لە یادی پێشە‌وای مە‌زنی بێ ڕكە‌بە‌ردا

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2021-01-31     571

ڕەچەڵەک و بنەماڵە
(قازی موحەممەد) کوڕی (قازی عەلی) بوو، لە بنەماڵەیەکی ناسراوی شاری (مهاباد) بوو. ئەو بنەماڵەیە، نەک تەنیا هەر، لای خەڵکی شارەکە ناسرابوو، بەڵکوو دەسەڵاتداران و لێپرسراوانی دەوڵەتیش، دەینناسین و رێزیان لێ دەگرتن. چونکە بنەماڵەیەکی زانا، زیرەک و نیشتمانپەروەر بوون.
لە یەکەمین جەنگی جیهاندا، ڕۆڵەیەکی بەجەرگی وەک (میرزا فەتاحی قازی)، لە بەڕەنگاربوونەوەیەکی دەستەویەخەی راستەوخۆ، لەگەڵ ڕووسە داگیرکەرەکاندا، گیانی پاکی بە نیشتمان سپارد. هەردوو جگەرگۆشە لاوەکانیشی (سالار) و (موحەممەد) بەدیلگیران و بۆ شوێنە دوورەکانی (رووسیا) بەڕێکران، تا شۆڕشی بەلشەفیکی (17. 10. 1917)ش بەرپابوو، ھەر لە ئەوێ گیرابوون.
(قازی عەلی)، ساڵی (1930) لە (مهاباد)، رێکخراوێکی کوردیی بە ناوی (بزووتنەوەی موحەممەد)ی دامەزراند. ناوبراو لەگەڵ جووڵانەوەی (شێخ موحەممەد خیابانیی) لە (تەورێز)، پێوەندیی ھەبوو. تا ساڵی (1934)یش کۆچیدواییکرد، لەسەر ئەو کارە، هەر بەردەوامبوو.
(قازی عەلی)، دوو کوڕی ھەبوو، یەکەمیان: ناوی (ئەبولقاسمی قازی) بوو، هەر بە (سەدری قازی)یش بەناوبانگبوو. کۆمەڵانی خەڵک، دوو جار بۆ پەرلەمانی (ئێران)، دەنگیان بۆ دا و جێی متمانەیان بوو. دوای ئەوەی کاری پەرلەمانیش تەواوبوو، لەسەر ڕاسپاردەی باوکی، لە (تاران) مایەوە، بۆئەوەی کاری خەڵک ڕاپەڕێنێ و یارمەتیدانبدا.‌
دووەمیشیان ناوی (قازی موحەممەد) بوو، ساڵی (1893) لە (مهاباد) لەدایکبووە. هەر لە سەرەتای مناڵیی و لاوێتیدا، زۆر حەزی لە زانست و فێربوونی زمانی بیانیی کردووە. جگە لە زمانی دایک، زمانەکانی (عەرەبیی، فارسیی، فڕەسیی، ئینگلیزیی) و کەمێکیش (ڕووسیی) دەزانی. هەروەها زۆر حەزیشی، بە تێکەڵاویی زانایانی سەردەمەکەی خۆی، کەسایەتییە گەورەکان، کوردانی نیشتمانپەروەر و سەرۆک هۆزەکان کردووە.

 


کەسایەتیی قازی

دوای ئەوەی باوکی مردووە، شوێنەکەی پڕکردووەتەوە و (قازی)ی شار بووە. لە سەرەتای ساڵی (1940)یشەوە، لێپرسراوی فەرمانگەی فەرھەنگ و ئەوقافی شاری (مهاباد) بووە، ڕاژەیەکی زۆری فەرھەنگیی کردووە. هەر لە سەردەمی دەسەڵاتەکەشیدا، یەکەمین قوتابخانەی کچانی، لە (مهاباد) کردووەتەوە. لەبەرئەوە لەگەڵ زۆر لە خوێندکار، رۆشنبیر و مامۆستایان، پێوەندییەکی نزیکی هەبوو.
لە نێوان ساڵانی (1941-1945)دا، لە بەڕێوەبردنی کارەکانیدا، بە تایبەتیی لە چارەسەرکردنی گرفتی نێوان تیرە و هۆزەکاندا، ڕۆڵێکی گرنگی دیوە. ڕۆژانە لە دادگە، زۆر کێشەی خەڵکی چارەسەرکردووە.
(قازی) ڕێزێکی تایبەتیی، بۆ دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ژیاندنەوەی کورد - ژ.ک) ھەبوو. زۆر لە دامەزرێنەرانی (ژ.ک)یش، ڕاوێژیان پێ دەکرد و زۆریشیان خۆشدەیست،. لەبەرئەوە زۆریان ھەوڵداوە، تا کاریان لەگەڵ بکا.
لای نوێنەرانی داگیرکەرانی بیانیش، کە ئەو سەردەمە،(ئێران)یان لەنێوخۆیاندا دابەشکردبوو، (قازی) ڕێزێکی تایبەتیی ھەبوو. ھەر کەسێ چووبێتە (مهاباد) هەوڵیداوە، پێش ھەموو کەسێ، چاوی بە (قازی) بکەوێ. کاتێ بۆ (یەکێتیی سۆڤێت)یش بانگهێشتکراوە، ھەر لەبەر ئەم پێوەنییە بوو، کە لەگەڵ شاندێکی گەورە، سەردانی (باکۆ)یان کردووە.

