جارێکی دیکەش، (سمکۆ) چووەوە سەر خوانی مەرگ!
دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
2020-09-16   1151
ڕۆژی (17. 9. 1992)، کاژێری (11)ی شەو، لە ڕێستۆرانتی (میکۆنۆس)، لە شەقامی (پراگ) لە شاری (بەرلین) لە (ئەڵمانیا)، واتە (28) ساڵ لەمەوبەر، چی ڕوویدا؟!!
دوکتۆر (سادقی شەرەفکەندی1938-1992)، سکرتێری گشتیی (حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران)، خۆی و چەن هاوڕێیەکی، سەریان لە (ئەڵمانیا) داوە، بۆئەوەی بەشداریی لە کۆنگرەی سۆسیال ئینتەرناشناڵدا بکەن.
ئە‌و ئێوارەیە، لەگەڵ (پەروێزی دەسماڵچی)، نەیاری کۆماری ئیسڵامیی ئێران دانیشتبوون، سەبارەت بە کۆکردنەوەی تواناکانی هێزە بەرهەڵسکارەکانی (ئێران)، گفتوگۆیانکردووە، لە نێوان قسەکانیاندا، (پەروێز) لە (شەرەفکەندی) پرسیوە: چۆن لە مەرگ و ژیان دەڕوانی؟!! (شه‌ره‌فكه‌ندی)ش گوتوویەتی: جارێكیان له‌نێو دار و په‌ردووه‌كانی (كوردستان)، له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌كاندا باسی مه‌رگ و ژیانم، ده‌كرد، له‌پڕ یه‌كێكیان هه‌ستا، بازێكیدا و گوتی: نێوان مه‌رگ‌و ژیان هێندەیە!
* * *
به‌پێی گێڕانه‌وه‌کەی ئاغای (په‌رویزیی) بێ، له ئە‌و كاته‌دا، سێ كه‌س خۆیان كردووە به ڕێستۆرانه‌كه‌دا، ته‌نیا دوو كه‌سیان چه‌كداربوون. یه‌كێكیان ده‌رگەی هاتنه‌ژووره‌وەی گرتووە. یه‌كێكی دیکەیان پشته‌وه‌ی گرتووە و ئەوەی دیکەشیان، به‌ره‌ولای مێزه‌كه‌ی (شه‌ره‌فكه‌ندی) هه‌نگاویهەڵێناوە و ڕووی چه‌كه‌كه‌ی تێ كردووە، ئیدی له چركه ساتێك‌دا، به‌ر ڕێژنەی گولله‌ی داوە، ڕێستۆرانته‌كه له ژاروژه‌نگی دووكه‌ڵ‌و بارووت‌و خوێن پڕبووە. به دوای ئە‌و دوو ده‌سڕێژەشدا، بۆ ساتێ بێده‌نگيی نێو هۆڵی ڕێستۆرانته‌كەی دا‌گرتووە. له ئە‌و ساته‌دا، كه‌سی یه‌كه‌م ڕٶیشتووە، كه‌سی دووه‌م هاتووە، تا له كوشتن‌یان دڵنیابێ، دواگوللەی به (شه‌ره‌فكه‌ندی)یه‌وه ناوە. پاشان هەر ئە‌و تێرۆریستە بینیوێتی، (هومایۆنی ئه‌رده‌ڵان)، له‌سه‌ر عه‌رزه‌كه و له‌نێو خوێنی خۆیدا کەوتووە، هێشتا گیانی تێدا ماوه و به‌ده‌م برینه‌كه‌یه‌وه، سه‌ری ده‌جوڵێنێ، گه‌ڕاوەته‌وه و دواگولله‌شی به ئە‌وه ناوە و كوشتوویەتی.
لە ئە‌نجامدا، ئه‌و شه‌وه چوار كه‌سایه‌تیی کورد تیرۆر‌كراون. قوربانییەکانیش ئەمانە بوون:
1. دوکتۆر سادقی شه‌ره‌فكه‌ندی، سكرتێری گشتیی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران،
2. فه‌تاحی عه‌بدولی، نوێنه‌ری حیزب له ئه‌ورووپا.
3. همایۆنی ئه‌رده‌ڵان، نوێنه‌ری حیزب له ئه‌ڵمانیا.
4. نوروڵڵای موحه‌ممه‌د پورده‌هكوردی، وه‌رگێڕی شه‌ره‌فكه‌ندی.
له هه‌مان كاتدا، چوار كه‌سی دیكه‌ی ناو ڕێستۆرانه‌كه‌ش بریندار‌بوون.
