خەساندن و تاساندن

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2022-06-19     453

بەشی دووەم

 

بڵاوبوونەوەی بیری مارکسیزم ـــ لێنینزم لە (کوردستان)، لە ڕێی دەسی دووەمەوە بووە، بۆیە فەلسەفە و ئایدۆلۆژیای کۆمۆنیزم، لە ڕێی کۆمۆنیستە کوردستانیی و سەرانسەرییەکانەوە، کارێکی خراپی گەورەی، لە ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد کردووە، هەستێکی مارکسییانەی کوردستانیانە، لەنێو بیر و هۆشی مارکسییەکانی کوردا پەیدانەبوو، زۆر هەوڵیان نەداوە، ڕێکخراوێکی کۆمۆنیستیی کوردستانیی نیشتمانپەروەر دامەزرێنن، تا پەرە بە بوژاندنەوەی، هەستی خۆبەکوردزانین و خەڵکی (کوردستان) بدەن. ئەمەش خۆی لە خۆیدا، لە لایەکەوە یارمەتییەکی زۆری بڵاوبوونەوەی گیانی عێراقچێتی داوە. لە لایەکی دیکەشەوە، زیانێکی زۆری بە بیری کوردستانیزمی، ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد گەیاندووە.

بۆیە کارێکی زۆر سەیر نییە، گەر لە کۆندا، هێندێ خوێندەوار، ڕووناکبیر، نووسەر، هۆنەر و ڕامیاری گەورەی کورد، زۆر کوردستانییانە بیریان نەکردبێتەوە. بیری عێراقچێتی، هەموو دید و بۆچوونەکانیانی داپۆشیبێ، تا بە ئەو شێوەیە، هێندێ لە هۆنەران هۆنراوە بۆ (عێراق) بهۆننەوە، گۆرانی بۆ شا و ئاڵاکەی بچڕن! جا گەر هەستی نەتەوەیی کورد، هێندە لاواز نەبووایە، هەڵبەتە ئەم کارانە ڕووی نەدەدا! *

جگە لە ئەوەی، گەر بە ئەم پێیە بووایە، گەر ئەم کردار و ڕەفتارانە ڕاستبوونایە، دەبووایە، هۆنەر و مامۆستاکانی (جەزایر، ڤێتنام، هیندستان، باسک، عێراق و فلەستین ...)، هۆنراوەیان بۆ خاکی ئیمپریالیزمی (فرەنسە، ئەمێریکا، بریتانیا، سپان و ئیسرایل ...) بنووسیایە، گۆرانییان بۆ شا و سەرکۆمارەکانیان بگوتایە. بە هۆنراوەی فێرکاریی، مناڵانیان فێری بێگانەپەرستیی و خۆشویستنی داگیرکەران بکردایە، خۆیان بە هاونیشتمانیی ئەو دەوڵەتانە بزانیایە. بۆ نموونە: هۆنراوە بیانیپەرستییەکانی هێندێ هۆنەری کلاسیکیی و نوێی کورد، ئایا جگە لە کورد، کام نەتەوەی جیهان، بە ئەو شێوەیە، مناڵانی خۆیان پەروەردەکردووە؟!! ئەمە گەر سەرلێشیواویی نەبێ، چی دیکە دەگەیەنێ؟!! ئەوی گۆرانی بۆ چڵەپووشێکی هەر دەوڵەتێکی داگیرکەر بڵێ، بە لانی کەمەوە، هەستی نەتەوەیی زۆر لاوازە و لە بێگانەپەرستیدا نقوومبووە، گەر نەشڵێین، ناپاکیی لە نەتەوەکەی خۆی کردووە!