 

خەسڵەتەکانی قازی
(قازی)، مرۆڤێکی فەرھەنگدۆست، ڕووخۆش و قسەشیرین، ھونەر و وێژە دۆست بوو، حەزی بە ڕاوێژکردن دەکرد. لە ھەمان کاتیشدا، تێکۆشەرێکی نیشتمانپەروەری ژیر و کۆڵنەدەر بوو، گەلەکەی خۆی زۆر خۆشدەویست. لەگەڵ ھەموو چین و توێژەکاندا، پێوەندییەکی باشی هەبوو، ھەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکردن، لە کاتی پێویستیشدا، لە دید و بۆچونەکانیان، لە توانا و ھێزەکانیان، کەڵکی وەردەگرت.
وەک لە ڕاسپاردەنامەکەیدا دەردەکەوێ، (قازی) یەکێتیی و برایەتیی کورد و کوردی، بە گەورەترین کۆڵەکەی سەرکەوتن داناوە. ھەر بۆیە لە زۆربەی وتارەکانیدا، کە لە ڕۆژنامەی (کوردستان)دا نووسیونی، لە یەکێتیی و برایەتیی دواوە، بە مەرجی سەرەکیی، سەرکەوتن بەسەر دوژمنان و کۆڵەکەی ڕاگرتنی کۆمارەکەی‌ داناوە.
ھەرچەندە (قازی) سوور دەیزانی، دوژمنەکانی کورد ڕاست ناکەن، بەڵام لە وتووێژەکانیدا، زۆر بە ڕاشکاویی ڕایدەگەیاند، کورد دەیەوێ، لەڕێی ئاشتییەوە، بە مافە ڕەواکانی خۆی بگا. بەڵام گەر ئەم دەرگەیەی لێ داخەن و ناچارکرێ، لەپێناوی سەربەستیی کورد و سەربەخۆیی خاکی (کوردستان)دا، ئەوەی پێی بکرێ، دەیکا!

 


نازناوی پێشەوا

پێش ئەوەی کۆماری (کوردستان) دامەزرێ، جاروبار، لەنێو کۆمەڵانی خەڵک و لە رۆژنامەی (کوردستان)یشدا، بە ناوی (پێشەوا)وە باسکراوەا. بەڵام دوای ئەوەی کۆمارەکە دامەزرا، بە شێوەیەکی فەرمیی، نازناوی (پێشەوا)ی بەسەردابڕا و ئەو ناوە تا ئێستەش، لەنێو کۆڕ و کۆمەڵانی خەڵکدا ھەر ماوە!

 

