کێ بە ڕاستی باوکی هەژارانە؟!
دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
2020-12-11   1002
بە داخەوە، لەنێو کورددا، هەر
سەرکردەی پارتێ، هەر دەسەڵاتدارێکی گەورە، کەمێ چاکەبکا و ناودەرکا، لە هێندێ کەس
و سەرکردەی پارتەکانی دیکە، جیاواز و باشتر بێ، ئیدی ڕەشەخەڵکەکە و
دەسوپێوەندەکانی، بە شانوبازوویدا هەڵدەدەن، بە دەیان بەیتوبالۆرەی بۆ دەهۆننەوە،
هەر ئەوە دەمێنێ، وەک فریشتەی ئاسمانی بەرین، لێی بڕوانن و بە فریاڕەسی، هەموو
کاروبارەکانی خۆیانی بزانن، بێ ئەوەی بە شێوەیەکی ڕاستی بەویژانانە، کەسایەتیی
هەڵسەنگێنن، بە قووڵی سەرنج لە دید و بۆچوونەکانی، کار و کردەوەکانی، تێڕوانین و هەڵسوکەوتەوکانی
بدەن!
ئەز پێم وایە، ئەوەتەی کورد دووگوێی
لێ ڕواوە، چ لەنێو پارت و ڕیکخراوە ڕامیارییە سیکولارەکان، چ لەنێو پارتە ئیسلامیی
و کەسایەتییە ئایینییەکانیشدا، هیچ سەرکردەیەکی کورد نەبووە و نییە، شایانی ئەوە
بێ، نازناوی باوکی هەژارانی پێ ببەخشرێ!
ئاخر هەرچەندە، لە مێژووی ژیان،
ڕەوشت، کار و وتەکانی، چەن سەرکردەیەکی مەزنی جیهانیی وەک (ماتما گاندی 1869-1948،
نیلسۆن مەندێلا 1918-2013 و خۆسی ئەلبەرتۆ 1935-) دەکۆڵمەوە، شەرمدەکەم، یەکێ لە
سەرکردە یا ڕابەری پارتەکانی (کوردستان)ی مەزن، بە باوکی هەژاران بناسێنم. بۆ؟!
با لێرەدا تەنیا نموونەیەک، لەسەر
باوکی هەژارانی (ئۆرۆگوای) بێنمەوە، خوێنەری کوردیش خۆی سەرپشکبێ و بڕیاربدا. ئایا
هەر لە کۆنەوە تا ئەوڕۆ، لەنێو کورددا کام سەرۆک، سکرتێر و ڕابەری پارتەکانی
(کوردستان)، نەک بە پیاهەڵدان و پڕوپاگەندەی هەوادارەکانی پارتەکەی، بەڵکوو بە
ڕاستیی و درووستیی، باوکی هەژاران بووە؟!! چونکە کاتێ ژیانی (خۆسی ئەلبەرتۆ موخیکا
کوردانۆ)، ناسراو بە (بیبی)م خوێندەوە، ئینجا بە ڕاستیی تێگەیشم، کێ باوکی هەژارانە!
(بیبی) ڕۆژی (20. 5. 1935) لەدایکبووە.
جەنگاوەرێکی سەرسەختبووە، لە ڕیزەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانیی
(تۆبامارۆس)دا کاریکردووە، (3) جار برینداربووە و (6) گولەشی بەرکەوتووە، بەڵام
نەمردووە و هەر کۆڵیشی نەداوە. (6) جار گیراوە و (10) ساڵیش بەندکراوە، بە تەنیا لە زیندانێکدا بووە،
ماوەی (7) ساڵیش نەیانهێشتووە، هیچ جۆرە شتێ بخوێنێتەوە، تا ساڵی (1985)
ئازادکراوە. یەکێ لە هاوڕێکانی (جیڤارا)ش بووە. لە ئەنجامی ئەو خۆڕاگریی و خەباتە سەختەشدا،
ناووناوبانگی وەک تیشکی زێڕینی خۆر، لەنێو ڕۆڵەکانی گەلەکەیدا درەوشاوەتەوە. بۆیە
خۆشیانویستووە و ڕێزێکی زۆریان لێ گرتووە، ساڵی (2005-1010)ش دەنگیان بۆ داوە و بە
سەرۆکی (ئۆرۆگوای) هەڵیانبژاردووە.
ئەم پیاوە، تەنیا هەر لەبەرئەوەی،
لەگەڵ ویژدان و باوەڕی خۆی و گەلەکەیدا، زۆر پاک و ڕاسگۆ بووە، ڕۆڵەکانی گەل زۆر
ڕێزیان لێ گرتووە. چونکە مرۆڤێکی ئازا و خۆڕاگر بووە، لە هەموو جیهانیشدا، بە
باشترین سەرۆکی سەردەمەکەی خۆی ناسراوە. ئاخر ئەوی بە ڕاستیی، خەڵکی خۆشبوێ،
بەرژەوەندییەکانیان بپارێزێ و داکۆکییان لێ بکا، هەموو خەڵکی جیهیانیش خۆشیاندەوێ!
