیژی نەتەوەیی و ڕامیاریی خۆی بگۆڕێ، لەگەڵ ڕەوشی سەردەم و بەرژەوەندییەکانی نەتەوەی کوردا بیگونجێنێ!
چارەسەر و پێشنیاز
ئێمەی کوردی بێ پشتوپەنا، هیچ چارەسەرێکی دیکەمان نییە، تەنیا هەر ئەوەیە: هێزەکانی باشوور، یەک هەڵوێستی نەتەوەیی ڕوونی یەکگرتوویان هەبێ، هەوڵبدەن، زمانێکی هاوبەش، لەگەڵ هێزە نیشتمانپەروەرەکانی باکوور و خۆراوادا بدۆزنەوە، بە هەموو شێوەیەک و لەژێر هەر ناوێکدا بێ، جەنگی کوردکوژیی گڵاوکەن. ڕێ بە داگیرکەری دەوڵەتی (توورکیا) نەدەن، چیدیکە لە ئەوە زیاتر، بەنزین بە ئاگری جەنگی نێوخۆی کوردکوژیدا بکا و پیلانەکانی تێکبشکێنن!
ئایا بۆچی، هەر چوار دەوڵەتە داگیرکەرەکەی (کوردستان)، لەسەر پێشێلکردنی مافە ڕەواکانی نەتەوەی کورد هاودەنگن و یەک هەڵویستی یەکگرتوویان هەیە، کەچی سەرانی پارتەکانی (کوردستان)، بیرێ لە ئەو بارەنالەبار و پیلانە گەورەیەی داگیرکەران ناکەنەوە؟! بۆچی بەرەیەکی یەکسان و یەکگرتووی کوردستانیی، دژی داگیرکەران دانامەزرێنن و هەموو پیلانەکانیان پووچەڵکەنەوە؟!!
بەڵام ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر هەیە، ئەویش ئەوەیە: ئەوەتەی نەتەوەی کورد هەیە، هەمیشە هەستی نەتەوەیی لاوازبووە، زۆربەی دەمڕاستەکانی بنەماڵە و سەرکردەکانی کورد، ئەڵقەلەگوێی دوژمنی داگیرکەر بوون. بۆیە پتر لە (2700) ساڵ دەبێ، خاکەکەی داگیرکراوە، هەر ژێردەسە و هیچیشی بە هیچ نەکردووە. تا لەسەر ئەم خەسڵەتە دزێو و ڕەوشتە نزمەش بەردەوامبن، ڕۆژبەڕۆژ ڕەوشی (کوردستان)، لە ئەوە زیاتر، بەرەو خراپتر دەڕوا، هەرگیز سەربەستیی نەتەوەیی و سەربەخۆیی نیشتمانەکەشی نابینێ! هەر لەبەر ئەم هۆ گرنگەش بووە، هەر لە کۆنەوە، پیاوە ژیر و نووسەرەکان، کوردە نیشتمانپەروەر و دڵسۆزەکانی وەک (ئەحمەدی خانیی، شەرەفخانی بەدلیسیی، حاجی قادری کۆیی، موحەممەد ئەمین زەکی بەگ ...)، لەدەس ئەم پەتا ژاراوییە، هاواریان لێ هەستاوە و داوای، یەکێتیی ڕیزەکانی نەتەوەی کوردیان کردووە!


       سەرچاوە
جەمال نەبەز، کوردستان و شۆڕشەکەی، وەرگێڕانی لە ئەلمانییەوە کوردۆ عەلی، چاپی 1، سوید، 1985، ل104.
ڤیدیۆیەکی (باخچەلی).
شەرەفخانی بەدلیسی، شەرەفنامە، هەژار کردەوویە بە کوردیی، چ2، تاران، 1981، ل36.
دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز، پێنج وتاری غەمگین، چ1، سوید، 1994، ل21.
دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز، کورد و شۆڕش و هەلی مێژوویی، چ2، سولەیمانیی، 2000، ل 32-33.


وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×