خەباتی ڕامیاریی و دامەزراندنی کۆمار
کاتێ (قازی)، بوو بە ئەندامی کۆمەڵەی (ژ.ک) و ناوی نهێنیی (بینایی) بۆ دانرا، ھیوایەکی زیاتر، بۆ لێپرسراوان و خەڵک پەیدابوو. پاشان، هەر بە دەسپێشکەریی ئەو بوو، ئەندامانی کۆمەڵەی ڕازیکرد، ناوی (ژ.ک) بگۆڕن و (حیزبی دێموکراتی کوردستان) دامەزرێنن. لەبەرئەوەی (قازی)، ڕێزێکی تایبەتیی بۆ (ژ.ک) هەبوو، هەر لەبەر ئەوەش بوو، لە هەمان ڕۆژ و مانگدا (25. 7)، (حیزبی دێموکرات)یشی دامەزران. بۆیە سەرنجی زۆربەی بەرپرسانی ڕاکێشا و بۆ تێکۆشان، لەنێو پەرتەکدا هانیدان. ئەوەبوو، حیزب زۆر بە خێرایی پەرەیسەند، لە ھەموو نێوچە ئازادکراوەکانی (کوردستان)دا، پەلوپۆی هاویشت. هەروەها کێشەی بەزۆر لکاندنی (کوردستان)ی، بە (ئازەربایجان)ەوە چارەسەرکرد و بەسەریاندا سەپاندی، حسابێکی جیاواز بۆ (کوردستان) بکەن.
لە یەکەمین کۆنگرەدا، رۆژ (22. 1. 1946)، بە بەشداریی نوێنەرانی بەشەکانی دیکەی کوردستان و (مەلامستەفا)، سەرۆک خێل، نوێنەرانی ھەموو چین و توێژەکانی (کوردستان)، یەکەمین کۆماری (کوردستان) ڕاگەیەنرا!
لە ماوەی دەسەڵاتداری کۆماری (کوردستان)دا، ئەوەی پێویستبوو، زۆر بە ڕاشکاویی، بە شای (ئێران) و (قەوام ئەلسەڵتەنە)ی سەرۆک شالیارانی کاتیی ئێران)ی ڕاگەیاند، پەنجەی لەسەر لاوازییەکانیان، بەرانبەر بە گەلی کورد دانا. بە ئاشکرا پێی گوتن: ئێوە لە بڕیارەکانی خۆتان‌ دوودڵن و ناتانەوێ، کێشەی کورد چارەسەرکەن.
کاتێ (قەوام ئەلسەڵتەنە)، سەرۆک (پێشەوا)ی بۆ (تاران) بانگهێشتکرد، ڕۆژی  (28، 1. 1946) چوو، ژمارەیەک شالیاران، نوێنەرانی پەرلمان، نوێنەری کوردەکانی تاران، نوێنەری پارتەکان و یەکێتیی کرێکاران لە فڕگە، پێشوازییان لێ کرد. ڕۆژنامەی (ئێران ما)، ھەر ئەو کاتە نووسیبووی: (ئێستە قازی موحەممەد لە تارانە و ئازادیخوازان، چاویان پێی کەوتووە، وا دەردەکەوێ، کە بیروڕای ئەو، جێگیرکردنی ئازادیی و دێمۆکراسیی، لە تەواوی ئێران دایە، مافی کۆمەڵایەتیی، ڕامیاریی و مرۆیی، بۆ نەتەوەی کوردیش، لە گۆڕێ دایە. ھەر کارێ بە قازانجی دێمۆکراسی بێ، پێشەوای کوردستان لە دڵەوە، پێشوازی لێ دەکرێ. ھیوادارین، بەڕێز (قەوام)، لە ئەو سەردانە مێژوویییە، کەڵکوەرگرێ.)

 


تێکچوونی کۆمار

دوای وتووێژێکی زۆر، سەرانی (تاران) و کۆماری (کوردستان)، زمانێکی ھاوبەشیان نەدۆزییەوە و گرفتەکان چارەسەرنەکران. ھەر بۆیە ئێرانییەکان، هێندێ ھەڕەشەیان کرد. بڕێ لە سەرۆک هۆزەکان، تەنانەت چەن کەسێ لە ئەوانەی لەگەڵ (قازی)ش، سەریان لە (باکۆ) دابوو، پەشیمانبوونەوە و لایەنی (ئێران)یان هەڵبژارد!
لەشکری (ئێران)، بە چەکێکی قوورسی زۆرەوە، بە چەن تانکێکی کۆنەوە، ڕۆژی (20. 12. 1946ز.) گەیشتە دەوروبەری شاری (تەورێز) و ڕۆژی (21)ی مانگیش، سەرۆکەکانی کۆمارکە، بۆ (یەکێتیی سۆڤێت) هەڵاتن، کۆماری (ئازربایجان) ڕووخا و سوپاکەش شاری (تەورێز)ی داگیرکرد. دوای ئەوە سوپاکە، بەرەو (مهاباد) بەڕێکەوت. لە ئەو نێوچانەی دیکە لە باشووری (مهاباد)‌دا، کە خۆیان بە بەشێ لە کۆمارەکە دەزانی و دەسەڵاتی (تاران)یان، بە هیچ نەدەزانی، واتە لە شارەکانی (سنە، دیواندەرە، مەریوان) و تا نزیکی (سەقز)یش، چەن مانگێ پێش ئەوە، ھێزیان ئامادەکردبوو. بەڵام دوای (تەورێز)، سوپاش ھێزی نوێی، لەڕێی (قەزوێن)ەوە بۆ (سەقز) نارد. پاشان سوپاکە گەیشتنە (سەقز) و لە ڕێی (بۆکان)ەوە، بە یارمەتیی ھێندێ لە کوردە جاشەکانی، سەر بە دەوڵەتی شاهێنشایی، ڕێی (مهاباد)یان وەبەرگرت. (قازی) وەک سەرۆک کۆمار فرمانیکرد، تا دەکرێ، خۆتان لە شەڕ بپارێزن، چونکە ماڵوێرانیی لە دوایە. گەرچی لەپێناوی وڵاتدا، ھەمووان تێدەکۆشن، بەڵام بە ھۆی جووڵانەوەی سەرنجڕاکێشی ھێزەکانی (سۆڤێت)ەوە، زۆر بە خێرایی و لە ماوەی چەن ڕۆژێکدا، (کوردستان)یان داگیرکرد.
لەبەرئەوە (قازی)، وەک سەرۆک کۆمار و جێی متمانەی جەماوەر، ئەو ڕەخنەیەی لێ دەگیرێ، کە بۆ هێندە پشتی بە یارمەتیی (سۆڤێت) بەستبوو؟ چونکە کاتێ (سۆڤێت)، وازی لە پشتگیریی کۆمارەکە هێنا، زۆر زوو  کۆمارەکە لەنێوچوو. بەڵام لە ئەوە دەچێ، گەورەترین ھۆی ڕووخاندنی کۆمارەکە ئەوە بووبێ، ھەموو دەستەکان یەک نەبوون!

