پەندەکانی ڕاپەڕینە خوێناوییەکەی بەردەرکی سەرای سولەیمانی

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2021-09-09     699

بەشی سێیەم

 


(شێخ مەحموود) و دەستەی نیشتمانیی
هەرچەندە ئەو کاتە (شێخ)، لە گوندی (پیران) بوو، لە ڕووداوەکانەوە دووربوو. هەروەها هیچ پێوەندییەکیشی، بە (دەستەی نیشتمانیی)ەوە نەبوو. چونکە ئەندامانی دەستەکە، پێیان وابوو، لەلایەکەوە: (شێخ) لە شۆڕشەکەیدا سەرکەوتوو نەبووە. لەلایەکی دیکەشەوە: میانەی لەگەڵ ئینگلیزەکاندا باش نەبووە. لەبەرئەوە نەک هەر پێوەندییان پێوە نەکردووە، بەڵکوو تەنانەت هەر پرسیشیان پێ نەکردووە!
لەگەڵ ئەوەشدا، کاتێ (شێخ) ئەو دەنگوباس و کوشتارانەی بیستووە، خۆی کۆکردووەتەوە و بە هێزێکی چەکداری زۆرەوە، بەرەو گوندی (ئاوباریک) بەڕێکەوتووە. پاشان ڕۆژی (5. 4. 1931)، شەڕ لە نێوان هێزەکانی کورد و هێزەکانی هەردوو دەوڵەتی داگیرکەری (عێراق) و (بریتانیا)دا دەسیپێکردووە، سەرەتا هێزەکەی (شێخ)، دەسی خۆیان وەشاندووە و زیانێکی زۆریان، بە هێزەکانی دوژمن گەیاندووە. بەڵام کاتێ (شێخ) بۆی دەرکەوتووە، تا سەر ناتوانن، بەرگریبکەن و تووشی زیانێکی زۆر دەبن، پاشەکشەیانکردووە و بۆ (پێنجوێن) گەڕاونەتەوە. ئەوەش دوا شەڕی (شێخ) بووە، دژی هێزەکانی داگیرکەر کردوویەتی.
دوای ئەو شەڕە، (شێخ) هەستیپێکردووە، بەربەرەکانی ئینگلیزەکان بە چەکی سووک، بە هیچ شێوەیە سەرناکەوێ. لەبەرئەوە نامەیەکی بۆ دەسەڵاتدارانی (بریتانیا) نووسیوە و داوای لێ کردوون، شاندێ بنێرن، گفتوگۆبکەن.
پاشان (شێخ) لەگەڵ کاپتن (هۆڵت) گفتوگۆیکردووە، ڕۆژی (13. 5. 1931) قایلبووە، دژی هێزەکانی (بریتانیا) و دەوڵەتی (عێراق)، واز لە بەرگریی چەکداریی بێنێ و خەباتی ڕامیاریی بکا. بۆیە بە مەرجەکانیان قایلبووە، لە هەر شوێنی بۆی دیاریکەن، بژی.
ئەوەبوو، (شێخ)یان هێنایەوە بۆ (سولەیمانی). پاشان ڕۆژی (15. 5. 1931)، بە فڕۆکە بۆ شاری (ئور) لە خوارووی (عێراق) گواستیانەوە. ماوەیە لە ئەوێ مایەوە و مووچەشیان بۆ بڕییەوە. دواتریش بۆ شاری (ناسریە) دووریانخستەوە.


