(بەهادین نووری)، ئەو پیاوەی مەرگ لێی دەسڵەمییەوە!

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2021-01-09     936

ڕەچەڵەک و ژیانی تایبەتی
(شێخ بابەعەلی شێخ عەبدوڵڵای قەرەداخی)، ساڵی (1855). لە گوندی (تەکیە) لەدایکبووە. بەڵام لەسەر داوای بابانییەکان، لە سەرەتای سەدەی (20)دا، گوندەکەی بەجێهێشتووە و لە گەڕەکی (گۆیژە)ی شاری (سولەیمانیی) جێگیربووە. ساڵی (1940) کۆچیدواییکردووە و لە گردی (سەیوان) نێژراوە. لە دوای خۆشی، دوو کوڕ (ئەحمەد و نووری)، یەک کچ (رەعنا)ی بەجێهێشتووە. 
(شێخ بابەعەلی)، لە بواری ئاییندا، زۆر شارەزابووە و یەکێ لە پیاوە گەورەکانی ئایینیی، شاری (سولەیمانیی) و (کوردستان)یش بووە. مزگەوتی خۆی هەبووە و ئیمامەتی کردووە، ئێستەش مزگەوتەکە، هەر بە ناوی خۆیەوە ماوە. چەندین فەقێی هەبووە و چەن مەلایەکیشی پێگەیاندووە.
(شێخ نووری شێخ بابەعەلی). ساڵی (1893). لە گەڕەکی (گۆیژە)ی شاری (سولەیمانیی) لەدایکبووە. لای باوکی بابەتە ئاێینییەکانی خوێندووە و مۆڵەتی وانەوتنەوەی وەرگرتووە. پاشان بۆ گوندی (تەکیە) گەڕاوەتەوە. دوو ژنی هێناوە. لە هەردوو هاوسەرەکەی، شەش کوڕ (کەمال، بەهادین، عەلادین، نەجمەدین، قادر و جەماڵ)، پێنچ کچیش (فاتمە، عەتێ، عیسمەت، توبا و حەپسە)یان بووە. دوو ماڵیشیان هەبووە، یەکێکیان لە (سولەیمانیی) و ئەوی دیکەشیان لە (تەکیە) بووە. بەڵام کاتێ باوکی مردووە، جارێکی دیکە ساڵی (1941)، بۆ (سولەیمانیی) گەڕاوەتەوە و لە مزگەوتەکەی خۆیان، جێی باوکی گرتووەتەوە. تەنانەت کاتێ (مەلامستەفای بارزانیی)، بۆ شاری (سولەیمانیی) دوورخراوەتەوە، چەندین وانەی ئایینیی پێ گوتووە. ساڵی (1956) مردووە و لە گردی (سەیوان) نێژراوە.
(بەهادین نووری بابەعەلی عەبدوڵڵا قەرەداخی)، ڕۆژی (1. 2. 1927)، لە گوندی (تەکیە)ی سەر بە شارۆکەی (قەرەداخ) لەدایکبووە. لە بنەماڵەیەکی ئایینیی ناسراوبووە. بنەماڵەکەیان هەژاربوون. خەریکی کاری جوتیاریی بوون، تووتنیان چاندووە، ڕەزی ترێیان هەبووە و مەڕوماڵاتیشیان بەخێوکردووە. ژیانی مناڵیی و هەرزەکاریی، هەر لە ئەو گوندە و دەربەندەکانی نێوان چیاکان بەسەربردووە. تەنانەت بە گەورەییش، چێژێکی زۆری، لە ئەو نێوچانە بینیوە. لە حوجرەی مناڵانی گوندەکەی خۆیان خوێندوویەتی، لای مەلای گوندەکەیان، قورعان و هێندێ بابەتی ئایینیی دیکەی تەواوکردووە و فێری خوێندەواریی بووە. کاتێ لە تەمەنی (14) ساڵاندا، بە ماڵەوە هاتوونەتەوە شار، پۆلی سێی ناوەندیی لە قوتابخانەی زانستیی تەواوکردوووە. پاشان لەبەر کاری ڕامیاریی، وازی لە خوێندن هێناوە.


هاوسەرگیریی و پێکەوەنانی خێزان
(بەهادین نووری)، لە ژیانی خۆیدا، سێ جار ژنیهێناوە. یەکەمین هاوسەری، جوویەکی خەڵکی (بەغدا) و ناوی (مادلین) بووە. کوڕێ (سەلام)، دوو کچ (حەیات) و (پەری) لێ بووە، ئێستە هەموویان لە (سوید) دەژین.
دووەمین هاوسەری، عەرەبێکی خەڵکی (بەسرە) و ناوی (عایدە یاسین) بوو. یەکێ لە کادێرە پێشکەوتووەکانی پارتی (کۆمۆنیست)یش بوو، (بەعس) گرتی و لەسێدارەیدا، تەنیا کوڕیکی (عەلی) هەبووە و ئێستە لە (ئێرلەندە) دەژی.
سێیەمین هاوسەری ژیانیشی، ناوی (ڕێزە حوسێن قارەمان)ە، خەڵکی شارۆکەی (قەرەداخ) و گوندی (مەسۆ)یە، ساڵی (1995) گواستوویەتییەوە. دوو مناڵیان بووە: کچێ (ژوان 1997) ئەندازیارە و کوڕێ (کەمان 1999) خوێندکاری زانکۆیە، ئێستە لە شاری (سولەیمانیی) دەژین. واتە لە هەر سێ هاوسەرەکەی، (3) کوڕ و (3) کچی لەپاشبەجێماوە.