 

قازی و مەلامستەفا
(مەلامستەفا) ھەوڵیدا، (قازی) ڕازیکا، لەگەڵ خۆی بۆ دەرەوەی وڵاتی بەرێ، بۆئەوەی گیانی لە مردن بپارێزێ. بەڵام (قازی)‌ بە ئەوە قایل نەبوو، بەڵکوو پێی وابوو، دەبێ، لە سەر بەڵێنی خۆی بمێنێتەوە. هەرچەندە (قازی) سوور دەیزانی، بەزوویی کۆمار دەڕوخێ، لە نێوان جەنگ یا خۆبەدەستەوەداندا، وەک بەرپرسیارێکی گیانی خەڵک، بۆ بەرگری لە کوشتنوبڕین و وێرانکردن، وەک قارەمانێکی نەتەوەیی، خۆ بەدەسەوەدەدا. ھەڵبەت سەبارەت بە ئەو کارە، زۆر کەس‌ ڕەخنەدەگرن، کە ئایا گەر (قازی) لەگەڵ (مەلامستەفا) بڕۆشتایە، دواتر قازانجی بۆ گەلەکەی زیاتر نەدەبوو؟!‌ بەڵام کاتێ (قازی)، ماڵاوایی لە (مەلامستەفا) کرد، ئاڵای (کوردستان) پێ سپارد، وەک وەڵامێکیش بۆ ئەو پرسیارە، گوتوویەتی: (من خۆم بە قوربانی خەڵک دەکەم، ھیچ کات وەک جەعفەر پیشەوەڕی و سەرانی دیکەی ئازەربایجان ناکەم، تا وڵاتەکەم، لە خوێندا شەڵاڵبێ و ھەزاران کەس بکوژرێن.)
داگیرکردنی مهاباد
سوپای (ئێران)، ڕۆژی (29. 12)،گەیشتە (مهاباد). گەرچی ھەر لە پێشدا، ھەم (قازی) خۆی و هەم ھەمووان دەیانزانی، سزای (قازی) و ھەڵسووکەوتی میریی، لەگەڵ ئەو چۆن دەبێ! ئەوەبوو، دوای ئەوەی سوپای (ئێران)، دەسی بەسەر هەموو نێوچەکانی خۆرهەلاتی (کوردستان)دا گرتەوە، سەرکردەکانیان گرت. دادگەیەکیان دانا، (قازی) و ئەندامانی کۆماریان، بە تاوانێکی سەرەکیی تۆمەتبارکرد.
گەرچی ھەردوو کۆماری (کوردستان) و (ئازەربایجان) بە پشتی (سۆڤێت) دامەزرابوون، بەڵام کۆماری (کوردستان)ی ڕاستەقینە، ئارەزووی جەماوەری کوردبوو. (سۆڤێت) بۆ قازانجی خۆی، وازی لە پشتگریکردنی هێنا، دەسەڵاتدارانی (تاران)یش، ھەردوو کۆمارە لاوازەکەی (مهاباد) و (ئازەربایجان)یان، وەک چۆلەکە سەربڕی. تەمەنی درێژەی کۆمارەکەش، هەموو (11) مانگ بوو!

