ئایا (حەج) فرمانی خوایە، یا دابونەریتی عەرەب؟!

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2023-01-28     710

ئەو شوێنەی باوەڕداران، بە ناوی (کەعبە)وە ڕوویتێدەکەن، لە وشەی (مکەعب)ەوە وەرگیراوە. واتە: (چوار ڕەهەند، خانوویەک درێژی، بەرزيی و پانیيەکەی، یەک پێوانەیان هەبێ). عەرەبەکان خانووەکانیان، لەسەر ئەو شێوەیە درووستکردووە. بەر لە یەکخستنی هەموو کەعبەکان، لە نیوەدوورگەی عەرەب، ژمارەیان (28) کەعبە بوو، خەڵک ڕوویانتێدەکردن. بەڵام ڕابەری ئیسلام، هەموو کەعبەکانی لەناوبرد و تەنیا هەر کەعبەکەی (مەککە)ی هێشتەوە. دەنگۆی ئەوەش هەیە، سەرەتا کەعبەی ڕاستەقینە، شوێنەکەی (ئەلبەترا) و لە (ئووردن)یش بووە. چونکە هەموو مزگەوتە کۆنەکانی، کە (خالیدی کوڕی وەلید)، لە ئەو وڵاتانە، لە سەردەمی (فەتح)دا درووستیکردبوون، هەموویان ڕوویان لە کەعبەکەی (ئەلبەترا) بووە، نەک (مەککە). هۆزی بەناوبانگی (بەنی هاشم)يش، هەر لە ئەو شوێنە بوون، کە هۆزی ڕابەری ئیسلام (موحەممەد) بووە. بەڵام لە سەردەمی جێنشینی (ئومەوی)يەکاندا، ئەو شوێنە لەناوبراوە و کەعبەی (مەککە)یان، کردووەتە ڕووگەی موسوڵمانان، کە شوێنی (ئومەوی)يەکان بوو.

ئەمانەش ناوی هێندێ لە ئەو کەعبانەن، کە لە سەردەمی پێش ئیسلامدا هەبوون: وەک (ذو الخلصة، نجران، شداد الابادى، غطفان، بیت العزی، بیت المناة، بیت اللات، بیت رضا، ایلیاء باعلی نخلة، رئام في بلد همذان) و زۆری دیکەش.

بەڵام گەر سەیری دابونەریت و ئەرکەکان (مەناسیک) بکەین، هەمان دابونەریت و ئەرکى سەردەمی پێش ئیسلامن. بۆ نموونە: سەربڕینی ئاژەڵ (قوربانی کردن)، سووڕانەوە بە دەوری بەردەڕەشەکەدا، داپۆشینی کەعبە بە پەردەیەک.

کەچی کەعبەکەی (مەککە)، لەبەرئەوەی بەردەڕەشەکەی لێ بووە، بۆ هەموو عەرەب، وەک پایتەختێکی لێ هاتبوو، هەر لە ئەو سەردەمەوە تا ئێسته، لە ئەم شوێنەدا، لە پاڵ ئاینداریدا، بازرگانی کراوە. واتە بووە بە کلتوورێک و تا ئێستەش، ئەو کلتوورە هەر ماوە. هەموو ساڵێ عەرەب دەهاتن، پێویستییەکانی حەج و نەزرەکانی خۆیان، لە ئەو شوێنە جێبەجێدەکرد.  قوربانيیەکانیان سەردەبڕی. یەک جۆر (تقوسی) هاوبەشی ئايینیيان پێڕەودەکرد. یەک خوایان دەپەرست، بە (ئەڵڵا) ناسرابوو. دواتر ئەو ناوە، بۆ ناو ئايینی ئیسلام گوازراوەتەوە و خواکەی (موحەممەد)یش، هەر ئەو (ئەڵڵا)یەیە. قورئان خۆشی دان بە ئەو ڕاستیيەدا دەنێ، کە عەرەبەکانی پێش ئیسلام، بڕوایان وابووە، (ئەڵڵا)کەی کەعبە، (رب العالمین) و (خالق السماوات و الاض)ە.

هەندێ لێکدانەوەی تریش وایکرد، (مەککە) ببێ بە بارێکی سەپاو، بۆئەوەی حەجێ لێ بکرێ. بۆیە هەر ئەمه هانیدان، عەرەبەکان کلتووری ئایينیی و فەرهەنگی عەرەبيی کۆپیبکەن، وەک کەڵکوەرگرتن لە هۆنراوەکانی سەردەمی نەزانین (جاهیلی)، هەر وەک پێش ئیسلامیش دەیانگوت: (لبیك اللهم لبیك، لبیك لا شریك لك). تەنيا ئەوەندەیان لێ لادا، کە دەڵێ: (لا شریك هو لك، تملکە و ما ملك). تەنانەت مانگە قەدەغەکراوەکانی پێش ئیسلاميش، هەر هەمان ئەو مانگانەن، کە لە سەردەمی ئیسلام دووبارە قەدەغەکراونەتەوە. هەروەها حەجکردنيش لە مانگی (ذی الحجە)دا، لە پێش ئیسلام و دوای ئیسلاميش، هەر هەمان مانگن.

تەنانەت دابونەریت و ئەرکەکان، پێش ئیسلام لە ڕۆژی نۆی (ذی الحجە)دا جێبەجێکراون، لە دوای ئیسلامیش، هەر وەک خۆی ماونەتەوە. ناویان لێ ناوه (تاسوعا و عاشورا). ئەوە جگە لە ئەوەی، شوێنەکانی (سەفا و مەروە، مینا و موزدەلیفە، شوێنێ بەردباربانکردن و عەرەفات)یش، پێش ئیسلام چۆن بوون، دوای ئیسلامیش، هەر بە ئەو شێوەیە ماونەتەوە. هەروەها قژبڕین و قژکورتکردنەوە، شوێنی بەردگرتنە ئەهریمەن و (7) جار خولانەوە بە دەوری کەعبەدا، هەر وەک خۆیەتی. جگە لە ئەوەی، گەشتی (عەمرە)ش پێش ئیسلام چۆن بووە، دوای ئیسلامیش نەگۆڕاوە، کە بە شێوەیەکی ئازادانە کراوە، لە هەر مانگێکدا بووایە. ئیتر ئەو دابونەریتە عەرەبیيەیان، کرد بە فرمانی خوا و بەسەر خەڵکدا سەپاندیان.

ئیدی بە ئەم شێوەیە، ئاینێکی تازەیان بە ناوی خوا و شەريعەتەوە درووستکرد، بە باڵادەستی خۆیان ئایين، شەریعەت، زمان و دابونەریتەکانیان، بەسەر گەلانی موسوڵمان و ناموسوڵماندا سەپاند.

 

سەرچاوە: فراس السواح، موسوعة تاريخ الاديان، الشرق القدیم، الکتاب الثانی، مصر، سورية، بڵاد الرافدین، قبل الاسلام، الطبعة الرابعة، دمشق ــ سوریا، 2017، ل 400 – 405.

تێبینی: ئەم وتارە، لە بەڕێز (فوواد عوسمان کەڵهوڕی)یەوە وەرگیراوە. بەڵام دوای ئەوەی ڕەزامەندی خۆیم وەرگرتووە، بە زمان و داڕشتنەکەیدا چوومەتەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×