(مەلامستەفا بارزانی)و ئەوانی دیکە!

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2021-09-29     654

ئەوڕۆ (50) ساڵی ڕێک، بەسەر هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆک (بارزانی)دا تێپەڕدەبێ. بە ئەو بۆنەیەوە دەڵێم: بۆچی دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی داگیرکەری (عێراق)، چەن جارێ ویستیان، (بارزانی) لەنێوبەرن؟
(بارزانی)، بە هۆی تێکۆشان و پێگەی ئایینیی بنەماڵەکەیەوە، هەر لە کۆنەوە ناسراوە و ڕۆڵێکی گەلێ گەورەی، لە بواری خەباتی نەتەوەیی و کاری ڕامیارییدا وازیکردووە. بە تایبەتی لە شۆڕشی (بارزان)ی ساڵی (1945)ەوە، بە تەواوی دەرکەوت و ڕۆڵەکانی گەلی کورد، باوەڕی خۆیان دایە. بۆیە سەرانی داگیرکەری هەردووو دەوڵەتی (عێراق) و (بریتانیا)، حسابێکی تایبەتییان بۆ دەکرد. لێی دەسڵەمینەوە و پلانیان بۆ لەنێوبردنی دادەنا. بۆ نموونە:
یەکەمین جار: عەریف (تالیب مۆریاسی)، لە بیرەوەرییەکانیدا (گەڕان بە دوای راستیدا)، سەبارەت بە هەوڵی تیرۆرکردنی (بارزانی) نووسیوێتی: (پاش شۆڕشی چواردەی "1958"، کورد لەناو سوپادا، ڕێزی ھەبوو. ئەفسەرێکی پلە باڵا ناوی عەقید ئەلڕوکن "عەبدولڕەزاق ئەلزبیدی" بوو، لە موخابەراتی لەشکری دووی "کەرکووک"، دەسەڵاتی ھەبوو. ئێمەی کوردی خۆش ئەویست، ھەموو سەری مانگێک، کۆبوونەوەی تایبەتی پێ ئەکردین و ھەریەکەمان، بۆ کاتی پێویست، دەمانچەیەکی دابوینێ. ئاگای لەوە نەبوو، کە ئێمە بە نھێنی، لە ڕێکخستەکانی "پارتی"دا ئیش ئەکەین.
لە حوزەیرانی "1961"دا، دوا کۆبوونەوەمان لەگەڵ ناوبراو، لە ھۆڵەکە شانبەشانی "عەبدولڕەزاق" و ملازم "ساڵح تکریتی"، بەرپرسی موخابەراتی فەوجی دوو، کەوتنە قسەکردن، ئاگاداری ئێمە نەبوون، کە لەوێ بووین. "عەبدولڕەزاق" بە ملازم "ساڵح"ی وت: پیلانێکی وردمان داڕشتوە بۆ "بارزانی" کاتێ دەگەڕێتەوە شیمال. کە باسی "بارزانی" کرد، ئێمە ھەڵوێستمان وەرگرت.
وتی: بڕیارمانداوە، لەسەر پردی "قازی" لە گەڕەکی "تەپەی مەلاعەبدوڵا"، کە گەیشتە ناوەڕاستی پردەکە، لە ھەردوولاوە لێى بدرێت، بۆئەوەی ماوەی ڕزگاربوونی نەبێت. وتیشی: ڕائید "ھیدایەت" ئامر ئینزیباتی "کەرکووک"، کە توورکمانە، سەرپەرشتی ئەکات. دەستبەجێ من و عەریف "عەلی" زاوای شەھید "مەلاڕەسوڵ"، کە ھەردووکمان ئەندامی مەکتەبی عەسکری فەوجی دووبووین، خۆمان گەیاندە لقی سێی "پارتی"مان لە "کەرکوک" لە گەڕەکی "قۆرییە"، لە چۆنێتی پیلانەکە ئاگادارمانکردن و خۆشمان کەوتینە چاودێریکردن تا "بارزانی" ڕزگارکرا.
