پەندەکانی ڕاپەڕینە خوێناوییەکەی بەردەرکی سەرای سولەیمانی - بەشی یەکەم

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2021-09-06     577
چەن ڕووداوێکی گرنگ
یەکەمین جەنگی جیهان، ڕۆژی (28. 6. 1914) دەسیپێکرد و ڕۆژی (11. 11. 1918) کۆتاییهات. پێش جەنگەکە، (عێراق) لە سێ وڵاتی جیاوازی وەک (بەسرە، بەغدا و موسڵ) پێکهاتبوو، لەژێردەسی ئیمپراتۆریای توورکە مەگۆلەکانی (عوسمانی)دا بوو. بەڵام دوای جەنگ، وردەوردە (بریتانیا)، دەسی بەسەر هەموو (عێراق)دا گرت. ئەوەبوو، سوپای ئینگلیز ڕۆژی (21. 11. 1914)، شاری (بەسرە) و ڕۆژی (11. 3. 1917)ش، شاری (بەغدا)شیان داگیرکرد. هەروەها لە باشووری (کوردستان)یش، ڕۆژی (7. 4. 1918) شاری (کەرکووک) و ڕۆژی (30. 11. 1918)ش، شاری (موسڵ)یشیان داگیرکرد. ئیدی هەر شاری (سولەیمانی) مابوو، بەدەس کورد خۆیەوە بوو!
(شێخ مەحموودی حەفید)، داوای مافە ڕەواکانی گەلی کوردی دەکرد. بەڵام لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئینگلیزدا، دانوویان نەدەکوڵا. لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆژی (17. 11. 1918 -18. 6. 1919)، یەکەمین فەرمانڕەوایی کوردیی، لە شاری (سولەیمانی) دامەزرا و (شێخ)یش وەک (حوکمدار) ناسرا. بەڵام پێوەندیی نێوان (شێخ) و ئینگلیزەکان، زۆری نەخایاند، ئەوەبوو، ڕۆژی (21. 5. 1919)، بە یارمەتی (مەحموود خانی دزڵی)، شاری (سولەیمانی)یان لە دەسەڵاتی ئینگلیزەکان پاککردەوە. لە ئەو ماوەیەشدا، چەن جارێ گفتوگۆ و پێکدادان، لە نێوان هێزەکانی (شێخ) و ئینگلیزدا روویدا، هەرە گرنگەکانیان دوو شەڕ بوو:
ڕۆژی (25. 5. 1919)، لە (تاسلوجە) یەکەمین شەڕ دەسیپێکرد و هیزەکانی ئینگلیز تێکشکان.
ڕۆژی (18. 6. 1919)، لە (دەربەندی بازیان)، دووەمین شەڕ دەسیپێکرد و لەبەر هێندێ هۆ، هیزەکانی ئینگلیز سەرکەوتن و (شێخ)یش بە برینداریی، بە دیل گیرا و بۆ (هیندستان) دوورخرایەوە.
پاشان ڕۆژی (23. 8. 1921)، ئینگلیزەکان دەوڵەتی (عێراق)یان بۆ عەرەبەکان دامەزراند، (فەیسەڵ)ی یەکەمیان کرد بە پاشا، ئیدی قوورەکەی کورد، هێندەی دیکە خەستبووەوە! 
لە ئەو ماوەیەدا، باشووری (کوردستان) بە گشتیی و شاری (سولەیمانی) بە تایبەتی، لە گێژاوێکی نێوخۆییدا دەژیا، وەک مەنجەڵی سەر ئاگر قوڵپیدەدا. تا ئینگلیزەکان ناچاربوون، (شێخ) لە ئاوارەیی بێننەوە، ڕۆژی (30. 9. 1922)، گەیشتەوە شاری (سولەیمانی) و ڕۆژی (9. 10. 1922-3. 3. 1923)ش، دووەمین فەرمانڕەوایی خۆی دامەزراندەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئینگلیزەکان هەر لەگەڵ (شێخ)دا ڕێک نەدەکەوتن، چەن جارێ ناکۆکیی و گرفت، لە نێوانیاندا روویدا. پاشان (شێخ) ڕۆژی (0. 7. 1923 – 19. 7. 1924)، سێیەمین و دوا فەرمانڕەوایی دامەزراندەوە، هەرچەندە نزیکەی ساڵێ بەردەوامبوو، بەڵام هیچ کەڵکی نەبوو، چونکە وەک هەردوو فەرمانرەواییەکەی پێشوو، ئەمیش هەڵوەشایەوە و شەڕ بە خراپترین شێوە دەسیپێکردەوە.
لەبەرئەوە ئینگلیزەکان، لە نێوان ساڵانی (1923-1925)دا، (4) جار شاری (سولەیمانی)یان، بە فڕۆکەکانیان بۆمبارانکرد، خەڵکەکە لە ترساندا هەڵاتن. لە ئەنجامیشدا، ڕۆژی (19. 8. 1924)، هێزەکانی هەردوو دەوڵەتی داگیرکەری نوێی (عێراق) و (بریتانیا)، شاری (سولەیمانی)شیان داگیرکرد. ئیدی هەموو (عێراق) بە باشووری (کوردستان)یشەوە، لەژێردەسی ئەو دوو دەوڵەتەدا بوو. بە ئەو شێوەیەش بە یەکجاریی، کۆتایی بە دەسەڵاتەکەی (شێخ) هات.

