پیلانێكی پۆخڵ و بیرەوەرییەکی تاڵ!

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2020-09-27     997

کارەساتی تەقینەوەکە هێشتا ساڵێك و شەش مانگ و حەڤدە ڕۆژ، بەسەر ڕێككەوتننامەی (11. 3. 1970)دا تێپەڕبووبوو، مەبەستە گڵاوە سەرەكییە شاراوەكەی داگیركەری دەوڵەتی (بەعس) ئاشكرابوو. چونكە ڕۆژی (29. 9. 1971)، بە ناوی ئەوەوە، گوایە پێوەنديی برایەتی نێوان هەردوو گەلی موسوڵمانی كورد و عەرەب پتەوتربێ، سەركردایەتی پارتی (بەعس)، هێندێ مەلای سووننە و ئاخووندەی شیعەی ڕاسپارد، سەردانی سەرۆك (بارزانیی) بكەن، تا ئەو گرفتانەی لە نێوانیاندا هەیە، وەك چەن پیاوێكی ئایینیی چاکەخواز، چارەسەرێكی بۆ بدۆزنەوە. بەڵام هەر زوو مەبەست و دەسەچەپەڵەكەی (بەعس) كەوتەڕوو، چونكە مەلا و ئاخووندەکانیان، سواری چەن ترومبیلێكی بۆمبڕێژكراو كردبوو، بێ ئەوەی ئاگایان لێی بێ، وایان كۆنترۆڵكردبوو، هەر بگەنە بارەگەی سەركردایەتی، هەموو ترومبیلەكان بتەقنەوە و (بارزانیی) لەنێوبەرن. بەڵام ژیان و مردن بەدەس خوایە، ترومبیلەكان تەقینەوە، یەك پیاوی ئایینیی دەرنەچوو و هەموویان پارچەپارچەبوون، (بارزانیی)ش كەمێ برینداربوو، بە سەلامەتی ڕزگاریبوو!

عەواڵ و بەکرەجۆ
ئەو شەوەی هەواڵەكە گەیی، هەموو هێزەكانی پێشمەرگە و ئەندامانی (پارتیی)، لە باری ئامادەباشیدا بوون، نەبا لەگەڵ ئەو پیلانە پۆخڵەدا، هێزەكانی سوپای دەوڵەتی داگیركەری (عێراق) هێرشبكەن. لەبەرئەوە هەموو ئەندامانی لق و ناوچەی (سولەیمانیی)، لە گوندی (عەواڵ)ی لای (بەکرەجۆ)، لە ماڵی (شێخ عومەر عەواڵانیی) دامەزرابوون. ئەو کاتە (شێخ عومەر) لە لقی (سولەیمانیی)، یەکێتیی جوتیاران کاریدەکرد، هەموو ئەندامانی نێوچە و لقی (پارتیی)ٍشی دەناسی.
من و (وریا براخاس)ی هاوڕێشم، لە ئەوێ بووین. ئەو کاتە من هەم ئەندامی ڕێکخراوی قوتابیانی سولەیمانیی (پارتیی) بووم و مامۆستا (جەمال قاسم) لێپرسراوی ڕێکخراو بوو. هەم لە جووتیارانیش خۆبەخشانە کارمدەکرد. (وریا براخاس)یش لە (بەکرەجۆ)، ئەندامی ڕێکخراوی (پارتیی) بوو. بەڵام لەبەرئەوەی ماڵی (شێخ عومەر) جمەیدەهات، خاوەن ماڵیش درێغی نەکردبوو، هێندێ قەل و قازی بۆ سەربڕیبوون، مێزی مەیخواردنەوەشیان ڕازاندبووەوە، جێی ئێمە نەبووەوە، لە ناچاریدا ڕۆیشتین و لە ماڵی کاک (قادر قادر) لە (بەکرەجۆ)، شەومان ڕۆژکردەوە. ئیدی بەیانی هەستاین، هیچ ڕووی نەدابوو، زوو بۆ شار گەڕاینەوە!

