باشووری کوردستان لە نێوان ساڵانی (1920– 2020) - 2

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2023-07-23     342

بەشی دووەم

 

دابەشکردنی کوردستان

یەکەمین دابەشکردن

گەرچی نەتەوەی کورد، لە سەرانسەری مێژوودا، هەرگیز یەک دەوڵەتی یەکگرتوو، یەک ناوەندی ڕامیاریی بەهێزی پێک نەهێناوە، بەڵام تا سەرەتای سەدەی (16)یەمیش، (کوردستان) هەر یەک پارچە بووە. ئیمپراتۆریای عوسمانیی لە باکووری (کوردستان)، ساڵی (1299ز.) لەسەر بناغەی ئایینزای سووننە دامەزرا. ئیمپراتۆریای سەفەویش، ساڵی (1501ز.) لە (تەورێز)، لەسەر بنچینەی ئایینزای شیعەگەرێتی درووستبوو. ئیدی لە ئەو ڕۆژانەوە، (کوردستان) وەک نێوچەیەکی جەنگ و پێکدادانی، نێوان ئەو دوو ئیمپراتۆریا گەورەیەی لێهاتووە. نەتەوەی کوردیش، دووچاری ڕۆژێکی ڕەشتربووە، هەرچەندە (لە ئەو سەردەمەدا، نزیکەی 46 میرنشینی کوردی هەبوون و جۆری پێوەندی نێوخۆیان، لە شێوەی فیدراڵیدا بوو.)

لەنێوان ئەو دوو ئیمپراتۆریا گەورەیەدا، گەلێ جەنگی سەختی درێژخایەن و خوێناویی بەرپابوو. بەڵام جەنگی (چاڵدێران) بۆ کورد، لە هەموویان سەختر و کاریگەرتربوو. بۆیە (جەنگی چاڵدێران لە مێژووی کورددا، نوختە گۆڕانێکی گرنگە، لە مێژووی نەتەوەی کورددا.)

ئەم جەنگە لەنێوان سوڵتان (سەلیمی عوسمانیی) و شا (ئیسماعیلی سەفەویی)دا، ڕۆژی (23. 8. 1514ز.) ڕوویدا. سوڵتان (سەلیم)، بە یارمەتی (مەلائیدریسی بەدلیسی) و هێزی خێڵە کوردەکان، بەسەر سەفەوییەکاندا سەرکەوت. لە ئەنجامدا توورکە عوسمانییەکان و فارسە سەفەوییەکان، بەپێی پەیماننامەی (زەهاو)، ساڵی (1639ز.) ڕێککەوتن و بۆ یەکەمین جار لە مێژوودا، (کوردستان)یان لەنێوان خۆیاندا دابەشکرد. (میرنشینەکانی لای ڕۆژاوا و سەروو و خوارووی کوردستان، چوونە ژیر دەسەڵاتی سەفەوییەوە، بێ ئەوەی هیچ کامیان، بە تەواوی ئۆتۆنۆمی خۆیان لەدەسدەن.)

ئەوڕۆ دوای ئەوەی، (509) ساڵ بەسەر جەنگی (چالدێران) و (374) ساڵیش، بەسەر پەیماننامەی (زەهاو)دا تێپەڕدەبێ، هێشتا ڕۆژهەڵاتی (کوردستان)، لە بندەسی دەوڵەتی داگیرکەری ئێراندا دەناڵێنێ.

 

ڕێککەوتنەکانی نێوان هەردوو ئیمپراتۆریاکە

دوای ئەوەی جەنگێکی درێژخایەن، لەنێوان هەردوولایاندا بەرپابوو، نزیکەی ماوەی (100) ساڵێکی خایاند، خەڵکێکی زۆر لە هەردوولا و خەلکی نێوچەکە کوژران، زیانێکی زۆر بەر دانیشتووانی نێوچە جیاوازەکانی (کوردستان)یش کەوت. نزیکەی هەردوولا، بە ئەو ئەنجامە گەیشتن، پێویستە بە گفتوگۆ و ڕێککەوتن، کێشە و گرفتەکانی نێوانیان چارەسەرکەن. لەبەرئەوە چەن ڕێێکەتنامەیەکیان واژۆکرد.

.1 ڕێککەوتننامەی (ئەماسیە)، ساڵی (1555ز.) واژۆکرا. واتە دوای (44) ساڵ جەنگ و کوشتار، لە نێوانیاندا مۆرکراوە. بەپێی بەندەکانی ئەو ڕێککەوتننامەیەش، هەردوو لایەنی توورک و فارس، بە شێوەیەکی فەرمی ڕێککەوتن، (کوردستان) لە نێوخۆیاندا دابەشکەن و هێڵی سنووری نێوانیان دیاریکەن، بە تایبەتی لە نێوچەکانی (شارەزوور، قارس و بایەزید)، چونکە چەن نێوچەیەکی کوردیی خاوێن بوون!

هەڵبەتە ئەم ڕێککەتننامەیە، زۆر سەرکەوتوو نەبوو، جێبەجێ نەکرا و ناکۆکیی نێوانیان، هەر بەردەوامبوو، بۆیە چەندین ڕێککەوتننامەی دیکەشیان مۆرکردووە.

