هەڵەبجە زامدارەکەم...

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2021-03-16     491
لە ئەو ڕۆژەوە (16. 3. 1988)، شارۆچکەی شیرینی (هەڵەبجە)کەم، خەڵتانی خوێن کراوە ... لە ئەو ڕۆژەوە، پارچەیە لە دڵی نیشتمانەکەم، بە بۆمی کیمیاویی خنکێنراوە، لە ئەو ڕۆژەوە، خوشکان و دایکانی شارەکەی (عومەری خاوەر)، بەرگی خەمی ڕەشیان پۆشیوە ... زۆرم لەسەر کارەساتی مەرگچێنی (هەڵەبجە)کەم نووسیوە.
بەڵام ئەم جارە و لە یادی (33) ساڵەی پڕ لە خوێن و ماڵوێرانیدا، هەر هێندە دەڵێم:  تاوانبارانی کیمیاباران و ئەنفالەکان، پێوەندیی بە چەن لایەنێکەوە هەیە:
دەوڵەتی داگیرکەری (بەعس).
هەرچەندە زۆر لە سەرکردەکانی سزای ڕەوای خۆیان وەرگرت، بەڵام ئەو لاپەرەیە، بە کەوتنی (بەعس) پێچرایەوە..
جاشە کوردەکان.
ئەمانیش لە دوای ڕاپەڕینەوە، بەر لێبووردنەکەی سەرکردایەتی (بەرەی کوردستانیی) کەوتن و ناپاکییەکەیان، بە نیشتمانپەروەریی بۆ ئەژمارکرا. ئێستەش زۆربەیان، ئەندامی (پارتیی) و (یەکێتی)ن و جیاوازییەکی زۆریان، لەگەڵ ئەندامەکانی خۆیاندا نییە!
سەرکردایەتی پارتەکانی (کوردستان).
هەڵبەتە هەر لە سەرەتاوە نەیانویستووە، زۆر بە کوڵودل، چارەسەری ئەم کێشە نەتەوەییە گرنگە بکەن، ئێستەش خۆیان لێ کەڕکردووە!
پێم وایە: ئەم گرفتە نەتەوەییە زۆر گرنگە. بەڵام دەبووایە، دوای ڕاپەڕین ئەو کارە بکرایە. وا بزانم، تازە کاتی بەسەرچووە و هیچ لایەنێکیش، لەبەر خەمی پارە و دەسەڵات، دوای ئەو کێشە گرنگە ناکەوێ!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×