 

قازی و دادگە
ڕۆژی (6. 2.1947)، لێژنەیەکی تایبەت، لە (تاران)ەوە ھات، لیژنەکە بە سەرۆکایەتی سەرھەنگ (ڕه‌زا) بوو، دادگەیەکیان پێکهێنا. پرسیارەکانی دادگە، زۆر ڕوون نەبوون. قازییەکان (قازی موحەممەد، سەدری قازی و سەیفی قازی)، ھەموو تاوانەکانیان ڕەتکردەوە و داوای بەڵگەیان کرد. ئاشکرابوو، دادگەکەش ھیچ بەڵگەیەکی پێ نەبوو. تاوانەکانی (قازی)ش، ئەمانە بوون:
* گۆڕین و دەستکاریکردنی نەخشەی (ئێران).
* ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی و داگیرکردنی بەشێ لە خاکی (ئێران) بە ناوی (کوردستان)ەوە.
* بازرگانیکردن بە نەوتی (ئێران)ەوە لەگەڵ (سۆڤێت)، بێ ئاگاداریی و ڕەزامەندیی دەوڵەتی نێوەندیی.
* سازکردنی نەخشەی (کوردستان)ی گەورە،‌ بە لکاندنی هەر چوار بەشەکەی (کوردستان)ی (ئێران، عێراق، توورکیا و سووریا) پێکەوە.
* ھێنانە ناوەوەی بێگانە و بەشێک لە خاکی (ئێران) خستنە ژێردەسی بێگانە. (مەبەست مەلامستەفا بارزانیی بوو.)
* دانانی ئاڵای جیاوازی (کوردستان)، بە چەکوش و داس لەسەر شێوەی ئاڵای (سۆڤێت).
* لێدانی سکەی پارە بۆ (کۆردستان)، لە شێوەی ڕووپیەی ڕووسیی.
بەڵام (قازی)، ھەموو ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە و لە وەڵامدا گوتی: (ئاڵام داناوە، بەڵام نەک وەک ئەوەی ئێوە دەڵێن، وەک ئاڵای سۆڤێت بووبێ. سەبارەت بە مەلامستەفا بارزانییش، ئەو بۆ خۆی ھاتووە بۆ (مهاباد) و کەس نەیهێناوە. ئەو کوردە و کوردستانیش، ماڵی ھەموو کوردێکە، ھەر کوردێ بیەوێ، لەسەر ھەر بستە خاکێکی کوردستان بە ئارەزووی خۆی بژی، دەتوانێ، بژی.)
یەکێ لە تاوانەکانی سەرەکیی (سەدری قازی)ش، جێگری سەرۆک کۆمار و برای (قازی) ئەوەبوو، هۆنراوەیەکی بۆ (مەلا مستەفا) نووسیبوو، زۆر بە گەرمیی، بەخێرھاتنی کردبوو.
ئەوەبوو، لە کۆتاییشدا دادگە، بڕیاری لەسێدارەدانی ھەر سێ سەرکردەی دەرکرد، بەڵام ئەمە کۆتایی کارەکە نەبوو. بەڵکوو (قازی)یەکان، بۆ ماوەی (3) مانگ، لە گرتووخانە‌ توندکران. پاشان جارێکی دیکە، بە ھەمان شێوە، دادگەی پێداچوونەوە‌ بەڕێوەچوو. گەرچی ھەمووان باش دەیانزانی، تاوانبارکردنی (قازی)، ھەر لە سەرەتاوە، لە (تاران)ەوە بڕیاری لەسەر درابوو.

 