باوکی هەژاران
بۆچی ڕۆڵەکانی گەل، نازناوی باوکی
هەژارانیان، بە (بیبی)بەخشیوە؟ لە وەڵامدا دەڵێم:
پیاوێ سەرۆک کۆماری وڵاتێ بێ، بەرگی
سەرۆک کۆمار نەپۆشێ. پیاوێ مووچەی مانگانەکەی (500. 12) دۆلاربێ، تەنیا هەر (775)
دۆلار بۆ خۆی هەڵگرێ و (225. 11) دۆلارەکەی دیکەی، بەسەر هەژاران و ڕێکخراوە چاکەخوازەکاندا
دابەشکا، چونکە وەک خۆی گوتوویەتی: ئەوەی وەرمگرتووە، لە داهاتی زۆربەی
هاووڵاتیانی وڵاتەکەم زیاتربووە!
پیاوێ لە بانکەکاندا حسابی نەبووبێ،
ترومبیل و شوڤێری تایبەتیی و فڕۆکەی دەوڵەتی نەبووبێ، کاروانی پاسەوانی ئاشکرا و
نهێنیی نەبووبێ، تەنیا هەر ترومبیلێکی فۆکسواگۆنی بۆقیی هەبووبێ خۆی لێی خوڕیبێ.
پیاوێ کاتێ ساڵی (1915)، سەری لە (توورکیا) دابێ، خۆی و هاوسەرەکەی، لە ئوتێلێکی
سێ ئەستێرە دابەزیبن، ئیدی چۆن باوکی هەژاران نابێ؟!!
پیاوێ چەندین جار، بۆ پەرلەمان
هەڵبژێراربێ، چەندین پۆستی هەبووبێ و سەرۆک کۆماریش بووبێ، لە سەردەمی
دەسەڵاتەکەیدا، ڕێژەی هەژاریی لە (38%)ەوە بۆ (11%) دابەزاندبێ. لەچاو وڵاتەکانی
دیکەی ئەمێریکای لاتینیشدا، پەتای گەندەڵیی زۆر کەمکردبێتەوە.
پیاوێ خۆی و هاوسەرەکەی، لە خانوویەکی
زۆر پچووک و ئاساییدا بژین، تەنانەت ڕێی ماڵەکەشیان، قیرتاو نەکرابێ، ئیدی چۆن
باوکی هەژاران نابێ؟!!
پیاوێ، هێندە سادە و ساکار، بێفیز و
ڕووخۆش بێ، گەمە لەگەڵ مناڵاندا بکا، هاوسەرەکەی لە ڕێکخستندا، لێپرسراوی بووبێ،
پێکەوە گوڵیان چاندبێ و فرۆشتبێتیان، تا باری ئابوورییان باشتربێ، ئیدی چۆن باوکی
هەژاران نابێ؟!!
ئایا ئەم پیاوە باوکی هەژارانە، یا
سەرکردەی هێندێ لە پارتەکانی باشووری (کوردستان)، باوکی هەژارانن؟!! ئاخر کام
سەرکردەیان، بە هەژاریی سەریناوەتەوە،
تا باوکی هەژاران بێ؟!!
هەڵبەتە باوکی هەژاران دەبێ، بە ئەوە
قایلبێ، وەک هەژار بژی و خەمخۆریان بێ. بەڵام سەرکردەی پارتەکانی باشووری
(کوردستان)، جگە لە ئەوەی، بە زیندوویی وەک پاشا ژیاون و لە هیچیان کەم نەبووە، بە
مردووییش هەر یەکەیان، سەرو گردیان بۆ خۆیان داگیرکردووە و تەرمەکانیشیان، لە ئەو
شوێنانە بە خاک سپێرراوە. خاوەنی سامانێکی هەمەچەشنەی زۆریش بوون و بۆ نەوەکانیان بەجێهێشتووە،
پۆستەکانیشیان هەر بە میرات، بۆ نەوان ماوەتەوە!
بۆیە بڕواناکەم، تا ئێستە لەنێو کورددا، باوکی هەژاران
هەبووبێ! بەڵکوو ئەوەی دەیڵێن، لاساییکردنەوەیەکی بێتامی کوێرانەی، کەلتووری
بیانیی نەبێ، هیچی دیکە نییە. ئەو جۆرە نازناوەشی، بە لێپرسراوی پارتەکانی
دەبەخشن، پتر وەک ڕێکڵام وایە و ئەم ناوەشیان، لە (بیبی)ەوە خواستووە و هەوادارانی
پارتەکان، بۆ سەرکردەکانیان بەکاریدێنن، ئەگینا باوکی هەژاران، بە قسە و ڕێکڵامی
پارتەکان دووست نابێ، بەڵکوو بە کردەوە دەبێ و جەماوەری گەل بڕیاری لەسەر دەدا!
لە کۆتاییشدا دەڵێم: گرنگ ئەوە نییە،
باوکی هەژاران، هەژاربێ و وەک هەژار بژی، بەڵکوو گرنگ ئەوەیە، سامان و دەسەڵاتێکی
زۆری هەبێ، وەک (بیبی) باوکی هەژاران بێ! بەڵام هیچ سەرکردەیەکی پارتەکان لەنێو
کورددا، نە وەک (بیبی) ژیاون و نە وەک (بیبی)ش، بیریانکرددووەتەوە. چونکە هیچ
خەسڵەتێکی هەژارانەیان تێدا نەبووە و نییە!
تێبینی: بۆ نووسینی ئەم وتارە، کەڵک لە وتاری عەلی مەحموود موحەممەد، باوکی
هەژارانی ئۆرۆگوای بناسن، کوردستانی نوێ، ژمارە (7625)، ڕۆژی (7-8. 9. 2018)، ل 19
وەرگیراوە.
José Mujica