فریشتەی ژیان و دێوی مەرگ!

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2024-12-16     143

(حاجی قادری کۆیی) فەرموویەتی:

مەرگ و ژین، میسلی سێبەر و تاوە *

ئەوەی باقی بمێنێ، هەر ناوە

دەڵێن: ژیان لە مەرگی پرسی: بۆچی مرۆ منیان خۆشدەوێ و ڕقیشیان لە تۆیە؟!

مەرگ گوتی: لەبەرئەوەی تۆ درۆیەکی جوانی و منیش ڕاستییەکی بە ئازارم!

 (یوسف ئەلبەندەر) نووسیوێتی: زۆربەی خەڵک، وەک چۆن حەزیان لە ژیانە، حەزیشیان لە شتی پڕوپووچە. لە هەمان کاتیشدا، ڕقیان لە ڕاستییە، وەک چۆن ڕقیان لە مردنە!

هەموومان سوور دەزانین، چۆن لەدایکبووین و کەس پرسی پێ نەکردووین، هەر ئاواش دەمرین و کەسیش پرسمان پێ ناکا!

چۆن بە ڕووتوقووتی چاومان بە ژیان هەڵهێناوە، هەر ئاواش لە گۆڕە تەنگوتارەکەماندا دەمانێژن و لەبەردەم دادگەی پەروەردگاری مەزندا دەوەستین و دۆشدادەمێنین! 

بۆیە پێویست ناکا، لە مردن بترسین، چونکە هیچ کەڵکێکی نییە، هەر وەک کوردیش فەرموویەتی: ئەوەی بترسێ، ناخەڵەسێ! واتە: ترس ژیانی مرۆ، لەدەس چەقۆی تیژی مەرگ ڕزگارناکا!

بەڵام لە هەمان کاتیشدا، ئەز حەزناکەم، زوو بمرم. چونکە گوێم لە دەنگی ئاوەز و خورپەی گیان و ترپەی دڵی خۆمە، هاواردەکەن و دەڵێن: ژیان خۆشە!

ئاخر چار نییە، گەشتی ژیانی مرۆ، هەر وابووە و هەر واشدەبێ. یەکێ دێ و یەکێکی دیکە دەڕوا. ئەو کەسەی ئەوڕۆ دەیبینین، لە ئەوانەیە بەیانی نەیبینینەوە. بەڵام شەمەندەفەری ژیان، لەسەر هێڵە ئاسنینەکەی خۆی، هەر بەردەوامدەبێ، ڕێک دەڕوا و ئاوڕ لە مەرگ ناداتەوە، تاسەریش چاوەڕێی کەس ناکا! 

لە یادی چلەی گوڵاڵەسوورەکەی بنەماڵەی (حاجی شێخ عەزیز)دا

شینێ بۆ خوشکە خێرنەدیووەکەم

ئەی (شەوە) گیان!

ئەی خاتوونە نەشمیلە گوڵەسوورە جوانەکەی باخی دڵ و گیانم ... ئەم سات و کاتەی نێو گۆڕە تەنگوتارەکەت، هێمن و ڕۆشنبێ.

ئەی چلچرای بنەماڵەکەمان!

ئەوڕۆ (40) ڕۆژی ڕێک، بەسەر کۆچەکەتدا تێپەردەبێ، بۆ تاهەتایە لێمان دوورکەوتیتەوە، گەرچی تەنیا هەر خۆشەویستیی و یادگارەکانت ماون، بەڵام گەر مەرگ مەودامانبدا، هەر لەنێو دڵ و دەروونماندا دەژیت، هەرگیز بیرماناچیتەوە و لەگەڵ یادەکانت دەژین. ئاخر (شەوە) نازدارە دەم بەخەندەکەم، تەنیا هەر خوشکم نەبوو، بەڵکوو نزیکە تەمەن و دڵسۆزیشم بوو.

نازناوی (شەوەسوور) بۆ؟!

لەنێو بنەماڵەکەماندا، هەم لەبەر ڕەنگی پێستەکەی، هەم لە خۆشەویستیدا، هەر پێمان دەگوت: (شەوەسوور). چونکە هەر لە ئەو ڕۆژەوە لەدایکبووە، پانتایی دەموچاو و جەستەی، بە پێستێکی تەنک و ناسک، ڕەنگێکی سوور و سپی کاڵی تێکەڵاو، داپۆشرابوو. بە مەرجێ، نەک هەر خوشک و براکانم، بەڵکوو هیچ مناڵێکی بنەماڵەکەمان، یەزدانی مەزن، ئەو ڕەنگە جوانەی پێ نەبەخشیبوو. ڕوخساری بە لووتێکی چکۆلانەی قنج، بە دەمێکی نوقڵی و جووتێ لێوی کاڵی تەنک ڕازابووەوە. دارسنەوبەری باڵای، مامناوەندی بوو. جەستەی نە قەڵەو و نە لاوازبوو، ڕێکوپێک و جوان بوو، هێندە جوان بوو، برای خۆی حەیرانی دەبوو!

