بەعەرەبکردنی باشووری (کوردستان) بەردەوامە

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2021-11-11     154
وا دیارە، سەرکردەی پارتەکانی باشووری (کوردستان)، لەبەر پێشبڕکێی قڕێژی پارتایەتیی و قۆرخکردنی کوورسی دەسەڵات، ئاگایان لە ڕەوشی نەتەوەیی گەلی کورد نییە، هەرگیز پەند لە مێژووی تاڵی، پێوەندیی نێوان لێپرسراوە دەسەڵاتدارەکانی دەوڵەتی داگیرکەری (عێراق) وەرناگرن. چونکە لە ساڵەکانی سی سەدەی پێشووەوە، هەرچی دەسەڵاتدارە یەک لە دوایەکەکانی عەرەبی (عێراق) هەیە، بە شێوەیە لە شێوەکان، هەوڵی بەعەرەبکردنی خاکی باشووری (کوردستان)یان داوە، بەڵام کورد مێش میوانی نەبووە!
ئەوڕۆ دەسەڵاتدارانی ئاخووندەکانی شیعەی (عێراق)، بە شێوەیەکی سیتماتیک و بەپێی بەرنامەیەکی دیاریکراو، پەرە بە بەرنامەی بەعەرەبکردنی باشووری (کوردستان) دەدەن و لە بەرنامەکەی (سەددام حوسێن)یش، نەک هەر پەشیمان نین، بەڵکوو بە هەموو شێوەیەکیش هەوڵدەدەن، نیشتمانەکەمان عەرەبڕێژکەن. چونکە ڕەوشی بەعەرەبکردن، لەبەر ئەم هۆیانەی خوارەوە، زۆر لە بار و گونجاوە:
 .1ناکۆکیی ئایینزایی نێوان سووننە و شیعەی (عێراق) بە تایبەتیی و نێوچەکە بە گشتیی، وەک مەنجەڵی سەر ئاگر قوڵپدەدا.
 2. هێزە چەکدارەکانی فاشیزمی ئیسلامیی سووننە بە ڕابەری (داعش)، کەشێکی وایان ئەفراندووە، عەرەبێکی زۆر لە نێوچەکانی نێوەڕاستی (عێراق) و هێندێ نێوچەی دیکەی نزیک سنووری باشووری (کوردستان)، شوێنەکانیان چۆڵکەن، لە شار و شارۆچکەکانی باشووری (کوردستان) جێگیربن. ئەوا نزیکەی (6) ساڵ دەبێ، لە زۆربەی ئەو نێوچانە نیشتەجێبوون و نیازیشیان نییە، بۆ شوێنەکانی خۆیان بگەڕێنەوە، چونکە سەرکردە زۆر دڵسۆزەکانی پارتەکان، ڕێوشوێنیان بۆ دابینکردوون، ژیانێکی باش بەسەردەبەن.
 .3شیعەکان زۆر بە باشیی، هەلی ناکۆکیی نێوان (پارتیی) و (یەکێتیی)یان قۆستووەتەوە، بە ئارەزووی خۆیان، خاکی نیشتمانەکەمان عەرەبڕیژدەکەن، بێ ئەوەی ئەم دوو هیزە گەورەیە، هیچ جۆرە بەڕەنگارییەکیانبکەن.
 .4دەوڵەتە داگیرکەرەکانی دیکەی (کوردستان) بە گشتیی و (ئێران) بە تایبەتی، لەگەڵ بەعەرەبکردنی خاکی (کوردستان) و لەنێوچوونی ئەم دەسەڵاتە لاوازە شەپڵەلێدراوە دان.
5. عەرەبە هەڵاتووەکان، زۆربەیان لە عەرەبی سووننە و کۆنە بەعسییەکان پێکهاتوون. گەر بە تەواویی لە (کوردستان) جێگیربن، ئەوا بۆ عەرەبە شیعەکان، زۆر کارێکی باشە، چونکە:
*عەرەبە سووننەکان، شارەکانی نێوەڕاستی (عێراق) چۆڵدەکەن و لە کۆڵ شیعەکان دەبنەوە. لەبەرئەوە هەلێکی باشیان بۆ شیعەکان ڕەخساندووە، تا بە ئارەزووی خۆیان، نێوچەکانی سووننەنشینەکان داگیرکەن و شیعەی تێدا نیشتەجێبکەن.
بۆیە لە ئەو ڕۆژەوە، شوێنەکانی خۆیان بەجێهێشتووە، دەسەڵاتدارانی شیعە، موچەی مانگانەیان بۆ دەنێرن، تا لە (کوردستان) بە شێوەیەکی باش بژین و بمێننەوە. لەبەرئەوە وەک لە ماڵی خۆیاندا بن، وایە و لە هیچ شتێ پەکیان نەکەوتووە. چونکە هەموو جۆرە سەربەستییەکیان هەیە، بە عەرەبیی دەدوێن، تەنانەت مناڵەکانیشیان، قوتابخانەی تایبەتی خۆیان هەیە و بە عەرەبیی دەخوێنن. بە هیچ شێوەیەکیش هەوڵ نادەن، زمانی کوردیی فێربن!
هێندێکیشیان لە هێندێ شوێن دامەزراون و کاردەکەن. لەبەرئەوە گیرفانیان پڕە. جگە لە ئەوەی، هیچ جۆرە ترسێکی شیعە دەسەڵاتدارەکانیان لەسەر نەماوە. بۆشیان هەیە، زەوی و خانوو بکڕن و لەسەر خۆیان تاپۆیکەن!