کاری پارتایەتیی و ڕامیاریی
شتێکی سەیرە، لەنێو گەلێکی موسوڵمانی وەک کورددا، هێندێ کۆڕەمەلا هەڵکەوتوون و هەواداری (پارتی کۆمۆنیستی عێراق) بوون، یا هەر کۆمۆنیستبوون و کاریشیان تێدا کردووە! بۆ نموونە: (مەلائەحمەدی مەلاقادری سۆفی بانیخێلانیی و براکەی مەلائەسعەدی مەلاقادری سۆفی، مەلاحەسەنی گردەزبێریی، مەلاعەزیزی جوانڕۆ، مەلا شێخ موحەممەدی مەلافەتاح، کوڕەکانی مەلائەحمەدی مەلا رەسووڵ، دوکتۆر عیززەدین مستەفا رەسووڵ، حەمەی مەلاکەریم ...) هەڵبەتە (بەهادین نووری)ش، با کوڕی شێخیش بووبێ و خاوەن مزگەوتی خۆشیان بووبن، ئەویش هەر وەک ئەوان بیریکردووەتەوە و بە باشی زانیوە، پێوەندیی بە ئەو پارتەوە بکا. دیارە هەژاریی و چەوساندنەوەی چینایەتی، پاڵی پێوەناون، ئەو بیر و ڕێبازە هەڵبژێرن. چونکە کۆمەڵانی خەڵکی ستەمدیدە و بێدەرەتان بە گشتیی، دەسیان کورت و نەدارا بوون. بیری سۆسیالیستیی و کۆمۆنیستیش، لە نێوان توێژ و چینە هەژارەکاندا، بانگەشەی یەکسانیی و دادی کۆمەڵایەتی کردووە، بۆیە پەنایان بۆ ئەو بیر و پارتە بردووە، تا ڕەوشی ژیانی ڕۆژانەیان بگۆرێ و بەرەو باشتر بڕوا!
وەک چەن جارێ لە خۆیم بیستووە و لە دووتوێی نووسینەکانیشیدا، ئاماژەیپێکردووە، ساڵی (1946) واتە لە تەمەنی (19) ساڵیدا، پێوەندیی بە ڕیزەکانی (پارتی کۆمۆنیست)ەوە کردووە. بەڵام سەرەتا لە (پارتی تەحەڕوڕی وەتەنی)دا، کاریکردووە، چونکە پارتی (کۆمۆنیست)، مۆڵەتی فەرمیی کارکردنی ئاشکرای نەبووە، ئەو پارتەش ڕووە ئاشکراکەی پارتی (کۆمۆنیست) بووە!


بەغدا
بەڵام کاتێ (فەهد) و هاوڕێکانی گیراون و لە مانگی (2)ی ساڵی (1949)دا، لەسێدارەدراون، جگە لە (بەهادین نووری)، کەسێکی دیکەی وا نەبووە، ئەو شوێنە هەستیار و گرنگە پڕکاتەوە. بۆیە لە تەمەنی (22) ساڵیدا، وەک کادێرێکی چالاکی پارتەکەی، ڕووی لە (بەغدا) کردووە، ئەرکی کۆکردنەوەی ئەندامان و یەکێتیی ڕیزەکانی پارتەکەیان پێ سپاردووە. لەبەرئەوە ساڵی (1949-1953)، سکرتێری بێڕکەبەری پارتی (کۆمۆنیست) بووە!
لە ڕاستیدا، دەسی ڕۆژگار و باری شێواوی پارتەکەی سەپاندوویەتی، نەک لە کۆنگرەیەکی فەرمیی پارتەکەیدا، بە سکرتێر هەڵبژێررابێ، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ، کوڕی ڕۆژی تەنگانە بووە و لەپێناوی پاراستنی پارتەکەیدا، تا چەن قوربانیی بە هەموو شتێ داوە. لەبەرئەوەی لە ئەو ڕۆژە ڕەشە پڕ مەترسییەدا، تەنیا کەسێ هەبووبێ، پیاوی ئەو کارە گرنگە بووبێ و ئەو جێیە پڕکاتەوە، هەر ئەو بووە، چونکە لاوێکی ئازا و چالاک، دڵسۆز و بە ئەمەک بووە، لەپێناوی زیندووکردنەوە و سەرکەوتنی پارتەکەیدا، سڵی لە مەرگ نەکردووەتەوە! 