ئەنجام و هێندێ دیدی جیاواز
(پێشەوا) و ھاوڕێکانی، هێندەی لە ماوەی ئەو (11) مانگەی تەمەنی کۆمارەکەدا ھەوڵیاندا، کۆمارەکە بە کەناری ئارام بگەیەنن، ھەر هێندەش لە دادگە، لە خۆبردوویی و ئازایەتیی خۆیان پیشاندا، داکۆکییان لە خۆیان و کۆمارەکە کرد!
لەگەڵ ھەموو ئەو ئازارە دەروونیی و ئەو گرفتانەی ژیانە تاڵەی، لە گرتووخانەی پادگەی (مهاباد)دا چێشتیان، نەک هەر تەنیا بڕوایان، بە ئامانجەکانیان لەق نەبوو، بەڵکوو زۆر بەهێزتر و بەورەتریش بوون!
ئازایەتییان لە دادگەکاندا، بە ئەندازەیەک بوو، کە ئەفسەرەکان سەریانسوڕمابوو. لە ڕاستیدا، ئەو دادگەیە (ئەمێریکا) و (بریتانیا)شی لەپشتبوو. ھەرچەندە، جگە لە کاربەدەستانی خۆیان، کەسی نامۆی لێ نەبوو. بەڵام ھەر لەڕێی ئەوانەوە، زۆر شت بڵاوبووەتەوە، کە پێویستە بیزانین.
لە چاوپێکەوتنێکی نهێنیدا، لەگەڵ یەک دوو مرۆڤی جێی بڕوای خۆیان کردوویانە، گوتوویانە: (ئێمەیان فریودا، با نەتەوەی کورد فریونەخوا، خەباتی خۆی بۆ ڕزگاریی و سەربەستیی، درێژە پێ بدا و چەک دانەنێ.)
ھەروەھا گوتبوویان: (زۆریان گوشار خستینە سەر، تا نامەیەک بۆ مەلامستەفا بنووسین، دەستهەڵگرێ. بەڵام ئێمە نەک هەر تەنیا، شتی وامان نەنووسی، بەڵکوو پێمان وایە، ئەوەی بۆی دەکرێ، دەبێ لەگەڵ ئەو ناپیاوانە بیکا!)
(پێشەوا)، ھەر جارێک لە ئەو دوو جارە، بەناو دادگاییکراوە، زیاتر لە چوار کاژێر، قسەیکردووە و بە وتەی (سەروان شەریفیی) پارێزەری: (ئەوە قازی موحەممەد بوو، حوکوومەتی دادگاییکردوە و لە ھەموو بوارێکدا، ھێناویەتە ژێر پرسیار.)
ڕۆژنامەی (ئازادیی)، کە لە ئەو سەردەمەدا لە (بەغدا)، بە زمانی کوردیی دەرچووە، سەبارەت بە ڕۆڵی (ئەمێریکا) و (بریتانیا)، لە ئەو دادگاییکردنەدا نووسیوێتی: (ئیستێعماری ئینگلیزیی و ئەمێریکا، قازی موحەممەد و ھاوڕێکانیان، بە دوژمنی ھەرە سەرسەختی خۆیان دەزانی. ھیوایان ھەبوو، بتوانن، بە چۆکیاندا بێنن.
لە گرتووخانەش، نوێنەرەکانیان چوون، لەگەڵیان دووان، تا بتوانن، بە لای خۆیاندا ڕایانکێشن، بەڵام ھیچ کاتێ سەرکەوتوو نەبوون.)
دواتر ڕۆژنامەی (ئازەربایجان) لە (باکۆ) نوسیبووی: (قازی موحەممەد بە نوێنەری ئەمێریکا جورج ئالێنی گوتبوو: گەلی کورد چاوەڕوانیی، ھیچ چاکەیەکی لە وڵاتانی ئیستێعماری ناکا.)
(نەجەفقولی پسیان)، وتەکانی (پێشەوا)ی لە دادگە، لە چەن ڕستەیەکدا کورتکردووەتەوە و نووسیوێتی: لە کاتی دادگاییکردنەکەدا، قازی موحەممەد هێرشی بۆ سەر بەرنامەی رامیاریی و ئاکاری دەوڵەتی تاران کرد و گوتی: (من لە قوژبنی گرتووخانەوە، دەنگی خۆم بەرزدەکەمەوە، دژی دەوڵەتی تاران و سەرۆکەکانی دەڵێم: تاوانبار ئێوەن، نەک ئێمە. ئێوە وڵاتتان لێ داگیرکردووین.)
رۆژنامەنووسێکی دیکە بە نێوی (سولیمان.خ)، نووسیوێتی: ( قازی گوتی: تەواوی ئەم بەسەرھات و ڕووداوانە، ئاکامی بەرنامەی ڕامیاریی داگیرکەرانەی دەوڵەتە. گەر دەوڵەت هەموو کورد، بە ناپاک دەزانێ، با دەست لە ئەو مەڵبەندە ھەڵگرێ. گەر بە نیشتمانپەروەریشیان دەزانێ، با لێ بگەڕێ، خۆیان کاروباری خۆیان بگرنەدەست.)
لە بەڵگە و رۆژنامەکانی (یەکێتی سۆڤێت)یشدا، زۆر شتی لە ئەم بابەتانە نووسراون. لە زمان ئەفسەرە ئێرانییەکانەوە دەگێڕنەوە، کە (قازی) لە وەڵامی ئەوەی کۆماری (مھاباد)، دەسکردی (سۆڤێت) بووە، گوتوویەتی: (ئەو ڕووداوانە، لە ئاکامی ئەوەدا بوون، کە ئێوە خۆتان یاسای بنەڕەتیتان ژێر پێ خستووە. ئێستە لە (کوردستان)، هەر من تەنیا خۆم، دامەزرێنەری دێمۆکراسیم و ھیچ ھێزێکی بیانیی، منی ھان نەداوە. بێبەشیی کورد، منی بۆ بەڕێوەبردنی ئەو کارانە ھانداوە.)
کاتێکیش سەرۆکی دادگە، بە ناپاک تاوانباریکردوون، لە وەڵامدا گوتوویەتی: (ئێرە ماڵی منە، خاکی کوردستان، خاکی باب و باپیرانی منە، چۆن دەتوانم، دەستی لێ ھەڵگرم.)
یەکەمین دادگایی، ڕۆژی (19. 1.) دەستیپێکرد و چەن رۆژێکی خایاند. فرمانی لەسێدارەدانی قازییەکانی دەرکرد. دووەمین دادگاییش، ڕۆژی (28. 3. 1947) دەستیپێکرد و رۆژی (30. 3.) کۆتاییھات.

