پەندەکانی ڕاپەڕینە خوێناوییەکەی بەردەرکی سەرای سولەیمانی

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2021-09-07     539

بەشی دووەم

 

سەردانی کوردستان
دەسەڵاتدارانی هەردوو دەوڵەتی داگیرکەر، دوو جار سەردانی (کوردستان)یان کردووە.
1. شاندی شازادە (غازی کوڕی شا فەیسەڵ). ڕۆژی (16. 7. 1930)، گەیشتە (سولەیمانی) و پێشوازییەکی گەرمی لێ کرا. هەردوو ئەندامی دەستەی نیشتمانیی (رەمزی فەتاح) و (تۆفیق قەزاز)، وتاریان پێشکەشکرد و دمەتەقێیەکی گەرمیان، لەگەڵ شاندەکەدا کرد. شازادەش بەڵێنیدا، داواکارییەکانیان بە شا (فەیسەڵ) بگەیەنێ. بەڵام هیچی لێ سەوز نەبوو!
2. شاندی فەرمی (عێراق). شاندەکە لە (جەعفەر عەسکەری) جێگری سەرۆک شالیارانی (عێراق)، چەن شالیارێکی دیکە و کاپتن (هۆڵت) جێگری نوێنەری (بریتانیا) پێکهاتبوو. ڕۆژی (5. 8. 1930)، بەرەو (کوردستان) هاتن و شارەکانی (کەرکووک، هەولیر و سولەیمانی) گەڕان، لەگەڵ نێشتمانپەروەرانی کورد کۆبوونەوە.
سەرەتا دانیان بە هێندێ لە مافە سەرەتاییەکانی کورددا نابوو، بەڵام ئەم دانپیدانانە، تەنیا هەر بۆ هێورکردنەوە و هەڵخەڵەتاندنی ڕۆڵەکانی گەلی کورد بوو. چونکە دوایی، لە ئەو مافانەش پەشیمانبوونەوە. بۆیە هەڕەشەیان لە کورد کردبوو، زۆر بە ڕاشکاویش گوتبوویان: (گەر واز نەهێنن و بەدەردی خۆتانەوە دانەنیشن، وەک توورک چی بە ئەرمەن کرد، ئێمەش وا لە ئێوە دەکەین.) 
هەروەها ڕۆژنامەی (ئەلعێراق) لە (بەغدا)، وەڵامی داخوازی نوێنەرە کوردەکانی دابووەوە، کە لەبەردەمی پەرلەماندا، داوای مافە ڕەواکانی کوردیان کردبوو، هەڕەشەیان لە کورد کردبوو، نووسیبوویان: (گەر کوردەکان، داخوازی وا پێشکەشکەن، ئەرمەنییەکان لە توورکیا چییان بەسەرهات، کوردیش لە عێراق، بە ئەو جۆرەی بەسەردێ.)
لە ڕاستیدا، ئامانجی سەردانی شاندەکە، تەنیا هەر بۆ ئەوە بوو:
1. دڵنەوایی کۆمەڵانی خەڵکی (کوردستان) بکەن.
2. بەشداری لە دەنگداندا بکەن، دەنگ بۆ پەیماننامەکەی نیوان (عێراق) و (بریتانیا) بدەن، کە هیچی بۆ کورد تێدا نەبوو.
لە کۆتایی دیدارەکانیشدا، جێگری سەرۆک شالیاران زۆر بە ڕاشکاویی گوتبووی:
1. مافەکانی گەلی کورد، کێشەیەکی نێوخۆیی دەوڵەتی (عێراق)ە و خۆمان چارەسەریدەکەین.
2. پەیماننامەکەی نێوان (عێراق) و (بریتانیا)، پەیماننامەیەکی نێوخۆیی نییە، بەڵکوو پێوەندیی بە ڕێککەوتنی نێودەوڵەتییەوە هەیە.
3. دەبێ، یەکپارچەیی خاکی (عێراق) بپارێزرێ.
4. نابێ کارێ بکەن، دۆستایەتی نێوان (عێراق) و دەوڵەتە دراوسێکانی (توورکیا) و (ئێران) تێکبچێ.
5. گەلی کورد دەبێ، خۆی بە عێراقیی بزانێ.
جگە لە ئەوەی، ئەم داواکارییانەی جێگری سەرۆک شالیاران، هیچیان لای کورد پەسەند نەبوون، گەشتەکەشیان بۆ شارەکانی (کوردستان)، سەرکەوتوو نەبوو. چونکە لە هەردوو شاری (کەرکووک) و (هەولێر)، پێیان گوتبوون: ئێمە لەگەڵ داواکارییەکانی خەڵکی (سولەیمانی)ین، تەنیا چەن خۆفرۆشێکی وەک جووتە برا (سافی و مستەفا عەبدوڵڵا ێەعقووبی) و (شێخ موحەممەد تاڵەبانی) نەبێ، پشگیریی وتەکانی جێگری سەرۆک شالیارانیان کردبوو، ڕوویان لە نیشتمانپەروەران کردبوو، گوتبوویان: ئەو داواکارییانە، هی خەڵکی (سولەیمانیی)ە و بچن، لە ئەوێ داوایبکەن. ئێمە لە ئەم شارە دەژین و شارەکەش موڵکی (کورد، عەرەب، توورکمان و ئاشووری)یە.

