شێرەژنێ، لەبەردەرکی سەرا ڕاپەڕی

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2020-10-09     1263

وەک ئاشکرایە، (64) ساڵ لەمەوبەر و ڕۆژی پێنجشەممەی ڕێککەوتی (10. 10. 1956)، تەرمی پیرۆزی (شێخ مەحموود)ی نەمریان، لە (بەغدا)وە هێنایەوە. بە ئەو بۆنەیەوە، جەماوەرێکی زۆری شاری هەڵمەت و قوربانیی، لە دەوری تەرمەکەی کۆبوونەوە. بەڵام دەوڵەتی داگیرکەری ڕژێمی پاشایەتی (عێراق)، ئەو جەنجاڵیی و ماتەمینەی پێ ناخۆشبوو. لەبەرئەوە، (عومەر عەلی) متەسەریفی شاری (سولەیمانیی)، فرمانیدەرکرد، بڵاوە بە ماتەمگێڕان بکەن. بەڵام خەڵکەکە کۆڵیان نەدا وگوێیان بۆ ئەو فرمانە شل نەکرد. ئەوەبوو، لە ئەنجامدا پۆلیسەکان، تەقەیان لە ماتەمگێڕان کرد، چەندین هاووڵاتی کوردیش، ڕەوانیانشاد و بریندار بوون!
لەنێو ئەو ڕەوانشادە سەربەرزە قارەمانانەشدا، خاتوو (ئەختەر حەمەساڵح ئەحمەد 1929-1956) بوو. ئەو شێرەژنەی شاری (سولەیمانیی)، هاوسەری تێکۆشەر و هونەرمەندی ناسراو خوالێخۆشبوو (رەشۆل عەبدوڵڵا) بوو. *
* * *
بە ئەو بۆنەیەوە، ڕۆژی (24. 7. 2019)، جەماوەرێکی زۆری شار، لەبەردەرکی سەرای (سولەیمانیی) کۆبوونەوە، تا پەیکەری ڕەوانشادی جوانەمەرگ خاتوو (ئەختەر)، لە شوێنی شیاوی خۆیدا دابنێن. ئەو شوێنەی خانمی جوانەمەرگ، بەشێکی لە باخەکەی سەرا، بە خوێنی خۆی ئاودا. ئەو بەردەرکی سەرایەی، هەمیشە جێی کۆبوونەوە، یادکردنەوە، وتارخوێندنەوە، ناڕەزایدەربڕین و ڕاپەڕین بووە. نموونەی هەرە بەرز و پیرۆزی ئەم شوێنەش، ڕاپەڕینە خوێناوییەکەی ڕۆژی (6. 9. 1930)، گردبوونەوەی کۆمەڵانی خەڵکی شاری ڕۆژی (10. 10. 1956) و خۆپیشاندان و مانگرتنەکەی ڕۆژی (17. 2. 2011) بوون.
گەرچی بەردەرکی سەرا، لەگەڵ درووستبوونی شاری (سولەیمانیی)دا درووستکراوە، بەڵام شاری (سولەیمانیی)، لە مێژووی گەلی باشووری (کوردستان)دا، جێیەکی تایبەتیی گرنگ و گەورەی، بۆ خۆی داگیرکردووە.
* * *
هیوادارم، ئەم پەیکەرەی ڕەوانشاد خاتوو (ئەختەر)، وەک سیمبۆڵێکی پیرۆزی، هەموو ئافرەتانی ڕەوانشادی شاری (سولەیمانیی) بە تایبەتیی و ئافرەتانی ڕەوانشادی هەموو باشووری (کوردستان) وابێ، چونکە هەموو کاتێ، ئافرەتانی کورد، شانبەشانی براکانیان، پێشەنگی خەباتی کوردایەتی، ئازادیی کورد و سەربەخۆیی (کوردستان) بوون. ئاخر کاتێ خاتوو (ئەختەر)، بە فیشەکێکی مەرگچێنی پۆلیسی ڕژێم پێکراوە، تەنانەت لە ئەو کاتەشدا هاواریکردووە و گوتوویەتی: ئۆخەی، من پێش (شیخ مەحموود)، دەچمە ژێر خاکەوە!
ئیدی ناوی خاتوو (ئەختەر)، لەنێو ڕۆلەکانی گەلی کورددا، بە خێرایی بڵاوبووەوە، ئەورۆش کەم کورد هەیە، ناوی نەبیستبێ و نەزانێ، چ ئافرەتێکی دڵسۆز و قارەمان بووە.
هەروەها ناوی خاتوو (ئەختەر)، لە هۆنراوەی هێندی هۆنەری نیشتمانپەروەری کوردیشدا هاتووە. بۆ نموونە: هۆنەری کوردپەروەری خوالێخۆشبوو (کامەران موکریی)، لە کۆپلەیەکی هۆنراوەی (زامی ئەختەر)دا، ساڵی (1956) گوتوویەتی:
ئــەی لاوانـی کڵپـەی ژیــــان 
لە جـیـاتی خـەفـەت و گریــان
لەم ڕۆژانـەدا بـۆ (ئــەخــــتــەر) 
پەیکەرێك بکەن لە گەوهەر
لێـی بنـووســـن «ســــــلێمانی»
شـــاری ھـەڵمـەت و قــوربــانـی
شــــــانـازیـیە بـۆ گەورە و ورد
ژنـی وای ھـەبــێ، گەلـی ڪورد
* * *
لە کۆتاییشدا دەڵێم: هەر گەلێ، ڕێز لە مێژووی خەبات و خوێنی ڕەوانشادەکانی خۆی نەگرێ، یادیان نەکاتەوە و یادەکەشیان، بەرز و پیرۆز ڕانەگرێ، ئەوە گەلێکی گەلێ دواکەوتووە، هەستی نەتەوەیی و نیشتمانیشی لاوازە!
شایانی باسە، ئەم پەیکەرە جوانە، لەسەر ئەرکی بەڕێز دوکتۆر (تەها رەسووڵ) دروستکراوە. هەروەها هونەرمەندی لاوی بەهرەداری  دەسوپەنجە زێڕینیش کاکە (چێنەر نزار)، بە جوانترین شێوە ئامادەیکردووە.



    تێبینی:
ئەم وتارە، بە بۆنەی دانانی پەیکەرەکەوە نووسراوە، لیوا (موحەمەدی عەزە بابیی) پورزای (ئەختەر) خوێندیەوە.
ئەو ئێوارەیەی تەرمەکەی (شێخ)یان هێنایەوە و خاتوو (ئەختەر)ی تێدا شەهیدکرا، تەمەنم لە نێوان (6) ساڵ بووم، لە (بازاڕەچکۆلە) لەبەردەم قوتابخانەی (کانیسکان)دا، چەن مناڵێ ڕاوەستابووین، بوو بە تەقە و ڕامانکردە ماڵەوە!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×