ڕۆژانەی جەنگی نێوان (ئیسرایل)و (فلەستین)، کورد نەتەوەیەکی بێگانەپەرستی خۆخۆرە!

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2021-06-04     635


بەشی یەکەم
سەرەتا
کێشەی (فلەستین) یا ململانێی، نێوان هەردوو گەلی عەرەبی (فلەستین) و (ئیسرایل)، کێشەیەکی نوێ نییە، بەڵکوو لە ساڵی (1897)ەوە دەسیپێکردووە و تا ئەوڕۆش، هەر بەردەوامە. ئەم کێشە گرنگ و ترسناکەش، خۆی لە ناکۆکیی مێژوویی، ڕامیاریی، گرفتی نەتەوەیی و مرۆیی گەلی (فلەستین)دا دەبینێ. کاتێ دەوڵەتی (ئیسرایل)، ڕۆژی (14. 5. 1948) دامەزرا. هەر یەک ڕۆژ دوای ئەوە (ئەمێریکا) و سێ ڕۆژیش دواتر (یەکێتیی سۆڤێت)، دانیان بەسەربەخۆیی (ئیسرایل)دا ناوە!
(شێخ جەڕاح) و تەقینەوە
(شێخ جەڕاح) گوندێکی سەر بە پارێزگەی (قودس)ە، ساڵی (1967) هێزەکانی دەوڵەتی (ئیسرایل)، داگیریانکردووە. ڕۆژی (8. 5. 2021)، ترومبیلێ لە فلەستینییەکی دا، گەنجە فلەستینییەکانیش گردبوونەوە و ناڕەزایی خۆیان دەربڕی، لەبەرئەوە هەراوئاژاوە دەسیپێکرد. هێزەکانی پۆلیسی سوارەی ئیسرایلیش هەوڵیاندا، بڵاوە بە خۆپیشاندەران بکەن، بەڵام کەڵکی نەبوو. ئیدی بە ئەو شێوەیە تەقییەوە، هەموو گەڕەکەکانی نێو گوندی (شێخ جەڕاح)ی گرتەوە، دوایی لە نێوچەکانی دیکەی (عیساویە، سنوان و رەئس ئەلعامود)یش بڵاوبووەوە. پاشان کارلەکار تراز و هێزەکانی ئاسمانیی (ئیسرایل)، نێوچەی (غەزە)یان بۆمبارانکرد و (بزووتنەوەی حەماس)یش، هێندێ نێوچە و شاری (ئیسرایل)ی بە موشەک داگرتەوە. هەرچەندە ڕۆژی (21. 5)، هەموو لایەنەکان ئاگربەستیان ڕاگەیاند، بەڵام لە ئەنجامیشدا، خەڵکێکی زۆر لە هەردوولا کوژران و برینداربوون.
هەڵویستی دەوڵەتە عەرەبییەکان
سەیر ئەوەیە، زۆر جار هێندێ پارت و دەوڵەتی عەرەبیی و ئیسلامی، ئەم گرفتە وەک کێشەیەکی ئایینیی باسدەکەن و دەیانەوێ، هەستی ئایینیی موسوڵمانانی جیهان بورووژێنن، خۆشیان بە داکۆکیکارێکی سەرەکیی و ڕەسەنی، ئایینی ئیسلام و مافە ڕەواکانی گەلی عەرەبی (فلەستین) دەزانن. کەچی لە هەمان کاتیشدا، چەن دەوڵەتێکی عەرەبیی و ئیسلامیی وەک (سعوودیە، بەحرەین، ئەمارات، ئوردوون، قەتەر، میسر، مەغریب، مۆریتانیا، تونس ...)، پێوەندییەکی بەهێزی نهێنیان، لەگەڵ دەسەڵاتدارانی (ئیسرائیل)دا هەیە و بەرژەوەندییەکانیشیان، لە نێوچەکەدا بۆ دەپارێزن!