(شەوە) پەپوولەئاسا بوو

پەپوولە خانم، هێندە بێ وەی بوو، چەشنی پەپوولە هێمن و لەسەرخۆ، دەم بە خەندە و کەمدوو بوو. لە هەڵسوکەوت و قسەکردندا، زۆر لەسەرخۆ و بێدەنگ بوو. لەسەرخۆ دەدوا، دەم بە خەندە بوو. دەروونێکی پڕ سۆزی هەبوو، لێبووردەبوو، زۆر بە هەست و سۆز بوو، دڵسۆزی برا و کەسەکانی دایە و بابە بوو، خوشک و براکانی زۆر خۆشدەویست و هەمیشە، هۆشی لایان بوو. ئەوانیش زۆریان خۆشدەویست. لەنێو خێزان و بنەماڵەکەماندا، لە هەڵسوکەوت و خوەڕەوشتدا، لە کەسمان نەدەچوو، بەڵکوو لە پەپوولەئاسای (نەنە حەمدی) دایکی باوکم دەچوو!

(شەوە) گیان، کچی ماڵ بوو، لەبەرئەوەی کاتی خۆی، لە قوتابخانەی کچانی (کانیسان)، لە پۆلی دووی سەرەتایی بوو. باپیرم (حاجی شێخ عەزیزی باراوی)، غەدرێکی گەورەی لێ کرد، لە قوتابخانە دەریهێنا و نەیهێشت بخوێنێ. چونکە دەیگوت: (کچی نەوەکانم نابێ، لە قوتابخانە بخوێنن، حەرامە!) بۆیە خوێندنی تەواونەکرد، بەڵام شتێکی کەم فێربووبوو. کچی ماڵ بوو، کەیبانوویەکی باشبوو، بە هەموو شێوەیە، یارمەتی دایکمی دەدا و پێکەوە، کارە جۆربەجۆرە جیاجیاکانی نێوماڵیان ڕادەپەڕاند، چونکە دایە گیان، بە تەنیاباڵ نەیدەتوانی، هەموو کارەکانی ماڵ جێبەجێبکا و ڕاژەی خێزانێکی (10) کەسی بکا. (شەوە) هێندە شەرمن بوو، زۆر جار ڕووی نەدەهات، لەگەڵ خەڵکدا قسەبکا، یا بەئاشکرا بڕیاربدا. بۆ نموونە:  

(شەوە) گوڵ، دووەمین مناڵی خێزانەکەمان بوو، واتە دوای من هاتبوو، دوو ساڵ لە من پچوکتربوو. ئەو ڕۆژەی مامۆستا (عارف)ی ئامۆزای دایکم داوایکرد، شووی پێ بکا، دایکم لێی پرسیم: تۆ دەڵێی چی؟ منیش گوتم: خزمان داوای ئەویان کردووە، با جارێ بزانم، (شەونم) خۆی دەڵێ چی!

بانگم کردە ژورەکەی خۆم و پێم گوت: ئەوە چارەنووس و ژیانی خۆتە، دەڵێی چی و خۆت بڕیاربدە. بەڵام لە شەرمان و لە گەرمان، ئارەقیکردەوە و هیچ وەڵامی نەدامەوە، بەڵکوو هێندەی دیکە سووربووبووەوە. منیش هەر هەمان پرسیارم دووبارەدەکردەوە، ئەویش بێدەنگ سەری داخستبوو، هەر بێ وەڵام بوو. لە تاواندا گوتم: بۆ دواجار لێت دەپرسم، گەر وەڵام نەدەیتەوە، ئەوە نیشانەی ئەوەیە، ڕازیت و حەزدەکەی، شووی پێ بکەی. گەر ناشتەوێ، شووی پێ بکەی، ئەوا وەڵاممبدەرەوە و بڵێ، من جارێ شووناکەم. دڵنیاتدەکەم، گەر قایل نەبی و نەتەوێ، شووبکەی، هیچ هێزێ نییە، بەزۆر بدات بە شوو. بەڵام ئەو هەر سەری دانەواندبوو، تەماشای کاشییەکانی ژوورەکەی دەکرد، لەسەر بێدەنگییەکەی خۆی بەردەوامبوو، ڕووی نەدەهات، سەر هەڵبڕێ و تەماشام بکا، وەک ئەوەی شووکردن و بڕیاردان، تاوانێکی گەورە بێ! منیش گوتم: زۆر باشە، بڕۆ، خوا بە دڵی خۆتت لەگەڵ بکا.