پێشبینییەکی ڕاست
عەمید (بەختیار باراویی)، سەبارەت بە ئەو پیلانەی (بەعس) و تەقینەوەکان، بۆی نووسیوم: خوالێخۆشبوو (شێخ رەزای گوڵانیی) بۆی گێڕامەوە و گوتی: کاتێ ساڵی (1970)، بەڕێوەبەری پۆلیسی (هەولێر) بووم، هەر شاندێ یا میوانێ بهاتنایە و بیانوویستایە، سەردانی سەرکردایەتی شۆرش بکەن، دەبووایە، لەڕێی ئێمەوە بڕۆشتنایە، پۆلیسمان لەگەڵ دەناردن، تا بیانپارێزن. ئێمەش بەرنامەمان وابوو، هەموو ڕۆژی پێنجشەممەیەک، دوای کارکردن بەرەو (گەڵاڵە) دەڕۆیشتین، سەرمان لە سەرکردایەتی دەدا و ڕۆژی شەممە دەگەڕاینەوە. لە ئەو ماوەیەدا، ئەوەی پێویستبوو، باسماندەکرد.
ڕۆژی (28. 9. 1971)، لە سەرکردایەتی شۆڕش بووم. ڕۆژی دوایی (29. 9. 1971)، لە (دیلمان) شۆڤێرێکم بینی، میوانەکانی بۆ لای (بارزانیی) هێنابوو. بێ ئەوەی بیناسم، زۆری بەسەردا هەڵدام. منیش بایەخم پێ نەدا. لە (دیلمان)ەوە بەرەو (چۆمان) ڕۆیشتم و بۆ سەرکردایەتی گەڕامەوە. لە ڕێ بیرم لە ئەوە کردەوە، ئەم شۆڤێرە، بۆ وا لەگەڵ من ڕووی خۆشبوو، بە شانوبازوویدا هەلدەدام؟! لە رێگە کاک (ئیدریس)م بینی و لێم پرسی: ئەمانە کێن هاتوون؟!
گوتی: چەن پیاوێکی ئایینین، چاوەرێدەکەن، سەرۆک (بارزانیی) ببینن.
گوتم: باشتر وایە، نەیان بینێ.
گوتی: ئاخر خۆی بەڵێنی پێ داون.
گوتم: باشە، ئێوە پێیان بڵین، (بارزانیی) لە ڕاوە و لێرەوە دوو کاژێر دوورە، چیتان هەیە، ئێمە لەگەڵتان دادەنیشین و باسیدەکەین.
گوتی: بێ خەمبە و تۆ بگەڕێرەوە بۆ (هەولێر).
لە گەڕانەوەمدا بڕیارمدابوو، هەردوو بنکەی پۆلیسی (شەقڵاوە) و (کۆیە) بپشکنم. لە بنکەی پۆلیسی (شەقڵاوە) لامدا، (فرەنسۆ حەریریی) تێلێفۆنی کرد و گوتی: (شێخ) تەقینەوەیەکی خۆکوژیی ڕوویداوە، حەزمکرد، ئاگادارتبکەم.
گوتم: (بارزانیی) سەلامەتە؟
گوتی: بەڵێ.
گوتم: دڵنیابم؟!
گوتی: ئەوە نییە، گۆرانیی (حەسەن زیرەک) لێدەدەەم!
گوتم: باشە. من بەرەو (هەولێر) دەڕۆم و دواییش، بۆ سەرکردایەتی دەگەڕێمەوە. بەڵام هەوڵبدەن، دەسکاری شوێنی ڕووداوەکە نەکەن، بۆ کۆڵینەوە زۆر گرنگە. هەر گەیشتمەوە، جێگرەکەم گوتی: شالیاری نێوخۆ (سەعدوون غێدان)، لە (بەغدا)وە دوو جار تێلێفۆنی کردووە و گوتی: با (شێخ رەزا) قسەم لەگەڵ بکا. چونکە دەبوو، ڕۆژانە لە هەموو ڕووداوەکان ئاگاداریکەین. هەر گەیشتمە ژوورەکەی خۆم، جارێکی دیکە تێلێفۆنی کردەوە. وەک چاوەڕێی هەواڵێ بکا، بە پێکەنینەوە گوتی: ها (شێخ) چی هەیە؟!!
گوتم: شتێکی وا ڕووی نەداوە. بەڵام هێندێ میوان، بۆ لای (بارزانیی) هاتبوون، ئەم بەیانییە لە سەرکردایەتی، تەقینەوەیەک بوو، شتیکی وا نییە، باسبکرێ.
گوتی: باوکی (ئیدریس) سەلامەتە؟!
گوتم: بەڵێ. ئێستە بە تێلێفۆن قسەم لەگەڵ کردووە و زۆر باشە. دەتەوێت، قسەی لەگەڵ بکەی؟!
گوتی: نا، پیویست ناکا.
ئیدی (شێخ رەزا) گوتی: دوای نێوەڕۆ گەڕامەوە بۆ نێوچەی سەرکردایەتی. بۆ بەیانی کۆبوونەوەی سەرکردایەتی کرا. منیش وەک پاکانە بۆ پۆلیسی (هەولێر) بەشداربووم، چونکە دەبووایە، میوان لە ڕێی پۆلیسەوە بهاتایە. لە کۆبوونەوەکەدا گوتم: من پێشبینی ڕووداوێکی وام کردووە و بە کاک (ئیدریس)یشم گوتووە، کاک (مەسعوود)یش ئاگادارە. ئەوانیش گوتیان: بەڵی ئێمە ئەم هەواڵەی (شێخ رەزا)مان بە (بارزانیی) ڕاگەیاندووە، بەڵام ئەو خۆی بەڵێنیدابوو، بیانبینێ.
(بارزانیی) کردی بە شۆخیی و گوتی: (شێخ رەزا) کەراماتی هەیە، مردن بەدەس خوایە!
(شێخ رەزا) گوتی: ئیدی لە دوای ئەو ڕووداوەوە، زۆر بایەخیان بە زانیاریی و بۆچوونەکانی من دەدا.

