سیستێمی بنەماڵە و میرنشین

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2022-07-22     542

لە مێژوودا، دوو جار خاکی (کوردستان)، بە شێوەیەکی فەرمیی و بەپێی ڕێککەوتننامەکان، لە نێوان چەن دەوڵەتیکدا دابەشکراوە

یەکەم: ڕۆژی (23. 8. 1514)، جەنگی (چاڵدێران)، لە نێوان هەردوو ئیمپراتۆریای (عوسمانیی) و (سەفەویی)دا دەسیپێکرد. دوای ئەوەی جەنگەکە، بە سەرکەوتنی عوسمانییەکان کۆتاییهات، هەردوو ئیمپراتۆریا، ڕۆژی (17. 5. 1639) ڕێککەوتننامەی (زەهاو)یان مۆرکرد و بۆ یەکەمین جار لە مێژوودا، خاکی (کوردستان)یان دوولەتکرد و لە نێوان خۆیاندا دابەشیانکرد.   

دووەم: هەروەها دەوڵەتە سەرمایەدار و زلهێزەکانیش، لە دوای یەکەمین جەنگی جیهانەوە (28. 7. 1914 – 11. 11. 1918)، بۆ دوومین جار، (کوردستان)ی مەزنیان، وەک دەسەسڕی شایی، بەسەر دەوڵەتە داگیرکەرەکانی (توورکیا، ئێران، عێراق و سووریا)دا دابەشکردەوە.  

کەچی دوای ئەو هەموو فرمێسک و خوێنڕشتنە، دوای چەندین ساڵ ڕاپەڕین و شۆرشی خوێناویی، دوای پتر لە (70) ساڵ، لە دووەمین دابەشکردنی نیشتمانەکەمانەوە، لە ساڵی (1994)ەوە، هەردوو پارتی فەرمانرەوا (پارتیی) و (یەکێتیی)، ئەو بستۆکەی لە باشووری (کوردستان)، لە دەس داگیرکەری دەوڵەتی (عێراق) ڕزگاریبووبوو، ڕووبەرەکەی نزیکەی لە (49%)ی باشوور دەبێ، بەسەر دوو نێوچەی دەسەڵاتی بنەماڵەنشیندا دابەشیانکردەوە.

جیاوازیی نێوان ئەو دابەشکردنانە ئەوەیە، لە یەکەمین و دووەمین دابەشکردندا، هێزێکی گەورەی ئیمپراتۆریا و دەوڵەتە سەرمایەدارە داگیرکەرەکانی بیانیی، نیشتمانەکەیان پارچەپارچەکردووە. بەڵام لە سێیەمین دابەشکردندا، سەرکردە کوردەکانی پارتە دەسەڵاتدارەکانی باشوور، ئەو چەن شار و شارۆچکەیەی بندەسی خۆیان، لەبەر ڕۆشنایی بیری چەپەڵی دووبەرەکیی و جەنگی نێوخۆدا، لەپێناوی دەسەڵات و پلەوپایەی ڕامیاریدا، لەپێناوی بەرژەوەندیی بنەمالەکانیاندا، دوو دەسەڵاتی لاواز و دەسندەخۆری، سەر بە (توورکیا) و (ئێران)یان قووتکردووەتەوە.

جا گەر بڵێین: ئەو دەوڵەتە زلهێزانەی، (کوردستان)یان دابەشکرد و بە ئەو دەوڵەتە داگیرکەرانەوەیانەوە لکاند، چەن دەوڵەتێکی براوەی یەکەمین و دووەمین جەنگ بوون، ئەدی (توورکیا) و (ئێران)، دوو دەوڵەتی داگیرکەری ڕەگەزپەرستی (کوردستان) نین، وا (پارتیی) و (یەکێتیی)، خۆیانیان لە پاڵدا مەڵاسداوە و دژی ئازادیی، یەکێتیی و سەربەخۆیی هەرێمەکەمان، خۆیان بە ئەو دوو دەوڵەتە داگیرکەرەدا هەڵواسیوە، هەر تەنیا لەبەرئەوەی، یەکدی بسڕنەوە؟!!

پێم وایە، دەوڵەتە داگیرکەرەکانی (توورکیا، ئێران، عێراق و سووریا)، چوار دەوڵەتی داگیرکەری (کوردستان) نەبن، هیچی دیکە نین. بەڵام هەر لە کۆنەوە و تا ئێستەش، بەگوێرەی بیروباوەڕ، دیدوبۆچوون، ڕەوشت و کردەوە، دژایەتی و لەنێوبردنی کورد، جیاوازییان هەیە.

لەبەرئەوە، خراپترین دەوڵەتی داگیرکەری نەک هەر (کوردستان)، بەڵکوو لە هەموو جیهاندا و لە ئەم سەردەمەدا وێنەی نییە، دەوڵەتی داگیرکەری (توورکیا)یە. جا با هەر ئیسلامیی ڕامیاریی بە گشتیی و بزووتنەوەی (ئیخوان)ەکان بە تایبەتی، هەر پشگیری فاشستێکی بە ڕەگەز جووی وەک (ئۆردووگان) و (ئیخوان)ەکان بکەن، چڵکاوخۆرێکی وەک (یوسف ئەلقەرزاوی)ش، (ئەستەمبووڵ) بە پایتەختی ئیمپراتۆریای ئاییندەی ئیسلامیی بزانێ! 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×