بایەخی راپەڕینەکە
هەرچەندە خۆپیشاندەران سەرکەوتوو نەبوون، قوربانییەکی زۆریان داوە، لە هەمان کاتیشدا، ئامانجە گڵاوەکانی هەردوو دەوڵەتی داگیرکەر بەدیهاتووە. چونکە ڕۆژی (3. 10. 1930)، بە شێوەیەکی فەرمیی، (عێراق) لە (کۆمەڵەی گەلان) بە ئەندام وەرگیراوە.
بەڵام ڕاپەڕینەکە، بایەخێکی تایبەتیی و گرنگی، لە مێژووی هاوچەرخی نەتەوەکەماندا هەیە. چونکە لە لایەکەوە: هیچ ڕۆژێ، هێندەی ئەم ڕۆژە سوورە، لە مێژووی کورد و لە ویژدانی ڕۆڵەکانی نەتەوەکەماندا، زیندوونەبووە و نەژیاوە. لە لایەکی دیکەشەوە: لە زۆر ڕووەوە، هەم بە خاڵێکی بنچینەیی گرنگی گۆڕان و وەرچەرخانێکی گەورەی چۆنایەتی، لە ژیان و مێژووی تێکۆشانی ڕامیاریی، سەربازیی و دیپلۆماسی، بزووتنەوەی کوردایەتیدا دادەنرێ. 
هەم دۆست و دوژمنی ڕاستەقینەشی، بۆ ڕۆڵەکانی ئەو سەردەمەی کوردیش دەرخستووە. هەموو ئەو بڕیارە درۆیانەی، بۆ کوردیشیان دابوو، هەموو ئەو ڕێککەوتن و پەیماننامانەی مۆریشکرابوو، مژدەی سەربەستیی کورد و سەربەخۆیی (کوردستان)یان، بە ڕۆڵەکانی گەل ڕاگەیاندبوو، هەر هەموویان، لەبەر تیشکی ڕاپەڕینە پیرۆزەکەی ئەو ڕۆژە سوورەدا، بۆ کورد تاقیبوونەوە، ڕاستیی و ناڕاستییان دەرکەوتووە و چی دیکە کۆمەڵانی خەڵک، بە تەمای درۆ و هەڵخەلەتاندنی، داگیرکەران نەماون.
هەروەها پێم وایە، خەباتی شارستانیی و ڕامیاریی کورد لە باشووری (کوردستان)، لە ئەو ڕۆژ و ساڵەوە دەسپێدەکا. چونکە بە شێوەیەکی هێمنانە و ئاشتیخوازانە، ژیرانە و بە بەرنامە، کاریانکردووە و کۆمەڵانی خەڵکیان هوشیارکردووەتەوە، لە کۆبوونەوەکاندا بەشدارییانکردووە و دەمەتەقێی گەرمیان، لەگەڵ دەسەڵاتدارانی (عێراق) و (بریتانیا)دا کردووە، زۆر ڕاشکاوانەش، ڕەخنەیان لێ گرتوون و داوای مافە ڕەواکانی گەلی کوردیان کردووە.