ئیدی وردەوردە، دەسی بەکار کردووە و زۆر بە کوڵودڵ تێکۆشاوە، زیرەک و بە توانا بووە، لە ماوەی کەمتر لە ساڵێ، فێری زمانی ئاخافتنی عەرەبیش بووە. ڕیکخستنێکی پتەو و بەهیزی دامەزراندووەتەوە. زۆربەی ئەندامەکانیشی، لە دەوری پارتەکەی کۆکردووەتەوە و بڕوایەکی تەواویشیان پێی هەبووە. ناوی نهێنیی (باسم) بووە، بەڵام پتر هەر بە هاوڕێ (بەها) یا (ئەبوسەلام) ناسراوە. لە ئەو ماوەیەشدا، چەرمەسەریی و دەردیسەرییەکی زۆری دیوە، بەڵام ورەی بەرزبووە، نەڕوخاوە و هەر بەردەوامبووە، تا ساڵی (1953)، هێزەکانی دەزگەی سیخوڕیی (عێراق) دەسگیریانکردووە، دادگە بڕیای خنکاندنیان داوە، بەڵام لەبەر گوشاری نێوخۆ و دەروەی وڵاتدا، ئەو بڕیارە سەری نەگرتووە و بە زیندانییکردنی تاهەتایی شکاوەتەوە. ئەوەبوو، دوای کۆدەتا سەربازییەکەی (عەبدولکەریم قاسم) و هاوڕێکانی، ڕۆژی (14. 7. 1958) ئازادکراوە و بۆ (کوردستان) گەڕاوەتەوە. 


هەڵوێست و خەسڵەت
(بەهادین نووری)، یەکێ لە ڕامیار و گیانبازەکانی کورد بوو. پیاوێکی هێمن، لەسەرخۆ، قسەلەڕوو، ئازا، ڕاسگۆ و زمانپاراو بوو. کوردێکی ڕووناکبیری شۆڕشگێری خەباتگێڕی کۆڵنەدەر بوو. تا لە ژیاندابوو، سەری بۆ هیچ زۆردار و دەسەڵاتدارێکی بیانیی و کورد، نەوی نەکردووە. شارەزاییەکی باشی، لە ڕێکخستنی پارتایەتیی و جەنگی پارتیزانیدا هەبوو. گەلێ هەڵوێستی بەرز و نەمری تۆمارکردووە. گرنگترینیشیان ئەمانەن:

1. کاتێ دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی (عێراق) و ئینگلیز، دژایەتی (پارتی کۆمۆنیستی عێراق)یان کردووە، پارتەکەی تووشی گرفتیكی گەورە بووە، ئەندامەکانی ڕووبەڕووی پەلاماردان و گرتن، کوشتن و بڕێن بوونەتەوە، لە ئەنجامدا، سەرکردایەتی پارتەکەیان دەسگیرکردووە و لەسێدارەیانداون. (بەهادین نووری) نەک هەر نەڕوخاوە و کۆڵی نەداوە، بەڵکوو وەک ئەندامێکی دڵسۆزی پارتەکەی، وازی لە هەموو شتێ هێناوە، قٶڵی خەباتی لێ هەڵماڵیوە و بە ورەیەکی بەرزەوە، خۆێ بۆ ڕزگارکردنی پارتەکەی و نوێکردنەوەی رێکخستنەکەی تەرخانکردووە. ساڵی (1949)، وەک سکرتێری (پارتی کۆمۆنیست) دەسبەکاربووە و ئەوەی لە توانایدا بووە، کردوویەتی و درێغی نەکردووە.   

2. ڕۆڵێکی گەورەی، لە بەڕێوەبردنی خۆپیشاندانەکانی (بەغدا)ی ڕاپەڕینەکەی ڕۆژی (23. 11. 1952)دا بینیوە. بە پاسکیل گەڕاوە و خەڵکی کۆکردووەتەوە. (بەغدا)ی بە چالاکیی و خۆپیشاندانەکانی کۆمۆنیستەکان و گەل شڵەژاندووە، بۆیە لێپرسراوان و دەسەڵاتدارانی (عێراق) و ئینگلیز، لێی ترساون، زۆر بەوردیی چاودێرییانکردووە و وییستوویانە، دەسگیریکەن.

3. ساڵی (1952)، پڕۆژەیەکی نووسیوە، کە بە پڕۆژی (باسم) ناسراوە. هێندێ خاڵی بۆ پڕۆژەکەی (فەهد) ڕاستکردووەتەوە و هێندێکی دیکەشی بۆ زیادکردووە. گرنگترین خاڵەکانی پڕۆژەکەی (فەهد) ئەمانەن:
- نەتەوەی کوردی بە کەمەنەتەوە داناوە.
- یەزیدییەکانی بە کۆمەڵێکی ئیتنی جیاواز ئەژمارکردووە و بە کوردی دانەناوە.
- تەنیا مافی دێمۆکراسیی و ڕۆشنبیریی، بە کورد ڕەوابینیوە و باسی مافی سەربەخۆیی نەکردووە.
بەڵام (بەهادین نووری)، جگە لە ئەوەی، سکرتێربووە، شەو و ڕۆژ کاریکردووە و هەوڵیداوە، پارتەکەی ببوژێنێتەوە و بەهیزبکا، بیری لە ئەوەش کردووەتەوە، دەسکاری بەرنامەکەی (فەهد) بکا و بەرنامەیەکی نوێ، بۆ پارتەکەی دانێ. لەبەرئەوە ئەو بەرنامەیەی ڕەتکردووەتەوە. ساڵی (1952)، بەرنامەیەکی نوێی نووسیوە، لە پڕۆگرامی پارتەکەشیدا چەسپاندوویەتی. ئەم بەرنامەیەش، گۆرانکارییەکی گرنگ و بنەڕەتیی بوو، لە چوار خاڵ پێکهاتووە: 
- دروشمی ڕوخاندنی ڕژێمی پاشایەتی بەرزکردەوە و دامەزراندنی کۆمارێکی میللیی جێگیرکردووە.
