ڕۆژێکی ڕه‌ش و یادێکی غەمگین - 2

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2023-06-11     253

ئەم چەن زنجیرە وتارە، بە بۆنەی (60) ساڵی ڕێک، تێپەڕبوون بەسەر قەدەغەکردنی هاتوچۆ و ڕەشەکوژییەکەی شاری (سولەیمانی) ڕۆژی (9. 6. 1963)وە نووسراوە.

 

بەشی دووەم: یاد و بیرەوەری

يەكەمين كۆدەتای بەعس

نازانم، هۆی چی بوو، بۆ جاری دووەم، باوكميان لە قوژبنی گرتووخانەی سەرەوە توندكردەوە. زۆر نيگەرانبووين و هەموو ڕۆژێکی هەيينی، سەرماندەدا. بەڵام زۆری نەخاياند و ئەوەی چاوەڕێمان نەدەكرد، ڕوويدا. ئەو کاتە تەمەنم (13) ساڵان بوو.

ڕۆژێ لە سەرجادەی گەڕەکی (شێخان) بوو بەهەرا و دەنگەدەنگ پەيدابوو. خێرا چوومەدەرەوە، تەماشامكرد، خەڵکێکى زۆر وەستاون و گوێ لە ڕاديۆ دەگرن، وێزگەی (بەغدا) پەيتاپەيتا، بڵاوكراوەی دەخوێندەوە و سروودی شۆڕشگێڕانەی لێدەدا. دوای ماوەیە بڵاويانكردەوە، كە (عەبدولكەريم قاسم)يان گرتووە و گولەبارانيانكردووە. ئەو ڕۆژە، ڕۆژی (8. 2. 1963) بوو.

لە گەڕەکی ئێمە، جگە لە كۆمۆنيستەكان، هەموو خەڵکی پێيان خۆشبوو، چونكە زۆربەيان (پارتيی) و پێشمەرگە بوون. هەر دوای چەن ڕۆژێكيش، دەرگەی گرتووخانەكان كرانەوە و هەموو گيراوەكانيش بەربوون. جا ئيدی دەبێ، چی لە ئەوە خۆشتربێ و بۆ پێم ناخۆشبێ، كۆدەتاچييەكان سەركەوتوون، لای من گرنگ ئەوەبوو، باوكم بەرەڵابوو!

 

قەدەغەكردنی هاتوچۆ

گفتوگۆی نێوان هەردوو سەركردايەتی (پارتيی) و (بەعس)، زۆری نەخايان، هەمووی دوای (4) مانگ، سوپای دەوڵەتی داگيركەری (عێراق)، پەلاماری (كوردستان)ی دايەوە، دووبارە جەنگ و ناخۆشی دەسيپێكردەوە. ڕەوشی (كوردستان) بەگشتيی و باری نێو شاری (سولەيمانی) بە تايبەتی، بەتەواوی تێکچوو.

ئەوەبوو، لە بەرەبەیانی ڕۆژی (9. 6. 1963)، فەرماندەی لیوای (20) زەعیم (سدیق مستەفا)، بە فرمانێکی پۆخڵ، هاتوچۆی له‌ شاری (سوله‌یمانيی) و ده‌وروبه‌ره‌که‌ی قه‌ده‌غه‌کرد‌. بڵندگۆ بە هەموو جادە و شەقامەكانی نێوشاردا دەگەڕا و قەدەغەكردنەکەی ڕادەگەياند. لە هەمان كاتيشدا، لە هەموو لايەكەوە، دەنگی تەقەيەكی زۆر دەهات، ئاگرباران بوو، مەرگ لە دەرگەی ماڵی هەموو کوردێکی دەدا، به‌ ده‌یان ڕۆڵه‌ی کوردیان، خه‌ڵتانی خوێن کرد.

باوكم لە نەخۆشخانە گەورەکەی سەرەوە برینپێچ بوو. ئەو شەوە بەڕێککەوت ئێشكچى بوو. ئێمەش نەماندەزانی، چی ڕوويداوە و زۆر دەترساين. لە پەنجەرەی ژووری سەرجادەكەوە، تەماشای دەرەوەم دەكرد، جگە لە زيلی سەربازیی و ترومبيلەكانى پۆليس، سەگ و پشيلە بەرەڵاکانی سەرجادە و کۆڵانەکانی گەڕەك، لە ئەوە زیاتر هیچی ديكە نەدەبينرا. هەموو سەرجادە و نێوكۆڵانەكان چۆڵبوون و چۆڵەکەبەکوژیان تێدا نەبوو. هەر كەسێ لە ماڵی خۆی بێدەنگ دانيشتبوو، كەس نەيدەزانی، چ چارەنووسێكی ڕەش چاوەڕێيدەكا!