کورد و پەیماننامەکان
سەبارەت بە مافەکانی گەلی کورد، هێندێ پەیماننامە بڵاوکراونەتەوە. بەڵام لێرەدا تەنیا، ئاماژە بە دوو پەیماننامەی گرنگ دەکەم:
1. ڕۆژی (19. 12. 1920)، بنەما یاساییەکانی (مەندات) بڵاوکرایەوە. سەبارەت بە مافەکانی گەلی کورد، لە خاڵی (16)دا نووسراوە: (ئەوەی لە ئەم یاسایەدا باسکراوە، ڕێی ئەوە لە دەولەتی خاوەن مەندات ناگرێ، گەر بە چاکی بزانێ، ڕژێمێکی بەڕێوەبەرێتی سەربەخۆ، لە نێوچە کوردییەکاندا دادەمەزرێنێ.)
2. ڕۆژی (24. 12. 1922)، هەردوو دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی (عێراق) و (بریتانیا)، ڕوونکردنەوەیەکیان پێشکەش بە (کۆمەڵەی گەلان) کرد و نووسیبوویان: (هەردوولایان دان بە مافی ئەو کوردانەدا دەنێن، کە لە سنووری عێراقدا دەژین، تا میرییەکی سەربەخۆ لە ئەو نێوچانەدا دامەزرێنن، کە زۆربەی زۆریان کوردن، بە هیوان، توخمە جیاجیاکانی کورد، لە نزیکترن کاتدا، لەسەر شێوە و شیوازی ئەو میرییەی دەیخوازن، یەککەون و  نوێنەری خۆیان بۆ بەغدا بنیرن، تا باسی پێوەندییە ڕامیاریی و ئابوورییەکان، لەگەڵ هەردوو میریی عێراق و ئینگلیزدا بکرێ.)
بەڵام لەبری ئەوەی، مافە ڕەواکانی گەلی کورد دابینکەن و ناوەڕۆکی پەیماننامەکان جێبەجێکەن، (کۆمەڵەی گەلان) بڕیاریدا: باشووری (کوردستان)، بە (عیراق)ی عەرەبییەوە بلکێنێنن. لەبەرئەوەی سەرۆک شالیاران (عەبدولموحسین سەعدوون) گوتوویەتی: (عێراق بێ کوردستان ناتوانێ، بژی. چونکە کوردستان بۆ عێراق، وەک سەر بۆ جەستەی مرۆ وایە.) هەروەها (عەبدولڕەزاق حوسنی)، سکرتێری ئەنجوومەنی شالیارانیش پێی وابووە، کارکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد، (پیڵانێکە دژی یەکێتیی دەوڵەتی عێراق دەگەیەنێ.) (7، 372)
ئیدی بە ئەو شێوەیە، هەردوو دەوڵەتی داگیرکەری (عیراق) و (بریتانیا) توانیان، کوردەکان بە پەیماننامەی درۆ هەڵخەڵەتێنن و لە هەموو مافەکانی گەلی کورد پەشیمانببنەوە. لە کۆتاییشدا، ڕۆژی (30. 6. 1930)، پەیماننامەیەکی نوێیان، لە نێوان خۆیاندا مۆرکرد، بە هیچ شێوەیە، باسی مافەکانی گەلی کوردی تێدا نەبوو.

پەیماننامەی ئەنگلۆ – عێراقیی (30. 6. 1930)
ئەم پەیماننامەیە لە نێوان (نووری سەعید) سەرۆک شالیارانی (عێراق) و (فرانس هەمبری) نوێنەری (بریتانیا)دا واژۆکرا و ماوەکەی (25) ساڵ بوو. لە ڕاستیدا، تەنیا هەر لە بەرژەوەندیی ئینگلیزدا بوو. مەبەستی سەرەکیشی ئەم خاڵانەی خوارەوە بوو:
1. (بریتانیا) لە (عێراق)، لە بوارەکانی سەربازیی و ئابوورییدا، دەسەڵاتیکی ڕەهای هەبێ.
2. کۆمپانیاکانی نەوتی (بریتانیا) دەسکراوەبن و بە دوای نەوتدا بگەڕێن.
3. هەڵبژاردنێکی نوێ، بۆ پەرلەمانی (عیراق) بکرێ، تا لە پەرلەماندا، داوای ئەندامێتی لە (کۆمەڵەی گەلان) بکەن.
ڕۆژی (18. 7. 1930)یش، خاڵەکانی پەیماننامەکە، لە ڕۆژنامەکاندا بڵاوکرایەوە. پەیماننامەکەش لە (6) خاڵ پێکهاتبوو، بەڵام تەنیا ئەم (2) خاڵە بۆ کورد گرنگە: 
1. دان بە سەربەخۆیی (عیراق)دا بنرێ و لە کاتی هێرشکردنە سەر (عیراق)، هێزەکانی (بریتانیا) داکۆکیی لێ بکا.
2. هەموو پەیماننامە کۆنەکانی نێوانیان هەڵبوەشێنرێنەوە.
ئیدی بە ئەو شێوەیە، ڕووە ڕاستەقینەکەی لێپرسراوانی هەردوو دەوڵەتی داگیرکەری (عیراق) و (بریتانیا)، بۆ ڕۆڵەکانی گەلی کورد دەرکەوت. چونکە پەیماننامەکە، بە هیچ شێوەیە، باسی مافەکانی گەلی کوردی تێدا نەبوو! جگە لە ئەوەی، بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنە نوێیەی نێوانیان، پەیماننامەکەی ساڵی (1922)ش هەڵوەشێنرایەوە، کە باسی سەربەخۆیی باشووری (کوردستن)ی تێدا بوو!