جیاوازیی نێوان خەڵکی (سولەیمانی) و شارەکانی دیکە
هەڵبەتە، بمانەوێ و نەمانەوێ، لە نێوان دانیشتووانی ئەو چەن ناوچەیەی (کوردستان)، هێندێ جیاوازیی هەیە. بۆیە جۆری چاوپێکەتن، دەمەتەقێکان و داواکارییەکانیش جیاوازن، چونکە:
1. هەر لە کۆنەوە (سولەیمانی)، مەڵبەندی ڕۆشنبیریی، کوردایەتی، خەباتی ڕامیاریی و شۆڕشی چەکداریی بووە.
2. (سولەیمانی) ماوەی (67) ساڵ، پایتەختی میرنشینی (بابان) بووە و دانیشتووانەکەی سەربەخۆ ژیاون.
3. (شێخ مەحموود) سێ جار، فەرمانڕەوایی دامەزراندووە و پایتەختی فەرمانڕەواییەکەی (سولەیمانی) بووە.
4. (دەستەی نیشتمانپەروەریی) تێدا دامەزراوە، بە ناوی خەڵکی شار و هەموو (کوردستان)ەوە قسەیانکردووە.
5. خەڵکی شارەکە، یەک دەنگ و یەک رەنگ بوون، لەگەڵ داواکارییەکانی نەتەوەی کورد بوون. ناڕەزاییان دەربڕیوە، خۆپیشاندانیان سازکردووە و قوربانیانداوە.
6. لەبەر ئەو هۆیانە، ئاستی ڕۆشنبیریی و هەستی نەتەوەیی، دانیشتووانی خەڵکی (سولەیمانی)، لە چاو ناوچەکانی دیکەی (کوردستان)دا بەهیز و گەشاوەترە.

ئەنجام
لە هەر سێ شارەکە (کەرکووک، هەولێر و سولەیمانی)، زۆر بە ڕاشکاویی، دەمەتەقێی گەرم، لە نێوان نوێنەرانی کورد و داگیرکەراندا کراوە. لە (کەرکووک)، پیاوێکی دڵسۆزی وەک (موحەممەد بەگی جاف)، زۆر ئازایانە، وەلامی شاندەکەی داوەتەوە. لە (هەولێر) هێندێ کوردپەروەر قسەیانکردووە، بەڵام (مەعرووف چیاوک)، لە هەموویان پتر داکۆکیکردووە و بە شێوەیەکی زۆر باش، بەڵگەکانی ڕوونکردووەتەوە. لە (سولەیمانی)، ئەندامانی (دەستەی ڕۆشنبیریی) بە گشتی، داواکارییەکانی شاندەکەیان ڕەتکردووەتەوە، بەڵام بە زۆری (رەمزی فەتاح) و (تۆفیق قەزاز)، چالاکتربوون، چونکە سەرەتا وتاریان خوێندووەتەوە، پاشان لە هەموو دەمەتەقێکاندا بەشدارییانکردووە، زۆر زانستانە و بە بەڵگەوە، قسەیانکردووە و ئەندامانی شاندەکەیان دەمکووتکردووە.   
ئاخر ئەو ژیانەی شاندەکە دەیانویست، بە زۆر بەسەر گەلی کورددا بیسەپێنن، نوێنەرەکان ڕەتیانکردووەتەوە. بەڵکوو داوای سەربەستیی کورد و سەربەخۆیی خاکی (کوردستان)یان کردووە. هەوڵیشیانداوە، دەوڵەتێکی نەتەوەیی سەربەخۆ، لە باشووری (کوردستان) دامەزرێنن.
بەڵام نوێنەرانی هەردوو دەوڵەتە داگیرکەرەکەی (عێراق) و (بریتانیا)، بە ئەو داواکارییانە قایل نەبوون. چونکە ئامانجیان ئەوەبوو، بە پشتیوانی (بریتانیا)، باشووری (کوردستان) بە زۆر، بە دەوڵەتی (عێراق)ەوە ببەستنەوە، دەوڵەتێکی فرە نەتەوە و نیشتمان، لە پێکهاتە ئیتنیکە جیاوازەکانی (عێراق) دامەزرێنن. بۆیە شاندەکە، بێ هیوا بەرەو (بەغدا) گەڕاونەتەوە، بێ ئەوەی هیچ دەسکەوتێکیان هەبێ. لە هەمان کاتیشدا، هیچ جۆرە بەڵێنێکیشیان بە کورد نەداوە!