بۆیە دەبێ، منالانی کورد، لە کارتێکردنی ئەم جۆرە پەروەردەکردنە چەواشانە دوورخەینەوە. چونکە خۆشەویستیی ڕاستەقینەی نەتەوە و نیشتمان، لە یەکەمین هەنگاوی پەروەردەکردنی نەتەوەییەوە دەسپێدەکا. سەرەتاش لەنێو ماڵ و پاشان لە خوێندنگەکانەوە سەردەردێنێ، بە مەرجێ ئەو پەروەردەکردنە، لەسەر بنچینەیەکی مرۆدۆستانە و ڕێزی بەرابەریی، نێوان نەتەوەکان داڕێژرابێ، مناڵانی کورد، لە مناڵانی هیچ نەتەوەیەکی دیکە بەکەمتر نەزانن. ئەم ڕاستییە وەنەبێ، هەر من بیزانم، بەڵکوو وەک یاسایەکی گشتیی، هەموو نەتەوەکانی سەر ڕووی جیهان پێڕەویانکردووە. تەنانەت زۆربەی هۆنەرەکانی کوردیش، هەر لە ئەم گۆشەنیگایەوە بووە، هۆنراوە و سروودی نەتەوەیی و نیشتمانییان، بۆ مناڵانی کورد داناوە، تا هەر لە مناڵییەوە، پتر هۆگری خاکوخۆڵی نیشتمانەکەی خۆیان بن. بۆیە هۆنەرێکی وەک (بێخود)، کاتێ لە شاری (کەرکووک) بووە، هەستیکردووە، مناڵانی کورد سروودی تورکمانی دەخوێنن، ئەویش سروودی (ئەی دلیران)ی بۆ داناون. یا چەندین هۆنەری دیکەی وەک: (دڵدار، پیرەمێرد، بێکەس، گۆران، بەختیار زێوەر ...)، تەنانەت (زێوەر)یش خۆی، گەلێ سروودی بەرز و جوانی نیشتمانپەروەرییان، بۆ مناڵانی کورد هۆنیوەتەوە. جا گەر پەیان بە ئەو ڕاستییە نەبردبێ، هەڵبەتە ئەو هۆنراوانەیان نەدەگوت!

بۆیە ئەو سروودانە بە نەمریی ماونەتەوە، ئەوە دوای ئەوە، لە خوێندنگە و بۆنە نەتەوەییەکاندا دەوترێنەوە. بەڵام هەموو ئەو هۆنراوە نامۆ عێراقچێتییانە، لە ڕیزی نەمریدا جێیان نەبووەتەوە، هەرگیزاوهەرگیزیش جێیان نابێتەوە. جا گەر وا نییە، هەڵبەتە ئەو هۆنراوە عێراقچێتییانەی هێندێ هۆنەری کورد، تا ئێستەش وەک هەموو هۆنراوە و سروودە نیشتمانییەکانی دیکەی هۆنەرانی کورد، لە دڵ و دەروونی مناڵانی کورددا دەژیان، لە خوێندنگەکانی (کوردستان)دا دەخوێنران. بەڵام چونکە چەن هۆنراوەیەکی نامۆ و زۆڵەک بوون، هەر بایەکی سەر ڕووی زەوی کوردایەتی لێی داون، هەر زوو جوانەمەرگبوون و ئیستەش، لە زبڵدانی مێژووی بیری بێگانەپەرستیی و عێراقچێتیدا، سەردەمێکی مێژوویی ڕووناکبیری کورددا گۆڕکراون!

 

 

* لە بەرگی (5)ی (یاقووت و زمڕووتی کوردیی - 2015)، بەشی شەشەم (پەتای بیانیپەرستیی)، لاپەرە (432-556)، بە دوورودرێژیی، لەسەر ئەم بابەتە گرنگە دواوم و چەندین نموونەم، لە سەردەمە جیاوازەکانی مێژوودا هێناوەتەوە، کە هۆنەرانی کورد، هۆنراوەیان بۆ سوڵتانەکانی عوسمانی، شاکانی ئێران، شاکانی عێراق، کاربەدەستانی بریتانیا، لێپرسراوانی سەردەمی کۆماریی (1958-2003) نووسیوە و لە هۆنراوەکانیاندا، زۆر بە زەقی ڕەنگیانداوەتەوە. وەک (مەحوی، ناری، هێمن، پیرەمێرد، زێوەر، حەمدی، موفتی، ا. ب. هەوری، فەوزی، برایم ئەحمەد، چڕوشتانی، رەفیق حیلمی، گۆران، قەدری جان، ساڵح یوسفی، د. ئیحسان فوواد، حەسیب قەرەداخی، جەمال نوری، بورهان قانع، حوسێن عوسمان نێرگسەجاڕی، کەریم شارەزا، کەمال غەمبار، عەبدولڕەزاق حەمەد، مینە جاف، هەژار، دڵزار، ع ح ب ...).

هەروەها چەندین ئافرەتی کوردیش، لە ئەو بوارەدا، هۆنراوەی بیانیپەرستییان هۆنیوەتەوە، وەک (ئاواز دزەیی، د. پاکیزە رەفیق حیلمی، د. نەسرین فەخری، خانم رەسووڵ ئەحمەد – ئەرخەوان، خورشیدە بابان، دایکی سۆلاف، فریشتە، کەوکەب هەورامانی، میهرەبان ...)

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×