ھەڤاڵانی لق گەیشتنە شوێنی "بارزانی" نەمر و لە پیلانەکە ئاگاداریانکرد، "بارزانی"يان، لە ڕێگەی شەریکەی نەوتەوە ڕزگارکرد و گەیشتە شاری "ھەولێر". رائید "ھیدایەت" لە داخی پوچەڵبوونەوەی پیلانەکەی، تووشی جەڵدەی دڵ بوو، مرد. "بارزانی" دوای ئەوە شۆڕشی ئەیلوولی مەزنی بەرپاکرد و نەگەڕایەوە "بەغداد". ئەم کارەم، یەکێکە لە شانازییەکانی ژیانی خەبات و کوردایەتیم.) 1
دووەمین جار: دوای ڕێککەوتننامەی ڕۆژی (11. 3. 1970)، دەسەڵاتدارانی (بەعس)، بە هەموو شێوەیە هەوڵیاندەدا، (بارزانی) لەنێوبەرن. ئەوەبوو، دوای ڕێککەوتنەکە، بارەگەی لقی پێنجی (پارتی) لە (بەغدا) کرایەوە. ڕۆژنامەی (ئەلتەخی) دەرچوو، زۆربەی ئەندامانی سەرکردایەتی (پارتی)، لە فەرمانگەکانی دەوڵەت و دەزگەکانی (پارتی)دا، لە (بەغدا) کاریاندەکرد.
ئەو کاتە (نازم گزار)، لێپرسراوی دەزگەی هەواڵگری (بەعس) بوو. بە (سەددام حوسێن)ی گوتبوو: هەلێکی باشمان بۆ هەڵکەوتووە، چونکە زۆربەی سەرکردەکانی (پارتی) لێرەن، با هەموویان لەنێوبەرین. (سەددام) گوتبووی: ئەم کارە هیچ کەڵکێکی نییە، چونکە (بارزانی) سەری مارەکەیە، تا ئەو بمێنێ، شۆڕشەکە لەنیوناچێ. 2
لێرەدا، ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەکەوێ، ئەو ڕێککەوتنەی لە نێوان (بەعس) و شۆڕشدا واژۆکرا، هەر لە سەرەتاوە، لە دیدێکی ڕاستەقینەی مۆرپەروەرانە و بڕوایەکی تەواو بە مافە ڕەواکانی گەلی کوردەوە نەبوو، بەڵکوو تاکتیک بوو، چونکە هەم ویستوویانە، جێپێی خۆیان لە (عێراق)دا قایمکەن و دەسەڵاتێکی بەهێز دامەزرێنن. هەم هەرچی چۆنێ بێ، (بارزانی) لەنێوبەرن.
بۆیە چەن جارێ، (بارزانی)یان بانگهێشتکردووە، سەردانی (بەغدا) بکا، بەڵام ئەو بڕوای پێیان نەبووە و داواکەی پەسەند نەکردوون. لەبەرئەوە بیریان لە پیلانێکی دیکە کردووەتەوە، تا هەڵکوتنە سەری و لەنێو ماڵەکەی خۆیدا بیکوژن.
سێیەمین جار: هێشتا ساڵێك و شەش مانگ و حەڤدە ڕۆژ، بەسەر ڕێككەوتننامەی (11. 3. 1970)دا تێپەڕبووبوو، مەبەستە گڵاوە سەرەكییە شاراوەكەی داگیركەری دەوڵەتی (بەعس) ئاشكرابوو. چونكە ڕۆژی (29. 9. 1971)، بە ناوی ئەوەوە، گوایە پێوەنديی برایەتی نێوان هەردوو گەلی موسوڵمانی كورد و عەرەب پتەوتربێ، سەركردایەتی پارتی (بەعس)، هێندێ مەلای سووننە و ئاخووندەی شیعەیان ڕاسپارد، سەردانی سەرۆك (بارزانی) بكەن، تا ئەو گرفتانەی لە نێوانیاندا هەیە، وەك چەن پیاوێكی ئایینیی چاکەخواز، چارەسەرێكی بۆ بدۆزنەوە. بەڵام هەر زوو مەبەست و دەسەچەپەڵەكەی (بەعس) كەوتەڕوو، چونكە مەلا و ئاخووندەکانیان، سواری چەن ترومبیلێكی بۆمبڕێژكراو كردبوو، بێ ئەوەی ئاگایان لێی بێ، وایان كۆنترۆڵكردبوو، هەر بگەنە بارەگەی سەركردایەتی، هەموو ترومبیلەكان بتەقنەوە و (بارزانی) لەنێوبەرن. بەڵام ژیان و مردن بەدەس خوایە، ترومبیلەكان تەقینەوە، یەك پیاوی ئایینیی دەرنەچوو، هەموویان پارچەپارچەبوون، (بارزانی)ش كەمێ برینداربوو، بە سەلامەتی ڕزگاریبوو!
