خەمی نەتەوە و نیشتمان!

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2021-01-05     797

یەکەم: پێکەوە ژیان و دەوڵەتی نەتەوەیی
سێ جۆر پێوەندیی، لە نێوان دوو گەلی جیاواز و ئایینداردا هەیە:
.1 گەر دوو گەلی جیاواز، لەنێو چوارچێوەی دەوڵەتێکی هاوبەشدا پێکەوە ژیان، یەکێکیان موسوڵمان و ژێردەستە بوو، ئەوی دیکەشیان موسوڵمان نەبوو، بەڵام دەسەڵاتداربوو، گەلە موسوڵمانەکە ویستی، جیابێتەوە و دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی دامەزرێنێ، ئەوا هەموو موسوڵمانانی جیهان، نزای سەرکەوتنی بۆ دەکەن و پشگیریدەکەن، تا بە ئامانجە ڕەواکانی خۆی دەگا و دەوڵەتەکە دادەمەزرێنێ. ئەم داواکاری و مافەش، بە ڕەوا دەزانن، چونکە پێیان وایە، گەلی موسوڵمان نابێ، لەژێردەسی گەلێکی دیکەی ناموسوڵماندا بێ، هەرچەندە دادپەروەر و دێمۆکراسیش بێ، وەک چۆن موسوڵمانەکانی (کۆسۆڤۆ)، ساڵی (2008) لە دەوڵەتی (سربیا) جیابوونەوە.
2. گەر گەلێکی ناموسوڵمان، لە سنووری دەوڵەتێکی ئیسلامیدا بژی، بۆی نییە، داوای سەربەستی نەتەوەیی و جیابوونەوە بکا، چونکە لە خاکی ئیسلامدا دەژی، با دەوڵەتە ئیسلامییەکەش، بە هەموو شێوەیە بیچەوسێنێتەوە و سەرانەشی لێ بستێنێ. هەر وەک دوکتۆر (یوسف قەرزاوی)، دژی سەربەخۆیی گەلی خوارووی (سۆدان)ی فەلە وەستایەوە، فەتوایدا و گوتی: نابێ، خاکی ئیسلام پارچەپارچەکرێ، هەرچەندە ئەو وڵاتە، خاکی ئیسلامیش نەبووە و نییە!
3. گەر دوو گەلی موسوڵمان، لە دەوڵەتێکی ئیسلامیدا بژین، گەلێکیان باڵادەس و فەرمانڕەوابێ، گەلەکەی دیکەشیان، مافی نەتەوەیی خۆی نەبێ و گەلە موسوڵمانە سەردەسەکە، بە خراپترین شێوەش، گەلە موسوڵمانە بێ مافەکە بیچەوسێنێتەوە، ئەوا دیسانەوە نابێ، هەوڵی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی بدا. چونکە گەلە موسوڵمانەکەی ژێردەسیان، بە ئەوە تاوانباردەکەن، گێڕەشێوینن و ئاژاوەدەنێنەوە، بە هیچ شیوەیە نابێ، خاکی ئیسلام پارچەپارچەکا و دژی دەسەڵاتی ئیسلامی بووەستێتەوە، گەر ئەو دەسەڵاتەش، خراپترین و دیکتاتۆرترین دەسەڵات بێ، هەوڵی تواندنەوە و تۆوبڕکردنی بدا، با ئەو گەلە جیاوازە موسوڵمانیش بێ، وەک نەتەوەکانی توورک، عەرەب و فارس، چۆن خاکی (کوردستان)یان داگیرکردووە و مافەڕەواکانی نەتەوەی موسوڵمانی کوردیان زەوتکردووە!
کەواتە لە هەموو بارەکاندا، کێشە سەرەکییەکە، کێشەی ئایینی ئیسلامە و دەسەڵاتدارانی ئیسلام، هیچ بایەخێ بە مافی ڕەوای نەتەوەکان نادەن، گەر بە خراپترین شێوەش بیانچەوسێننەوە. هەر کاتێکیش داوای مافەکانی خۆیان کرد، بە هەموو شێوەیە پەلاماریاندەدەن و سەرکووتیاندەکەن.

