سەبارەت بە مافی چارەنووسی نەتەوەکان

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2022-10-16     2669

سەرەتا

مافی چارەنووس ئەوەیە: هەموو نەتەوەیەک بێ جیاوازی، مافی ئەوەی هەبێ و بتوانێ، بە ئازادیی و بێ هیچ جۆرە دەستێوەردانێکی بیانی، بێ هیچ جۆرە خۆسەپاندن و ملهوڕییەکی نێوخۆ، پاشەڕۆژی ئابووریی و ڕامیاری خۆی، بە شێوەیەکی ئاشکرا و بە سەربەستی دیاریکا. ئەم مافەش، هەر لە دوای هەردوو شۆڕشی گەورەی (ئەمێریکا) و گەلی (فڕەنسە)ی ساڵی (1789-1799)، لەبەر ڕۆشنایی بیروباوەڕی (دادپەروەریی، برایەتیی و یەکسانیی)، بنەما سەرەکییەکانیان داڕشت.

پاشان، بە گەلێ قۆناغی جیاوازدا تێپەڕبووە، تا ڕۆژی (25. 6. 1945)، کۆنفرانسی (سانفرانسیسکۆ) بەسرا، (50) دەوڵەت بەشدارییانتێداکرد و (کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان)یان دامەزراند. لە یەکەمین خاڵی دووەمین بڕگەی بەرنامەی کۆمەڵەکەشدا، سەبارەت بە مافی چارەنووس نووسراوە: (ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، نیازی ئەوەی هەیە، پێوەندی دۆستانەی نێوان نەتەوەکان، لەسەر بنچێنەی یەکسانیی و ڕێزگرتن لە مافی دیاریکردنی گەلان گەشەپێبدا. فرمانی تایبەتیش بۆ پتەوکردنی ئاشتی جیهان بەجێبێنێ.)

هەروەها ڕۆژی (24. 4. 1955)یش، لە کۆنفرانسی (باندۆنگ)دا، (29) دەوڵەتی هەردوو کیشوەری ئاسیا و ئەفریکا، دانیان بە مافی چارەنووسی گەلاندا نا. تەنانەت (کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان)یش، ڕۆژی (14. 1. 1974)، وەک ڕێیەکی ڕاست و ڕەوا، بۆ بەدەسهێنانی مافی چارەنووس، دانی بە خەباتی چەکداریی گەلانی بندەسدا ناوە.)*

بەڵام مەرج نییە، ئەم مافە، وەک لە بڕیارەکانی کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکاندا هاتووە، بۆ هەموو نەتەوە بندەسەکان، وەک یەک وابن و جێبەجێکرابن، بەڵکوو بۆ هێندێ نەتەوەی بندەس، لە چەن دەقێکی جوان پتر، هیچی دیکە نەبوون. بۆ هێندێکی دیکەش، گەر بارودۆخەکەشیان، لەبارنەبووبێ، ئەوا ئەو بڕیارانەیان، وەک کۆمەڵێ تیۆری هێناوەتەوە و نەتەوە بندەسەکانیان، لە ژێردەسیی پێ ڕزگارکردووە. ئەمە پتر پێوەندی، بە بەرژەوەندی تایبەتی زلهێزەکان، ڕەوشی نێودەوڵەتەکان، ململانێی ئایدۆلۆژی هەردوو کەمپە گەورەکەی جیهانی سەرمایەداریی و سۆسیالیزمەوە هەبووە!

 

مەبەست لە مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەکان چییە؟!

زۆربەی زۆری خەڵک پێیان وایە، کاتێ باسی مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەکان دەکرێ، ئیدی بێ هیچ جۆرە مەرجێ، تەنیا هەر مەبەست ئەوەیە، نەتەوەکان سەربەخۆیی تەواویان هەبێ و دەوڵەتی ناسیۆنالی تایەتی خۆیان دامەزرێنن.

بەڵام لە راستیدا وا نییە، بەڵکوو لە هیچ کاتێکدا، ئەو واتایە نابەخشێ، گەر بە ڕاشکاوی مەبەستەکە ڕوون نەکرێتەوە و دیاری نەکرێ. لەبەرئەوە هێندێ جار، بزووتنەوەیەک یا پارتێکی دیاریکراو، بۆ مەبەستێکی تایبەتی خۆی، بە ناوی درووشمی مافی چارەنووسەوە، کۆمەڵانی خەڵک فریودەدەن، بێ ئەوەی ئەو مافەیان، بە ئاشکرا بۆ ئاندامانی ڕێکخراوەکەی خۆیان، یا بۆ جەماوەری گەل، بە تەواوی ڕوونکردبێتەوە. لێرەدا دوو نموونە دێنمەوە.

یەکەم: سەرکردایەتی ڕامیاری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی (فلەستین)، هەر لە ئەو ڕۆژەوە، ڕێکخراوەکەیان دامەزراندووە، ئەو مافەیان زۆر بە ڕاشکاوی دەسنیشانکردووە و داوای دەوڵەتێکی یەکگرتووی ناسیۆنالی (فلەستین)یان کردووە.

دووەم: کەچی لە بەرنامەی (بەرەی کوردستانیی) و دەستووری (عێراق)دا، باسی مافی چارەنووس کراوە، بەڵام هیچیان ڕوون نەکردووەتەوە، مەبەستیان لە ئەو مافە چییە!