ئەم پیلانە، ئەوەمان بۆ دەردەخا، ڕۆڵی (بارزانی)، لای دۆست و دوژمن، چەن گرنگبووە. چونکە یەکەمین پیلان، ساڵی (1961) بووە و سەرانی داگیرکەری دەوڵەتی (عێراق)، پەندێکیان لێ وەرنەگرتووە و هیشتا بە تەواویی، لە ئاستی کورد و کێشە ڕەواکەیدا، دڵ و دەروونیان پاک نەبووەتەوە، بۆیە ویستوویانە، دوای (50) ساڵ، جارێکی دیکە (بارزانی) لەنێوبەرن.


پوختەی مەبەست
لێرەدا پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە: لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی (عێراق) ویستوویانە، (بارزانی) لەنێوبەرن، لە (ئێران)یش فرمانی لەسێداردانی هەبووە، ئایا بۆچی سەرانی داگیرکەری دەوڵەتی (عێراق)، هەوڵیان نەداوە، (جەلال تاڵەبانی) یا (مەسعوود بارزانی) پاکتاوکەن؟ خۆ لە هەموو سەردەمەکاندا، چەندین جار سەردانی (بەغدا) و (سەددام)یان کردووە؟!
کەچی نە لە شاخ و شار، نە لە (کوردستان) و (عێراق)، نە لە دەرەوەی وڵات، ڕۆژێ لە ڕۆژان، هەوڵی لەنیوبردنیان نەداوە، وەک ئێرانییەکان هەر لە کۆنەوە، چەن سەرکردەیەکی وەک (سمایل ئاغای سمکۆ، قازی موحەممەد، قاسملو، شەرەفکەندی ...)یان تیرۆرکردووە، یا وەک توورکەکان (ئۆجەلان)یان گرت و لە قوژبنی گرتووخانە توندیانکردووە!
پێم وایە، چونکە مەترسییان بۆ سەر دەسەڵات و دەوڵەتەکەیان نەبووە، بۆیە نەک هەر هەوڵی تیرۆرکردنیان نەداوە، بەڵکوو هیچ حسابێکیشیان بۆ نەکردوون! بەڵام زۆر باش زانیویانە، ڕۆڵەکانی گەلی کورد، نەک هەر لە (خانەقین)ەوە تا (زاخۆ)، بڕوایەکی تەواویان بە (بارزانی) هەیە و گوێ لە فرمانەکانی دەگرن، بەڵکوو لە هەموو بەشەکانی دیکەی (کوردستان)یش، بە جێی باوەڕ و هیوای خۆیانیان زانیوە!
ئەوە جگە لە ئەوەی، ئەم سەرکردە کوردانەی باشووری (کوردستان)، لە کاتی لاوازیی و جەنگی نێوخۆدا، چەندین جار، هانایان بۆ سەرکردەکانی ئەو دەوڵەتە داگیرکەرانە بردووە، وەک (جەلال تاڵەبانی) ساڵی (1966-1970)، دژی باڵەکەی (مەلایی)، بە ئاشکرا هەموو جۆرە یارمەتییەکی، لە دەوڵەتی داگیرکەری (عێراق) وەرگرتووە. یا وەک (مەسعوود بارزانی)، دژی باڵەکەی (جەلالیی)، لە (31. 8. 1996)دا، داوای لە (سەددام حوسێن) کردووە، یارمەتی بدا و هێزێکی زۆریشی بۆ ناردووە. یا لە سەردەمە جیاوازەکانی جەنگی نێوخۆی، نێوان هەردوو باڵەکەی (جەلالیی) و (مەلایی)دا، چەندین جار بە نۆرە، پەنایان بۆ (ئێران) و (توورکیا) بردووە.
یا وەک ئەو نامەیەی، (سەددام) بۆ (مام جەلال)ی نووسیوە، پێش ئەوەی دووەمین جەنگی کەنداو دەسپێبکا، داوای لێ کردووە، پێکبێنەوە، بەڵام (مام) ڕەتیکردووەتەوە و بۆی نووسیووە: تازە کار لە کار ترازاوە، باشتر وایە، واز لە دەسەڵات بێنی!



تالیب مۆریاسی، گەڕان بە دوای ڕاستیدا، بەرگی یەکەم، ل 25.
ئەم باسە خوالیخۆشبوو (مەلائەحمەدی بانیخێڵانی) بۆی گێڕامەوە، ئەویش لە (عەزیز موحەممەد)ی بیستبوو.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×