ڕاپەڕینەکە لە ویژدانی هۆنەرانی کورددا
گەلێ هۆنەری نیشتمانپەروەری کورد، چ لە ئەو سەردەمە و چ دوای ڕاپەڕینەکەش، لەگەڵ کارەساتەکانی گەل و ئەو ڕاپەڕینە خوێناوییەدا ژیاون، وەک: (پیرەمێرد، حەمدی، بەبە، سەلام، شێخ نووری، ئەحمەد موختار جاف، قانع، گۆران، بێکەس، بەختیار زێوەر، مینە جاف، ئەخۆل، دڵزار ...) تەنانەت هێندێ هونەری دیکەش، دوای راپەڕینەکەش لەدایکبوون، هەر هۆنراوەیان بۆ ئەو کارەساتە گرنگە مێژووییە هۆنیوەتەوە، وەک: (کامیل ژیر، شیرکۆ بێکەس ...)
ئەو هۆنەرانە هەموویان، لە دڵسۆزیی بۆ کورد و ئەمەک بۆ یادی خوێنی ڕەوانشادان، هەر یەکەیان بەپێی دید و بۆچوونی تایبەتی خۆیان، باسی ئەو کۆستە گەورەیەی کوردیان کردووە، خەم و پەژارەی خۆیان دەربڕیوە، هەستی دەروونیان، تێکەڵ بە کوڵی دڵیان کردووە، ملوانکەیەکی درێژی سووریان، لە دەنکی وشەی زێڕ و گەوهەری نایاب هۆنیوەتەوە، لە ملی ئاسکی سرکی، مێژووی پڕ لە خوێناویی کوردیان ئاڵاندوووە، پێشکەش بە گیانی پاکی ڕەوانشادانی ئەو ڕۆژەیان کردووە. لە هەمان کاتیشدا، تووڕەیی و ناڕەزایی خۆیان دەربڕیوە، بە هەموو کوڵودڵێکەوە، دژی داگیرکەرانی ئەو کاتە و ئێستەش، وەستاون و دواون. ێرەدا تەنیا هەر دوو هۆنراوەی دوو هۆنەر، بە نموونە دێنمەوە. 
(پیرەمێرد)، وەک کوردپەروەرێکی ڕاستەقینە و دڵسۆزی نیشتمانەکەی خۆی، هەرگیز لە ناپاکەکانی کورد، بێدەنگ نەبووە. زۆر بە جوانی، بە ڕۆڵەکانی گەلەکەی خۆی ناساندوون و لەقاویداون. ڕووداوەکانی بۆ ڕوونکردوونەتەوە.
بۆیە دوای کوشتارەکەی بەردەرکی سەرای (سولەیمانی)، شاندی شارەکانی (کوردستان) بە گشتیی و شاری (سولەیمانی) بە تایبەتی، بەرەو شاری (بەغدا) ڕۆیشتوون، تا لە لایەکەوە: خۆشهاتنەوە لە شا (فەیسەڵ) بکەن. لە لایەکی دیکەشەوە: نۆکەریی و ئەمەکداریی خۆیان، بۆ سەرانی داگیرکەرەکە نوێکەنەوە و داوای لێبووردن لە میریی بکەن.
 لە ڕاستیدا، داگیرکەری ئینگلیز، ئەو کۆمەڵە خۆفرۆشەی کۆکردبووەوە، تا بە ناوی گەلی کوردەوە، پیرۆزبایی لە سەرانی دەوڵەتی (عێراق) بکەن، گوایە، هەڵبژاردنەکەیان ڕاست و ڕەوا بووە!
یەکێ لە ئەو نوێنەرە چڵکاوخۆرانەی کوردیش، (محێدین مەعرووف) بووە. بۆیە (پیرەمێرد)یش بە ئەو بۆنەیەوە، ئەو کوردە هەلپەرست و بێ هەڵویستانەی، سەودایان بە مافەکانی گەلی کوردەوە کردووە، دوای ئەو هەموو ماڵوێرانیی و خوێنڕشتنە، ملی ڕێی (بەغدا)یان گرتووە، سەریان لە (فەیسەڵ) داوە و بەسەر خوێنی ڕەوانشادانی ڕاپەڕینەکەدا بازیانداوە، هۆنراوە بەرز و بێ وێنەکەی (وەفدی کوردستان، میللەت فرۆشان)ی هۆنیوەتەوە، ئەو نوێنەرانەشی بە (هەرزە وەکیلی شاری خامۆشان) نێوزەدکردووە و تانباریکردوون، بە (8) دێرە هۆنراوەی جوانیش گوتوویەتی:
وەفدی (کوردستان)، میللەت فرۆشان
هەرزە وەکیلی، شاری خامۆشان
چەپکێ لە گوڵەکەی، باخەکەی سەرا
کە بە خوێناوی، لاوان ئاودرا
بیبەنە خزمەت، عەرشی عێراقی
بڵێن: یار باقی و هەم سوحبەت باقی
پەردە و تارای سوور، بەرن بۆ ئەمیر
بڵێن: پاش کوشتار، هێشتا تۆی دڵگیر؟!
دەک خەجاڵەتبن، لە ڕووی مەحشەرا
ئێمە خاکی غەم، ئەکەین بەسەرا
ئێوەش، ئەو عەرشەی بە خوێن گوڵڕەنگە
سوجدەی بۆ ئەبەن، هیچ ناڵێن نەنگە
کورد نەمردووە، خەیاڵتان خاوە
بەراتی نەجات، بە خوێن نووسراوە
من ڕەنگی سوورم، بۆیە خۆش ئەوێ
مژدەی شەفەقی، لێ دەس ئەکەوێ (پیرەمێرد، )  
هەروەها (قانع)ی هۆنەری نیشتمانپەروەری خەمخۆری گەل و نیشتمانیش، لە هۆنراوەی (شیوەن)دا، شێوەنێکی بێ وێنەی، بۆ کورد و ڕاپەڕینەکەی بەردەرکی سەرا کردووە و بە (7) دێڕە هۆنراوە گوتوویوتی:
لە کزیی کوردان، گلاراومە
ڕۆژەکەی (ئەیلوول)، تانەی چاومە
لە بیرت نەچێ، باخچەی بەرسەرا
بە خوێنی کوردی، مەزڵووم ئاودرا
بە گوللەی مەترەلۆز، ئاوپرژێنکراین
لەسەر حەقی خۆمان، بە ناهەق کوژراین
با پێی تێ نەخەین، ئەو خوێنە گەشە
چون یادگاری، ڕۆژێکی ڕەشە
سوێندی پێ بخۆین، تا ڕۆژی مردن
کۆتایی نەکەین، لە تۆلەسەندن
ئەو خاک و خوێنە، بکەینە نموونە
بۆ ئەو میللەتەی، ئەمڕۆ زەبوونە
با لەناو پەردەی مێژوو، بمێنێ
کورد تۆڵەی خوێنی، بە خوێن ئەستێنێ  


9. 9. 2120
ماویەتی   


وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×