(قادری حاجی عەلی بەگ 1955-2020)و چەن یادەوەرییەکی شیرین!

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2020-12-16     612


پێشەکی

لەگەڵ بنەماڵەی (حاجی عەلی بەگ)دا، هەر لە کۆنەوە ناسیاوییمان هەبووە. چونکە هەم لە گەڕەکێکدا بووین و هەم لەنێو بازاڕیش، دووکانی باپیرم (حاجی شێخ عەزیزی باراویی)، نزیک دووکانی (حاجی عەلی) بوو. 
کاک (قادر)یشم، هەر لە تەمەنی مناڵییەوە ناسیوە، گەرچی من (5) ساڵ لە ئەو گەورەتربووم. بەڵام لە پێوەندیی دۆستایەتیی و هاوڕێیەتیدا، تەمەن ڕۆڵێکی زۆر گەورە نابینێ! لەگەڵ ئەوەشدا، لەگەڵ تێپەڕبوونی ڕٶژگاردا، پتر لە یەکدی نزیکبووینەوە و وەک دوو هاوڕێی خۆشەویست، ڕێزمان لە یەکدی دەگرت و بڕوایەکی تەواویشمان، بە یەکدی هەبوو.
لە ڕاستیدا، لە ئەو ماوە دوورودرێژەی کاک (قادر)م لە نزیکەوە ناسیوە. زۆر شت هەیە، باسیبکەم، بەڵام هێندەی مەبەستمبێ، لە ئەم یادە پڕ شكۆیەدا، وەک ئەمەکی دۆستایەتیی و هاوڕێیەتی، نێوان ئەم دوو بنەماڵەیە بە گشتیی، پێوەندیی من و خوالێخۆشبوو بە تایبەتی، زۆر بە پێویستم زانی، لە یادی چلەی کۆچکردوودا، چەن بیرەوەرییەکی گرنگ و شیرین باسکەم.