دووەم: کێشەی کورد و دەوڵەتە داگیرکەرەکان
ئەوەتەی (کوردستان) داگیرکراوە و لەژێردەسی ئیمراتۆریا و دەوڵەتە ئیسلامییەکاندا بووە، نەک هەر مافیان بە نەتەوەی کورد ڕەوانەبینیوە، بە ئازاديی بژی و دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی دامەزرێنێ، بەڵکوو هەر کاتێ، هەستی نەتەوەیی کورد بوژابێتەوە و داوای سەربەخۆیی کردبێ، دەوڵەتە داگیرکەرەکان دژبوون، بە ئاگر و ئاسنیش وەڵامیانداوەتەوە، ڕاپەڕین و شۆڕەشەکانیان کوژاندوونەتەوە، لە زەریای خوێن و فرمێسکدا، نقوومیانکردوون!
لەبەرئەوە نەتەوەی کورد، هەر گرفتی سەربەخۆیی نییە، بەڵکوو گرفتی ئایینیشی هەیە، با موسوڵمانیش بێ. بەڵام گەر کورد بیەوێ، خاکەکەی ڕزگارکا و نەتەوەکەی سەربەخۆ بژی، پێویستە، جیاوازی لە نیوان مافی نەتەوەیی و پێوەنديی ئایینیدا بکا. چونکە گەر تەنیا، بایەخ بە کێشە نەتەوەیی و مافە ڕەواکانی کورد بدا، ئەوا بڕوبیانوو بۆ دەوڵەتە داگیرکەرەکانی (کوردستان) دەئافرێنێ، گوایە کورد دژی ئایینی ئیسلامە و موسوڵمانانی هەموو جیهانیش، وەک قاز دەقیڕێنن و دژمان دەوەستنەوە. ئاخر هەر دیکتاتۆر و فاشییەکی وەک (ئۆردووگان) نەبوو، دژی کورد درۆی هەڵدەڕشت و دەیگوت: کورد موسوڵمان نین، زەردەشتيی و ئاگرپەرستن. مەلاکانی توورکیشی هاندەدا، دژی ڕەشەکوژی کورد فتوابدەن!
هەروەها گەر نەتەوەی کورد، تەنیا هەر خۆی بە ئایینی ئیسلامدا هەڵواسێ و هیچ لێکدانەوەیەک، بۆ مافە نەتەوەییەکانی خۆی نەکا، ئەوا تا ماوە، هەر بە ژێردەسيی و مرۆی پلە دوو دەمێنێتەوە. لە هەمان کاتیشدا، سەرانی دەوڵەتە داگیرکەرەکە، هەرگیز بڕوای پێ ناکەن و وردەوردەش هەوڵدەدەن، لەژێر پەردەی ئایینی ئیسلامدا، لە بۆتەی نەتەوەکانی خۆیاندا (توورک، عەرەب و فارس) بیتوێننەوە!
بۆیە دەبێ، زۆر ژیرانە لە کێشەی نەتەوەیی کورد بکۆڵینەوە، چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ بدۆزینەوە، جیاوازيی لە نیوان ئایین و مافی نەتەوەییدا بکەین. چونکە گەر تەنیا هەر، بایەخ بە سەربەخۆیی و ڕزگارکردنی نیشتمانەکەمان بدەین، ئەوا نەک هەر چوار دەوڵەتە داگیرکەرەکەی (کوردستان) و جیهان بە گشتيی، ئیسلامی ڕامیاریش بە تایبەتی، بە خراپترین شێوە دژمان دەوەستنەوە، بە نەزان و گاوور، پیاوی بەرەی خۆراوا و (ئیسرایل)، دوژمنی ئایینی ئیسلاممان دادەنێن.

