ئایا کێ لە تاوانەکانی کارەساتی یەزیییەکان بەرپرسیارە؟!

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2021-08-11     611
ئه‌وڕۆ، (7) ساڵی ته‌واوی داگیرکردنی خاک و ڕه‌شه‌کوژیی کوردە یەزیدییەکان،‌ (7) ساڵی ڕه‌به‌قی پڕ له خوێنڕشتن و فرمێسکی گه‌رم، (7) ساڵی ڕێکی لێوانلێو له‌ ده‌ربه‌ده‌ریی و برسێتی، (7) ساڵی خشتی ماته‌مینیی و بێده‌نگی، (7) ساڵی خڕی هه‌موو ڕۆژژمێره‌کانی زایینیی، کۆچیی، هه‌تاویی و کوردیی، به‌سه‌ر کاره‌ساته ئابڕووبه‌ره‌ ئه‌تکردنه‌که‌ی ژنان و کیژانی (شه‌نگال)دا تێپه‌ڕده‌بێ. که‌چی هێشتا کێشه‌که‌یان، له‌ نێوان بێویژدانیی زه‌ویی و ئاسماندا، هه‌ر به‌ هه‌ڵواسراویی ماوه‌ته‌وه‌!‌
مێژووی عه‌ره‌ب و ئیسلام ده‌ریانخستووه‌، تیره‌ و هۆزه‌ دواکه‌وتووه‌کانی نیوه‌دوورگه‌ی عه‌ره‌ب، بێڕه‌وشترین گرووپی ئیتنی سەر ڕووی زەوی بوون. چونکه‌ هیچ گرووپێکی دیکه‌ی ئیتنی، نه‌ ئه‌و کاته‌ و نه‌ لە ئه‌م سه‌رده‌مەشدا‌، وه‌ک ده‌سکه‌وتی جه‌نگ، هه‌ڵسوکه‌وتیان له‌گه‌ڵ‌ ئافره‌ت نه‌کردووه و‌ له‌نێو خۆیاندا، دابه‌شیان نه‌کردووه‌! هه‌ڵبه‌ته‌، ئه‌م ڕه‌وشته نزمه‌ی عه‌ره‌بیش، نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌، به‌ چاوێکی زۆر سووک، له‌ ئافره‌تیان ڕوانیوه‌!‌ بۆیه‌ هه‌ر پیاوێ، به‌گوێره‌ی توانای ئابووریی و ده‌سه‌ڵاتی خۆی، چه‌ن ئافره‌تی ویستبێ، له‌ ماڵه‌که‌ی خۆیدا کۆیکردوونه‌ته‌وه‌ و له‌گه‌ڵ هه‌مووشیاندا نووستووه‌‌. واته‌ عه‌ره‌ب ئافره‌تی، وه‌ک مێگه‌ل ڕاگرتووه‌ و‌ وه‌ک ئاژه‌ڵیش، ته‌ماشای ره‌گه‌زی مێیان کردووه!‌
له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌م ڕاستییه‌دا، با بزانین، ئه‌م عه‌ره‌به‌ داگیرکه‌رانه‌، له‌ ئه‌و ڕۆژه‌ تاریکانه‌ی ژیانیاندا تا ئه‌وڕۆ، تا چ ئه‌‌ندازه‌یه‌ گۆڕاون و پێشکه‌وتوون؟! لێره‌دا ته‌نیا (فه‌توا)ی پێشه‌وایه‌کی ئیسلام، به‌ نموونه‌ دینمه‌وه، چونکه وه‌ک ده‌ڵێن:‌ مشتێ‌ نموونه‌ی خه‌روارێکه‌! به‌ڵێ، با بزانین، یه‌کێ له‌ ڕێبه‌ر‌انی رێبازی سه‌له‌فیی ئیسلامیی، سه‌باره‌ت به‌ ئافره‌ته‌‌ کورده‌ یه‌زدییه‌ ڕفێنراو و تاڵانکراوه‌کان، چی گوتووه‌ و چ جۆره‌ (فه‌توا)یه‌کی داوه‌؟!!
)زاکیر نایکی)، خه‌ڵكی (هیندستان)ه‌ و به‌ یه‌کێ له‌ ڕابه‌ره‌ سه‌له‌فییه‌ ئیسلامییه‌ دیاره‌کان داده‌نرێ. ڕاژه‌یه‌کی زۆری بیری سه‌له‌فیی عه‌ره‌به‌کانی (سعوودیه‌)ی کردووه‌ و که‌ناڵێکی تێلێفیزیۆنیشیان بۆ داناوه‌.‌ کاتێ هێزه‌ دڕنده ئیسلامییه‌‌کانی (داعش)، شارۆچکه‌ی (شه‌نگال)یان داگیرکرد، ئه‌م (جاشبیر)ه‌ خۆفرۆشه‌ زۆر موسوڵمانه‌، (فه‌توا)یه‌کی ئیسلامییانه‌ی دا و گوتی: ئافره‌ته‌ به‌دیلگیراوه‌ یه‌زدییه‌کان، ده‌سکه‌وتی جه‌نگن و موسوڵمانه‌کان ده‌توانن، سێکسیان له‌گه‌ڵ بکه‌ن. له‌سه‌ر ئه‌م شه‌کرشکاندنه‌ش‌، شای (عه‌ره‌بستانی سعوودیه‌) خۆی خه‌ڵاتیکرد، مەدالیایەکی زێڕین و (20) ده‌فته‌ر دۆلاری وه‌رگرت! ئاخر ده‌بێ، چ ئایینێ هه‌بێ، ڕێ به‌ ئه‌م بێڕه‌وشتیی و سووکایه‌تییپێکردنه‌ به‌ مرۆ بدا و‌ قه‌بووڵیکا؟!!