* * *
(په‌رویز) ئاماژەی به ئە‌وه‌ش کردووە و گوتوویەتی: دوای ئه‌وه، پۆلیسی ئه‌ڵمانیا زۆربه‌ی پیاوکوژە به‌شداربووه‌كانی تیمی تیرۆركردنه‌كەیان ده‌سگیر‌كردووە. "گرنگترینیان ئەم تێرۆریستانە بوون:
1. كازمی دارابی، به‌رپرسی تیمی تیرۆركردنه‌كه و ئه‌ندامی وه‌زاره‌تی ئیتیڵاعاتی ئێران بو‌و. فرمانی زیندانی تاهەتایی بۆ دەرچووە. بەڵام دوای (15) ساڵ ئازادکراوە و بۆ (ئێران) گەڕاوەتەوە.
2. عه‌بدولڕه‌حمانی به‌نی هاشمی، له ناوەوه و ده‌ره‌وه‌ی وڵات ناسراوە، چونکە یه‌كێ لە پڕۆفیشناڵە به‌ئه‌زموون و كارامه‌كانی تیرۆركردنی نه‌یارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بو‌و. ئه‌و كه‌سه‌یه یه‌كه‌مین جار، ده‌سڕێژه‌كانی له (شه‌ره‌فكه‌ندی) و هاوڕێكانی كردووە. دوای ئه‌وه‌ش له ڕێی (تووركیا)وه، به‌ره‌و (ئێران) هه‌ڵاتووە.
3. عەباس رەحیل، سه‌ر به (حیزبوڵڵای لوبنان) بو‌و، ئه‌و كه‌سه‌یه دواگوللەی، به (شه‌ره‌فكه‌ندی) و هاوڕێكانییه‌وه ناوە. بە هەمان شێوە، (15) ساڵ گیراوە و پاشان ئازادکراوە. دوایی بۆ (لوبنان) گەڕاوەتەوە.
4. یوسف ئه‌مین، ئه‌ندامی (حیزبوڵڵای لوبنان) بو‌و. ئه‌و كه‌سه بو‌و، نێوده‌رگەكه‌ی لێ گرتبوون. دادگە فرمانی (11) ساڵ زیندانیكردنی بۆ بڕیبووەوە. كه‌چی دوای (7) ساڵ ئازادكراوە و ئێستە له (لوبنان)، له ڕیزه‌كانی (حیزبوڵڵا)دا کاردەکا.
5. محه‌مه‌د ئیدریس، سه‌ر به (حیزبوڵڵای لوبنان) بو‌و.
6. عه‌تاوڵڵای ئه‌یاد، ئه‌ندامی (حه‌ره‌كه‌ی ئه‌مه‌ل) بو‌و.
ئەم دووانەی دوایی، له‌تیرۆركردنه‌كه‌دا كۆمه‌كیانكردووە، یه‌كی به (4-5) ساڵ بەندکراون، بەڵام دوایي ئازادكراون و بۆ (لوبنان) گه‌ڕاونەتە‌وه.
7. عه‌لی سه‌برا، سه‌ر به (حیزبوڵڵای لوبنان) بو‌و، دوای ئەوەی تاوانه‌كەی جێبەجێکردووە، خۆی دەربازکردووە و ئێستە لە (لوبنان)، له ناو (حیزبوڵڵا)دا کاردەکا.
* * *
کۆمێنت و ئەنجام
گەر لە ئەم کارە تیرۆریستییە وردبینەوە، چەن خاڵێکمان بۆ ڕووندەبێتەوە:
سەرانی ئاخووندەکانی شیعەی (ئێران)، هەموو پارتە شیعەکانی نێوچەکە، بۆ بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆیان هەڵدەسووڕێنن و هەموو کارێکی ناشیاو و تێرۆریستانەیان پێ دەکەن!
بەرژەوەندیی ئابووریی و پێوەندیی دیپلۆماسیی نێوان (ئەڵمانیا) و (ئێران)، لە خوێنی بەناهەقڕژاوی کورد، گەلێ گرنگترە!
دادگاییکردنەکە، لە ئە‌و ئاستە بەرز و هەقەدا نەبوو، تاوانبارانی فاشیزمی ئیسلامیی، بە سزای خۆیان بگەیەنرێن. ئاخر (4) کەسی بێ تاوان و بێ چەک، لەبەر چاوی خەڵک و لە دەوڵەتێکی دێمۆکراسییدا، بە ئاشکرا تیرۆربکرێن، کەچی ئە‌و ئاسانکارییەیان بۆ بکرێ و وەک بەرزەکی بانانیش، بۆی دەرچن!
کورد لەسەر ئاستی جیهان، لەبەردەم یاسای نێودەوڵەتیی و مافی مرۆدا، نەتەوەیەکی بێ کەسە، تا سەر هیچ دەوڵەتێکی ئەم جیهانە، داکۆکیی لێ ناکا، گەر غەدریشی لێ بکرێ!