- مافی چارەنووسی گەلی کوردی، بە جیابوونەوە لە دەوڵەتی (عێراق) و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ لێکداوەتەوە.
- داوای خۆماڵیکردنی نەوتی کردووە.
- داوایکردووە، زەوی بەسەر جووتیارەکاندا دابەشکرێ.
4. ساڵی (1966)، لێپرسراوی ڕێکخستنەکانی هەرێمی (کوردستان)ی (پارتی کۆمۆنیستی عێراق) بوو. هەر لە ساڵی (1963-1964)یشەوە، بەشداریی لە شۆڕشی (11. 9. 1961)ی گەلەکەماندا کردووە.
5. دوای ئەوەی ساڵی (1972)، سەرکردایەتی پارتی (کۆمۆنیست)، لەگەڵ پارتی (بەعس)دا، بەرەی نیشتمانییان پێکهێناوە، هەڵوێستێکی مەردانەی هەبووە، لەگەڵ ئەو بەرە پووچەڵەدا نەبووە، هەموو بۆچوونەکانیشی ڕاست دەرچوون. چونکە کاتێ (بەعس)، ئیشی پێیان نەماوە، بەرەکەی هەڵوەشاندووەتەوە، دەسی بە گرتن و ڕاونان، کوشتن و بڕینی کۆمۆنیستەکان کردەوە!
6.  ساڵی (1980)، جارێکی دیکە ڕووی لە چیاکانی (کوردستان) کردووە و بەشداریی لە شۆڕشی نوێی گەلەکەماندا کردووە.
7. دژی جەنگی نێوخۆ بوو. لەبەرئەوە ساڵی (1983)، بەشداریی لە جەنگی نێوخۆی نێوان (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان) و (پارتی کۆمۆنیستی عێراق)دا نەکردووە. ساڵی (1984)یش، دژی دید و بۆچوونەکانی سەرکردایەتی پارتی (کۆمۆنیست( بووە و وازیهێناوە.  
8. دوای ئەوەی لە ئەنجامی کیمیاباران و شاڵاوەکانی ئەنفالدا، شۆڕشی کورد تووشی نووشووستییەکی گەورە بووە و سوپای داگیرکەر، دەسی بەسەر زۆربەی نیوچەکانی (کوردستان)دا گرتووە، (بەهادین نووری)یش وەک زۆربەی شۆشڕشگێرەکان، خۆی لەدەس مەرگ دەربازکردووە. بەڵام کاتێ گەل ڕاپەڕیوە و (کورستان)یان لە دەسەڵاتی (بەعس)ی داگیرکەر خاوێنکردووەتەوە، ساڵی (1991)، بە یەکجاریی بۆ نیشتمانەکەی خۆی گەڕاوەتەوە، جارێکی دیکە بە بیر و شیوازێکی نوێوە، دەسی بە خەباتی ڕۆشنبیریی و ڕامیاریی کردووەتەوە. سەرەتا گۆڤاری (دیمۆکراسیی) دەرکردووە، پاشان ساڵی (1994)، پارتێکی نوێی بە ناوی (بزووتنەوەی دێمۆکراسیخوازانی کوردستان)ەوە دامەزراندووە.
من و (بەهادین نووری)
هەر لە زووەوە، ناو و خەباتی (بەهادین نووری)، هەم بە هۆی بنەماڵەکەیەوە، هەم بە هۆی تێکۆشانی ڕامیاریی خۆشییەوە، چاو و گوێی دۆست و دوژمنانی کورد و عەرەبی پڕکردووە، لەنێو کۆمەڵانی خەڵکدا، کەسایەتییەکی ناسراو و ناوێکی دیار بووە. بە تایبەتی لە نێوان ساڵانی (1949-1958)دا، کاتێ سکرتێری گشتیی (پارتی کۆمۆنیستی عێراق) بووە، پاشان گیراوە و بەربووە، هێندەی دیکە، ناو و ناوبانگی. لەنێو کۆمەڵانی خەڵکدا درەوشاوەتەوە. منیش وەک میردمنداڵێکی (8-9) ساڵان، لە دەمی باوکم و مامەکانمەوە، ناویم بیستووە. ئیدی لە ئەو ڕۆژەوە، یەکدیمان ناسیوە، بە شێوەیەکی بەردەوام، یەکدیمان دیوە و دیدارەکان چەن بارە بوونەتەوە. بەڵام لێرەدا و لە ئەم یادەدا، تەنیا هەر باسی (2) دیدار دەکەم. 


یەکەمین دیدار
ڕۆژی (1. 8. 1993)، لە (سوید) گەڕامەوە و بۆ سێیەمین جار، سەردانی (کوردستان)م کردەوە. ماوەیەکی باش مامەوە. لە ئەو ماوەیەشدا، یەکەمین چاپی یەکەمین بەرهەمم (ململانێی ئایدۆلۆجیی لە کوردستاندا) بڵاوکردەوە. وەک دیاریی دەسی خۆشم، بەسەر خوێندەوار و ڕووناکبیرانی شارەکەمدا دابەشمکرد.
