کورد و دەسەڵات ... مێژوویەکی قێزەون - بەشی دووەم

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2020-07-04     1135

ئەزموونێکی نوێی سەرکردەی پارتەکانی باشووری کوردستان

لە ئەم قۆناغە نوێیەی بزووتنەوەی کوردایەتیدا، ناکۆکیی و دووبەرەکیی، لە نێوان ئەندامانی سەرکردایەتی نێوخۆی یەک پارتدا (پارتی دێمۆکراتی کوردستان) سەریهەڵداوە. هۆکەشی بۆ چەن دید و بۆچوونێکی جیاوازی ئایدۆلۆژیی، بەڕێوەبردنی پارت و شۆڕشەکە دەگەڕێتەوە.

لە ئەنجامدا ئەو جیاوازییە، پارتەکەی دوولەتکردووە و دوو باڵی جیاوازی لێکەوتووەتەوە. هەرچەندە هەردوولایان، ناو و ناتۆرەی ناشیرین و ناشیاویان لە یەکدی دەنا، بەڵام لەنێو کۆمەڵانی خەڵکدا، باڵی یەکەمیان بە (مەلایی) و باڵی دووەمیشیان، بە (جەلالیی) ناودەبران و هەر بە ئەو ناوانەشەوە، لە لاپەڕەکانی مێژووی هاوچەرخی کورددا تۆمارکراون!  
ئەو ناکۆکییانەی لە نێوان ئەم دوو باڵەدا ڕوویانداوە، وردەوردە پەرەیسەندووە، تا کار بە ئەوە گەیشتووە، پەلاماری یەکدیان داوە و جەنگێکی پۆخڵی درێژخایەن، لە نێوان هێزە چەکدارەکانی سەر بە سەرکردەکانی هەردوو باڵەکەی (جەلالیی) و (مەلایی)، زۆر بە گەرمیی هەڵگیرساوە و خراپیش دەسیپێکردووە، بە شێوەیە لە شێوەکانیش، تا ئەوڕۆ هەر بەردەوامە! جگە لە ئەوەی، پڕیشکی ئاگری جەنگەکەی نیوانیان، بۆ بەشەکانی دیکەی (کوردستان)یش تەنیوەتەوە. جەنگە خوێناوییەکەی نێوانیشیان، لە سێ سەردەمی جیاوازدا ڕوویداوە:   
ساڵی (1964-1970).
ساڵی (1976-1986).
ساڵی (1994-1998).

شۆڕشی (11ی سێپتێمبەری 1961)
هێشتا هەمووی (2 - 3) ساڵ، بەسەر بەرپاکردنی شۆڕشی (11. 9 .1961)دا تێپەڕبووبوو، لەناکاو، دەنگی ناکۆکیی و دووبەرەکیی، لە نێوان ڕیزەکانی سەرکردایەتی (پارتی دێمۆکراتی کوردستان) و سەرۆکەکەی (مستەفا بارزانیی)دا، گوێی هەموو کوردپەرەورێکی بەئەمەکی پڕکرد.
ئەوەبوو، ناکۆکیی و دووبەرەکییەکەی نێوانیان، بە تەواویی قووڵبووەوە و تەقییەوە، تا وای لێهات، ساڵی (1964) باڵەکەی (جەلالیی) لە نێوچەی (ماوەت)، کۆنفرانسێکیان گرت و سەرۆکەکەیان لە دەسەڵات دوورخستەوە. ئەویش بە هێزێکی چەکدارەوە پەلاماریدان، دوای چەن پێکدادانێ، بەرەو (ئێران) هەڵاتن.
پاشان (پارتیی) بە سەرکردایەتی (بارزانیی)، لە ساڵی (1966)ەوە ناچاربوو، پاڵ بە پاڵی دەوڵەتی داگیرکەری شایەنشایی (ئێران)ەوە بدا. چەک و تەقەمەنیی لێ وەرگرێ. هێندێ جاریش، شارەزای ئەرتەش و چریکیشی لێ بخوازێ! لاکەی دیکەشیان، کە بە (باڵەکەی م. س.) ناسرابوو، بە سەرکردایەتی (برایم ئەحمەد – جەلال تاڵەبانیی)، هەر لە ئەو ساڵەوە تا ساڵی (1970)، لەگەڵ دەسەڵاتە یەک لە دوا یەکەکانی دەوڵەتی داگیرکەری (عێراق) ڕێککەوتن و هەوڵیاندەدا، شانبەشانی سوپای (عێراق)، هێزی پێشمەرگەی (کوردستان) لەنیوبەرن. ئیدی بە ئەو شێوەیە، بە تەواویی ماڵیان لە یەکدی جیاکردەوە، سەنگەریان لە یەکدی گرت، دوژمنی سەرەکیی و بیانییان بیرچووەوە، هەر لایەکیان ئەوەی دیکەیانی، بە دوژمنی سەرەکی خۆی دەزانی، جەنگەکەی نێوانیشیان تا دەهات، ڕۆژبەڕۆژ گەرمتردەبوو، هەموو گوند و شارێکی باشووری (کوردستان)شی گرتەوە.
لە ئەنجامدا ئەوەبوو، ساڵی (1970) سەرکردایەتی شۆڕش، لەگەڵ دەسەڵاتدارانی (بەعس) ڕێککەوتن، باڵەکەی (جەلالیی) وەک هێزێکی نافەرمیی، چەکیان دانا. پاشان بە دەسپێشخەری (بارزانیی)، هەردوو باڵەکە یەکیانگرتەوە و ساڵی (1975)یش، کاتێ (بەعس) داواکارییەکانی سەرکردایەتی شۆرشی ڕەتکردەوە، دژی هیزەکانی دەوڵەت، دەسیان بە شەڕکردەوە. بەڵام شۆڕشەکە، ڕۆژی (6. 3. 1975)، لە ئەنجامی پیلانێکی نێودەوڵەتیدا، تێکشکا و بە هەرەس کۆتاییهات!

