ئاغا و نۆکەر

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2022-09-12     445

ئەز لە ژیانی خۆمدا، ئەوەتەی ساڵی (1981)، نیشتمانەکەم بەجێهێشتووە و ساڵی (2005)، بە یەکجاری گەڕاومەتەوە، لە هێندێ وڵاتی هەردوو کەمپی سەرمایەداریی و سۆسیالیستیی، وەک (نەمسا، سوید و یەکێتیی سۆڤێت) ژیاوم. هەرچەندە ئێستە، بیر لە باری ژیانی کۆمەڵایەتی، هاوڵاتیانی ئەو وڵاتانە دەکەمەوە و لێیان ورددەبمەوە، لەگەڵ ژیانی ڕۆڵەکانی گەلی کورددا بەراوردیاندەکەم، بۆ ئەو ژیانە کولەمەرگییەی، هاوزمانەکانم هەیانە، گریانم دێ. بۆ؟!

ئاشکرایە هەر لە کۆنەوە، هەر چوار بەشەکەی (کوردستان) داگیرکراوە، لەژێردەسی نەتەوە داگیرکەرەکانی تورک، فارس و عەرەبدا بوون، وەک مرۆی پلە دوو یا خراپتر، هەڵسوکەوتیان لەگەڵ ڕۆڵەکانی گەلەکەمدا کردووە. بەڵام ئەوڕۆ لە باشووری (کوردستان)، ئەوا (31) ساڵ دەبێ، نیمچە سەربەخۆییەکمان هەیە، پەرلەمان و دەسەڵاتێکی خۆجێیی کوردیی سەربەخۆمان دامەزراندووە، ئەدی بۆچی ڕۆڵەکانی گەلەکەم، بە ئەو شێوە خراپە دەژین؟!! ئایا ئەندامانی سەرکردایەتی هەردوو باڵە خۆسەپێنەرەکەی (جەلالیی) و (مەلایی)، بە هەمان شێوەی دوژمنی داگیرکەر یا خراپتر، ڕۆڵەکانی کورد دەچەوسێننەوە؟! ئایا خۆشیان، بە هەمان شێوەی گەل دەژین، یا وەک چەن سەرکردەیەکی بێ دەرد و خەمی میلێۆنێر دەژین؟! 

ئاخر لە ئەو وڵاتانەی تێیاندا ژیاوم، ئەزموونەکانیانم دیوە، جیاوازییان لە نێوان ڕۆڵەکانی گەلەکانیاندا نەکردووە، ئێستەش زۆر بە خۆشیی و شادیی دەژین، ژیانێکی پڕ ئاسوودە و تێروتەسەلیان هەیە، پەرلەمان و دەسەڵاتەکانیان، لە ڕاژەی گەلەکانیان دان. بۆیە هەمیشە، وەک پەنجەکانی دەس یەکگرتوون، بە دڵ و بە گیان، داکۆکی لە نیشتمانەکەیان دەکەن، هەوڵێکی زۆریش دەدەن، ئەزموون و دەسەکەوتەکانی وڵاتەکانیان بپارێزن و پێشتڕیشیخەن، چونکە جیاوازیی کۆمەڵایەتی لە نێوانیاندا نییە، هەر کەس بەگوێرەی پسپۆڕیی و کار، لێهاتوویی و دەسڕەنگینیی خۆی، کاردەکا و ژیانێکی پڕ ئابڕوومەندانە بەڕێدەکا. لەبەرئەوە خاکی نیشتمان و ڕۆڵەکانی گەلەکەیان خۆشدەوێ، ڕێز لە سەرکردە و دەسەڵاتەکەیان دەگرن، دەوڵەت و دەسەڵاتەکەیان، بە هی خۆیان دەزانن، بە دڵ و بە گیان دەیانپارێزن.