ئاشکرایە، لە فەرهەنگی ڕامیاریی و یاسایی هاوچەرخدا، مافی چارەنووس، تەنیا هەر یەک واتای بێ چەند و چوون ناگەیەنێ، بەڵکوو ئەو مافە، وەک زاراوەیەکی ڕامیاریی و یاسایی زانستانە، زۆر چەسپاو نییە، واتایەکی فراوان و لاستیکی هەیە. واتە هەر کۆمەڵێ، ڕێکخراوێ، پارتێ، گەلێ یا دەوڵەتێ، بەگوێرەی دید و بۆچوون، بیر و ئایدۆلۆژیا، بەرژەوەندی تایبەتی نەتەوەیی، گەل و نەتەوەکەی خۆی، واتای ئەو زاراوە ڕامیارییە لێکدەداتەوە.

کەواتە مافی چارەنووسی نەتەوەکان، پێبەپێی ستراتیژی ڕامیاری، شۆڕشی گەلانی بندەس و داواکاری ڕێکخراوە ڕامیارییەکان دەگۆرێ. بۆ نموونە: ستراتیژی ڕامیاری شۆڕشی گەلانی (چین، کەمبۆدیا، لاوس، ڤێتنام، کوبا، جەزایر، فلەستین، ئەریتیریا ...) ڕزگاری تەواو، سەربەخۆیی ڕامیاریی و ئابووریی، دامەزراندنی دەوڵەتی ناسیۆنال بوو. بۆیە ئەو مافە، لە ئەو وڵاتانە، تەنیا هەر یەک واتای دیاریکراو و ئاشکرای هەبوو، ئەویش سەربەخۆیی تەواو و سەربەستی گەلەکان بوو.

بەڵام شۆڕشەکانی نەتەوەی کورد، هەر لە بازانەیەکی بۆشی ناناوەندێتی ـــ ئۆتۆنۆمی)دا خولاونەتەوە، درووشمی مافی چارەنووسیان بەرزنەکردووەتەوە، ستراتیژێکی ڕامیاریی و نەتەوەیی ڕوون و نەگۆڕیان نەبووە. بۆیە مافی چارەنووس لای پارتەکانی (کوردستان)، تەنیا هەر خۆی لە ئەو دوو چەمکەدا نواندووە.

بە شێوەیەکی گشتی، مافی دیاریکردنی چارەنووس، ئەم مافانە دەگرێتەوە: (مافی کەلتووری، یاسای پارێزگەکان، ناناوەندێتی بەڕیوەبردنی نێوخۆیی، ئۆتۆنۆمی نێوخۆیی، ئۆتۆنۆمی نێودەوڵەتی، فیدراڵی، کۆنفیدراڵی، سەربەخۆیی تەواو و دامەزراندنی دەوڵەتی ناسیۆنال.)

هەڵبەتە هەر یەکێ لە ئەو مافانە، پێناسە و خەسڵەتی تایبەتی خۆیان هەیە. بەپێی ڕەوشی جیاوازی گەلانی بندەس، داواکاری ڕێکخراو و پارتە ڕامیارییەکانیش دەگۆڕێن و دەگونجێنرێن. هەرچەندە لە نێوان هەموو مافە جۆربەجۆرەکاندا، هێندێ خەسڵەتی هاوبەش و لێکچوون بەدیدەکرێ. بەڵام دیسانەوە، هەر مافێ لە ئەو مافانە، خەسڵەتی تایبەتی خۆیان هەیە، کە لە مافەکانی دیکەی جیادەکاتەوە.

لە وڵاتە پێشکەوتوو و دێمۆکراسییەکاندا، لەچاو دەوڵەتە دواکەوتوو و دیکتاتۆرییەکاندا، جێبەجێکردنی ئەم مافانە، زۆر ئاسانترە. چونکە لە یەکەمین جۆردا، دەوڵەتی نێوەندیی و گەلانی سەربەخۆیخواز ڕێکدەکەون. لە گشتپرسێکی یاساییدا یەکالاییدەکەنەوە. بەڵام لە دووەمین جۆردا، دەوڵەتی نێوەندی بە هیچ شێوەیە، بە گشتپرس و مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەل و نەتەوەکانی بندەسیان، قایل نابن و هەر برواشیان پێی نییە. بە تایبەتی لە ئەو دەوڵەتانەدا، کە پارتە ئیسلامییەکان فەرمانرەواییدەکەن. چونکە پێیان وایە، خاکی ئیسلام نابێ، پارچەپارچەبکرێ، وەک کاتی خۆی، (یوسف قەرزاوی) فەتوایدا، دژی جیابوونەوە و سەربەخۆیی، گەلی خوارووی (سۆدان) وەستایەوە.

هەروەها کێشەی مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەی کورد، لە هەر چوار بەشەکەی (کوردستان)، بە یەکێ لە گرفتە هەرە گەورەکانی نێوچەی خۆرهەڵاتی نیوەڕاست و جیهانیش دادەنرێ. چونکە دەوڵەتە داگیرکەرەکانی (کوردستان)، نەک هەر دژی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردین، بەڵکوو بە هیچ شێوەیەکیش، رێ بە هیچ گەل و نەتەوەیەکی دیکەی بندەسیان نادەن، تەنانەت باسی گشتپرسیش بکەن!

 

سەرچاوە:

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز، فیدراڵیزم و دەوڵەتی فیدراڵ، چاپی3، 2004، ل39-47.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×