بەتالیۆنی چواری هێزی خەبات
ساڵی (1974)، جەنگ لە (کوردستان)، لە نێوان سەرکردایەتی شۆڕش و دەوڵەتی داگیرکەری (بەعس)دا نوێبووەوە. منیش وەک لاوێکی نەتەوەیی نیشتمانپەروەر، ڕووم لە شاخ و شۆڕش کرد. لە بەتالیۆنی (4)ی هێزی (خەبات) بووم بە پێشمەرگە. فەرماندەی بەتالیۆنەکەمان ڕەوانشاد (نووری حەمەعەلی1940-1981) بوو. کاک (قادر)یش لە بارەگەی بەتالیۆن، لە بەشی دارایی بوو. ئەو کاتە، تەمەنی هەر لە نێوان (18-19) ساڵاندا دەبوو، خوێندکاری زانکۆش بوو.     
ڕۆژی (13. 8. 1974)، بەتالیۆنەکەمان بەرەو بەرەکانی جەنگی نێوچەی سەرکردایەتی شۆڕش بەڕێکەوت. منیش بۆ ئەو جارە، وەک لێپرسراوی کارگێڕیی بەتالیۆن لەگەڵ بووم.  شەوی (15/16) لە (ئازادیی)یەوە، نیوەشەو بەرەو گوندی (هاودیان) و زنجیرە چیاکانی (گۆڕەز) جوڵاین. بەڵام چەن پێشمەرگەیەک، لە بارەگەی بەتالیۆن هەر لە (ئازادیی) مانەوە، یەکێ لە ئەوانە، کاک (قادر) بوو.
دەمەوبەیانی گەیشتین، هەر ئەو ڕۆژە، جەنگ لە نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی دەوڵەتی داگیرکەری (عێراق)دا دەسیپێکرد. پێشمەرگە قارەمانەکان توانیان، لە ماوەی شەو و ڕۆژێکدا، زنجیرە چیاکانی (گۆرەز)، لە هێزی داگیرکەر پاککەنەوە و سەربەرزییەکی پڕ لە شانازیی تۆمارکەن.
پاشان ڕۆژی (20. 8)، بەتالیۆنەکەمان بۆ (ئازادیی) گەڕایەوە. دوایی بەرەو نێوچەی (رەواندوز) بەڕێکەوتین و لە (گەرووی مێگر) جێگیربووین. ئێمەش لە (گەرەوانان)، لەنێو باخ و دامێنی چیایەکدا، نزیک چەمێکی چکۆلانە، بنکەی بارەگەی بەتالیۆنمان دامەزراند، بەپێ نزیکەی نیوکاژێر لە هێزی پێشمەرگەوە دووربوو.
زۆری پێ نەچوو، ڕۆژی (25. 8)، کاک (قادر) لەگەڵ چەن کەسێکی دیکەدا، بە کارێکی تایبەتی هاتن و دوای ڕۆژێ گەڕانەوە، بەڵام ئەو نەگەڕایەوە. هەرچەندە لەگەڵی خەریکبووم و زۆرم پێ گوت، تۆ لێرە بێ چەک، بێ پێخەف، بێ خۆراک و ئیش، چی دەکەی، لەگەل ئەو پێشمەرگانە بگەڕێرەوە، بەڵام ئەو هەر سووربوو، لەسەر ئەوەی بمێنێتەوە و گوتی: من لەگەڵ تۆ دەمێنمەوە و بەجێت ناهێڵم!
ڕاستییەکەی، نە چەکی پێ بوو، بە جلێکی باشی لەبەردا بوو، نە بەتانی زیادەشمان هەبوو، بیدەینێ. ڕۆژانەش خواردنێکی زۆر و باشمان نەبوو. ئێمەش خۆمان (3) کەس بووین و (3) پەتۆشمان پێ بوو. هیچمان نەبوو، بە خۆمانیدا بدەین، بەڵکوو لایەکیمان دادەخست و لاکەی دیکەیمان، بە خۆماندا دەدا. چونکە ئاووهەوا گۆڕابوو، بە تایبەتی نێو ئەو  دۆڵە گەورەیە، شەوانە زۆر فێنکبوو. وەک دەڵێن: ماڵ لە خۆیدا نەبوو، میوانیش ڕوویتێکرد! لەبەرئەوە ناچاربووین، من و کاک (قادر)، یەکی لەسەر لەتەپەتۆکەی خۆم بنووین و ئاسمانیش بە خۆماندا بدەین! ئەوەبوو، کاری بەتالیۆنەکەمان، ڕۆژی (15. 9) لە ئەو نێوچەیە تەواوبوو، جارێکی دیکەش بەرەو (ئازادیی) گەڕاینەوە.
لە ئەو ماوەیەی، شەو و ڕۆژ پێکەوەبووین، لە نزیکەوە پتر یەکدیمان ناسی، پتر شارەزای بووم، کوڕێکی زۆر بەڕێزبووو، زۆر بێ دەنگ و کەمدوو بوو، خۆڕاگربوو، بێزاریی دەرنەدەبڕی، چاونەترس بوو. لەبەرئەوە سەرەداوی هاوڕێیەتییەکی خاوێن و دڵسۆزانەمان گرێدا، تا لە ژیانیشدا بوو، ئەو دۆستایەتییەمان هەر بەردەوامبوو. (1)
لیرەدا دەمەوێ، باسی ئەمەک و دڵسۆزیی ئەو پیاوە بکەم، چونکە منی لەبیرنەچووبووەوە، هەرچەندە ڕۆژێ لە ڕۆژان، لە یەک ڕێکخراو و پارتدا، پێکەوە کارمان نەکردبوو، دوو کاری باش و گرنگی بۆ دۆزیمەوە.