 

لەسێدارەدان
لە بەرەبەیانی (30. 3. 1947)دا، هەر سێ قازییە قارەمانە تێکۆشەرەکان (پێشەوا قازی، حەمەحوسێن خانی سەیفی قازی ئامۆزای پێشەوا و ئەبولقاسمی سەدری قازی برای پێشەوا)، دوای ئەوەی لە دوو دادگاییکردنی نایاسایی و فەرمیشیدا، بە دەستی دوژمنانی گەلی کورد، فرمانی خنکاندنیان دەرچوو، لە گۆڕەپانی چوارچرای شاری (مهاباد)، ھەر لە ئەو شوێنەی (22. 1. 1946)، کۆماری (کوردستان)یان لێ ڕاگەیەندبوو، لەسێدارەدران و ڕەوانیان شادکرا. واتە دوای (1) ساڵ و (2) مانگ و (8) ڕۆژ، لە دوای ڕاگەیەندانی کۆمارەکەوە، لەسێدارەدران!
ھەڵسوکەوتی قازی
کاتێ لە سێدارە‌دران، رۆژنامەنووسێکی دەرباری شا دەیگێڕێتەوە و دەڵێ: (وەک چیرۆک و ئەفسانەی لێهاتووە. قازی لە پێشدا داوادەکا، تیربارانیبکەن، چونکە لەسێدارە‌دان شتێکی ئایینیى نییە. بەڵام ڕێی پێ‌نادەن. پاشان ڕاسپاردەنامەیەک دەنووسێ، کە لە ڕووی کۆمەڵایەتیی و باری ڕامیارییەوە، جێی ڕامان و سەرنج دانە. (قازی) ‌ئەو مردنەی بە سەرکەوتن زانیوە، ھەر بۆیە بە (7) ھەنگاو، ڕێی بۆ لای سێدارەکە پێواوە. لە کاتی لەسێدارەدانیشدا، ڕێی نەداوە، چاوی ببەستنەوە و گوتوویەتی: حەزدەکەم، لە دواچرکەی ژیانیشمدا، بە سەربەرزیی و چاوکراوەییەوە، لە نیشتمانی خۆشەویستم بڕوانم.)
ڕووی لە خوێنمژانی گەلەکەی کردووە و گوتوویەتی: (ئێوە قازی موحەممەدێک دەکوژن، بەڵام ئەوە بزانن، لە ھەر تنۆکە خوێنێکی من، قازی موحەممەدێکی دیکە شیندەبێتەوە. داوا لە گەلی کورد دەکەم، خەباتی خۆی لەپێناوی ڕزگاریی کوردستاندا، پەک نەخا، باوەڕ بە دەوڵەتی خۆفرۆشی تاران مەکەن. بژی کورد و کوردستان.)
تەرمی ئەو شەھیدانە، ھەر ئەو رۆژە لەسەر شان و پەلی خەڵکی بەئابڕووی (مهاباد)، لە گۆڕستانی (مەلا جامیی)، بە خاکی پیرۆزی نیشتمانەکەیان سپێرران. شوێنی گۆڕەکەیان، ئێستەش لەژێر چاودێریی ‌دایە!

