سەردەمی زێڕینی گەلی کوردی

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2021-03-30     595
ئاشکرایە، لە دوای یەکەمین جەنگی جیهانەوە، دەوڵەتە زلهێزە براوەکانی جەنگ، لە پیلانێکی بەرنامە بۆ داڕێژراودا، باشووری (کوردستان)یان، بە (عێراق)ی عەرەبییەوە لکاند. لە ماوەی ئەو (33) ساڵەدا (1925-1958)، دانیان بە هێندێ لە مافە سەرەتاییەکانی گەلی کورددا نا، بەڵام ئەو مافانە، بایی هێندە نەبوون، گوزارە لە ئاماج و مافە ڕەوا ستراتیژییە نەتەوەیی و رامیارییەکانی گەلی کورد بکەن و تێنوێتی بشکێنێ!  
گەر کەمێ لە مێژووی ئەم  (63) ساڵەی نێوان (1958-2021)ی باشووری (کوردستان)یش وردبینەوە، بە سەر چەن قۆناغێکی مێژووییدا دابەشیکەین و بە کورتیی، لێی بدوێین، بە چاوێکی بێلایەنانە و بە ویژدانانە هەڵیسەنگێنین، ئەوا زۆر شتمان بۆ ڕووندەبێتەوە.
1. قۆناغی (1958-1961)
لە ئەم قۆناغەدا، لە چاو قۆناغی نێوان ساڵانی (1925-1958)، هێندێ گۆڕانکاریی گرنگ، لە ڕەوشی نەتەوەیی و ڕامیاریی (کوردستان)دا ڕوویداوە. چونکە دوای کۆدەتاکەی (عەبدولکەریم قاسم)ی ڕۆژی (14. 7. 1958)، دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی (عێراق)، بە شێوەیەکی فەرمیی، دانیان بە هێندێ لە مافەکانی کورددا ناوە. بۆ نموونە: لە دەستووردا نووسیویانە: کورد و عەرەب لە کۆماری (عێراق)دا هاوبەشن. مۆڵەتی کارکردنی فەرمییان، بە (پارتی دێمۆکراتی کوردستان) دا. ڕێیان بە سەرۆکی (پارتیی) و گەلی کورد (مەلامستەفا) دا، بۆ زێد و نیشتمانەکەی خۆی بگەڕێتەوە. گەلێ ڕۆژنامە و گۆڤار، بە زمانی کوردیی دەرچوون. بەڵام زۆری نەخایاند، ئەم قۆناغەش پێچرایەوە.

2. قۆناغی (1961-1963)
لە ئەنجامی ئەو ناکۆکیی و جیاوازییانەی، لە دید و بۆچوونی، نێوان دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی (عێراق) و سەرکردایەتی (پارتیی)دا ڕوویاندا، ڕۆژی (11. 9. 1961)، شۆڕشێکی چەکداریی نەتەوەیی بەرفراوانی جەماوەریی، بە سەرکردایەتی (پارتیی) و ڕابەرایەتی (بارزانیی)، لە باشووری وڵات دەسیپێکرد. تا کۆبوونەوەکەی ساڵی (1964)ی (ماوەت)یش کرا، گەلی کورد یەکڕیز و یەک ماڵ بوو.
3. قۆناغی (1963-1964)
لە ئەم قۆناغەدا، ناکۆکیی لە دید و بۆچوونی هێندێ لە ئەندامانی پەلیتبیرۆی (پارتیی) و سەرۆکەکەی (بارزانیی)دا روویدا. پاشان ناکۆکییەکان قووڵبوونەوە، تا لە ئەنجامدا، دووبەرەکیی لەنێو ڕیزەکانی پارت و شۆرشەکەدا دەسیپێکرد و بە تەواویی تەقییەوە. ئەمەش یەکەمین جاربوو، لە میژووی ئەو چەن ساڵەدا، خوێنی براکان بە دەسی یەکدی بڕژێ!

4. قۆناغی (1966-1970)
لە ئەم قۆناغەدا، ئەوەی هەموو کوردپەروەرێکی دڵسۆز لێی دەترسا، ڕوویدا. بە پیلانێکی بەرنامە بۆ داڕێژراوی هەردوو دەوڵەتی داگیرکەری (ئێران) و (عێراق)، جەنگێکی پۆخڵی خۆبەخۆی کورد، بە خراپترین شێوە دەسیپێکرد. شۆڕشەکەش، نێوەڕۆکە نەتەوەیی و نیشتمانییەکەی خۆی لەدەسدا.