.2 ڕێککەوتننامەی (زەهاو)ى ساڵی (1639ز.)، لە نێوان سوڵتان (مورادی چوارەم) و شا (عەبباسی سەفەوی)دا، لەبەر ڕۆشنایی ڕێککەوتننامەی (ئەماسییە) مۆرکراوە. ئامانجەکەشی ئەوەبوو، سنوورەکانی نێوان هەردوو ئیمپراتۆریاکە، بە تەواوی دەسنیشانکەن و ڕێکیانخەن. ئەم ڕێککەوتنەش هێندەی دیکە، کێشەی کوردی ئاڵۆزترکرد!

3. پاشان چەندین ڕێککەوتننامەی دیکەش، لە نیوانیاندا مۆرکراوە، وەک ڕێککەوتننامەکانی (ئەرزڕۆمی یەکەمى1823، ئەرزڕۆمی دووەمى1847، تاران1911 و ئەستانە1913)

 

دووەمین دابەشکردن  

دوای ئەوەی یەکەمین جەنگی جیهان، بە سەرکەوتنی لەشکری هاوپەیمانەکان کۆتایهات، ئیمپراتۆریای عوسمانی، بە ئەو پێیەی شانبەشانی لەشکری (ئەڵمان و نەمسا و مەجەڕ) لە جەنگدا بوو، ئەوانیش جەنگەکەیان دۆڕاندبوو، توورکە عوسمانییەکان ناچاربوون، لە مانگی (ئۆکتۆبەری 1918)دا، خۆیان بەدەسەوەبدەن. هێزەکانی لەشکری ئینگلیز و فڕەنسەش، پایتەختەکەیان داگیرکرد.

لەبەرئەوە بەپێی بڕیارە نهێنییەکانی پەیماننامەی (سایکس بیکۆ)، لەنێوان فڕەنسە، بریتانیا و رووسیای تسارییدا، ڕۆژی (9-16. 5. 1916)، دەوڵەتە هاوپەیمانەکان، میراتی ئیمپراتۆریای عوسمانییان، لەنێوخۆیاندا دابەشکرد. بەڵام سەرکردەکانی (یەکێتیی سۆڤێت)، دوای شۆڕشی (ئەکتۆبەر)، ڕۆژی (8. 11. 1917)، دەقی ڕێککەوتنەکەیان بڵاوکردەوە و پاشەکشەیانکرد.

هەرچەندە لە ئەو سەردەمانەدا، هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی سەربەخۆ، لە (کوردستان)ی بندەسی عوسمانیدا لەئارادابوو، بەڵام هەموو ئەو هەوڵانە گۆڕکرا، بۆ دوومین جار، (کوردستان)یان دابەشکردەوە، هەر پارچەیەکیشیان، بە ڕەوڕەوەی دەوڵەتێکی تازە داتاشراوەوە بەستەوە. ئیدی (کوردستان) بە کردەوە، لە دوو بەشەوە، بەسەر چوار بەشدا دابەشکرا.

لەگەڵ ئەوەشدا، دووەمین دابەشکردنی (کوردستان)، تەنیا هەر لە ئەستۆی دەوڵەتە داگیرکەرەکاندا نییە، بەڵکوو ئیمپریالیزمی جیهانیش، ڕۆڵی کاریگەر و ڕاستەوخۆیان، لە ئەو دابەشکردنەدا هەبووە. (ئەم ڕۆڵە، لە چارەکی سەدەی بیستەمدا، نێوان ساڵانی 1915-1920، زۆر بە گورجی هاتە مەیدانەوە. دابەشکردن و پارچەپارچەکردنی کوردستان، هەر لە ئەم ساڵانەدا ڕویدا، بە یارمەتیی و نەخشەکانی ئیمپریالیزمی ئینگلیزیی، فڕەنسیی، کەمالیستەکان، میرنشین، شێخنشێنە عەرەب و فارسەکان.)

هەروەها (نەخشەی ئەم پیلانە، لە ساڵانی شەڕی یەکەمی جیهان و ساڵانی 1919-1922، لە کاتی شەڕی تورکیا – یۆنان، شەڕی تورکیا – ئەرمەن کێشراوە.)

بەڵام ناکۆکی، ناتەبایی، دووبەرەکی، ناپاکی، نەبوونی ستراتیژێکی نەتەوەیی ڕوون و ئاشکرا، لاوازیی هەست و هۆشی کوردایەتیش، هۆیەکی گەورەی ئەو دابەشکردنە پێکدێنێ، کە ئیمپریالیزمی جیهانیی و کۆنەپەرستەکانی نیوچەکە توانیان، نەخشە و پیلانە گەورەکانیان، بەسەر سەرکردەکانی ئەو سەردەمەی بزووتنەوەی کوردایەتیدا تێپەڕێنن.

کەواتە گەر هۆی سەرەکی، یەکەمین دابەشکردنی (کوردستان)، لە نێوان توورکە عوسمانییەکان و فارسە سەفەوییەکاندا، بۆ فاکتەری جیۆپۆلێتیک، ستراتیژی نێوچەکە، چاوچنۆکیی و پاوەنخوازیی بگەڕێتەوە، هۆی سەرەکی لەتوپەتکردن و دووەمین دابەشکردنی (کوردستان)یش، بۆ ئیمپریالیزمی جیهانیی، نەوتێکی زۆر لە (کوردستان)دا دەگەڕێتەوە. 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×