(سۆران)ی برام، ماوەیە لای کۆمۆنیستەکان پێشمەرگە بوو. (بەهادین نووری) دەناسی. داوای لێ کردم، پەرتووکێکی پێشکەشکەم. ئەوەبوو، پێکەوە چووین بۆ لای. ئەو کاتە لە تەلاری (تۆفیق قەزاز) لە دوا نهۆم، ژوورێکی هەبوو، وەک ئۆفیسێ، کاری ڕۆژانەی خۆی تێدا دەکرد و گۆڤاری (دیمۆکراسیی)شی دەردەکرد. یەکدیمان ناسی و داوای پێنووسێکم لێ کرد، بۆی بنووسم و پەرتووکەکەی پێشکەشیکەم، قەڵەم جافێکی سووری دامێ. گوتم: ئەوە سوورە. گوتی: ئاخر هەر سوور لە ڕەنگەکانی دیکە باشترە. مەبەستی لە بیرەکەی خۆی بوو! ئەویش بیرەوەرییەکانی خۆی (مذكرات بهاءالدین نوری) پێشکەشکردم، کە بە زمانی عەرەبیی نووسیبووی. زۆر ئازایانە، ڕووداوەکانی تۆمارکردبوو. ئەو کاتەی ناسیم. ئەو لە تەمەنی (66) ساڵیدا بوو، منیش تازە (43) بەهاری تەمەنم پڕکردبووەوە، واتە (23) ساڵ لە من گەورەتربوو. بەڵام هاوڕێیەتیی و دۆستایەتی، تەمەن ناناسێ! ئەو جارە، هەر هێندە بینیم و دوای ماوەیە گەڕامەوە.


دووەمین دیدار
 ئیدی دوای چەن پێکگەیشتنێکی دیکە، بەهۆی ڕووداوەکانی (31. 8. 1996)، ماوەی (3) سال نەگەڕامەوە، لەبەرئەوە پێنجەمین سەردانی (کوردستان)م دواکەوت و ڕۆژی (27. 6. 1999) گەرامەوە و ماوەی (3) مانگ مامەوە.
ئێوارەیەکیان سەرم لێ دا، چونکە ماوەی (3) ساڵ بوو، نەمدیبوو، شت زۆر بوو، باسیبکەین. لە ئەو ماوەیەشدا، کوڕ و کچێکیان بووبوو. لە حەوشە دانیشتبووین، میزی ڕازاندبووە، شەرابێکی زۆر خۆشی درووستکردبوو، تا درەنگانێ دانیشتین و شەوێکی زۆر خۆشمان ڕابوارد.
هەر ئەو شەوە پێی گوتم: حەزدەکەم، پێکەوە گەشتێکی (قەرەداخ) بکەین، سەرێ لە گوندی (تەکیە) و دەربەندەکان بدەین. ئەو ناوە زۆر خۆشە و دڵنیام نەتبینیوە. منیش داواکارییەکەیم زۆر پێخۆشبوو. ئەوەبوو، سەرلەبەیانی ڕۆژێکی پێنجشەممە بەڕێکەوتین، دوای ماوەیە گەیشتنە گوندی (تەکیە). بەڵام ئەو کاتە، لە شارۆکەی (قەرەداخ)ەوە بۆ گوندەکە، ڕێگەکەی زۆر ناخۆشبوو، قیرتاو نەبوو، کەمێ درەنگ گەیشتین.
کاتێ دابەزین و تەماشایەکی هەر چواردەوری گوندەکەم کرد، دەربەند و ڕیزە چیاکانم بینی، ماندووبوونەکەم بیرچوە و حەسامەوە. کەمێ دانیشتین و پشوویەکماندا. پاشان بە ئیشکەرەکانی گوت: کەلوپەل و خۆراک ئامادەکەن، دەچین بۆ دەربەند، لە ئەوێ نانی نیوەڕۆ دەخۆین. دەربەندەکە زۆر نزیکبوو، لە گوندەکەوە دیاربوو. گوتی: بۆئەوەی بەئاسانیی هەڵسوکەوتبکەین، بە بیجامەوە دەچین. ئیدی بە پێ بەڕێکەوتین و دوای چەن خولەکێ، لەسەر لووتکەی بەرزایی دەربەندەکە وەستاین. گوتی: لێرەوە دەچینە خوارەوە. منیش تەماشایەکی قووڵایی ئەو شوێنە بەرزەم کرد، هەزاربەهەزارێ بوو، زۆر ترسام. گوتم: چۆن لێرەوە دەچینە خوارەوە؟! زەردەخەنەیەک گرتی و گوتی: دیواری ئەم شانەی چیاکە، وەک پەیژە وایە، پێدا شۆڕدەبینەوە. منیش گوتم: من ئەوە یەکەمین جارە، شوێنی وا دەبینم و بە هیچ شیوەیە ئامادەنیم، ژیانی خۆم تووشی ئەو مەترسییە گەورەیە بکەم. کەمێ پێکەنی. پاشان یەکێکی بانگکرد و گوتی: بچۆ خوارەوە. هێندەی بڵێی یەک و دوو، بە دیواری شاخەکەدا شۆڕبووە. ئینجا خۆی چوو، لە نێوەراستی پەیژە بەردینەکدا وەستا و گوتی: شتەکانم بدەنێ. پۆلیسێکی لەگەڵ بوو، یەکەیەکە مەنجەڵە چیشت، قۆریی و پیاڵە، سەوزە و میوە، شووتییەکیشی دایە دەسی. کە تەواوبوو، زۆر ئاسایی و بێ سڵەمینەوە دابەزی. سەیرێکی منی کرد و گوتی: خۆ بینیت، چەن ئاسانە؟ مەترسە و فەرموو وەرە. بەڵام من هەرچەندم کرد، نەموێرا و نەچووم. ئیدی بە یەکێکی خەڵکی گوندەکەی گوت: لەڕێی شانەکەی ئەو لاوە بیهێنە. بەڵام یەکەمین دوورە و دووەمینیش، زۆر بەردەڵانی و لێژە، بۆیە دەبێ، زۆر ئاگات لە خۆت بێ.