* (كوردستان) بە ئەو عەرەبە هەڵاتووانە تەعریبکەن، ئەمەش وەک کارێکی سرووشتیی لێدێ و کەسیش لۆمەیان ناکا، چونکە عەرەبەکان خۆیان ناگەڕێنەوە، دەسەڵاتدارانی هەرێمیش، هیچ جۆرە پلانێکیان، بۆ ئاییندەی ئەم مەترسییە گەورەیە نییە.
جگە لە ئەوەی، خەڵکە نەزانەکەی کوردیش، هەستی نەتەوەییان هێندە کزولاوازە، گوێ بە ئەو جۆرە شتانە نادەن، بەڵکوو لەلایەکەوە، خەمی پارە و لەلایەکی دیکەشەوە، خەمی ڕابواردنی خۆیان نەبێ، خەمی هیچی دیکەیان نییە! بۆیە لە زۆر شوین، کورد هاواری لێ هەستاوە و دەڵێن: گەر عەرەبەکان بگەڕێنەوە، ئێمە چی بکەین، بێ ئەوەی بیر لە بەعەرەبکردنی نیشتمانەکەیان بکەنەوە؟!!
جا گەر ئەم بۆچوونە راست نییە، ئەدی عەرەبەکان بۆچی بۆ شوێنەکانی خۆیان ناگەڕێنەوە، خۆ مەترسی (داعەش) نەماوە؟! یا بۆ دەسەڵاتدارە شیعەکان نایەڵن، بۆ ئەو نێوچانەی ڕزگاریانکردووە، چەکدارەکانی (حەشد) و سوپای (عێراق)ی تیدا هەیە، ڕێی عەرەبە سووننەکان نادەن، بگەڕێنەوە؟!! یا بۆچی تا ئێستەش، کاربەدەستانی شیعە، موچەیان بۆ دەنێرن؟!!
کەواتە ئەمە شاڵاوێکی دیکەی نوێی بەعەرەبکردنی نیشتمانەکەمانە، شیعەکان کارە چەپەڵەکەی بەعسییەکان تەواودەکەن. ئاخر پتر لە یەک میلیۆن عەرەب لە (کوردستان) دەژین، هەموو جۆرە مافێکی مرۆیی و یاساییان هەیە، بە ئارەزووی خۆیان دێن و دەچن، بە (کوردستان)دا بڵاوبوونەتەوە، کاری ڕامیاریی دەکەن و زۆربەشیان، هەمان تێڕوانینی شۆڤێنیان، بەرانبەر بە کورد هەیە، (کوردستان) بە بەشێ لە (عێراق) و ماڵی خۆیان دەزانن، هێندەی ئەوانیش باش دەژین، هێندە توێژ و چینە هەژارەکانی کورد، باش ناژین!
گەر دەسەڵاتدارانی هەرێم، زوو فریای ئەم مەترسییە گەورەیە نەکەون، هەوڵ نەدەن، عەرەبەکان بۆ شوێنەکانی خۆیان بگەڕێنەوە، ئەوا ئاییندەیەکی ڕەش چاوەڕێی کورد دەکا. چونکە عەرەبەکان بە تەواویی، لە نیشتمانەکەمان جێگیردەبن. لە هەر شوێنێکیش زۆربەبن، بۆیان هەیە، خۆیان بۆ دەزگەکانی میری هەرێم هەڵبژێرن و بە ئاسانیش دردەچن. بە تایبەتی هەستی نەتەوەیی ڕۆڵەکانی کورد لاوازە و حەزناکەن، عەرەبەکان بگەڕێنەوە، چونکە کار و کاسبییان کەمدەبێتەوە!
لەبەرئەوە گەر هەر لە ئێستەوە، تا لە ئەوە زیاتر درەنگتر نەبووە، لێپرسراوان کارێکی بەکوڵودڵ نەکەن، وەک چۆن (سەددام) نێوەی خاکی باشووری (کوردستان)ی بەعەرەبکرد و عەرەبەکان تازە ناگەڕێنەوە، ماڵ و زەوی کوردیان داگیرکردووە و بە هەموو شێوەیەکیش، دژایەتیماندەکەن، ڕۆژبەڕۆژیش پتر، تەنگ بە کورد هەڵدەچنن، لە نێوچەکانی خۆیان دەریاندەکەن و کێڵگەکانیان دەسووتێنن! ئەوا لێپرسراوان هەر لە ئێستەوە دەبێ، ئەوە تێبگەن، عەرەبە شیعەکان، بەرنامەیەکی تایبەتی خراپتریان هەیە و وردەوردە جێبەجێیدەکەن، ئەو بەشە خاک و ئەو نێوچانەی ماویشن، چەن نێوچەیەکی تێکەڵاوی وەک نێوچەکانی (کەرکووک) و (موسڵ)ی لێدێ، تاوانەکەشی تەنیاوتەنیا هەر، لە ئەستۆی سەرکردایەتی پارتەکانی باشووری (کوردستان) دایە، جا با سەرانی (پارتیی) و (یەکێتیی)، هەر باسی درۆی (عێراقی نوێ) و (عێراقی هیوا) و (ئاشتیی) بکەن، هەر سەرقاڵی کێبڕکێی نێوان خۆیان بن و لەسەر پارێزگاری (کەرکووک) و سەرۆ کۆماریش ڕێک نەکەون!
لە کۆتاییشدا دەڵێم: ئەوا من وەک کوردێکی بێدەسەڵاتی نیشتمانپەروەر، بۆ مێژوو قسەی خۆم کرد، جا گەر کار وا بڕوا و کەسێ بمێنی، ئەنجامە خراپ و ئازارە تاڵەکانی، ئەم بیانیپەرستییەی سەرانی پارتەکان دەبینێ!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×