بەڵام ئەو یەکڕیزییەی عەرەبەکان، سەبارەت بە کێشەی عەرەب و (ئیسرایل)، لە کۆندا هەیان بوو، ئیستە وەک جاران نەماوە، چونکە هێندێ لە ئەو دەوڵەتانە، پێوەندییەکی باشی دیپلۆماسیی و ئابوورییان، لەگەڵ دەوڵەتی (ئیسرایل)دا هەیە. لەبەرئەوە (ئیسرایل)، زۆر لە هەڕەشەی ئەو دەوڵەتانە ناترسێ، چونکە زۆر باش دەزانێ، ئەو هەڵوێستانەیان تەنیا هەر بۆ ئەوەیە، لەنێو گەلانی عەرەب و موسوڵماندا، لە ئەوە پتر سووک و ڕیسوا نەبن!
(توورکیا) و (ئۆردووگان) و بانگەشەی ئیسلامیزم
ئاشکرایە، (توورکیا) یەکەمین دەوڵەتی ئیسلامیی بوو، ساڵی (1949)، دانی بەسەربەخۆیی (ئیسرایل)دا نا. لەبەرئەوە هەر لە کۆنەوە (توورکیا)، وەک دەوڵەتێکی ئیسلامیی، یەکێ لە دەوڵەتە هاوپەیمانەکانی دەوڵەتی (ئیسرایل) بووە و ئێستەش، لە هەموو کاتێ پتر، پێوەندییەکی باشی ڕامیاریی، ئابووریی و گەشتوگوزارییان هەیە.
لەبەرئەوە (تووركیا) و (ئیسرایل) لە نێوچەکەدا، وەک دوو دۆستی ستراتیژیی وان، پێوه‌ندییه‌كی مێژوویی، ئابووریی و ڕامیاریی کۆیاندەکاتەوە. تەنانەت ئه‌م پێوەندییەش، له‌ سه‌رده‌می فەرمانڕەوایی پارته‌ نه‌ته‌وه‌یی ‌و سیکیۆلارەکانی (تووركیا)دا، هەر هەبووە و ئێستەش هەر هەیە. چونکە (ئۆ‌ردووگان) له‌ ساڵی (2008)ەوە، پرۆژه‌یه‌كی ستراتیژیی ئابووریی  هاوبه‌شی، له‌گه‌ڵ (ئیسرایل)دا مۆرکردووە. هەروەها (تووركیا)، پێوەندییەکی بازرگانیی گەورەی بەهیزیشی، له‌گه‌ڵ (ئیسرایل)دا هه‌یه، تەنانەت ساڵی (2020)، بڕه‌کەی (6.4) ملیار دۆلار بوو. بە ئەو شێوەیەش، ئێستە (تووركیا) لەسەر ‌ئاستی جیهان، بە شه‌شه‌مین هاوبەشی بازرگانیی (ئیسرائیل) دەژمێررێ‌. له‌ ڕووی گه‌شتیارییشه‌وه‌، پێوه‌ندیی نێوان هەردوو دەوڵەت، ئاستێکی زۆر بەرزی هەیە.
بۆیە بە پاگه‌نده‌ی (ئۆ‌ردووگان) نابێ، گوایە پشتیوانیی گەلی (فله‌ستین)‌ دەکا. بەڵکوو بە ئەم کارەی، تەنیا هەر دەیەوێ، هەست و سۆزی گەلانی مسوڵمان، بە لای خۆیدا راکێشێ! بۆیە نه (‌تووركیا) و نە (ئۆ‌ردووگان)یش، بە هیچ شێوەیە، دۆستێکی ڕاستەقینەی گەلی عەرەبی فلەستین) نین، وەک بانگەشەی بۆ دەکەن!
(ئێران) و شیعەگەرێتیی و کێشەی (فلەستین)
ئاشکرایە، (ئێران) هەر لە سەردەمی (حەمەرەزاشا)وە، باشترین پێوەندیی لەگەڵ (ئیسرایل)دا هەبووە. ئەوڕۆش لێپرسراوانی شیعەی (کۆماری ئیسلامیی ئێران)، بە شێوەیە لە شێوەکان، ئەو پێوەندییەیان پاراستووە، هەرچەندە زۆر دژی (ئیسرایل)یش دەدوێن. تەنانەت (مەحموود ئەحمەدی نەژاد)، سەرۆک کۆماری ئیسلامیی (ئێران 2005-2013)، بە یەکێ لە دوژمنە سەرسەختەکانی دەوڵەتی (ئیسرایل) ناوی دەرکردبوو، کەچی وەک بڵاوە و دەڵێن: سەری لە (ئیسرایل) داوە و لەگەڵ بەرپرسە گەورەکانی دەوڵەتدا کۆبووەتەوە!