پاشان لەگەڵ ئەو برادەرە ڕۆیشتین و لە دامێنی چیاکە وەستام، سەیریكی سەرەوەم کرد، زۆر ترسام. چونکە یەکەم: زۆر بەرزبوو. دووەم: کڵاشم لە پیدابوو، دەخلیسکام. سێیەم: هەر قاچم دانا، وردە بەرد و خۆڵ لەژێرپێمدا خلۆربوونەوە. بەڵام هیچ چارێکی دیکەم نەبوو، دەبووایە، هەر بڕۆشتمایە و ئەمەیان لە چوونەخوارەوە بە قەراغ ئەو چیا بەردینەدا باشتربوو. هەرچی چۆنێکیش بوو، بەپێ و بە چنگەکڕێ، بەنیو کاژیر سەرکەوتین و بە تەواویی ماندووبووبووم. کاتێ لەسەر لووتکەی چیاکەوە، تەماشایەکی خوارەوەم کرد، بینیم، زۆر بەرزبوو، لە دڵی خۆمدا گوتم: توا خوا ئەمە گەشت و سەیرانە؟! ئاخر لە ئەو سەرەوە چۆن بگەڕێمەوە؟! ئینجا بە توولەڕێیەکدا شۆڕبوووینەوە، ئەمەش دیسانەوە، هەم پڕ مەترسی بوو، هەم دووریش بوو. کاتێ نزیکووینەوە و گەیشتین، بینیم، جێیان داخستووە، کاک (بەهادین) پاڵی لێداوەتەوە، لە دوورەوە منی بینی، پێکەنی و گوتی: پێم گوتی، ئەمە کوورترین و ئاسانترین ڕێیە، ماندووش نابی، بەڵام نەهاتی.
ئیدی هەرچەند، تەماشای ئەو چەم و دەربەند و ڕیزە شاخەم دەکرد، لە دڵی خۆمدا دەمگوت: ئاخر چی منی لە (سوید)ەوە، بۆ نێو ئەم شوێنە پڕ مەترسییە هێناوە؟! لە لایەکی دیکەشەوە، هەرچەند ورددەبوومەوە و لە دەوروبەری خۆم دەڕوانی، هەر چواردەورمان بە دارودروخت ڕازابووەبووە، لە هەموو لایەکەوە، خوڕەی ئاو دەهات، ئاواز و جوکەوجریوەی مەلەکان، ئەو دەربەندەی پڕکردووە، ئاسمانیش بە ئەو بەرزاییەوە، وەک چەترێکی شین، سەری دەربەندەکەی تەنیووە، دڵ و دەروونم دەگەشایەوە. ئەوەبوو، تا درەنگانێ دانیشتین، بە قسەکردن و نانخواردنەوە خەریکبووین. ڕۆژێکی زۆر خۆشی دەگمەنمان بەسەربرد. ئیدی کاتمان درەنگکرد. پاشان دەمەوئێوارە هەستاین، خۆمان ئامادەکرد، بگەڕێینەوە، لێی پرسیم: ئەم جارە لە کوێوە دەگەڕێیتەوە؟! منیش گوتم: بە خوا گەر بەریشبمەوە و هەلاهەلابم، بە ئەو شوێنەدا ناگەڕێمەوە کە پێیدا هاتم. بەڵکوو لە دوای تۆوە، بە پەیژەبەردینەکەدا سەردەکەوم. گوتی: بڕیارێکی باشە و دوامکەوە.
لە پێشدا خۆی ڕۆی، شتەکانی هەموو سەرخست و پاشان سەرکەوت. ئینجا گوتی: وەرە، بەڵام بۆ دواوە ئاوڕمەدەرەوە و تەماشای خوارەوەش مەکە. پیاوێکیش لە دوامەوە، بە شانەکەدا هەڵگەڕا، تا گەر کەوتم، بمگرێتەوە. شوێن دەس و قاچەکان، کە لە شانی شاخەکەدا هەڵکەندرابوون، هێندە زۆر نەبوون، زۆر درێژیش نەبوو، هەمووی، سێ پلە لە یەکدییەوە دووربوون، بەڵام چەمەکە زۆر قووڵبوو. باشبوو، هەر زوو سەرکەوتم، ئەویش دەسیگرتم و ڕایکێشام. هەرچەندە نەشڵەژام و سەرکەوتم، بەڵام هەناسەیەکی قووڵم هەڵکێشا و لەبەرخۆمەوە گوتم: جارێکی دیکە تۆبە، بە ئەو قەدپاڵەبەردینەی شاخەکەدا سەرکەوم و بچمەخوارەوە!