بۆ (بەعس) ویستی، (بارزانیی) لەنێوبەرێ؟!
(مەلامستەفای بارزانیی)، لای کورد بە گشتیی و لای (پارتیی) بە تایبەتی، هەر لە ساڵەکانی چلەکانی سەدەی ڕابووردووەوە (1940)، پیاوێکی قارەمانی بێ وێنە بوو، خوا بە کوردی بەخشیبووو، وەک (حوسێنی کوڕی عەلی ئەبوتاڵیب) لای شیعەکان و (عومەری کوڕی خەتاب) لای سووننەکان چۆنن، (بارزانیی)ش بە ئەو شێوەیە، لای کورد وابوو، بەڵام قەدریان نەزانی!
بۆیە سەرانی دەوڵەتی داگیرکەری (بەعس) ویستیان، سەری ماری بزووتنەوەکە پانکەنەوە. ئەگینا لاشە و کلکی مارەکەی ئەندامانی سەرکردایەتی (پارتیی)، بە هەردوو باڵەکەی (جەلالیی) و (مەلایی)یشەوە لەبەردەسیاندابوون، دەیانتوانی، زۆر بە ئاسانیی لەنیویانبەرن. بەڵام سوور دەیانزانی، بەلەنێوبردنی ئەوان، هیچ لە کێشەکە ناگۆڕێ و تا (بارزانیی) بمێنێ، شۆڕش و شاخ هەر دەمێنێ. چونکە ڕۆڵەکانی گەلی کورد، هەر لە (خانەقین)ەوە تا (زاخۆ)، گۆییان لە قسەکانی دەگرت و فرمانەکانیان جێبەجێدەکرد، نەک وەک ئێستە، کورد سەرۆکێکی تێکۆشەر و دڵسۆزی نییە، کەس نامەی کەس ناخوێنێتەوە. بەڵگەشم ئەوەیە، کاتێ بە فرمانی (بارزانیی)، کۆتایی بە شۆرشی (11. 9. 1961) هات، هەموو بڵاوەیان لێ کرد و کەس هیچی پێ نەکرا!
لەگەڵ ئەوەشدا، بە داخێکی گەورە و گرانەوە، ململانێی ئایدۆلۆژیی قێزەون، مارکسییە چەپە نەزانەکانی کورد و بێ ئاگایی باڵێکی سەرکردایەتی ڕامیاریی (پارتیی) بە تایبەتی، هەموو ئەو هاوکێشانەیان تێکدا و شێواندیان!
ئەوڕۆ (49) ساڵ، بەسەر ئەو پیلانە پۆخڵەدا تێپەڕدەبێ، هێشتا سەرکردایەتی پارتەکانی باشووری (کوردستان)، هەر لە جێی خۆیان چەقیون، وەک لە ئەم ماوە درێژەدا، هیچ ڕووی نەدابێ، بڕوا بە داگیرکەرانی نیشتمانەکەیان دەکەن، پەندیان لە مێژووی پێوەندیی نێوان دەولەتی داگیرکەری (ئێران) و سەرکردایەتی شۆرشی (ئەیلوول) وەرنەگرتووە!


تێبینی
بەشی یەکەمی (پیلانێکی پۆخڵ)ی ئەم وتارە، ساڵی (2015) لە یەکەمین بەرگی بیرەوەرییەکانم (گەڵاوەریوەکانی درەختی تەمەنم) لاپەڕە (303)دا بڵاومکردووەتەوە. 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×