لە يادى پێشەواى مەزنى بێ ڕكەبەردا

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2024-03-31     192

چه‌ن ڕۆژێ بوو، بیرم له‌ ئه‌وه‌ ده‌کرده‌وه‌، له‌ یادی پێشه‌وای مه‌زنی بێ ڕکه‌به‌ردا، گوتارێکی درێژ بنووسم و بڵاویکه‌مه‌وه‌. به‌ڵام دواجار بڕیارمدا، به‌ کورتی یادیبکه‌مه‌وه‌. چونکه‌ هه‌رچی له‌ یادی ئه‌و کورده‌ مه‌زنه‌ ئازا و دڵسۆزه‌دا بنووسم، هێشتا هەر کەمە و ناتوانم، مافی ته‌واوی خۆی بده‌مێ *.

لە بەرەبەیانی ڕۆژی (31. 3. 1947)دا، هەر سێ قازییە قارەمانە تێکۆشەرەکان (پێشەوا قازی موحەممەد، ئەبولقاسمی سەدری قازی برای پێشەوا و حەمەحوسێن خانی سەیفی قازی ئامۆزای پێشەوا)، دوای ئەوەی لە دوو دادگایکردنی نایاسایی فەرمیدا، بە دەستی دوژمنانی گەلی کورد، فرمانی خنکاندنیان دەرچوو، لە گۆڕەپانی چوارچرای شاری (مهاباد)، ھەر لە ئەو شوێنەی ڕۆژی (22. 1. 1946)، کۆماری (کوردستان)ی تێدا ڕاگەیەندبوو، لەسێدارەدران و ڕەوانیان شادکرا. واتە دوای (1 ساڵ و 2 مانگ و 8 ڕۆژ، لە دوای ڕاگەیەندانی کۆمارەکەوە، لەسێدارەدران!

به‌ داخێکی گه‌وره‌ و گرانه‌وه‌، نه‌ نه‌ته‌وه‌ی کورد توانی، (77) ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، گیانی پاکی پێشه‌وا و کەسەکانی، له‌ ده‌س په‌تی سێداره‌ی مەرگی ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری (ئێران) ڕزگارکا، نه‌ کۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تیش، سرته‌وبۆڵه‌یه‌کیان له‌ ده‌م ده‌رچوو، ناڕه‌زایی خۆیان ده‌ربڕن و داوا له‌ ڕژێمی شاهێنشایی (ئێران) بکه‌ن، ئه‌و فرمانه‌ نادادپه‌روه‌رانه‌ دڕندانه‌یه‌ بووه‌ستێنن!

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌ڵێم: به‌ ڕاستی ڕەوانشاد (قازی)، پێشه‌وایەکی بێ ڕکه‌به‌ر بوو. چونکه‌ ژیان و گیانی خۆی، له‌پێناوی ڕۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌ و خاکی نیشتمانه‌که‌یدا به‌ختکرد. گه‌له‌که‌ی خۆی به‌جێ نه‌هێشت. به‌ خوێنی گه‌شی خۆی، به‌رنامه‌ و نه‌خشه‌ی خه‌باتی دواڕۆژی، بۆ هەموو ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد بە گشتی، ئه‌ندامانی پارته‌که‌ی و گه‌لی خۆرهه‌ڵاتی (کوردستان) بە تایبەتی کێشا. بۆیه‌ تا کوردێ بمێنێ، ناوی (قازی) بە نەمریی هه‌ر ده‌مێنێ.

ئه‌ی کوردینه!

پێویستە ئەوەش بزانن، پێشه‌وای بێ ڕکه‌به‌ر، له‌ دواساته‌کانی ژیانیدا، چی فه‌رمووه و چ جۆرە ڕاسپارده‌یه‌کی پڕبایه‌خی، بۆ ڕۆڵەکانی نەتەوەکەی به‌جێهێشتووە؟! لێرەدا چەن کۆپلەیەکی کورت، لە ڕاسپاردە گرنگ و پیرۆزەکەی پێشەوا بڵاودەکەمەوە.

1. له‌ ڕێی‌ خوادا، ده‌س له‌ دژایەتی یه‌كدی هه‌ڵگرن. دوژمن ته‌نیا بۆ گه‌یشتن به‌ مەرامە‌كانی‌ خۆی، ئێوه‌ی‌ ده‌وێ. پشتی‌ یه‌كدی چۆڵمه‌كه‌ن‌ و یه‌كگرتووبن، دڵنیابن، ‌گه‌ر دوژمن هه‌نگوینتان ‌بداتێ، ‌ژاری تێکردووە.

2. هیچ جۆرە ناپاکییەک له‌ یه‌كدی مه‌كه‌ن‌‌، چونکە ناپاککاران لای خودا و گەل ڕووڕەشن.

3. به‌ سوێنده‌ درۆ‌كانی دوژمنان هه‌ڵ مه‌خه‌ڵه‌تێن. ‌گه‌ر هه‌زارجار سوێندتان بۆ بخۆن، ئامانجیان‌‌ له‌نێوبردنتانه‌‌‌!

4. باوه‌ڕبكه‌ن، چه‌ن جار داوام له‌ خوا كردووه،‌ ‌گه‌ر بمرم، به‌ شێوه‌یه‌ گیانم ده‌رچێ، كه‌‌ ڕووسووری‌ لای‌ خوا ‌و په‌یامبه‌ر ‌و نه‌ته‌وه‌كه‌م بم. هەر ئەو جۆرە مردنەش، سه‌ركه‌وتنی‌ راسته‌قینه‌یە.

بەڵام، ئایا سەرکردەی پارتەکانی هەر چوار بەشەکەی (کوردستان)، هیچ بایەخێکیان، بە ئەو دووڕ و گەوهەرانەی ڕاسپاردەکەی پێشەوای ڕەوانشاد داوە؟!! کەڵکیان لێ وەرگرتووە، تا مێژوو بە خراپترین شێوە، خۆی دووبارەنەکاتەوە، یا لەبیر خۆیانیان بردووەتەوە، بۆئەوەی ئامانجە تەسکەکانی پارتەکەیان بەدیبێنن؟!! ئاخر بۆیە بە هیچ نابین، چونکە کەڵک لە ئەزموونەکانی ڕابووردوو وەرناگرین!

هه‌زاران دروود بۆ گیانی پاکی قازی نه‌مر، یاد و یادگاره‌کانی هه‌ر زیندووبن.

مردن و سه‌رشۆڕی، بۆ داگیرکه‌رانی (کوردستان) و ناپاکانی کورد.

 

تێبینی: ساڵی (2020) لە بەرهەمی (21 کەسایەتی کورد) و لاپەرە (144-158)، بە دوورودرێژی، لەسەر ڕەوانشاد (قازی)م نووسیوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×