ئیدی بۆ نێو گوندەکە گەڕاینەوە. خانوویەکی خۆش و خاوێنی درووستکردبوو. گەرماوێکی باشی چکۆلانەشی تێدا بوو. خۆمان شت و کەمێ خەوتین. هەر دەمەوخۆرابوون، جێیان لە سەربان بۆ چاککردبووین. ئێوارە لە سەربان، خوان ڕازابووەوە، بەدەم خواردنەوەوە، لە دەرگەی زۆر باسمان دا. لە کۆتاییشدا گوتی: ئەم ڕێکخستنەی ئێمە (بزووتنەوەی دیمۆکراسیخوازانی کوردستان)، نزیکەی دوو هەزار ئەندامان هەیە. بەڵام پێویستمان بە کادێری خوێندەوار و شارەزا هەیە. حەزدەکەم، کارمان لەگەڵ بکەی، دوای خۆم تۆ یەکەمین بەرپرس دەبی. منیش ئەو پێشنیازەم، زۆر بە لاوە سەیربووو، چونکە چاوەڕێم نەدەکرد، ڕۆژێ لە ڕۆژان، داوایەکی وام لێ بکا. بۆیە گوتم: داوای لێ بووردن دەکەم، بڕوا بفەرموو، لە ئەو ڕۆژەوە (13. 7. 1981)، وازم لە ڕێکخستنەکانی (پاسۆک) هێناوە، هەرگیز بیرم لە ئەوە نەکردووەتەوە، جارێکی دیکە لە ژیانمدا، لە هیچ پارتێکدا کاربکەم.
گوتی: ئاخر من پیربووم و زۆر ماندووم، پێویستم بە ڕووناکبێرێکی وەک تۆ هەیە، یارمەتیمبدا، دوای خۆشم تۆ بەرپرسیاریی بزووتنەوەکە وەرگری.
گوتم: باشە گەر ماندووی، بۆ یەکێکی دیکە لە ئەندامانی ڕیکخستنەکەی خۆتان، هەڵنابژێری و ئەو کارەی پێ بسپیری؟!
گوتی: هەرچەندە سەردێنم و سەردەبەم، یەک کەسی تێدا نییە، شایانی ئەو پۆستە بێ.
گوتم: جا کەواتە وازبێنە و بۆ خۆت دانیشە. ئەو کاتە تەمەنی (72) ساڵ بوو! ئیدی چونکە ماندووبووین، زۆر کفتی ڕێگە و گەڕانەکە بووین، هەر زوو لە سەربانەکە خەوتین. بەڵام بەیانی زوو، دەنگی مەلا و تیشکی خۆر خەبەریانکردینەوە!
بۆ ڕۆژی دوایی، لە ماڵەوە بووین و دیسانەوە، کاتمان بە دەمەتەقێ و قسەکردن بەسەربرد. باسی نێوچەی (قەرەداخ) و بەسەرهاتەکانی شۆڕشی نوێی بۆ کردم، منیش زۆر بە بێدەنگیی گوێم بۆ شلکردبوو، بابەتەکەم زۆر پێ خۆشبوو. ئێوارەش لە گوندی (بەلەکجاڕ) لە ماڵی مامۆستا (جەلال)، بۆ نانخواردن بانگهێشتکرابووین. گوندەکە لە گوندی (تەکییە)وە، زۆر دوورنەبوو، شەوێکی زۆر خۆشمان، لەگەڵ خەڵکی گوندەکە بەسەربرد، کە بۆ لای کاک (بەهادین) هاتبوون. بۆ ڕۆژی دوایی گەڕاینەوە.
دوای ئەوەی بەباشیی، یەکدیمان ناسی، ئیدی وردەوردە، بە تەواویی تێکەڵبووین. لە ئەو ماوەیەی لە (سوید) بووم و بە سەردان دەهاتمەوە، سەری لێ دەدام و چەن شەوێ پێکەوە دادەنیشتین، باسی ڕەوشی ڕامیاریی و نەتەوەیی (کوردستان)مان دەکرد و دەمەتەقێیەکی گەرممان لەسەر دەکرد. وامان لێهات، هەموو نهێنییەکی خۆمانمان بۆ یەکدی باسدەکرد.
هێندێ وتاریشم لە گۆڤارەکەیدا بڵاوکردەوە. تەنانەت دوو پەرتووکیشی بۆ چاپکردمەوە، یەکەمیان ساڵی (1996) و دووەمیشیان ساڵی (1998)، هەردووکیان چاپی یەکەمیانم، لە (سوید) کردبوو.  دوای ئەوەی پێشکەشمکردبوو، خوێندبوویەوە و بە دڵی بوو، پێشنیازیکرد، هەردووکیان لە (کوردستان)یش، لەسەر ئەرکی دەزگەی (دێمۆکراسیی) چاپکەینەوە. منیش زۆرم پێ خۆشبوو. ئەوەبوو، ئەرکی چاپکردنەکەی لە ئەستۆی خۆی گرت. بەرهەمەکانیش ئەمانە بوون؛
- فیدراڵیزم و دەوڵەتی فیدراڵ، 1996.
– گرفتە سەرەکییەکانی کورد، 2000.