ئیدی هەر ئەوە بوو، ڕۆژی (13. 8. 1974)، خێزانیان پێکەوەنا و هەموو شتێ بە خۆشی کۆتایهات. بەڵام ئەو کاتە، ساڵی (1974 – 1975)، من لە هێزی (خەبات) پێشمەرگە بووم، ئاگام لە هیچ شتێ نەبوو. کاتێ شۆڕش هەرەسیهێنا و کۆتایی بە هەموو شتێ هات، گەڕامەوە، (شەونم) گوێزرابووە و لە ماڵی خۆی بوو. 

خاتوو (شەوە) سێ کوڕ (هەردی  1976، هەرێم  1984 و هێڤار 1990)، یەک کچ (خۆشی 1980)ی هەبوو. هێشتا تەندرووستی باشبوو، هەر چواریان بە ئاگاداری خۆی، خێزانیان پێکەوەنابوو، (شەوە) خان بووبوو بە نەنە!

ماڵاوا ئەی پەریزادە نەشمیلەکەی بنەماڵەکەمان

هەڵبەتە ئەوە یاسای ژیانە، ئەو کەسەی لەدایکبوو، بایەکی سەر زەمینی هەڵمژی، هەر دەبێ، ڕۆژێ لە ڕۆژان، ماڵاوایی لە ژیان بکا. ئاخر خەڵک بە گشتی، تا لە ژیان دان و هێشتا بەساڵدا نەچوون، بیر لە مردن ناکەنەوە، چونکە مردن هێندە ترسناک نییە و هیچ چارەسەرێکیشی نییە. ژیان و مردنیش، بەدەس کەس نییە، بەڵام ڕۆژ و ساڵەکانی، ژیانی هەموو مرۆڤێکش دیاریکراوە! لەگەڵ ئەوەشدا، ترسناکترین شت لە ژیانی مرۆڤدا ئەوەیە بزانێ، کەی دەمرێ، ئیدی ژیانی لێ تاڵدەبێ، هیچ هیوا و ئامانجێکی لە ژیاندا نامێنێ، هەموو خۆشییەکی ژیانی لێ دەبێزرێ، تەنیا هەر چاوەڕێی سات و کاتی گیانکێشانەکەی دەکا!

(شەوە) گیان، تووشی نەخۆشی پارکینسۆن و دیمێنس بووبوو. بیری نانخواردنی نەمابوو، بەڵکوو هەر بە شووشە هەموو خۆراکێکیان دەدایە. ماوەی (6) ساڵ، بە ئەو دەردەوە تلایەوە، تا لە ئەنجامدا، قولاپی مەرگ لە جەستە و گیانی گیربوو، هێزی لێ بڕی، دەنگی کپکرد، لە جوڵەی خست و ڕۆژی (5. 11. 2024) کاژێری (58: 3)ی بەرەبەیان، گیانی پاکی بە یەزدانی مەزن سپارد و هەر لە گۆڕستانی شاری (هانۆڤەر)یش، بە خاک سپێررا.

لە کۆتایشدا هەر هێندە دەڵێم: ئەی (شەوەسوور)ی گوڵ و دڵ، ئیدی ماوەی نەخۆشیی و ناخۆشییەکەت کۆتاییهات و بەسەرچوو، دوور لە ئەو ماوە درێژەی، ژان و ئازاری نەخۆشی، کەوتن و بێ هۆشی، تێرتێر بنو، پشوویەکی پڕ ئارام بدە، نێو گۆڕەکەت پڕ لە ڕووناکیی و هێمنی بێ، گیانی شەکەت و ماندووشت بحەوێتەوە، ڕەوانت شادبێ و جێت بەهەشتی بەرین بێ، خەمی کەس مەخۆ و بێ باکبە، ئێمەش هەموو ڕێبواری ئەو رێیەن، بەتەنیا بەجێت ناهێڵین و دێین بۆ لات ...

 

* تاو: هەتاو.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×