ئاییندەی کوردستان و سەرکردەی پارتەکان

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2020-12-01     830
ئەز پێم وایە، گەر ئەم ڕەوشە پڕ مەترسیی و خراپە، تا سەر بەردەوامبێ، نەک هەر کورد، بە هیچ نابێ و ئەزموونەکەشی لەدەسدەچێ، بەڵکوو داگیرکەران زۆر هەوڵدەدەن، باشووری (کوردستان)یش، لەسەر نەخشەی (عێراق) بسڕنەوە. چونکە ئەو دوو دەوڵەتە داگیرکەرەی (توورکیا) و (ئێران)، جگە لە ئەوەی، چاویان لە سامانی سەرزەوی و ژێرزەوی وڵاتەکەمان بڕیوە، بە مەترسیی و لەمپەرێکی گەورەی، بەردەم ئامانجە شۆڤێنیی و بەرژەوەندییەکانی خۆشیانی دەزانن!
ئاخر ناهەقیان نییە، وەک دوو دەوڵەتی داگیرکەر، بە ئەو شێوەیە بیربکەنەوە، چونکە گەلی کورد لە باشووردا، ئەوەتەی خاکەکەی داگیرکراوە و بە دەوڵەتی داگیرکەری (عێراق)ەوە لکێنراوە، چەندین شۆڕشی چەکداریی و ڕاپەڕینی جەماوەریی بەرپاکردووە، بە دەیان ڕێکخراوی ڕامیاریی، کۆمەڵایەتیی و وێژەیی دامەزراندووە، بەشێوەیەکی بەردەوامیش، داوای مافە ڕەواکانی خۆی کردووە و تا ئەوڕۆش، هەر لەسەر داواکردنی سوورە.
بەڵام تا گەلی کورد، ڕیزەکانی خۆی ڕێک نەخا، لەنێوخۆدا یەکگرتوو و تەبا نەبێ، سەرکردایەتییەکی نیشتمانپەروەری دڵسۆزی نەبێ، لەپێناوی ئامانجە ڕەواکانی گەلەکەماندا، خەبات نەکا، ئەوا نەک هەر بە هیچ ئامانجێکی نەتەوەیی و ڕامیاریی خۆمان شادنابین، بەڵکوو ئەوەی لە ماوەی تێکۆشانی ئەم سەد سالەشدا بەدیهاتووە، لەدەسیدەدەین، جارێکی دیکەش، زۆر کارێکی سەخت و ئاڵۆزە، لە ماوەیەکی کەمدا بتوانین، سەرپێی خۆمان بکەوینەوە.
پێم وایە، دەردی ئەم بندەسیی و ماڵواێرانییەش، بە پلەی سەرەکیی، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، نەتەوەی کورد، لە قۆناغە جیاوازەکانی مێژووی نەتەوەیی خۆیدا، خاوەنی سەرکردە و سەرکردایەتییەکی بلیمەت، کارامە، خاوەن ئەزموون و دڵسۆز نەبووە و نییە. لەبەرئەوە، لە ماوەی ئەم (100) ساڵەی ڕابووردوودا، چەندین ڕاپەڕین و شۆڕشی چەکداریی بەرپابووە، هەر هەموویان لە گۆمی خوێندا نقومبوون و تیکشکاون. بۆیە بە هیچ نەبووین و تا ئەم بارەنالەبار و ڕەوشە خراپەش، ڕاست نەکرێتەوە، هەرگیز هیچ بە هیچ ناکەین!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×