هەڵویستی دەوڵەتە زلهێزەکان و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان
ئەمێریکا
بەڕێوەبەرایەتی فەرمانگەی سەرۆک (جوو بایدن)، سەبارەت بە جەنگەکەی نێوان (حەماس) و (ئیسرایل) ڕایگەیاند: بەرانبەر هێرشە موشەکییەکانی (بزووتنەوەی حەماس)، دەوڵەتی (ئیسرایل) مافێکی ڕەوای خۆیەتی، داکۆکیی لە خۆی بکا! 
ئەنجووومەنی ئاساییش
ئەنجوومەنەکە بە سەرپەرشتیی (چین) کۆبوونەوە، بەڵام نەیانتوانی، بڕیارێکی یەکگرتوو دەرکەن، چونکە (ئەمیریکا) دژبوو.
یەکێتیی ئەورووپا
 ئەم ڕێکخراوە، لە (27) دەوڵەت پێکهاتووە. سەبارەت بە کێشەی جەنگی (حەماس) و (ئیسرایل) کۆبوونەوە. هەر یەکەیان بەگوێری دید و توانای خۆیان، هەڵوێستیان وەرگرتووە و هەوڵیانداوە، جەنگەکە بووەستینن. بەڵام دەوڵەتە ئەندامەکانی (ئەڵمانیا، نەمسا و سلۆڤینیا)، ئەوانیش وەک (ئەمێریکا)، بە مافێکی ڕەوای (ئیسرایل)یان زانیوە، داکۆکیی لە خۆی بکا.
واتە چ (ئەنجوومەنی ئاساییش) و چ (یەکێتیی ئەورووپا)، لە نێوان خۆیاندا ناکۆکبوون و تا ئێستە، بڕیارێکی بنەبڕییان نەداوە. بەڵام هەموو لایەنەکان، لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون، جەنگەکە دەبێ، بووەستێ و بە گفتوگۆ، چارەسەری کێشەکان بکەن. لەبەرئەوە تا ئێستە، ئەو هەوڵانە هیجیان لێ سەوز نەبووە!
2012. 5. 21


بەشی دووەم
کاری ڕامیاریی و ئایین و کێشەی کورد
بیانیپەرستیی لەنێو نەتەوەی کورددا، لە دوو سەرچاوەی سەرەکیی جیاوازەوە، ڕەگێکی قووڵی داکوتاوە:
ئایینی ئیسلام بە گشتیی و ئیسلامیی ڕامیاریی بە تایبەتی.
ئایدۆلۆژیای مارکسیزم لێنێنیزم.
هەڵبەتە گەلانی تێگەیشتووی نیشتمانپەروەری جیهان، ئەم دوو باوەڕە ئایینیی و ئایدۆلۆژیا ڕامیارییە، بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان و ڕزگارکردنی نیشتمانەکانیان بەکاردێنن. کەچی بە داخەوە، کورد بە پێچەوانەوە هەڵسوکەوتدەکا، جگە لە ئەوەی ئایین کارێکی زۆر خراپی، لە دید و بۆچوونی کردووە، لە هەر شوێنیکیش، بزووتنەوەیەکی چەپ هەبێ، بێ هیچ جۆرە مەرجێ، بێ ئەوەی بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەکەی خۆی لێکبداتەوە، پشگیریدەکا و ڕۆڵەکانی نەتەوەی کوردیش، لە خشتەدەبا! 
ئاخر لە هەر وڵاتێکی عەرەبیی و ئیسلامی، خوێن لە لووتی مناڵێ بەربێ، هەموو دەوڵەتە عەرەبیی و ئیسلامییەکان، وەک بێچوەقاز دەقیڕێنن، هەڵویستی نەتەوەیی و ئایینیی خۆیان دەردەبڕن. کەچی جاشبیرە ئیسلامییەکانی کورد، گەر پارچەیەکی نیشتمانەکەشمان، لە خوێن و فرمێسکدا نقوومبێ، نەک هەر دەنگیان لێوە نایە، بەڵکوو پشگیریی دەسەڵاتە ئیسلامییەکەی دەوڵەتە داگیرکەرەکەی (کوردستان)یش دەکەن!