سوید
ساڵی (1990)، لە (ستۆکهۆڵم) دەژیام، کاک (قادر) و خێزانەکەشی، لە (کوردستان)ەوە هاتبوون بۆ (سوید) و لە شاری (ستۆکهۆڵم) جێگیربوون. ئیدی جارێکی دیکە و دوای (8-9) ساڵ یەکمانگرتەوە و هەر لە گەڕەکێکیشدا دەژیاین، زووزوو یەکدیمان دەبینی.
دوای ڕاپەڕین، ئەو بۆ (کوردستان) گەڕایەوە و لە ڕیزکانی (یەکێتیی)دا کاریدەکرد و ئەندامی سەرکردایەتی بوو. چەن جارێ سەرم لە وڵات دایەوە، هەموو جارەکانیش یەکدیمان دەبینی و پێکەوە دادەنیشتین.
دوای ئەوەی ساڵی (2003)، ڕژێمی (بەعس)ی داگیرکەر روخا، ڕەوشیکی نوێ لە (عێراق) بە گشتیی و لە (کوردستان) بە تایبەتی درووستبوو. ڕۆژێکیان لە (ستۆکهۆڵم) یەکدیمان بینی، پێی گوتم: تۆ چەن ساڵ لە (یەکیتیی سۆڤێت) بووی، ڕووسییەکی باش دەزانی، کوردێکی بێلایەنی نیشتمانپەروەریشی، لە سەرکردایەتی باسی تۆم کردووە و پێشنیازمکردووە، وەک کوردێ لە (مۆسکۆ)، لە بیرۆی میریی هەرێم کاربکەی و ئەوانیش ڕازیبووون. بەڵام من ڕەتمکردەوە و گوتم: جارێکی دیکە لە ژیانمدا حەزناکەم، کاری ڕامیاریی بکەم و خۆم بە هیچ لایەنێکیشدا هەڵواسم. چونکە ئەوەی لە ماوەی ئەم (40) ساڵەی تەمەنمدا کردوومە، هەرچەندە لێی پەشیمان نیم، بەڵام ئەزموونێکی زۆرم لا کەڵەکەبووە و زیانێکی زۆریشم لێ کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا، چەن جارێکی دیکە، هەوڵی لەگەل دام، بەڵام هیچ کەڵکی نەبوو، زۆریشی پێ ناخۆشبوو! 

سولەیمانیی
ساڵی (2004)، جارێکی دیکە، زۆر هەوڵی لەگەڵ دام، بۆ (کوردستان) بگەڕێمەوە، ڕاژەی گەل و میریی هەرێم بکەم. گوتی: هەر ئیشێکت بوێ، کارت بۆ دەکەم و پۆستێکی باشیشت بۆ دیاریدەکەین. دیسانەوە ئەو پێشنیازەشم پەسەندنەکرد.
بەڵام دوای ماوەیە، هێندێ کەسیاتیی و هاوڕێی دڵسۆز، داوایان لێ کردم، بگەڕێمەوە و لە زانکۆ دامەزرێمەوە، چونکە زانکۆکان پیویستیان بە کادێری ئەکادێمی هەبوو. منیش داواکارییەکەم پەسەندکرد و ساڵی (2005) بەیەکجاریی گەرامەوە و لە زانکۆی (سولەیمانیی) دامەزرامەوە.
شەوێکیان لە ماڵی خۆیان، داوەتێکی گەورەی بۆ کردین، کۆمەڵێ برادەری خۆشەویست کۆبووبووینەوە. کاک (قادر) لای منەوە دانیشتبوو، لێی پرسیم: ڕەوشی زانکۆ چۆنە؟
منیش گوتم: زانکۆکەمان لە قوتابخانەی ناوەندی (شۆرش)ی جاران دەچێ، هیچی بەسەر هیچەوە نییە.  
گوتی: ئەی کارەکەی خۆتت بە دڵە؟!
گوتم: من مامۆستام و وانەی خۆم دەڵێمەوە، هیچ دەسەڵات و پۆستێکم نییە، تا هەوڵبدەم، بە لانی کەمەوە لە ئەو بەشەی کاری لێ دەکەم، چاکسازییبکەم.
گوتی: ئاخر کوڕی باش، من ڕەوشی ئێرەم باشتر دەزانی، بۆیە پار داوام لێ کردی، بگەڕێیتەوە، تا ئیشت بۆ بکەم، لە هەر شوێنێ بتەوێ، پۆستێکی باشت بۆ دابینکەین. خۆت نەتویست. ئیستەش لە زانکۆ چیت دەوێ، بۆت بکەین؟
منیش زۆر سوپاسمکرد و گوتم: پیشەی مامۆستاییەکەم، لە هەموو پۆست و کارێکی دیکە، پێ خۆشتر و باشترە.

