(7) سەدە لەمەوبەر، چی ڕوویدا؟!!

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2020-08-27     813

سەرەتا
لە ئەو ڕۆژەوە، ئیمپراتۆریای (میدیا 700- 550پ.ز.) ڕوخاوە، فارسە (ئەخمینی)یەکان، دەسیان بەسەر ئیمپراتۆریاکەدا گرتووە، تا ساڵی (643ز.)، لەشکری عەرەبە موسوڵمانەکان هاتوون و (کوردستان)یان داگیرکردووە، کورد هەر لەژێر دەسی فارسەکاندا بووە. بەڵام گرفتی سەرەکی کورد، لە ئەو کاتەوە دەسپێدەکا، کاتێ هەردوو ئیمپراتۆریای (عوسمانیی) سووننە، ساڵی (1299ز.) لە (توورکیا)ی ئەوڕۆ و (سەفەویی) شیعە، ساڵی (1501ز.) لە (تەبرێز) دامەزران.
پێوەندیی نێوان ئەو دوو ئیمپراتۆریا گەورەیەی ئیسلامیی سووننە و شیعە، هەر لە سەرەتاوە خراپبووە و هەرگیز ڕێک نەبوون. هۆکەشی بۆ جیاوازیی ئایینزایی دەگەڕێتەوە. جگە لە ئەوەی، توورکە مەگۆلەکانیش، هەمیشە چاویان لە ئەوە بڕیبوو، دەسەڵاتی فارسەکان لە نێوچەکەدا نەهێڵن و خاکەکەیان داگیرکەن. ئەمەش بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ، کاریکی زۆر خراپی، لە (کوردستان) کردووە. با بزانین، چۆن؟!!
ئەو کاتە، (کوردستان) لەبندەسی ئەو دوو ئیمپراتۆریا گەورەیەدا بووە. وەک هێندێ سەرچاوەی مێژووییش دەڵێن: کورد (36) میرنشینی گەورە و گچکەی نیمچەسەربەخۆی هەبووە، لە نێوان ئەو دوو زلهێزەی نێوچەکدا دابەشبوون. بەڵام لەبەرئەوەی کورد لەگەڵ فارسەکاندا، ئایینزاکەیان جیاوازبووە، (شا ئیسماعیلی سەفەویی)، هەڵسوکەوتی لەگەڵ کوردەکانی بندەسیدا، زۆر خراپووە و ویستوویەتی، کوردەکان بەزۆر بکا بە شیعە و واز لە ئایینزاکەی خۆیان بێنن، لەبەرئەوە زۆری لێ کووشتوون بەشێکی زۆریشی، بۆ نێوچەی (خۆراسان) ڕاگواستووە. جگە لە ئەوەی، کوردەکان لە ئیمپراتۆریای (عوسمانیی)یەوە نزیکتربوون، چونکە یەک ئایینزای هاوبەش کۆیکردبوونەوە.
هەروەها مەلایەکی وەک (ئیدریسی بەدلیسی)ش، ڕۆڵێکی زۆر خراپی بینیوە و هانی کوردەکانی بندەسی توورکە مەگۆلەکانی داوە، دژی فارسە سەفەوییە شیعەکان، پشگیریی توورکە (عوسمانیی)ە سووننەکان بکەن. لەبەرئەوە جەنگێکی گەورەی ماڵوێرانکەرانە، لەسەر خاکی (کوردستان)، لە نێوان ئەو دوو ئیمپراتۆریا گەورەیەدا هەڵگیرساوە.

جەنگی (چاڵدێران)
ڕۆژی (23. 8. 1514ز.)، لە نێوان سوڵتان (سەلیم) و شا (ئیسماعیلی سەفەویی)دا، جەنگێکی درێژخایەنی ماڵوێرانکەرانە بەرپابووە. ئیدی لە ئەو کاتەوە، (کوردستان) وەک گۆڕەپانی جەنگی لێهاتووە، لەشکری توورک و فارس، بە ئارەزووی خۆیان تەراتێنیان تێدا کردووە.