بەڵام لە ئەو نادادپەروەریی، بێسەروبەریی، بێکاریی، بێمووچەیی، ستەم و زۆردارییەدا، زۆربەی هەرە زۆری ڕۆڵەکانی کورد، لە ئەو ڕەوش و دەسەڵاتە خۆسەپێنەرەی باشووری (کوردستان) بێزارن. بە هەزاران کوردی بێدەرەتان، سەری خۆیان هەڵدەگرن و ڕوو لە وڵاتانی (ئەورووپا) دەکەن. تەنانەت وای لێهاتووە، هێندێ کوردی بێ هۆش و گۆش، جیاوازیی لە نێوان سەرکردایەتی پارتەکان و گەلی کورد، دەسەڵات و نیشتمانەکەیاندا ناکەن، بە شێوەیەکی زۆر خراپ هەڵسوکەوتدەکەن، قسەی ناشیرین بە کورد و (کوردستان)یش دەڵێن!

ئایا تا کەی، ڕۆڵەکانی ئەم گەلە چەوساوە و هەژارەی ئێمە، بە ئەو شێوە خراپە بژین؟! تا کەی بەرژەوەندیی بنەماڵە و پارتایەتی تەسک، لەسەروو بەرژەوەندیی گەلەوە دەبێ؟! تا کەی خۆشیی و بەختەوریی ڕۆڵەکانی کورد، بە قوربانی بەرژەوەندیی تەسکی پارتایەتیی و کاری ڕامیاریی، بەڕێوەبردنی هەڵەی دەسەڵاتداران دەکرێ؟!! ئەم کاربەدەستانە، کەی بەزەییەکیان بە ئەم گەلە ستەمدیدە و ماڵوێرانەدا دێتەوە؟!

بە ڕاستی، لە زۆربەی هەرە زۆری، وڵاتانی خۆراوا، یاساوڕێسایەکی پتەو و ڕێکوپێک هەیە، دەوڵەتێکی دێمۆکراسیی و خاوەن یاسایان دامەزراندووە، ژیانێکی پڕ لە خۆشگوزەرانیی و هێمنییان، بۆ ڕۆڵەکانی گەلەکانیان دابینکردووە، نەک بە ئەو شێوەیەی وڵاتەکەی لەمەر ئێمە، بێکاریی، گرانیی، بێپارەیی، دوبەرەکیی، ناپاکیی و جەنگی نێوخۆ، ژیانی لە ڕۆڵەکانی گەل تاڵکردبێ.

ئایا ئێمەی کورد، چیمان لە هاووڵاتیانی بەختەوەری ئەو وڵاتانە کەمترە؟! بۆ کورد مرۆڤ نییە؟! ئایا سەرکردەکانی ئەو دوو باڵە دەسەڵاتدارەی کورد، خۆیان بە (ئاغا) و ڕۆڵەکانی گەلەکەشیان، بە (نۆکەر) دەزانن، وا بە ئەو شێوە خراپە، هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکەن، دەیانچەوسێننەوە و گوێ لە داواکارییەکانیان ناگرن؟!!

پێم وایە، خۆشگوزەرانیی و بەختەوەریی، بێ هیچ جۆرە جیاوازییەک، مافی هەموو مرۆڤێکە، نەک تەنیا هەر شایانی مرۆڤە خاوەن دەسەڵات و ستەمکارەکان بێ. بەڵام لەگەڵ چارەنووسی ڕەشی کورددا، دەڵێی چی، کە ئەوڕۆ ئەو جۆرە (ئاغا)یانە، بە زۆر خۆیان بەسەر ڕۆڵەکانی گەلدا سەپاندووە، خاکی نیشتمانەکەمان هەڕاجدەکەن، بەدەسی خۆیان عەرەبڕێژیدەکەن، سامانەکەی تاڵاندەکەن، خۆیان بە دەمڕاست و خاوەن هەق، گەلەکەشیان بە ڕانەمەڕ و (نۆکەر)  دەزانن؟!!

ئاخر (61) ساڵ لەمەوبەر و ڕۆژی (11. 9. 1961)، شۆڕشی چەکداریی بەرپابوو، بریا هیچ شۆڕشێکی چەکداریی، لە هیچ بەشێکی (کوردستان) بەرپانەبووایە، چونکە ئەمە ئەنجامەکەیەتی. بۆیە منیش لەگەڵ (پیرەمێرد)ی بلیمەتدا دەڵێم:

دەک خەجاڵەتبن، لە ڕووی مەحشەرا   ئێمە خاکی غەم، ئەکەین بەسەرا

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×