بێگومان، کاری ڕامیاریی ئه‌وه‌ نییه، که‌ کورد تێیگه‌یشتووه‌. چونکه‌‌‌ به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌‌ته‌وه‌یی و ئابووریی ده‌وڵه‌ته‌‌کان، له‌ پیش هه‌موو جۆره‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی ئایینیی، مرۆڤایه‌تی، مافی چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌ چه‌وساوه‌کانه‌وه دێ‌. ئه‌وه‌ ته‌نیا هه‌ر سەرکردەی پارتەکانی (کوردستان)ن نایانه‌وێ،‌ له ئه‌و هاوکێشه زۆر گرنگە‌‌‌ تێبگەن‌. چونکه‌ لە سه‌ره‌تاکانی کاری ڕامیاریی و دیپلۆماسیی تێ نەگەیشتوون. هاوزمان و برا کورده‌کانی خۆێان، به‌ دوژمنی سەرەکیی و لێپرسراوانی چوار ده‌وڵه‌ته‌ داگیرکه‌ره‌کەش، به‌ دۆستێکی دڵسۆز و هاوئایین ده‌زانن‌!  
 ئایینی ئیسلام، هه‌ر له ئه‌و ڕۆژه‌وه، له‌ نێوچه‌که‌دا‌‌ په‌یدابووه‌ تا ئێسته‌ش، نه‌ک هه‌ر بایه‌خی به‌ کێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی، گه‌لانی بنده‌‌س و چه‌وساوه‌ نه‌داوه‌، به‌ڵکوو هه‌ر سه‌رانی ئه‌و ئایینه‌ش بوون، خاکی گه‌لانی نێوچه‌که‌یان داگیرکردووه‌ و بە خراپترین شێوەش چه‌وساندوویاننه‌ته‌وه‌.
(یه‌کگرتوو) پارتێکی ئیسلامییه‌ و بایه‌خ به‌ کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد نادا. گه‌ر جارجارێکیش باسیبکا، ئه‌وه‌ ته‌نیا هه‌ر بۆ چه‌واشه‌کردنی کۆمه‌ڵ نه‌بێ، هیچ واتایه‌کی دیکه‌ی‌ نییه‌! جا گەر وا نییە، کەی ڕۆژێ لە ڕۆژان، دژی چەوساندنەوە و ڕەشەکوژیی، ڕۆڵەکانی هەردوو گەلی کوردی (باکوور) و (ڕۆژهەڵات)ی (کوردستان)، هەڵویستی کوردانە و مەردانەیان، بەرانبەر هەردوو دەوڵەتی داگیرکەری (توورکیا) و (ئێران) دەربڕیوە؟!! چونکه لە ئەو دوو دەوڵەتەدا، دوو پارتی ڕامیاریی ئیسلامیی دەسەڵاتدارن. له‌ ئایینی ئیسلامیشدا، شتێ نه‌بووه و نییه‌‌، ناوی مافی چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌کان بێ. مه‌گه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کی موسوڵمان، له‌ژێرده‌سی ده‌وڵه‌تێکی ناموسوڵمانی داگیرکه‌ردا بێ، پشگێڕیبکا، داوای سه‌ربه‌ستیی و سه‌ربه‌خۆیی ته‌واوی بۆ بکا، چونکه گه‌لێکی موسوڵمان نابێ، له‌ژێرده‌سی گه‌لێکی دیکه‌ی ناموسڵماندا بێ، که‌چی به‌ پێچه‌وانه‌وه، گه‌لێکی موسوڵمان بۆی هه‌یه‌، خاکی گه‌لێکی دیکه‌ی ناموسڵمان داگیرکا و بیانچه‌وسێنێته‌وه‌، سه‌ر و ماڵیان ئه‌نفالکا و ده‌س بۆ ئابڕووی ئافره‌ته‌کانیشیان درێژکا! 
