بەڵگەیەکی نوێ بۆ (شەریف عەلی)

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2023-08-21     586

هاوڕێیانی بەڕێز

سڵاو ...

ئەمەش بەڵگەیەکی دیکەی نوێیە، ئەوڕۆ لەنێو ئەرشیفەکەی خۆمدا دۆزیمەوە. ڕۆژی (2021. 6. 25)، دەقی وتارەکەی (شه‌ریف عەلی)م، بە ناوی خۆیەوە، لە فەیسبووکدا بڵاوکردووەتەوە. جا با بزانین، ئێستەش هەر سوورە لەسەر ئەو هەموو تۆمەتانە؟!

 

کورد و بەڵگەنامەیەکی گرنگی حاشاهەڵنەگر

پێشەکی

ئەمە دەقی ئەو بەڵگەنامەیەیە، بەڕێز (شه‌ریف عەلی) خوێندکاری دوکتۆرا لە (بریتانیا)، لە وتاری (نێچیرەڤان بارزانیی‌ و به‌ریتانیا)دا، ڕۆژی (9. 6. 2021)، لە ماڵپەڕی (ئاوێنە)دا بڵاویکردووەتەوە. وەک نووسەریش لە پێشەکی وتارەکەیدا نووسیوێتی: (پوخته‌ی دیدی دبلۆماتكاره‌ بریتانییه‌كان له‌ به‌رایی سێ به‌ڵگه‌نامه‌دا، تا ساڵی 1982 ئاوایه‌ به‌رانبه‌ر به‌ كورد ...)

منیش بە پێویستم زانی، دەقی بەڵگەنامەکە بەجیا بڵاوکەمەوە و هیچ جۆرە کۆمێنتێکیشی لەسەر نەنووسم، چونکە بەڵگەنامەکە، خۆی هاواردەکا! بەڵام دەسکاری ڕێنووسەکەیم کردووە، نیشانەکانی خاڵبەندیم بۆ زیادکردووە و وشە عەرەبییەکانیشم کردووە بە کوردی.

دەقی بەڵگەنامەکە

(كورده‌كان حه‌وسه‌ڵه‌ و وزه‌یه‌كی سه‌یریان، له‌ دژایه‌تیكردنی یه‌كتردا هه‌یه‌، به ‌جۆرێكه،‌‌ هه‌رگیز له‌ شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ یه‌كتر ماندوونابن. كورد گه‌لێكن، هیچ تایبه‌تمه‌ندییه‌كیان، له‌ نه‌ته‌وه‌كانی تری خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ناچێت. كورده‌كان مه‌ته‌ڵێكی واقیعین: هه‌میشه‌ له‌ناوخۆیاندا شه‌ڕیانه‌ و هه‌رگیزیش له‌ناوناچن.

له‌ ڕوی ڕامیارییه‌وه‌، سه‌ركرده‌كانی كورد به‌ئاسانیی، ده‌رفه‌ت له‌ده‌ستده‌ده‌ن. به‌ڵام پاش چه‌ندین ساڵ، كه‌ خۆیان ده‌رفه‌ته‌كه‌یان له‌ده‌ستداوه‌. ئینجا گلله‌یی له‌ ده‌وڵه‌تی خاوه‌نشكۆی شانشینی به‌ریتانیا ده‌كه‌ن، كه‌ بۆچی ده‌رفه‌ته‌كه‌یان له‌ده‌ستداوه‌. سه‌ركرده‌كانی كورد به‌رپرسیارێتی له‌ده‌ستدانی ده‌رفه‌ت و هه‌له‌ مێژووییه‌كانیان، ناخه‌نه‌ ئه‌ستۆی خۆیان و هه‌وڵده‌ده‌ن، بیخه‌نه‌ ئه‌ستۆی لایه‌نی تر. ئه‌وان كه‌ ده‌رفه‌ت له‌ده‌ستده‌ده‌ن، دره‌نگ به‌ئاگادێنه‌وه. كاتێك به‌ئاگادێنه‌وه،‌‌‌ ده‌مێكه‌ ده‌رفه‌ته‌كه‌یان له‌كیسچووه‌.

كورده‌كان ته‌نیا نه‌ته‌وه‌ی زۆر كۆنی ئه‌م سه‌ر زه‌وییه‌ن، كه‌ مابنه‌وه‌ و به‌ مافه‌كانیان نەگەیشتبن. له‌ناوخۆیاندا بۆ گیانی یه‌كتر زۆر توندوتیژن. كورده‌كان گه‌لێكن له‌ قۆناغی مه‌ڕله‌وه‌ڕاندن تێپه‌ڕیوون و له‌ سه‌ره‌تای قۆناغی شارنشین دان.

یه‌كێك له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌ سه‌یره‌كانی ئه‌م گه‌له‌ ئه‌وه‌یه‌: ئاماده‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی، كاتێك ئاژه‌ڵی یه‌كێكیان ده‌چێته‌ ناو له‌وه‌ڕگەی ئه‌وی تریانه‌وه‌، چه‌ندین كه‌س له‌ یه‌كتر بكوژن. كه‌چی له‌ هه‌مان كاتدا، هێنده‌ی ئه‌وه‌ بایەخ به‌وه‌ ناده‌ن، كه‌ خاكه‌كه‌یان هه‌مووی بووەته‌ موڵكی نه‌ته‌وه‌كانی دراوسێیان، فەرمانڕەواییانده‌كه‌ن و باجیان لێ ده‌سه‌نن!

بنچینه‌ی یه‌كنه‌گرتوویی كورده‌كان بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌: به‌ شارنشین و خوێنده‌وار و لادێیانه‌وه،‌ هێشتا له‌ شێوەی خێڵ و خێڵەکی تێپه‌ڕنه‌بوون. هه‌موو ئه‌و كوردانه‌ی، كه له‌ لادێكاندا ده‌ژین و ئه‌وانه‌شیان، كه‌ له‌ قۆناغی شارنشین دان، هه‌ردوولایان وه‌ك یه‌ك، هێشتا خۆیان له‌ناو گروپی خێڵ و هۆزدا ده‌بیننه‌وه‌. ئه‌م شێوەی خێڵ و هۆزبوونه‌ش، خۆراك ده‌دات به‌ یه‌كدی خۆریی و وا ده‌كات، یه‌كڕیز و یه‌گكرتوو نه‌بن.)

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×