بەڵام ئایا، سه‌باره‌ت به‌ ئه‌و تاوان و کاره‌ساته‌ گه‌وره‌یه‌، له‌ ئاستی نێوخۆ و نێوده‌وڵه‌تیشدا، تا ئێسته‌ کورد خۆی چی کردووه‌؟! ئایا هه‌ڵوێستی پارته‌ ئیسلامییه‌کانی (کوردستان) چی بووه‌‌؟! به‌رۆکی چه‌ن ده‌زگه‌ی ئیسلامیی جیهانیان گرتووه‌ و ناڕه‌زایی خۆیان ده‌ربڕیوه‌؟!! به‌ داخه‌وه‌، له‌ ئه‌وه‌ ده‌چێ، نه‌ته‌وه‌ی کورد ڕانه‌مه‌ڕێکی بێ خاوه‌ن بێ، هه‌رچی هه‌ڵده‌سێ، په‌لاماری خاکه‌که‌ی ده‌دا، کوڕ و کاڵانی به‌ دیل ده‌گرێ و ده‌یانکوژێ، سه‌روه‌ت و سامانه‌که‌ی تاڵانده‌کا، ده‌س بۆ ئابڕووی ئافره‌ته‌ بێدەسەڵاتەکانی ده‌با ... له‌ ئه‌وه‌ ده‌چێ، ویژدانی مرۆڤایه‌تی، له‌ ئاستی کورددا تلیسابێته‌وه‌! ئه‌دی کوا دادی یه‌زدانیی، بۆچی بارانی پڕ له‌ سۆز و به‌زه‌یی خۆی، به‌سه‌ر ئه‌م نه‌ته‌وه‌ هه‌ژاره‌ بێکه‌سه‌دا نابارێنێ؟! تۆ بڵێی ڕاستبێ، وەک هێندێ لە پێشەوایانی عەرەبی موسوڵمان و مەلا جاشەکوردەکان دەڵێن: کورد لە نەوەی جنۆکەیە، بۆیە نەک هەر موسوڵمانان، لەسەر ئەو داگیرکردن و ڕەشەکوژییەی کورد هەڵنادەنێ، بەڵکوو یەزدانی مەزنیش، پشتی تێ کردووین؟!!
ئه‌ی هاوار، له‌ هه‌موو لایه‌که‌وه‌ ده‌ورمان گیراوه‌، داگیرکه‌رانی عه‌ره‌ب، توورک و فارس، وه‌ک دره‌ختێکی سه‌وزی به‌رداری بەتەمەن، ده‌مانبڕنه‌وه‌، ڕۆڵه‌کانمان به‌ پێوه‌ ده‌مرن، که‌چی که‌سێ نییه‌، له‌سه‌رمان هه‌ڵبداتێ! خوا سه‌رکرده‌ی پارته‌کانی خۆمان بگرێ، ئه‌و باره‌ناله‌باره‌یان ئه‌فراندووه‌ و له‌پێناوی کورسی ده‌سه‌ڵاتدا ده‌یانه‌وێ، یه‌کدی بسڕنه‌وه و کوردیش له‌به‌رده‌م دوژمناندا، له‌ ئه‌وه‌ که‌ساس و لاواز، سووک و چرووکتر بێ‌!
بەڵام لە کۆتاییشدا و لە ئەم یادە پڕ کارەساتە شەرمەزارە جەڕگبڕەدا، ڕووی دەمم لە سەرکردایەتی پارتەکانی باشووری (کوردستان) دەکەم و زۆر بە ڕاشکاوی لێیان دەپرسم: ڕۆژی (3. 8. 2014)، لە (شەنگال) چی ڕوویدا؟! ئایا کێ لە تاوانەکانی کارەساتی یەزیدیيەکان بەرپرسیارە؟! چونکە تا ئێستە، ئەم کێشە گرنگە، دیزەبەدەرخۆنەکراوە و دێکۆمێنتەکان ئاشکرانەکراون، دادگەیەکی کوردپەروەری نیشتمانیی تایبەتی پێکنەهاتووە، لە ئەو کێشەیە بکۆڵێتەوە، بەشدارانی ئەو تاوان و ناپاکییە گەورەیە، بە بەڵگەوە، بە ڕۆڵەکانی گەلی کورد و جیهان بناسێنن و بە سزای ڕەوای خۆیان بگەیەنن!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×