کورد و توورکە عوسمانییەکان
ساڵی (1515ز.)، سوڵتان (سەلیم) ڕێی بە مەلا (ئیدریسی بەدلیسی) داوە، ڕێککەوتنێکی نەتەوەیی، لەگەل سەرۆک تیرە و هۆزەکانی میرنشینەکاندا سازکا. لە بەرانبەریشدا، سوڵتان و مەلا (ئیدریس)، لەسەر ئەم خاڵانە ڕێککەوتوون:
ئیمپراتۆریای (عوسمانیی)، دان بە سەربەخۆیی کاروباری نێوخۆیی میرنشینەکانی بندەسیاندا بنێ.
دەسەڵاتی میرەنشینەکان بۆماوەیی بێ، لە باوکەوە بۆ کوڕ یا لە براوە بۆ برا بگوێزرێتەوە.
هەر کاتێ میرنشینەکان، تووشی مەترسییەکی دەرەکیی بوون، سوڵتان بیانپارێزێ.
میرنشینەکان ساڵانە، باج بە دەوڵەتی عوسمانیی بدەن.
میرنشینەکان دژی دوژمنانی عوسمانیی، بەشداريی لە جەنگدا بکەن.
لە گوتاری نوێژی هەیینیدا، ناوی (سولتان) بێنن و نزای سەرکەوتنی بۆ بکەن.


ڕێککەوتنەکانی نێوان هەردوو ئیمپراتۆریاکە

دوای ئەوەی جەنگێکی درێژخایەن، لە نێوان هەردوولایاندا بەرپابوو، نزیکەی ماوەی (100) ساڵێکی خایاندووە، خەڵکێکی زۆر لە هەردوولا و خەلکی نێوچەکە کوژراون، زیانێکی زۆر بەر دانیشتووانی نێوچە جیاوازەکانی (کوردستان)یش کەوتووە. نزیکەی هەردوولا، بە ئەو ئەنجامە گەیشتوون، پێویستە بە گفتوگۆ و ڕێککەوتن، کێشە و گرفتەکانی نێوانیان چارەسەرکەن. لەبەرئەوە چەن ڕێێکەتنامەیەکیان واژۆکردووە.
1. ڕێککەوتننامەی (ئەماسیە)، ساڵی (1555ز.) بوو. واتە دوای (44) ساڵ جەنگ و کوشتار، لە نێوانیاندا مۆرکراوە. بەپێی بەندەکانی ئەو ڕێککەوتننامەیە، هەردوو لایەنی توورک و فارس، بە شێوەیەکی فەرمیی ڕێککەوتوون، (کوردستان) لە نێوخۆیاندا دابەشکەن و هێڵی سنووری نێوانیان دیاریکەن، بە تایبەتی لە نێوچەکانی (شارەزوور، قارس و بایەزید)، چونکە چەن نێوچەیەکی کوردیی خاوێن بوون! هەڵبەتە ئەم ڕێککەتننامەیە، زۆر سەرکەوتوو نەبووە، جێبەجێ نەکراوە و ناکۆکیی نێوانیان، هەر بەردەوامبووە، بۆیە چەندین ڕێککەوتننامەی دیکەیان مۆرکردووە.
2. ڕێککەوتننامەی (زەهاو)ى ساڵی (1639ز.)، لە نێوان سوڵتان (مورادی چوارەم) و شا (عەبباسی سەفەوی)دا، لەبەر ڕۆشنایی ڕێککەوتننامەی (ئەماسییە) مۆرکراوە. ئامانجەکەشی ئەوەبوو، سنوورەکانی نێوان هەردوو ئیمپراتۆریاکە، بە تەواویی دەسنیشانکەن و ڕێکیخەن. ئەم ڕێککەوتنەش هێندەی دیکە، کێشەی کوردی ئاڵۆزترکردووە!
3. پاشان چەندین ڕێککەوتننامەی دیکەش، لە نیوانیاندا مۆرکراوە، وەک ڕێککەوتننامەکانی (ئەرزڕۆمی یەکەمى1823، ئەرزڕۆمی دووەمى1847، تاران 1911 و ئەستانە1913).