ڕاپەڕینەکەی بەردەرکی سەرای سولەیمانی
ڕەوشی شارەکە بە تایبەتی و ڕەوشی (کوردستان) بە گشتی، تا دەهات، ڕۆژبەڕۆژ خراپتر دەبوو. چونکە بە هیچ شێوەیە، دەنگی مافە ڕەواکانی کورد نەما. بۆیە خەڵکەکە بە تەواویی، بێزاربوون و خرۆشان. کۆمەڵانی خەڵک، ناڕەزاییەکی زۆریان دەربڕی. دووکانەکانیان داخست. کۆبوونەوە و دەمەتەقێ دەسیپێکرد، داوای مافە ڕەواکانی گەلی کوردیان دەکرد. ئەم پڕۆسەیەش، بە (2) قۆناغدا تێپەڕبوو.
ڕۆژی (4. 9. 1930)
هۆنەری نیشتمانپەروەری کورد (بێکەس)، قوتابیانی قوتابخانەی (زانستیی) کۆکردووەتەوە. بەرەو بەردەرکی سەرا کشاون و بە چواردەوری سەرادا بڵاوبوونەتەوە. سروودی نیشتمانیان گوتووە و لە ناکاو، ترومبێلێکی میریی دەرکەوتووە، بەردبارانیانکردووە. بۆ ڕۆژی دواییش، هەر بەردەوامبوون.
2. ڕۆژی (6. 9. 1930)
هەرچەندە (دەستەی نیشتمانیی)، دژی بەکارهێنانی توندوتیژیی بوون. لەگەڵ ئەوەشدا، دوو رۆژ پێش ڕاپەڕینەکە کۆبوونەتەوە و بڕیاریانداوە، بەشداریی لە دەنگدان و هەڵبژاردنەکاندا نەکەن. بەڵام دیسانەوە (بێکەس)، دووکانەکانی بە خەڵکی شار داخستووە، * خۆپیشاندانێکی گەورەی سازکردووە، قوتابیانی (زانستیی) کۆکردووەتەوە، بە جادە و شەقامەکاندا گەڕاون و هاواریاکردووە: بژی کورد و کوردستان ... ئێمە کوردین و کوردمان دەوێ، عارەب حیزە و نامانەوێ!
ئیدی بە ئەو شێوەیە، خەڵکێکی زۆر کۆبوونەتەوە، پەلاماری متەسەڕفییەتیان داوە، چونکە کۆمێتەی سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی ئەندامانی خولی سێیەمی، کۆمەڵەی گشتیی پەرلەمانی (عێراق) بارەگاکەیان لە ئەوێ بووە.
پاشان هێزەکانی پۆلیس و جەماوەری خۆپیشاندەران، پەلاماری یەکدیان داوە و لە یەکدی بەربوون. خەڵکەکە بە بەرد و تێلاوە هێرشیانکردووە. هەموو پەنجەرەکانی ژووری متەسەڕیفیەتیان شکاندووە. پۆلیسەکان توانایان نەماوە، دژی شاڵاوی هێرشی خۆپیشاندەران بووەستن. لەبەرئەوە، لێپرسراوانی متەسەڕیفییەت، داوایان لە هێزەکانی سوپا کردووە، بە هانایانەوە بچن، تا ڕاپەڕینەکە دامرکێننەوە. فەرماندەی سەربازیی شاریش ئەسفەرێکی موسڵاویی بووە، زۆر ڕقی لە کوورد بووە. هێزەکانی سوپاش، بە فریایانەوە هاتوون، لە سەربان و حەوشی سەرا دامەزراون، بە مەترەلۆز تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووە، بریندار و کوژراوێکی زۆر، لە هەردوولا هەبووە و لەسەر جادەکان کەوتوون. لە ئەنجامیشدا، ڕۆژی (7. 9. 1930)، کۆمەڵێکی کەم نەبێ، هەر لەسەر خۆپیشاندان بەردەوامبوون، ئیدی کۆتایی بە ئاڵۆزیی و پشێویی نێو شارەکە هاتووە، بێ ئەوەی هیچ ئەنجامێکی هەبووبێ!
پاشان ڕۆژی (15. 9. 1930)، هێزەکانی دەسەڵاتی داگیرکەر، بە زۆر خەڵکیان کۆکردووەتەوە، تا بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا بکەن و دەنگبدەن. ڕۆژی (1. 10. 1930)ش، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی (عێراق) کراوە، ئامانجەکانی خۆیان تێپەڕاندووە.
7. 9. 2021
ماویەتی
* باپیرم (حاجی شێخ عەزیزی باراوی)، دووکانەی لە (بازاڕی سەلاحەددین)، بەرانبەر شارەوانییە کۆنەکە بوو، ئیستەش ئەو دووکانە هەر ماوە و کورەزاکانی بەڕێوەیدەبەن. بۆی گێڕاینەوە و وتی: سەرلەبەیانی بوو، لە دووکان دانیشتبووم، (بێکەس) هات و بە دەنگێکی بەرز گوتی: (شێخ عەزیز) دووکانەکەت داخە. منیش گوتم: بڕۆ بەڵای ئیشی خۆتەوە و هەقی ئێمەت نەبێ. بەڵام کەمێ دوورکەوتەوە و لەربەدەم دەرگەی شارەوانییەکەدا، دەمانچەکەی دەرهێنا و چەن فیشەکێکی بە ئاسماندا تەقاند. دوای ئەوە سەربازەکانی ئینگلیز هاتن و دوایکەوتن. ئیدی ئێمەش دووکانەکانمان هەڵگرت و بازاڕمان چۆڵکرد.        

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×