ئیدی بە ئەو شێوەیە، هەرچەن لە (سوید) گەڕابمەوە، دیدارەکان دووبارە و چەن بارە بوونەتەوە، یەکدیمان دیوە و پێکەوە دانیشتووین. تا ڕۆژی (28. 3. 2005)، بۆ دواجار و بە یەکجاری، بۆ نیشتمانەکەم گەڕامەوە، لە زانکۆی (سولەیمانیی) دامەزرامەوە. دوای ئەوەش، لە ماوەی ئەم (15) ساڵەی لە (سولەیمانیی) ژیاوم و کارمکردووە، بەگوێرەی پێویست و باری تەندرووستی کاک (بەهادین)،  هەر یەکدیمان دیوە و سەرم لێ داوە، یا بە تێلێفۆن ئاگامان لە یەکدی بووە، تا مەرگ لە یەکی کردین!
کۆتایی
(بەهادین نووری)، لە کۆی (93) ساڵی تەمەنی خۆی، (75) ساڵی بۆ خەباتکردن، دژی زۆرداریی و بەکرێگیراوان تەرخانکردووە، گوڵی گەنجێتی خۆی، لە پێناوی ئازادیی و سەربەخۆیی (عێراق) و (کوردستان)دا هەڵوەراندووە. هەمیشە کەڵ ژیاوە و هەر بە سەربەرزیش سەریناوەتەوە. بڕوای بە بیرۆکە و بڕیارێ نەبووبێ، هەرگیز بە قسەی کەس نەجوڵاوەتەوە.
پیاوێکی خوێندەوار و ڕووناکبیرێکی گەورە بوو. بیری زۆر تیژ و بیرەوەریی گەلێ بەهێزبوو، هیچی لە بیر نەچووبووەوە، زۆر بە جوانیی و ڕێکوپێکیی، ڕووداوە مێژووییەکانی دەگێڕایەوە. ئەو (5) ئەلقەیەی بەرنامەی (پەنجەمۆر)یش، گەواهیی ئەم بۆچوونەم بۆ دەدەن. لە ماڵی خۆیدا نانبدە بوو. دارەوان و شاخەوانێکی گەورە و چاوقایمیش بوو. گۆڤاری دێمۆکراسیی دەردەکرد و بە سەدان گوتاری ڕۆشنبیریی، ڕامیاریی، نەتەوەیی، ئابووریی نووسیوە، چەندین پەرتووکی پڕ بایەخ و گرنگیشی، بە هەردوو زمانی کوردیی و عەرەبیی بڵاوکردووەتەوە. بە داخێکی گەورە و گرانەوە، تا لە ژیاندابوو، بۆمان ڕێک نەکەوت، سەبارەت بە زۆر کێشە و باس، چاوپێکەوتنێکی دوورودرێژی لەگەڵ بکەم.
لە ماوەی ئەو (27) ساڵەی یەکدیمان ناسیوە، هاوڕێیەتییەکی بەهێز و بەردەوام، پڕ خۆشەویستیی و ئەمەک، لە نێوانماندا درووستبووبوو. بە شێوەیە، تا لە ژیاندابوو، هەر بەردەوامبوو، هەر کاتێ لە (سولەیمانیی)ش بووینایە، سەردانی یەکدیمان دەکرد. تەنانەت ئەندامانی خێزانەکەشیم ناسیی و تێکەڵاویانبووم. زۆر حەزم لە دەمەتەقێ و گێڕانەوەی بەسەرهاتەکانی دەکرد لە ئەم دواییانەشدا، پێم لێ نەبڕی، لە دوا سەردانیشدا گوتی: گەر سییەکانم ساغبوونایە، (10) ساڵی دیکە دەژیام! بەڵام داخم ناچێ، ئەو ماوەیەی نەخۆشکەوتبوو، خۆی ڕیی کەسی نەدەدا، سەری لێ بدا. 
ئەوەبوو، تووشی ئەو پەتا قوورسەی (کۆرۆنا) بوو، لە ئەو تەمەنەشدا، زۆر کارێکی سەختە، بەرگەی نەخۆشییەکی وا ترسناک بگرێ، بۆیە ڕۆژی سێشەممەی (1. 12. 2020)، لە تەمەنی (93) ساڵیدا، مەرگ بەرۆکی گرت و کۆتایی بە ژیانی هێنا. تا لە ژیانیشدا بوو، زێدەکەی خۆی زۆر خۆشدەویست، زۆربەی کات سەری لێ دەدا و چەن ڕۆژێ دەمایەوە. بۆیە هاوسەرەکەی ڕاسپاردووە، هەر لە (تەکیە) بینێژن، پرسەی بۆ دانەنێن و چلەشی بۆ نەکەن!
لە کۆتاییشدا دەڵێم: (بەهادین نووری)، تا دواڕۆژەکانی ژیانی خۆی، لە بیرە مارکسییەکەی، ئایدۆلۆژیا چەپڕەوەکەی و باوەڕە نەتەوەییەکەی خۆی لای نەدا. بۆچوونەکانیشی، زۆر بە ڕوونیی و ڕاشکاوانە دەردەبڕی. پیاوێکی هەڵکەوتووبوو، رەنگە لە مێژووی (پارتی کۆمۆنیستی عێراق)دا، کادێرێکی وا بوێر و بە هەڵویستی تیدا نەبووبێ، هەرگیز لە مەرگ نەدەترسا، بەڵکوو مەرگ لێی دەسڵەمییەوە!


ڕەوانی شادبێ، یاد و بیرەوەرییەکانیشی، هەر زیندووبێ!    


یەکەمین چلەی کۆچیدوایی 9. 1. 2021

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×