 (عه‌لی قه‌ره‌داخیی)، نموونه‌یه‌کی زۆر زه‌قی له‌چاوچه‌قیوی، جاشبیرێکی سه‌رکرده‌ی ئیسلامیی کورده، به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌، له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری (توورکیا) دایه‌ و زۆر بێشه‌رمانه‌، پڕوپاگه‌نده‌ بۆ فاشستێکی وه‌ک (ئۆردووگان) و ده‌وڵه‌تێکی بێ ڕه‌وشتی داگیرکەری وه‌ک (توورکیا) ده‌کا. دژی خەباتی کوردەکانی (خۆراوا) دەدوێ و پشگیریی ڕەشەکوژییەکەی توورکە داگیرکەرەکان دەکا. بە مەرجێ (ئۆردووگان)یش، هێنده‌ی توورکه‌، هێنده‌ موسوڵمان نییه‌. چونکه‌ ئه‌و باش له‌ کێشه‌ و گرفته‌کانی ئایین و به‌رژه‌وه‌ندیی ده‌وڵه‌ت تیگه‌یشتووه‌، لەبەرئەوە له‌سه‌ر ڕێوشوێنی گوورگه‌بۆرەکانی باپیره‌ گه‌وره‌کانی خۆی ده‌ڕوا،  له‌پێناوی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی خۆی و (توورکیا)دا، هه‌موو کارێکى ڕه‌وا و ناڕه‌وا ده‌کا.
هەروەها (عه‌لی قه‌ره‌داخیی)، سەبارەت بە کێشەی ئەم جەنگەی نوێیەی نێوان عەرەبەکانی (فلەستین) و دەوڵەتی (ئیسرایل)، لە دیدێکی ئیسلامیی ئەخوانییەوە، جێژنانە بۆ کەسوکارە ئیسلامییەکانی (فلەستین) دەنێرێ! ئەی بۆ لایە بە لای، هاوزمانەکانی خۆیدا ناکاتەوە، کە لە هەردوو بەشەکەی (باکوور) و (ڕۆژاوا)، بە خراپترین شێوە دەچەوسێنرێنەوە؟!!
لە کۆتایی ئەم بەشەدا دەڵێم: خۆزگه‌ نه‌ته‌وه‌ی کوردیش، دوو سه‌رکرده‌ی وه‌ک (ئۆردووگان)‌ی هه‌بووایه‌، کاریان بۆ نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆیان بکردایه‌، نه‌ک سیخوڕ و پیاوی ده‌وڵه‌ته‌ داگیرکه‌ره‌کانی (کوردستان) بوونایه‌، ڕۆڵەکانی کوردیان، لەپێناوی ئاییندا بەکوشتبدایە، بەڵکوو بۆ بەرژەوەندیی نەتەوە و نیشتمانەکەمان، کەڵکیان لە ئایین وەرگرتایە. چونکە دەوڵەتە داگیرکەرەکانی (کوردستان)، جیاوازیی لە نێوان موسوڵمان و ناموسڵمانی کورددا ناکەن، هەر وەک (ئۆردووگان)‌یش گوتی: کورد مەجووسی و ئاگرپەرستە!

2021. 5. 23 

 

بەشی سێیەم

عەرەب و ئیسلامییەکان و پێشبینیی
گەلێ سەرکردەی ولاتانی عەرەب و پارتی ئیسلامیی، بە شێوەیەکی بەردەوام، هەرەشەیان لە جووەکان کردووە و پێشبینیانکردووە، کە دەوڵەتی (ئیسرایل) نامێنێ و لەنێودەچێ، عەرەبە مسوڵمانەکانیش، بۆ زێد و نیشتمانی خۆیان دەگەڕێنەوە. بۆ نموونە:
1. (جەمال عەبدولناسر) دەیگوت، هەموویان لە ئاوی زەریاکاندا دەخنکێنین!
2. (مەحموودی ئەحمەد نەژاد)، سەرۆک کۆماری (ئێران 2005-2013)، ساڵی (2010)، لە نزیک سنووری نێوان (لوبنان) و (ئیسرایل)، وتارێکی پێشکەشکرد و گوتی: دەوڵەتی ئیسرایل نامێنێ!