5. قۆناغی (1970-1975)
لە ئەنجامی ئەو خەباتە سەختەی، هێزەکانی پێشمەرگە و (پارتیی) بە سەرۆکایەتی (بارزانیی) کردیان، پارتی (بەعس)یش پێویستی بە پشوویەک هەبوو، تا بە تەواویی، دینگە سەرەکییەکانی دەسەڵاتی خۆی، لە (عێراق)دا بچەسپێنێ و خۆی قایمبکا، هەردوو سەرکردایەتی (پارتیی) و (بەعس)، دەسیان بە گفتوگۆ کرد و لە ئەنجامیشدا ئەوەبوو، ڕۆژی (11. 3. 1970)، ڕێککەوتننامەیەکی مێژوویی، لە نێوان هەردوو سەرکردایەتیدا مۆرکرا. ئەم ڕێککەوتننامەیەش، ماوەی (4) ساڵی خایاند، بەڵام سەرکردەکانی (بەعس)، لە زۆر شت پەشیمانبوونەوە و لە کۆتاییشدا، ڕۆژی (11. 3. 1974)، جارێکی دیکە، جەنگ لە (کوردستان) دەسیپێکردەوە.
پێم وایە، ماوەی ئەو (4) ساڵی ڕێککەوتنە، (سەردەمی زێرین)ی گەلی باشووری (کوردستان) بوو. چونکە:
- بۆ یەکەمین جار لە مێژوودا، دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی (عێراق)، بە شێوەیەکی فەرمیی، دانیان بە هێندێ مافی سەرەتایی نەتەوەیی، ڕامیاریی، یاسایی و کەلتووریی گەلی کورددا نا، کە خۆی لە (ئۆتۆنۆمیی)دا دەبینی. ئەم دانپێانانەش، وەک بەڵگەنامەیەکی مێژوویی وایە.
- جگە لە پارێزگەی (کەرکووک)، دەسەڵاتێکی کوردیی سەربەخۆی ئۆتۆنۆمیی، لە سنووری هەموو پارێزگە و شارۆچکەکانی دیکەی باشووری (کوردستان)دا دامەزرا.
- ئاوێکی بە ئاگری جەنگی چەپەڵی نێوخۆدا کرد و ڕیزەکانی گەلی کوردی یەکخستەوە.
- (کوردستان) لە ڕووەکانی ئابووریی و بازرگانییەوە بوژایەوە.
- لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، کۆمەڵانی خەڵک، زۆر تەبا و ڕێک بوون، هەژاریی و نەداریی، بێکاریی و داماویی نەبوو.
- زمان و وێژەی کوردیی، پێشکەوتنێکی باشی بە خۆیەوە بینی. 
- کۆڕی زانیاریی کورد دامەزرا و باشترین کادیری ئەکادێمیی ئەو سەردەمە، لە بوارەکانی زمان، وێژە، کەلتوور و مێژوودا کاریان تێدا دەکرد.
- یەکێتیی نووسەرانی کورد دامەزرا.
- یەکێتیی هونەرمەدان و کۆمەڵەی هونەر و وێژە دامەزرا.

6. قۆناغی (1976-1991)
لەگەڵ ئەوەشدا، دوای ئەوەی شۆڕشی کورد، ساڵی (1975) تووشی نووشووستی بوو، لە نێوان ساڵانی (1976-1991)دا، شۆڕشێکی چەکداریی دیکەی نوێ، لە (کوردستان) دەسیپێکردەوە، دژی بەعەرەبکردن، بە بەعسیکردن، ڕاگواستن و دوورخستەوەی هاوڵاتیانی کورد بوو، بەڵام لە ماوەی ئەو (15) ساڵەی شۆڕشدا، لە هەموو نێوچەکانی نیشتمانەکەمان، جەنگێکی قێزەونی کوردکوژیی، لە نێوان باڵە جیاوازەکانی شۆڕشی نویدا هەڵگیرسا، کوردێکی زۆر بە دەسی کورد کوژرا، بەهۆی شاڵاوەکانی (ئەنفال) و کیمیابارانەوە، زۆربەی گوند و نێوچەکانمان، بە تەواویی کاول و چۆڵ بوون، جگە لە زیانیش، هیچ دەسکەوتێکی نەبوو!  