هێندەی پێ نەچوو، سەرجادەكەی بەرماڵی ئێمەش پڕبوو، گوێم لێبوو، كۆمەڵێ سەربازی عەرەب دەنگیاندەهات و جنێويان بە خەڵك دەدا. لە ئەو ڕيزەماڵەی ئێمە، لە پێش هەموو كەسێكدا، ڕەوانشاد (شێخ سەلامی بەردەزەردی) دووكانداريان گرت، لێياندەدا و بە پاڵ برديان، ئەويش هەر هاواريدەكرد. ترومبيلێكی سەربازیی گەورە وەستابوو، لە خەڵکی گەڕەک جمەيدەهات و ئەويشيان تێترنجاند. لەسەر جادەكە، تەنيا دوو ماڵی لێ بوو: ماڵی ئێمە و (ساڵحی ميسری). لە كۆڵانەكەی تەنيشتيشماندا، ئەم بەر و ئەوبەر ماڵ بوو، بەڵام سەير ئەوەبوو، كەس لە دەرگەی ئەو ڕيزەماڵەی ئێمەی نەدا! ئەم كشوماتيی و بێدەنگييە، ئەم ڕەشبگيریی و كوشتنوبڕينە، دوو ڕۆژی خاياند، دوای ئەوە بە بڵندگۆ هاواريانكرد، خەڵک بۆی هەيە، ماوەی (2) كاژێر هاتوچۆبكەن و لە بازاڕ، پێويستييەكانی ژيانی ڕۆژانەی خۆيان بكڕن!

 

مۆڵەتێکی كورت و ڕەوتی ڕووداوەكان

كاتێ چووينەدەرەوە، ئينجا زانيمان، خەڵکی گەرەکەکەمان چييان بەسەرهاتووە. زۆربەی زۆری ئەو ماڵانەيان پشكنيبوو، پياويان تێدا نەهێشتبوو، هەموويان گرتبوون.

من و ڕەوانشاد ملازم (كەريمى شێخ سەلام)، بەرەو مزگەوتى گەورە ڕۆيشتين. خەڵك دەستەدەستە، سەريان لە باخى نەخۆشخانەكەى بەرانبەر مزگەوتەكە دەدا، ئێمەش چووين و سەيرمانكرد، پياوێ كەوتووە، دەسێ جلى مراخانى لەبەردابوو، جامانەيەكى بەسەرەوەبوو، هەموو سەروچاوى بە خوێنێكى وشكەوەبوو سواغدرابوو، جەستەى بە تەواوى ئاوسابوو، بۆنیكردبوو، مێشێکی زۆر تێياندابوو، لە ئەو ناوەدا، بێ خاوەن فڕێدرابوو، كەسيش نەيدەوێرا، هيچ بڵێ، يا خۆی بكا بە خاوەنى.  

لە ئەو لاشەوە، وەجاخە دەسگێڕەکەی كەوتبوو، دياربوو، بە لەقە بۆيان قوپاندبوو، هەموو پياڵە و ژێرپیاڵەكانيشيان شكاندبوو. ئيدى ئەو خەڵکەی دەيانبينى، دڵیان ژانی دەکرد و بۆی پڕدەبوو، كەمێ تەماشاياندەكرد و دەڕۆيشتن. ئێمە دوايى زانيمان، ئەو پياوە كوردە هەژارە ڕەوانشادە، (نامدار)ی چایچی بوو. هەموو ڕۆژێ بەيانيان زوو، لە ماڵەوە دەردەچوو، چاى بە كرێكارەكان دەفرۆشت. ديارە ئەو بەيانييە، ئاگای لە بڕياڕى قەدەغەكردنى هاتوچۆ و ڕەشبگیرييەكە نەبووە، لەبەرئەوە ديويانە و لە دوورەوە دەسڕێژيان لێ كردووە، پاشان تەرمەكەيان، لەنێو ئەو باخەدا فڕێداوە، هەر وەك چۆن (خولەبوز)یشیان، بە ئەو شێوەیە كوشتبوو، كە شێتێکی فريشتەئاسای شارەکەمان بوو،  ئاگای لە هيچ نەبوو!