سێیەم: کورد و ئیسلامی ڕامیاريی
لە هەمووشی ترسناکتر ئەوەیە، پارتێکی ئیسلاميی نیشتمانپەروەری کوردستانیی نییە، داکۆکی لە مافە نەتەوەییەکانی کورد بکا و هەوڵ بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی بدا. بەڵکوو جاشبیرە موسوڵمانەکانی کورد، لە هەموو بەشەکانی (کوردستان)، سەرەداوێکی ناپاکانەیان، لەگەڵ بزووتنەوەی ئیسلامی ڕامیاريی، دەوڵەتە داگیرکەرەکان گرێداوە. ئەو پێوەندییەش، بە پێوەندییەکی پیرۆزی ئیسلاميی دەزانن، داگیرکەرانیش بە چاوی جاشێکی سووک و بێ نرخ لێیان دەڕوانن!
بۆیە سەرانی دەوڵەتە داگیرکەرەکان، هەموو کاتێ دەتوانن، وەک داشی دامە بەکاریانبێنن، لەژێر چارشێوی ئایینی ئیسلامدا، کورد بە کورد بە کوشتبدەن، لە هەر لایەکیشیان بکوژرێ، ئەوا دەیان جار بۆ ئەوان باشترە، وەک هەموو ئەو زۆڵەکوردانەی ئەوڕۆ دەیانبینین، لە هەموو پارچەکانی کوردستان، لە ڕیزی پارتە ئیسلامییەکانی نەتەوەی سەردەسی داگیرکەردا، شانبەشانی سوپا دڕندەکانیان، دژی ئامانج و مافە ڕەواکانی کورد دەجەنگن، ئەمەش بە ئەرکێکی پیرۆزی ئیسلاميی دادەنێن!
وەک چۆن ئێستە، چەن کوردیكی سەرلێشیواو هەن، هیچ بایەخ بە کێشەی نەتەوەکەیان نادەن، سەرەڕای ئەو هەموو کوشتنوبڕینەی، هەردوو دەوڵەتی داگیرکەری ڕژێمی ئیسلامی (توورکیا) و (ئێران)، لە کوردی دەکەن، کەچی هێشتا داکۆکییان لێ دەکەن و دژی ڕۆڵەکانی نەتەوەکەی خۆیان دەوەستنەوە، دڕندەیەکی خوێنڕیژی فاشی وەک (ئۆردووگان)یش، بە سەرکردەیەکی ئیسلاميی هاوچەرخ دەزانن. چونکە لە هەموو هەستێکی کوردایەتی و نیشتمانپەروەريی شۆراونەتەوە. پێم وایە، ئەو جۆرە جاشبیرە کوردانە، گەر لە نێوان دەوڵەتی (کوردستان) و دەوڵەتی جێنشینی ئیسلامیدا سەرپشکیانکەن، ئەوا دەوڵەتی جێنشینی ئیسلاميی هەڵدەبژێرن! ئەوەیە مەترسی هەرە گەورەی ئایین، کە زیان بە ئاییندەی نەتەوەی کورد دەگەیەنێ، چونکە نەتەوەکە لەتوپەتدەکا و لە بۆتەی نەتەوە داگیرکەرە خاوەن ئایینەکەدا دەیتوێنێتەوە!

چوارەم: کەواتە چی بکەین باشە؟!
ئەز پێم وایە، پێش هەموو شتێ پێویستە، جۆرە پێوەندییەکی گونجاوی هاوبەش، لە نێوان هەستی ئایینی و کێشەی نەتەوەیی کورددا بدۆزینەوە. بە هیچ شێوەیە نابێ، دژی ئایینی ئیسلام بدوێین، یا بجەنگێین، چونکە کورد گەلێکی موسوڵمانە و ئایینی ئیسلامیش لەنێو کورددا، ڕەگوڕیشەیەکی قووڵ و پتەوی داکوتاوە، هەرگیز نە لە بەرژەوەندیمان دایە، نە هیچیشی لێ سەوزدەبێ. بەڵکوو بە پێچەوانەوە، دوژمنێکی زۆر بۆ خۆمان و کێشە ڕەواکەمان پەیدادەکەین، بە شێوەیە ناتوانین، لەژێر ئەو بارە قورسەدا دەرچین.
لەبەرئەوە باشترین چارەسەر ئەوەیە، جیاوازيی لە نێوان ئایین و کاری ڕامیاریدا بکەین، وەک چۆن سەرکردە قارەمانەکانی کورد، لە قۆناغە جیاجیاکانی مێژووی خەباتی نەتەوەی کورددا، پێڕەویانکردووە، هەم موسوڵمانێکی ڕاستەقینە بوون، هەم دژی زۆرداريی و چەوساندنەوەی نەتەوەیی دەسەڵاتدارانی دەوڵەتە داگیرکەرەکان بوون. ئێمەش دەبێ، لەسەر هەمان ڕێبازی ئەوان بڕۆین و کەڵک لە بیروباوەڕەکانیان وەرگرین. ئاخر چەن سەرکردەیەکی ڕەوانشادی ناسراوی وەک (شیخ عوبیدوڵلای نەهری، شێخ مەحموودی بەرزنجی، شێخ سەعیدی پیران، قازی موحەممەد ...) هەموویان لە یەک کاتدا، هەم موسوڵمان و پیاوی ئایینيی، هەم کوردیكی نیشتمانپەروەر و شۆرشگێڕیش بوون، دژی داگیرکردنی (کوردستان) و چەوساندنەوەی نەتەوەیی بوون، بەرانبەر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریای ئیسلاميی و دەوڵەتە داگیرکەرەکانیش وەستابوون!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×