3. (شێخ ئەحمەد ئیسماعیل یاسین)، دامەزرێنەری بزوتنەوی ئیسلامیی فلەستین (حەماس)، ساڵی (2004) گوتی: (ئیسرایل) ساڵی (2027) نامێنێ!
4. (مەلا کرێکار)، لە گرتە ڤیدیۆییەکدا، سەبارەت بە دەسەڵاتی شیعەکانی (ئێران) و باشووری (کوردستان) دەڵێ: ساڵی (2027)، شتێ نامێنێ، ناوی دەسەڵاتی هەرێم بێ و دەڕوخێ و ڕۆڵەکانی کورد پەرتەوازەدەبن!
5. (عەلی باپیر)یش سەبارەت بە (ئیسرایل) گوتی: نامێنێ!
لێرەدا هەر هێندە دەڵێم: ئەمە وەک پێشبینیی یا فاڵگرتنەوە وایە. چونکە ئەو جۆرە کەسانە، بێ ئەوەی توانای سەربازیی و تێکنۆلۆژیای جەنگ، چەکی کیمیاویی و ئەتۆمیی (ئیسرایل) بزانن، بێ ئەوەی یەکڕیزیی گەلی (ئیسرایل) و دڵسۆزیی بۆ دەوڵەتەکەیان ڕەچاوکەن، بێ ئەوەی بەرژەوەندیی باڵای دۆستەکانی بەرەی خۆراوای جووەکان و بزووتنەوەی زایۆنیزمی جیهانیی لێکبدەنەوە، لە کاتیكدا، ئەو دەوڵەتە (73) ساڵە دامەزراوە، کەچی تازە ئەم قسە و هەرەشانە دەکەن! ئەوە جگە لە ئەوەی، ئەم دید و بچوونانە، مێژوو دەریخستووە، تەنیا هەر قسەی ڕووتە و قسەی ڕووتیش، هیچ ئەنجامێکی چاوەڕوانکراوی نییە!
ڕەنگە (عەلی باپیر)، ئەم پێشبینییەی، لە هێندێ موسوڵمانی دیکەوە وەرگرتبێ! بەلام ئایا (عەلی باپیر)، ئاگای لە توانای (ئیسرایل) هەیە، وا بە ئەو شێوەیە، هۆشداریی بە (ئیسرائیل) دەدا و دەڵێ: لەنێودەچن؟!! ئاخۆ (ئیسرایل)، لە پێناوی مانەوەی خۆیدا دەتوانێ، چی بکا؟! چونکە کاتێ ئیسراییلییەکان زانییان، بە تەواویی لەنێودەچن، گەر کۆتایی نێوچەکەش نەیەت، ئەوا شتێ نامێنێ، ناوی دەسەڵات و دەوڵەتی عەرەبیی و ئیسلامیی بێ! با لێرەدا و بە ئەو بۆنەیەوە، بە چەن دێڕێ، باسی بەشێ لە تواناکانی (ئیسرایل)، بۆ هەموو لایەک ڕوونکەمەوە، تا باش بزانن، چی هەیە و توانای چەندە؟!
ئاشکرایە، (ئیسرایل) ساڵی (1960)، یەکەمین بۆمبی ئەتۆمیی درووستکرد. ئەوەی تا ئێستەش زانراوە، (75 – 400) کڵاوەی ئەتۆمیی هەیە. ئەم کڵاوانەش، بەهۆی کەشتی ژێرزەریایی و فڕۆکەی تایبەتەوە، ئاراستەی ئامانجە دوور و نزیکەکان دەکرێن، مەودای ئەو مووشەکە بالیستیانەی هەشیانە، (500. 11) کیلۆمەترە و دەتوانێ، نزیکترین و دوورترین نیشانەی سەرزەوی بپێکێ! ئیدی گەر عەرەب و ئیسلامییەکان بیانەوێ، (ئیسرایل) لەنێوبەرن، ئایا پێمان ناڵێن، چۆن و بە چی لەنێویاندەبەن؟! ئایا بیریان لە ئەوە کردووەتەوە، ژیان و مانی جووەکان، بە ژیان و مانی خۆیانەوە بەندە؟!