شۆڕشی نوێی ساڵی (1976)
هەر دوای ئەوەی، شۆڕشی (1961) تێکشکا و کۆتاییهات، هێندەی پێ نەچوو، گڕی بڵێسەی ئاگری شۆڕشێکی نوێی دیکەی بەڕەنگاربوونەوە، لە چیا بەرزە سەرکەشەکانی باشووری (کوردستان)ەوە کڵپەیسەند و شەوی تاریکونووتەکی ژێردەسیی، خاکی نیشتمانی ڕووناکردەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا هێندەی نەبرد، وەک دەردە کوشندە کۆنەکەی کورد، ڕەگی گوولیی ناکۆکیی و دووبەرەکیی، لە گیانی سەرکردایەتی هەموو پارتەکانی باشووری (کوردستان)دا جوڵایەوە. بەڵام ئەم جارەیان، جگە لە ئەوەی، (10) ساڵی ڕێک، جەنگی خۆبەخۆی براکان، لە نێوان هەموو لایەنەکاندا و لە ئەو چیاوچۆڵە بەردەوامبوو، گرنگترین پێکدادان و پەلاماردانی خوێناویی نێوان (یەکێتیی) و (پارتیی)ش، ڕەشەکوژییەکەی ساڵی (1977)ی نێوچەی (هەکاریی) بوو، چونکە هێزێکی زۆری پێشمەرگەکانی (یەکێتیی) لەنێوچوون. لە ئەنجامیشدا کار بە ئەوە شکایەوە، لێپرسراوانی (ئێران)، هەموو پارتەکانی باشووریان کۆکردەوە، ساڵی (1986) لە بەرەیەکی (کوردستان)یدا یەکیانگرت و جەنگەکەش وەستا!      
سەیر ئەوەیە هەر لایەکیشیان بە جیا، وابەستەی دەوڵەتێکی داگیرکەری نیشتمانەکەمان بوون و جەنگەکەش، بۆ بەشەکانی دیکەی (کوردستان)یش تەنییەوە. جا با بزانین، تا چەن کەڵکیان لە ئەزموونە قیزەونەکانی میرنشینی (بابان) وەرگرتووە و دووبارەیان نەکردووەتەوە؟!!
- لە ساڵی (1979) بە دواوە، هێزەکانی (پارتیی) بە ئاشکرا، پێش سوپای پاسدارانی (کۆماری ئیسلامیی ئێران) دەکەوتن و پەلاماری پێشمەرگەکانی (حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران)یان دەدا.
- لە ساڵی (1992)دا، هەردوو سەرکردایەتی (پارتیی) و (یەکێتیی) بڕیاریاندا، لە گریلاکانی (P.K.K.) بدەن. لەبەرئەوە بڕیاری ژمارە یەکیان بە پەرلەمانی (کوردستان) دەرکرد و خوێنی کوردی باکووریان حەلالکرد. * ئەوەبوو، هێزی پێشمەرگەی هەردوو پارت، شانبەشانی سوپای توورک، پەلاماری هێزی گریلاکانی (P.K.K.)یان دا، زیانێکی زۆریان بە کورد و قازانجێکی زۆریشیان، بە دوژمنی داگیرکەری توورک گەیاند! (1)
- دوای ئەو مێژووە ڕەشەی، ئەو دوو پارتە و پەرلەمان، بۆ خۆیانیان تۆمارکرد، سەرکردایەتی (پارتیی)، جارێکی دیکە بە هاوکاریی هێزەکانی سوپای تووک، ڕۆژی (14. 5. 1997)، پەلاماری هێزەکانی (P.K.K.)یان دایەوە.