7. قۆناغی (1991-2021)
هەرچەندە لە ئەم قۆناغەدا، ڕۆڵەکانی گەلەکەمان، دژی زۆرداریی و ستەمی داگیرکەر ڕاپەڕین، گەلەکەمان دەسکەوتێکی نەتەوەیی و ڕامیاریی گەورەتری بەدەسهێنا، مافی فیدراڵمان لە چوارچێوەی (عێراق) و لە دەستووردا بۆ سەلمێنرا. پەرلەمان و دەسەڵاتێکی فیدراڵ دامەزرا. بەڵام جگە لە ئەوەی، هەر دوای (3) ساڵ فەرمانڕەوایی و دەسەڵاتی هەرێمی فیدراڵ، جەنگێکی پۆخڵی نێوخۆ، لە نێوان هێزەکانی (پارتیی) و (یەکێتیی) و لایەنەکانی دیکەدا، دووبارە هەڵگیرسایەوە، لە هەموو ڕوویەکیشەوە، زۆر لە (سەردەمی زێڕین)ی باشووری (کوردستان) خراپتربوو. چونکە:
- لە سەردەمی نوێدا، گەلی کورد یەک ڕابەری مێژوویی نەتەوەیی نەبوو، تا ئێستەش هەر نییەتی.
– یەک پارتی پێشڕەو و نیشتمانپەروەری نەبووە و نییە، بەڵکوو چەندین پارتی گەورە و گچکە، دەسەڵاتدار و بێدەسەڵات پەیدابوون. هەر پارتێکیش لە ئەو پارتانە، بە دەوڵەتێکی داگیرکەری (کوردستان)ەوە گرێدراون.
– بەرنامەیەکی یەکگرتووی نێشتمانیی، پارت و لایەنەکان کۆناکاتەوە، بەڵکوو بەرژەوندیی باڵای نەتەوەیی، بە قوربانی بەرژەوەندیی تەسکی پارتایەتیی کراوە.
– سەرکردەی پارتەکان دەوڵەمەند و ڕۆڵەکانی گەلیش، بە کولەمەرگیی دەژین.
– ڕەوشی ئابووریی هەرێم زۆر خراپە، هەژاریی و بێکارییەکی زۆر، لە نێو ڕیزەکانی گەلدا بڵاووبووەتەوە. تەنانەت وای لە کۆمەڵانی خەڵک بە گشتیی و لاوەکانمان بە تایبەتیی کردووە، ڕێز لە دەسکەوتەکانی شۆڕش و قوربانییەکانی گەلەکەمان نەگرن، سەری خۆیان هەڵگرن و ڕوو لە ژیانی ئاوارەیی بکەن!
– زمان بە تایبەتیی و وێژەی کوردیی بە گشتیی، لە قەیرانێکی زۆر خراپدا دەژین. تەنانەت ڕۆژبەڕۆژیش، زمانەکەمان بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە و خراپتردەبێ.
– خەڵکێکی بیانیی گومانلێکراوی زۆر، بە ناوی کارکردن و لێقەوماوییەوە، لە هەموو نێوچەکانی باشووری (کوردستان) بڵاوبوونەتەوە و دەژین.
– (کوردستان) بە ئاشکرا، بووە بە جێی تەراتێنی دەزگە سیخوڕییەکانی دەوڵەتە داگیرکەرەکان بە تایبەتیی، هێندێ دەوڵەتی دیکەی نێوچەکە و جیهان بەگشتیی.
– هاونیشتمانیانی کورد، لە ژیان و گیانی خۆیان دڵنیا نین. چونکە گەلێ ڕووداوی دڵتەزێن و ناخۆش ڕوودەدەن. دەسەڵاتدارانی کوردییش، جگە لە ئەوەی خۆیان خەڵک دەچەوسێننەوە و سزایاندەدەن، لە ئەو ئاستەدا بەرزەشدا نین، ژیان و گیانی خەڵک بپارێزن.
– یەکێتییەوەکی ئابڕوومەندانەی کوردپەروەرانە نییە، بەڵکوو ڕیزەکانی گەل لە یەکدی دابڕاون ڕۆڵەکانی گەلەکەمان، بەسەر هەردوو باڵی (جەلالیی) و (مەلایی)دا دابەشبوون، بە شێوەیە، هەموو کاتێ مەترسیی، نوێبوونەوەی جەنگی نێوخۆ و دابەشکردنی هەرێمی (کوردستان) هەیە. بۆیە دوژمنانی سەرەکیی کوردیان بیرچووەتەوە و هەمیشە هەوڵدەدەن، لەگەڵ دەوڵەتە داگیرکەرەکانی (کوردستان)دا ڕیکبکەون و پشتی یەکدی بشکێنن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×