دواوشە
ئەو ساڵانەی لە نێوان (2005-2020)، لە (کوردستان) بووم، بە شێوەیەکی بەردەوام، پێوەندیمان هەبوو، هێندێ جار یەکدیمان دەبینی، شەوانیش لە ماڵان یا لە شوێنێ، لەگەڵ هێندێ برادەری خۆشەویستی دیکەدا دادەنیشتین، دەردی دڵ و خەمی خۆمان بەبادەدا!
هێندەی من لە نزیکەوە، ئەو پیاوە مەردەم ناسیوە، ئەو ماوە دوورودرێژە پێکەوەبووین، تا بڵێی کوڕێکی بێدەنگ و لەسەرخۆ بوو. ڕێزی خۆی و خەڵکی دەگرت، وریا و کوردپەروەر بوو. زۆر جاریش دووقۆڵی لە شوێنی دادەنیشتین، هێندێ شتی گرنگ و نهێنیی بۆ باسدەکردم. ئێرە جیی ئەوە نییە، باسیانکەم. رۆژێ دێ،  بەدرێژیی لێیان بدوێم.
وەک من ئاگادارم، چ ئەو کاتانەی لە ڕیزەکانی (یەکێتیی) و چ ئەو ماوەیەی لەگەڵ (گۆران)دا کاریدەکرد، وەک کادێرێکی پێشکەوتووی چالاک و دڵسۆز هەڵدەسووڕا. بەڵام بە داخەوە، مافی ڕەوای خۆیان نەدایە و بە تەواویی، گوێیان لێ نەدەگرت. بۆیە چەن جارێ، لە هەردوولایان دوورکەوتەوە، دانیشت و بەلای هیچیاندا نەچووەوە. بەڵکوو وەک کوردێكی نیشتمانپەروەر، لە نزیکەوە لە ڕووداوەکانی دەڕوانی، لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا بێ هیوا نەبووبوو،  ورەی بەرزبوو، بڕوایەکی تەواویشی، بە چاکسازیی هەبوو! بەڵام لە ئەنجامدا، پەتای ڤایرۆسی (کۆرۆنا)، تەنگیپێهەڵچنی و دێوەزمەی مەرگیش، ڕۆژی (10. 11. 2020)، کۆتایی بە ژیانی هێنا!
منیش وەک ئەمەکی هاوڕێیەتی، ئەو ماوەیەی لە نەخۆشخانە کەوتبوو، بە شێوەیەکی بەردەوام، پێوەندیم لەگەڵ هاوسەرەکەی خاتوو (شیلان) و کاک (عەتا)ی برایدا هەبوو، ئاگام لە دەنگوباسی تەندرووستیی بوو.
لە کۆتاییشدا دەڵێم: ئاخ لە ئەم ژیانە هیچوپووچە، هەر خۆشەویستێ کۆچیدواییدەکا و بەجێمدێلێ، ئازارێکی زۆر بە دڵ و دەروونم دەگەیەنێ، چونکە مەرگ، کۆتایی بە هەموو جۆرە پێوەندییەکی نێوانمان دێنێ. بەڵام تەنیا هەر، یادگارەکانی دەمێنن، ئەوانیش هەم دەمهەژێنن، هەم ئارامیم پێ دەبەخشن!
لە یادی چلەی کاکە (قادر)دا، بە دڵێکی پڕ لە خەم و بە پەرۆشەوە، دەڵێم: یادی بەخێر، ڕەوانی شادبێ و گۆڕەکەی پڕ لە ڕووناکیی بێ!  


تێبینیی:
1. لە بەرگی دووەمی بیرەوەرییەکانمدا (گەڵاوەریوەکانی درەختی تەمەنم)، ساڵی (2018)، لاپەرە (139-176)، بە درێژیی باسی ئەو ڕۆژانەی بەرەکانی جەنگی نێوچەی سەرکردایەتیم کردووە.
2. لە نوێترین بەرهەمی ئەم ساڵمدا (21 کەسایەتی کورد)، لە لاپەرە (41-48)، بە درێژیی باسی بنەماڵەکەی (حاجی عەلی بەگ)م کردووە.


وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×