ئامانجی ڕێککەوتنەکان
ئامانجی سەرەکی ئەم ڕێککەوتننانە ئەوە بوو، خاکی (کوردستان)، لە نێوان خۆیاندا دابەشکەن. ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد، لە یەکدی دابڕن. ئیدی بە ئەو شێوەیە، ڕەنگی سنوورێکی هاوبەشی دەسکردیان، لە نێوان هەردوو ئیمپراتۆریاکەدا ڕشت، کێشەی کوردیش، وەک نەتەوەیەکی چەوساوە و خاک داگیرکراو، هێندەی دیکە سەختبوو، بێ چارەسەر مایەوە، بە تایبەتی لە سەرەتای سەدەی (19)ەوە، بیری ئازادیی و سەربەخۆیی، لەنێو گەلانی جیهاندا بڵاوبووەوە. وڵاتە ئەورووپاییەکان، لەڕێی گەشتگەرانی بیانیی و مژدەدەرە ئایینییەکانەوە، پێوەندییەکی زۆریان، بە (کوردستان)ەوە کردووە، هێندێ کۆنسۆڵخانەی دەوڵەتە سەرمایەدارەکانی وەک (بریتانیا، رووسیا، فڕەنسە و ئەمێریکا)ش، سەرەداوی ئەو پێوەندییانەیان گرێداوە.
ئەم دەوڵەتانەش، هەر یەکەیان ڕۆڵێکی تایبەتییان بینیوە، هانی تیرە و هۆزە کوردەکانیان داوە، دژی هەردوو دەوڵەتی (عوسمانیی) و (سەفەویی) بووەستن، تا بەرهەمی کارەکانی خۆیان، لە سامانی نێوچەکە بچننەوە و دەسەڵاتیشیان، لەنێو ئەو دوو دەوڵەتەدا پەرەبستێنی، بە تایبەتی لەنێو دەوڵەتی (عوسمانیی)دا، چونکە لە (ئەورووپا)وە نزیکبووە، نێوچەیەکی ستراتیژیی و جیۆپۆلێتیکی گرنگیشی هەبووە. لە ئەم کارەشدا و بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجانەش، پشتیان بە کورد بەستووە، چونکە لە لایەکەوە نەتەوەی کورد، داوای مافە ڕەواکانی خۆی کردووە. لە لایەکی دیکەشەوە، تۆپۆگرافیای (کوردستان)یش، بۆ ئەو جۆرە کارانە، زۆر لەباربووە.

ئەنجام
کورد لە سەرانسەری مێژوودا، یەک دەوڵەتی نەتەوەیی یەکگرتووی نەبووە، بەڵام تا سەرەتای سەدەی (16)، خاکی (کوردستان) هەر یەک پارچە بووە. جەنگی (چاڵدێران) و ڕێککەوتننامەی (زەهاو) لە مێژووی کورددا، بە سەرەتای خاڵیکی گرنگی وەرچەرخان و چارەنووسساز دەژمێررێن.
ئیمپراتۆریای ئیسلامیی توورکە سووننەکان، بە یارمەتی سەرۆک تیرە و هۆزە ناپاکەکانی کورد، بەسەر ئیمپراتۆریای ئیسلامیی فارسە شیعەکاندا سەرکەوتووە. لە ئەنجامیشدا، پەیماننامەی (زەهاو) لە نیوانیاندا مۆرکراوە، بۆ یەکەمین جار لە مێژوودا، (کوردستان) دوولەتکراوە و نەتەوەی کوردیش، زەرەرمەندی یەکەم بووە.
ئەوڕۆ نزیکە (506) ساڵ بەسەر جەنگی (چاڵدێران) و (381) ساڵیش، بەسەر ڕێککەوتننامەی (زەهاو)دا تێپەڕدەبێ، نەک هەر خاکی (کوردستان)، سەربەخۆ و نەتەوەی کوردیش سەربەست نییە، بەڵکوو لە سایەی ڕێککەوتننامەی (سایکس پیکۆ _ 1916)شەوە، خاکەکەی لە نێوان چوار دەوڵە داگیرکەرەکەی (توورکیا، ئێران، عێراق و سووریا)دا دابەشکراوە.
هەرچەندە تا ئەندازەیەکی زۆر، کێشەی کورد لە کێشەیەکی نێوچەیی و هەرێمایەتی ڕزگاریبووە، وەک کێشەیەکی نێودەوڵەتی لێهاتووە، بەڵام تا ئاسۆیەکی دووریش، هێشتا ترووسکەی هیچ هیوایەک دیار نییە، ئەم نەتەوە چەوساوە بندەسە، لەدەس دیلیی ڕزگاریبێ و دەوڵەتی یەکگرتووی خۆی دامەزرێنێ!

    سەرچاوە
1. دکتور عبدالله محمد علي العلياوى، جذور المشكلة الكردية، أستاذ التاريخ الحديث المساعد، جامعة صلاح الدين/ أربيل.
2. دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز، کورد و شۆڕش و هەلی مێژوویی، لە بڵاوکراوەکانی کتێبی هەرزان لە سوید، چاپی یەکەم، ستۆکهۆڵم، 1996، ل 26-28.
Top of Form


وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×