 

کۆتایی
به‌ داخێکی گه‌وره‌ و گرانه‌وه‌، نه‌ نه‌ته‌وه‌ی کورد توانی، (73) ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، گیانی پاکی پێشه‌وا و کەسەکانی، له‌ ده‌س په‌تی سێداره‌ی مەرگی ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری (ئێران) ڕزگارکا. نه‌ کۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تیش، سرته‌وبۆڵه‌یه‌کیان له‌ ده‌م ده‌رچوو، ناڕه‌زایی خۆیان ده‌ربڕن و داوا له‌ ڕژێمی شاهێنشایی (ئێران) بکه‌ن، ئه‌و فرمانه‌ نادادپه‌روه‌رانه‌ دڕندانه‌یه‌ بووه‌ستێنن! 
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌ڵێم: به‌ ڕاستی (قازی)، پێشه‌وای بێ ڕکه‌به‌ر بوو. چونکه‌ ژیان و گیانی خۆی، له‌پێناوی ڕۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌ و خاکی نیشتمانه‌که‌یدا به‌ختکرد. گه‌له‌که‌ی خۆی به‌جێ نه‌هێشت. به‌ خوێنی گه‌شی خۆی، به‌رنامه‌ و نه‌خشه‌ی خه‌باتی دواڕۆژی، بۆ هەموو نەتەوەی کورد بە گشتیی، ئه‌ندامانی پارته‌که‌ی و گه‌لی خۆرهه‌ڵاتی (کوردستان) بە تایبەتی کێشا. بۆیه‌ تا کوردێ بمێنێ، ناوی (قازی) بە نەمریی هه‌ر ده‌مێنێ! 
ئه‌ی کوردینه! پێویستە‌ بزانن، پێشه‌وای بێڕکه‌به‌ر، له‌ دوا ساته‌کانی ژیانیدا، چی فه‌رمووه و چ جۆرە ڕاسپارده‌یه‌کی پڕبایه‌خی، بۆ ڕۆڵەکانی نەتەوەکەی به‌جێهێشتووە؟! لێرەدا چەن کۆپلەیەکی کورت، لە ڕاسپاردە گرنگ و پیرۆزەکەی پێشەوا بڵاودەکەمەوە.
1. له‌ ڕێی‌ خوادا، ده‌س له‌ دژایەتی‌ یه‌كدی هه‌ڵگرن. دوژمن ته‌نیا بۆ گه‌یشتن به‌ مەرامە‌كانی‌ خۆی، ئێوه‌ی‌ ده‌وێ. پشتی‌ یه‌كدی چۆڵمه‌كه‌ن‌ و یه‌كگرتووبن، دڵنیابن، ‌گه‌ر دوژمن هه‌نگوینتان ‌بداتێ، ‌ژاری تێکردووه‌!
2. هیچ جۆرە ناپاکییەک، له‌ یه‌كدی مه‌كه‌ن‌‌، چونکە ناپاککاران لای خودا و گەل ڕووڕەشن! ‌
3. به‌ سوێنده‌ درۆ‌كانی دوژمنان هه‌ڵ مه‌خه‌ڵه‌تێن. ‌گه‌ر هه‌زار جار سوێندتان بۆ بخۆن، ئامانجیان ‌‌ له‌نێوبردنتانه‌‌‌!
4. باوه‌ڕبكه‌ن، چه‌ن جار داوام له‌ خوا كردووه،‌ ‌گه‌ر بمرم، به‌ شێوه‌یه‌ گیانم ده‌رچێ، كه‌‌ ڕووسووری‌ لای‌ خوا ‌و په‌یامبه‌ر ‌و نه‌ته‌وه‌كه‌م بم. هەر ئەو جۆرە مردنەش، سه‌ركه‌وتنی‌ راسته‌قینه‌یه‌!
بەڵام، ئایا سەرکردەی پارتەکانی هەر چوار بەشەکەی (کوردستان)، هیچ بایەخێکیان بە ئەو دووڕ و گەوهەرانەی ڕاسپاردەکەی پێشەوای ڕەوانشاد داوە؟!! کەڵکیان لێ وەرگرتووە، تا مێژوو بە خراپترین شیوە، خۆی دووبارەنەکاتەوە، یا لەبیر خۆیانیان بردووەتەوە، بۆئەوەی ئامانجە تەسکەکەنی پارتەکەیان بەدیبێنن؟!! ئاخر بۆیە بە هیچ نابین، چونکە کەڵک لە ئەزموونەکانی ڕابووردوو وەرناگرین!
لە کۆتاییشدا، وتارەکەم بە ئەم چەن وێنەیە و پارچە هۆنراوەیەی (هەژاری موکوردیانی) دەڕازێنمەوە


تێبینی: ئەم وتارە، لە دوا بەرهەمی ساڵی پارمدا (31 کەسایەتی کورد)، لاپەرە (144-158) بڵاوکراوەتەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×