گەر (مام جەلال) بمايە!

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2021-01-21     1216
(نەوشیروان مستەفا)، لە دیدارێکی تایبەتدا، لەگەڵ بەڕێزان (ئازادی مستەفا خۆشناو) و (حەمەئەمین پێنجوێنی)، سەبارەت بە ناناوەندێتیی دەڤەری سەوز، پێوەندیی نێوان خۆی و (مام جەلال)، هێندێ بۆچوونی خۆی، زۆر بە ڕاشکاویی دەربڕیوە. ئەم دیدارەش، دوا دیداری خوالێخۆشبوو بووە و فریا نەکەوتووە، پڕۆژەکەی بڵاوکاتەوە و هەوڵ بۆ جێبەجێکردنی بدا.
سەرەتا (ئازادی مستەفا خۆشناو) لێی پرسیوە: نەی پڕۆژە تایبەتەکەت، گەیشتە کوێ؟
(نەوشیروان): پرۆژەکەی من سێ خاڵی سەرەکيی لەخۆگرتووە:
1. هێورکردنەوەی نێوان ئێمە و یەکێتيی و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی میکانیزمی یەکگرتنەوە، یان ڕێککەوتنی ستراتیژيی، هەرچەندە ئەمە زەحمەتە.
.2 بەئۆتۆنۆمکردنی لامەرکەزی دەڤەری سەوز.
.3 سەربەخۆکردنی ئابووريی دەڤەرەکە لە دەرهێنانی نەوت و غازدا، بەوەی خۆمان دەریبهێنین و بیفرۆشین.
پاشان (پێنجوێنی) لێی پرسیوە: رای (مام جەلال) لە ئەم بارەیەوە چییە؟
(نەوشیروان): لەگەڵ ئەودا بە درێژيی باسمکردووە. ئەو هەموو خاڵەکانی لا پەسەندە، تەنیا یەک (تەحەفوز)ی هەیە و دەڵێت: (نابێت پڕۆسەی فیدراڵيی تێکبچێت و ڕیسەکەمان لێ ببێتەوە بە خوری، چونکە ئێمە تا ئێستە، نە دەوڵەتین و نە سەربەخۆین *
* * *
لە ئەم بڕیارە چارەنووسسازانەدا، لەبەر ڕۆشنایی ئەم پرسیار و وەڵامانەدا، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ:
1. نەوشیروان) باسی هەرێمی فیدراڵی نەکردووە، بەڵکوو باسی جۆرێ لە جۆرەکانی ناناوەندێتیی نێوخۆیی کردووە. کە من ساڵی (1992) باسمکردووە و بۆم نووسیوە، بەڵام ئەو تازە بیری لە ئەو چارەسەرە کردووەتەوە! **
2. (مام جەلال) هەرگیز لە گەڵ ئەوەدا نەبووە، کارێ بکرێ، زیان بە سیستەمی فیدراڵ و یەکێتیی هەرێم بگەیەنرێ. بەڵکوو لەگەڵ یەکێتیی پەرلەمان و دەسەڵاتی هەرێمەکەدا بووە. ئەمەش نیشانەیەکی گرنگی بەتەنگەوەهاتنی (مام) بووە!
.3 ئەمە ئەوە دەسەلمێنێ، هەردوو سەرکردەی (یەکێتیی) و (گۆڕان)، بە نهێنیی سووکە پێوەندییەکان هەبووە، پێکەوە پلان و بەرنامەکانیان داڕشتووه. 
4. ئێستە هێندێ ئەندامانی (یەکێتیی) و (گۆڕان) پەیدابوون، خۆیان بە نووسەر و دڵسۆزی کێشەی کورد دەزانن، کەچی جگە لە ئەوەی، لەسەر ڕێبازەکەی ئەو دوو سەرکردەیەی خۆیان ناڕۆن و دەیانەوێ، دەسەڵاتی هەرێمیش دوولەتکەن و دوو هەرێمی فیدراڵ، لە هەرێمی باشووری (کوردستان) دامەزرێنن، هەڵبەتە زۆر ڕوونیشە، ئەم بۆچوون و داواکارییە، لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟! چونکە هەم سەرانی (ئێران) و هەم (عێراق)یش، لەگەڵ ئەم بیرۆکە نەزۆکە دان و دەیانەوێ، یەکێتیی ڕیزەکانی گەلی کورد تێکچێ و دەسەڵاتی هەرێمیش دوولەتکەن!
زۆر لە ئەوە دەچێ، ئەم جۆرە کەسانە، فڕیان بەسەر سیستەمی فەرمانڕەوایی دەوڵەتەکانی جیهانەوە نەبێ. ئێستەش وا دەزانن، (کوردستان) دەوڵەتێکی سەربەخۆیە و نازانن، یا خۆیانی لێ گێلدەکەن، کە (کوردستان) بەشێکە لە (عێراق).
ئاخر گەر ئێستە (مام جەلال) زیندووبووایە، ئایا ئەم مناڵبازاڕ و گێرەشیوێنییەی قەبوڵدەکرد؟!! پێم وایە، نەک هەر دژ دەوەستا، بەڵکوو چارەسەرێکی بنەڕتیشی بۆ دەدۆزییەوە، کێشەکان لە کویدا پچرابوون، هەر لە ئەوێشدا گرێی دەدانەوە!
2021. 1 .21
* محەمەد ئەمین پێنجوێنی، لە دوا دیدار لەگەڵ ڕەوانشاد (نەوشیروان مستەفا)دا، لاپەڕەی تایبەتی فەیسبووکی نووسەر، 11. 6. 2020
**حوسێن موحەممەد عەزیز، نامەیەکی درێژ بۆ نەوشیروان مستەفا، چاپی 1، سوید، 1995، چاپی 2، سولەیمانی، 2006.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×