هەڵوێستی نیشتمانپەروەران و ڕووناکبیرانی کورد
هەر زوو، ئامانجە گڵاوەکانی هەردوو دەوڵەتی داگیرکەر، بۆ کۆمەڵانی خەڵک دەرکەوت. لەبەرئەوە نیگەرانیی و پشێوییەکی زۆر، لەنێو ڕیزەکانی گەلدا بڵاوبووەوە. سەرەتا کۆمەڵێ نیشتمانپەروەر و ڕووناکبیری شاری (سولەیمانی) وەک: (حەمەی ئەوڕەحمان ئاغا، شێخ قادری حەفید، عیززەت بەگی عوسمان پاشا، عەزمی بەگی بابان، شێخ موحەممەدی گوڵانی، تۆفیق قەزاز، رەمزی فەتاح، موحەممەد ساڵح بەگ، عیززەت مەدفەعی، ئەوڕەحمان ئەحمەد پاشا، فایق بەگی بابان و ڕەشید نەجیب) توانیان، کۆمەڵێ بە ناوی (هەیئەی وەتەنییە – دەستەی نیشتمانیی) دامەزرێنن. (عەزمی بەگی بابان) بە سەرۆک و (رەشید نەجیب)یش، بە سکرتێری کۆمەڵەکە ‌هەڵبژێرن.) (9، 83-84)
هەرچەندە دەستەی دامەزرێنەران، لە (13) کەسایەتی کوردپەروەر پێکهاتبوو، بەڵام تەنیا (5) کەسیان، لە هەموویان چالاک و بەکارتر بوون، وەک: (حەمەی ئەوڕەحمان ئاغا، شێخ قادری حەفید، تۆفیق قەزاز، رەمزی فەتاح و عەزمی بەگی بابان.)

بڕیارەکانی دەستەی نیشتمانپەروەران
1. پێوەندیی بە کەسانی نیشتمانپەروەرەوە بکەن.
2. بەشداریی لە هەڵبژاردندا نەکەن و دەنگ نەدەن.
3. دژی پەیماننامەکەی ڕۆژی (30. 6. 1930) بووەستن.
4. داوای مافە ڕەواکانی گەلی کورد بکەن، کە لە پەیماننامەی ساڵی (1922)دا، بڕیاری لەسەر درابوو.
5. برووسکەی ناڕەزایی بۆ دەسەڵاتدارانی (عێراق) و (کۆمەڵەی گەلان) بنێرن.

2021. 9. 6
ماویەتی

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
سەعدی پیرە: یەكێتی هەڵوێستی لەبارەی بڕیارەكەی پارتی بۆ بەشداری نەكردن لە هەڵبژاردن دەبێت
شاسوار عەبدولواحید: پێشنیار بۆ پارتی و یەكێتی دەكەم ماوەیەك ئۆپۆزسیۆن بن
مه‌كته‌بی سیاسی پارتی: به‌شداری هه‌ڵبژاردنێک ناكه‌ین بە نایاسایی و نادەستوری بەڕێوەبچێت
شه‌ش خاڵ بۆ نه‌بونی متمانه‌ به‌ "هه‌ژماری من" ئاشكراده‌كرێت
مامۆستایانی ناڕازی بۆ دەسەڵاتدارانی زۆنی سەوز: هەژماری من رابگرن و راستەوخۆ لیستی موچە بنێرن بۆ بەغدا
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا: نیگەرانین لە راگەیەندراوەكەی پارتی بۆ بایكۆتی هەڵبژاردن
وەزارەتی دارایی ھەرێم بڕیاری دا، جیاوازیی مووچە و دەرماڵە بۆ بەشێك لە فەرمانبەران خەرج بكرێتەوە
بەیاننامەی تیمی یەکێتی لە حکومەتی هەرێم سەبارەت بەمووچە
ئەدهەم بارزانی: كار لەسەر بەلاڕێدابردنی دۆخەكە دەكرێت بۆ ئەوەی هەڵبژاردن نەكرێت
هێمن هەورامی: بڕیارەكەی پارتی بۆ راستكردنەوەی ئەو هەڵەیەیە كە عێراقی لە فرە پێكهاتەوە بەرەو تاك پێكهاتە بردوە
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×