قۆناغی فەرمانڕەوایی هەرێم و چەنگی نیوخۆی ساڵی (1994-1998)
ڕۆژی (1. 5. 1994)، جەنگێکی نێوخۆی پۆخڵ، لە نێوان هێزەکانی هەردوو پارتی فەرمانڕەوای هاوپەیمان (پارتیی) و (یەکێتیی)، لەسەر پارە و دەسەڵاتی ڕامیاریی، بە خراپترین شێوە گەرمبوو. کار بە ئەوە شکایەوە، سەرکردایەتی (پارتیی)، پەنای بۆ دڕندەیەکی فاشیی وەک (سەددام حوسێن) و سوپا داگیرکەرەکەی برد. بۆیە ڕۆژی (31. 8 .1996)، لە ماوەیەکی کەمدا، هێزەکانی گاردی کۆماریی، بە پشتیووانیی تانک و تۆپێکی زۆرەوە، پەلاماری هێزەکانی (یەکێتیی)یان دا و لە شاری (هەولێر) دەریانپەڕاندن. پاشان هیزەکانی (پارتیی) توانیان، هەموو شار و شارۆچکەکانی دیکەی هەرێم داگیرکەن و هێزەکانی (یەکێتیی)ش، تا نزیک سنوورەکانی (ئێران) نەوەستانەوە!
بەڵام ئەم سەرکەوتنەی (پارتیی) و تێکشکاندنەی (یەکێتیی) زۆری نەخایاند، هێزەکانی (یەکێتیی)، بە هاوکاریی (ئێران)، دەسیان بە هێرشکردن کردووە،  هیرشێکی بەربڵاویان لە هەموو نێوچەکان دەسپێکردەوە و توانیان، هێزەکانی (پارتیی) بشکێنن و تا سنووری (دەرگەڵە) دویانکەون. ئینجا دەسەڵاتدارانی هەردوو دەوڵەتی داگیرکەری (توورکیا) و (ئێران)، بە ڕەزامەندی (ئەمێریکا)، لە ئەو سنوورەی نێوانیاندا، جەنگەکەیان پێ ڕاگرتن و ئیدی لە ئەو ڕۆژەوە، دەسەڵاتی هەرێمی باشووری (کوردستان)، بەسەر دوو نێوچەی سەوز و زەرددا دابەشبوو، تا ساڵی (1998)، شالیاری دەرەوەی (ئەمێریکا)، هەردوو سەرکردەی (پارتیی – مەسعوود بارزانیی) و (یەکێتیی – جەلال تالەبانیی)، بۆ (وشنگتۆن) بانگکرد و ئاشتیکردنەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، هەرچەندە جەنگەکە لە نێوانیاندا وەستا، بەڵام هەر ناکۆکبوون، تا ساڵی (2006)، بە دەسپێشخەریی (جەلال تالەبانیی)، هەردوو دەسەڵاتەکە یەکیانگرتەوە. بەڵام بە شێوەیە لە شێوەکان، جەنگی نیوخۆ و ناپاکیی نەتەوەیی، لە نێوچەی سەوزدا هەر بەردەوامبوو. بۆ نموونە: 
- مانگی یونی (1996)، بە ئاگاداریی هێزەکانی (یەکێتیی)، هێزێکی زۆری پاسدارانی (ئێران)، لە نزیک شارۆچکەی (کۆیە)، بارەگەکانی (حیزبی دێمۆکراتی کورستانی ئێران)یان تۆپبارانکرد. 
- ڕۆژی (16. 10. 2017)، گرووپێکی نێو (یەکێتیی)، بە هاوکاریی سوپای پاسدارانی (ئێران) و (حەشدی شەعبی)، شاری (کەرکووک)یان، ڕادەسی دەوڵەتی داگیرکەری (عێراق) کردەوە و لە ئەنجامیشدا، نێوچەکانی دیکەشیان داگیرکردەوە و لە (%51)ی ڕووبەری باشوور، جارێکی دیکە داگیرکرایەوە. ئیدی لە ئەو ڕۆژەوە تا ئێستە، هیچ پارتێکی باشووری (کوردستان)، دەسەڵاتی لە (کەرکووک) و نێوچە بەعەرەبکراوە داگیرکراوەکانی دیکەی باشووردا نەماوە. پێوەندیی نێوان هەردوو پارتی دەسەڵاتداریش تێکچووە.

تێبینیی:
1. کاتی خۆی سەبارەت بە ئەو بڕیارەی پەرلەمانی (کوردستان)، وتاری (بڕیارێکی خوێناویی)م نووسی و بڵاومکردەوە. 
2. بەشی هەرە زۆری ئەم وتارە، (18) ساڵ لەمەوبەر نووسراوە، یەکەمین جار لە سایدی (کوردستانپۆست)دا بڵاوکراوەتەوە. دووەمین جاریش، لە بەرهەمی (دۆزەخی ژێردەسیی) لاپەرە (8-17) بە ناونیشانی (ناکۆکیی، دووبەرەکیی و ناپاکیی)، ساڵی (2006) بڵاومکردووەتەوە.  

سەرچاوە:
دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز، دۆزەخی ژێردەسیی، چاپی 1، چاپخانەی سیما، سولەیمانی، 2006، ل 189.
محمد امین زکی بەگ، مێژووی کورد و کوردستان ...









وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×