مەیخانە و سۆشیاڵ میدیا!
دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
2020-10-05   875
ڕووناکبیر، نووسەر، فەیلەسووف، ڕامیار و ڕەخنەگری کۆمەڵایەتی ئیتاڵیی
(Umberto Eco 1932-2016)، چوار ساڵ لەمەوبەر و لە تەمەنی (84) ساڵیدا مردووە. گەلێ
بەرهەمی هەمەجۆرەی هەیە، سەبارەت بە سوشیال میدیا گوتوویەتی:
(سوشیال میدیاکان، وەک تویتەر و فەیسبووک، مافی قسەکردنیان بە
ژمارەیەکی بێکۆتایی لە گەمژە و گێلەکان داوە، ئەوانەی دوای پێکێ مەی، تەنیا لە
بارەکان قسەیاندەکرد، بێ ئەوەی زیان بە کۆمەڵ بگەیەنن، هەر زوو بێدەنگدەکران. کەچی
ئێستە، وەک ئەوانەی خەڵاتی نۆبڵیان وەرگرتووە، مافی قسەکردنیان هەیە. ئەمەش هێرش و
پەلاماردانی گێل و گەلحۆکانە!)
منیش دەڵێم: زۆر بە داخەوە، لەنێو ڕیزەکانی گەلی کوردیشدا، ئەم
دەرکەوتە قیزەون و ناشارستانییە بڵاوە. کەم کەس هەیە، لاپەڕەیەکی لە سۆشیال میدیادا
نەبێ، جا ئاستی خوێندەاریی و ڕووناکبیریی بەرز یا نزم بێ، گرنگ نییە. بەڵکوو گرنگ
ئەوەیە، چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ سۆشیال میدیادا دەکا و بۆ چ مەبەستێ بەکاردێنێ!
ئاشکرایە، هێندێ لە ڕۆڵەکانی کورد، لەبری ئەوەی لاپەرەکانی سۆشیال
میدیا، بۆ بابەتی ڕۆشنبیریی، وێژەیی، هونەریی، زانستیی، ڕامیاریی و کۆمەڵایەتی
تەرخانکەن، کەچی وەک سەکۆیەکی جنێودان و سووکایەتیپێکردن بەکاریدێنن. بە تایبەتی
هەوادارانی پارتەکان، بە هەردوو جۆرەکەیەوە (سیکیۆلار و ئیسلامیی)، هەرچی لە
هەناوی ڕەشیان دایە، هەڵیدەڕێژن، بێ ئەوەی سڵ لە هیچ دابونەریتێکی کۆمەڵایەتی بکەنەوە،
زۆر قسەی ساردوسووک، بە یەکدی دەڵێن. بە ئەم کارەشیان هێندەی دیکە، گڕی ئاگری
ناکۆکیی و دووبەرەکیی، نێوان ڕیزەکانی گەلی کورد خۆشتردەکەن!
ئاخر ئەو کەسەی لاپەرەیەکی لە سۆشیال میدیادا کردەوە، بە کوردییەکی پڕ
لە هەڵە و بە زمانێکی زبر، هێندێ قسەی کاڵوکرچی ڕیزکرد، ئیدی ئەمە ئەوە ناگەیەنێ،
شایانی ئەوە بێ، وەک نووسەرێ ڕێزی لێ بگیرێ و نووسینەکانی بخوێنرێتەوە!
ئەز هێندێ هاوڕێی فەیسبووکم هەیە، سەر بە پارتە جیاوازەکانن، هەمیشە
بە دوای کەموکووڕیی و خەوشی نەیارەکانیاندا دەگەڕێن، وتاری خراپ و ڤیدیۆی
شەڕانگیزانە بڵاودەکەنەوە، دژی یەکدی دەدوێن. هەڵبەتە ئەم جۆرە کەسانە، پێش ئەوەی
سۆشیال میدیا بڵاوبێتەوە، هەر ئەوە پیشەیانبووە، ئیستەش لە سۆشیال میدیادا، بە
شێوەیەکی دیکە بەردەوامن. چونکە ئەوانەی جاران، لەنێو بازاڕ و چایخانەکان، لەسەر
مێزی قومار و قوژبنی مەیخانەکان باسیاندەکرد، ئیستە سنگەریان بۆ سۆشیال میدیا گواستووەتەوە
و بە هەمان شێوە، لە پڕوپاگەندە و قسەی ناشیاو درێغی ناکەن. بە داخەوە، ئەو جۆرە
کەس و لایەنانە، کورد وتەنی: دەرزی لە چاوی نەیارەکانیاندا دەبینن، بەڵام سوژن لە
چاوی خۆیاندا نابینن!