 

نەخۆشخانە گەورەکەی سەرەوە

هێندەم زانى، باوكم بە ترومبيلى فرياكەوتنى خێراى نەخۆشخانە هات، سەدرييەكى سپی لەبەردابوو، خۆی بە ماڵا كرد و گوتى: خەڵکێکی زۆر كوژراو و بريندار هەيە. سەرم لە ماڵی باوكم داوە، (بەكر)ی برام لە ئەوێ نەبوو. بەڵام (عومەر) زۆر پەرێشانە، بڕيارمداوە، لەگەڵ خۆم بيبەم بۆ نەخۆشخانە، تۆش خۆت كۆكەرەوە، لەگەڵ ئەودا وەك نەخۆش دەتانخەوێنم.

مامم (شێخ عومەری بەقاڵ)، بە تەواويى تێکچووبوو. چونکە بەرانبەر ماڵی باپيرم، دەسڕێژیان لە دايك و كوڕێ كردبوو، (شەمسە)خان و (جەليل)ى نانەوا، هەردووكيان بەسەريەكدا كەوتبوون و گيانيان دەرچووبوو. ئەويش لە پەنجەرەی ژوورەكەى خۆیەوە، ئەمەى بە چاوی خۆی ديبوو، ئيدى بە جارێ فريشكی كەوتبوو!  

پاشان مامم بەپەلە هات. هێشتا كەمێكى مابوو، ماوەى هاتوچۆكردنەکە تەواوبێ. ئيدى هەردووكمان، خۆمان گەياندە نەخۆشخانەى سەرەوە. پێش ئەوەى ئێمە بگەين، باوكم بەهۆی دوكتۆرێكى ناسياوييەوە، مامە (عومەر)ى بە نەخۆش و منيشى، بە هاونەخۆش تۆماركردبوو. كراسى سپی نەخۆشخانەمان وەرگرت و لەبەرمانكرد. لە هۆڵێکی گەورەدا، لەسەر دوو قەرەوێڵە لێی پاڵكەوتين. ماميشم زۆر پەرێشانبوو، هەر شتى لێكدەدايەوە و ترسابوو. جاروبار لە دوورەوە، دەنگی تەقە دەهات، وا دياربوو، هێزەكانى سوپای داگيركەر، هێشتا پلانەكەى خۆيان، بە تەواوى جێبەجێ نەكردبوو، هێشتا ئامانجەكانى خۆيان نەپێكابوو!

دوو ڕۆژمان بە ئەو شێوەيە بەڕێكرد و هيچ شتێ نەبوو. سەرى سێيەمين ڕۆژمان بوو، زۆرم لە مامم كرد، سەرێ لە دەرەوە بدەین و هەوايەكى خاوێن هەڵمژین. هەر هێندە، كەمێ لەبەر ژوورەكەى باوكمدا دانيشتين، دوو مدەڕەعە و پیکابێکی سەربەتاڵ هاتن. پیكابەكە لەبەردەمى ئێمەدا وەستا، پڕبوو لە بريندار. لەنێو بريندارەكاندا، كاك (عەلى) فەڕاشى نەخۆشخانەکەی (سەييدسادق)ى تێدابوو، يەكسەر ناسيمەوە. چونکە کاتی خۆی، باوکم لە ئەوێ کاریدەکرد. بە باوكمى گوت: (جەمال)ى براميان، لەبەردەمى دايكمدا گوللەبارانكرد.

باوكم دوايى گوتی: هەموو ئەو بريندارانەيان لە (عەربەت) و (سەييدسادق)ەوە هێنابوو. ئەمە ئەوە دەگەێنێ، تەنيا هەر لەنێو شاری (سولەیمانی)، ئەو ڕەشبگیریی و کوشتارە ڕووی نەداوە، بەڵکوو لە دەوروبەری شاريش، ئەو كارە چەپەڵەیان كردووە، خەڵکێکی زۆريشيان، بريندار و شەهيد كردووە!

ئيدى کاتێ مامم گوێی لە ئەو قسانە بوو، بەپەلە هەستا و گوتى: وەرە ژێر باڵم، با بچینەژوورەوە. پاشان گوتى: ئاخر من لە ماڵەوە، لە ترسى ئەم بەزمە ڕامكردووە، بەڵام وا ديارە، ئێرە خراپترە، گەر بەيانى هاتوچۆكرايەوە، يەكسەر دەردەچم. ئەوەبوو، بۆ سبەینێ هەردووكمان لە نەخۆشخانە دەرچووين.  

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×