بە داخەوە، سەرکردایەتی پارتەکانی خۆرهەڵاتی (کوردستان)، پەندیان لە مێژووی فێڵبازیی و تاوانەکانی، دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی داگیرکەری (ئێران) وەرنەگرتووە. ئاخر گەر وا نییە، ئایا پیاوکوژەکانی ڕژێمی دەوڵەتی (ئێران)، هەر لە کۆنەوە تا ئەوڕۆ، چەندین سەرکردە و کادێری ئەم پارتەیان تیرۆرنەکردووە؟!
ئایا ڕەوانشادان (سمکۆی شکاک1887–1930، دوکتۆر عەبدولڕەحمانی قاسملۆ1930 –1989...)، هەر بە ناوی درۆی گفتوگۆ و پیلانگێڕانەوە لەنێونەبران؟!! جا گەر یەکەمین جار، (سمکۆ) ڕۆژی (31. 6. 1930)، لەسەر خوانی گفتوگۆی (رەزاشا) تیرۆرکرا، ئایا دەبوو، دوای (59) ساڵ و ڕۆژی (13. 7. 1989) دوکتۆر (عەبدولڕەحمانی قاسملۆ) لە (ڤییەن)، لەسەر خوانی مەرگی سەرانی دەوڵەتی پەت و سێدارەی ئاخووندەکانی (ئێران)، خەڵتانی خوێنبکرێ؟!!
سەرکردایەتی پارتەکانی (کوردستان)، لە تۆڵەسەندنەوەی ڕۆڵەکانی نەتەوەکەماندا، زۆر کەمتەرخەمن، دەسوپێ سپین و هیچیان پێ ناکرێ. ئەگینا دەیانتوانی، وەک ئەرمەنەکان، ئە‌و تیرۆریستە تاوانبارانە، لە (ئێران) و (لوبنان)، بە سزای مەرگ بگەیەنن و باسیشی نەکەن!
سەرانی پارتەکانی خۆرهەڵات بە تایبەتیی و بەشەکانی دیکەی (کوردستان) بە گشتیی دەبێ، ئەوە باش بزانن، دۆستایەتیی و هاوپەیمانێتی، لە نێوان دوو نەتەوەی داگیرکەر و داگیرکراودا، تەمەنی زۆر کورتە، چونکە دۆستایەتی لە نێوان گورگی کەڵبەتیژ و مەڕی داماودا، هەرگیز سەرناگرێ!
(پەروێزی دەسماڵچی) کێیە؟ بۆ نەیانکوشت؟ بۆچی ئێستە ئە‌و روووداوە مەرگچێنە دەگێڕێتەوە؟ چی بەسەرهات و لە کوێێە؟ تا ئێستە لای من، وەڵامی ئەم پرسیارانە ڕوون نین!
لە کۆتاییشدا دەڵێم: کاتی ئەوە هاتووە، سەرکردەی پارتەکانی (کوردستان)، چیدیکە بڕوا بە گفتولفتی سەرانی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی نیشتمانەکەمان نەکەن. ڕەوانی هەموو ڕەوانشادە تێرۆرکراوەکان شادبێ و یادیان بە خێر!
تێبینی
کاتی خۆی، ڕۆژی (29. 9. 1971)، چەن مەلایەک ویستیان، سەرۆک (بارزانیی) لەنیوبەرن، بەڵام ئەوان هەموویان تێداچوون، (بارزانیی)ش سەلامەت دەرچوو. (شێرکۆ بێکەس)یش بە ئە‌و بۆنەیەوە، هۆنراوەی (جارێکی تر سمکۆ ناچێتەوە سەر خوانی مردن)ی نووسی. منیش ناونیشانی ئەم وتارەم، لە ئە‌و هۆنراوەیەوە وەرگرتووە، بەڵام بە پێچەوانەوە!
بەشێکی ئەم وتارە، ڕۆژی (2020-8-28)، لە ڕۆژنامەی ئەلیکترۆنی (ئاوێنەدا)، بە ناونیشانی (میكۆنۆس، هەمو بکوژەکانی شەرەفکەندی لەئەڵمانیا ئازادکران) بڵاوکراوەتەوە، بێ ئەوەی ناوی نووسەرێکی دیاریکراوی لەسەربێ! منیش داوام لە سەرنووسەری (ئاوێنە)، بەڕێز (سەردار موحەممەد) کرد، وتارەکەم بۆ بنێرێ. بە سوپاسەوە بۆی ناردم. دوای ئەوەی خوێندمەوە، بینیم، نووسەر مافی تەواوی خۆی، بە ئە‌و ڕووداوە گرنگە نەداوە و بە زمانێکی خراپیش نووسراوە. بۆیە هەم بە وتارەکەدا چوومەوە، هەم وەک سەرچاوەیەکیش بەکارمهێنا و ئەم وتارەم نووسی.