لە کۆتایی ئەم بەشەشدا دەڵێم: بۆچی (عەلی باپیر)، پەیام بۆ کۆنسۆڵخانەی (فلەستین) دەنێری، لە کاتێکدا پارت و رێکخراوەکانی (فلەستین)، دژی هەموو جۆرە ئازادییەکی کورد و سەربەخۆیی (کوردستان) دەوەستنەوە؟!
ئەدی بۆ ناڕەزایی دەرنابڕی، کاتێ توورکە داگیرکەرە فاشستەکان، پەلاماری خۆراوای (کوردستان)یان دا و تا ئەوڕۆش، بەشێکیان داگیرکردووە و دانیشتووانە ڕەسەنە کوردپەروەرەکانیشیان دەربەدەرکردووە؟! ئایا پارتە فاشستەکەی (ئۆردووگان)، هەر لەبەرئەوەی بە درۆ درووشم و ئاڵای ئایینی ئیسلامی بەرزکردووتەوە، ئیدی بۆی هەیە، وڵاتی کوردان داگیرکا و قوورسترین چەکی کۆکوژیی، دژی گەلی کوردی هەژار و بێدەرەتان بەکاربێنێ؟! بۆچی تەنیا هەر گەلی (فلەستین) موسوڵمانن و کورد ئاگرپەرستە؟!! بۆچی لە ئەو ڕۆژەوە نەتەوەی کورد، بە زەبری شمشێر کراوە بە موسوڵمان، کەمی قوربانیی بۆ ئەو ئایینە داوە و خوێنی بۆ ڕشتووە؟!
ئاخر بۆیە هەمیشە گوتوومە: هەموو پارتەکانی ئیسلامیی ڕامیاریی (کوردستان)، هێندەی خەمی گەلانی موسوڵمانی جیهان دەخۆن، هێندە خەمی گەلەکەی خۆیان نییە!
2021. 5. 25
بەشی چوارەم
دیدی فلەستینییەکان بەرانبەر کورد
ڕامیار و پارته‌کانی گه‌لی (فله‌ستین)، ڕۆژێ له‌ ڕۆژان، دۆستی بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تيی و نه‌ته‌وه‌ی کورد نه‌بوون. ئه‌وه‌ هه‌ر سه‌رکرده‌ی پارته‌کانی (کوردستان) بوون، له‌پێناوی به‌رژه‌وه‌ندیی ته‌سکی تایبه‌تی پارته‌کانی خۆیاندا، ئه‌و پڕوپاگە‌ندانه‌‌یان بۆ عه‌ره‌به‌کانی (فله‌ستین) ‌کردووە. ئه‌وانه‌ی به‌ زۆرییش، پڕوپاگه‌نده‌یان بۆ کێشه‌ی (فله‌ستین) ‌کردووە و گه‌لی (فله‌ستین)یان به‌ دۆستی کورد ‌زانیوە، (عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان) و (جه‌لال تاڵه‌بانیی) بوون. به‌ تایبه‌تی (PKK) کوردێکی زۆریان، له‌ جه‌نگه‌کانی دژ به‌ جوو به‌ کوشداوە، ئه‌وه‌ش ئه‌نجامه‌که‌ی بوو، کاتێ (ئۆجه‌لان) ساڵی (1999) دەسگیرکرا، عەرەبەکان نوزه‌یان لێ نه‌هات. په‌ندێکی کوردیی هه‌یه‌، ده‌ڵێ: هه‌ر که‌سێ بیکا، بێگانه‌په‌رستی، ئاخری ده‌هێنێ، نووشووستی!
ئاخر گه‌ر فله‌ستینییه‌کان، دۆستی ڕاسته‌قینه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد بوونایه‌، هه‌ڵبه‌ته‌ وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌کی داگیرکراو و دابه‌شکراو، لە نەتەوەی کوردیان ده‌ڕوانی و دانیان به‌ مافی چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌که‌ماندا ده‌نا، وه‌ک چۆن ئه‌و مافه بۆ خۆیان به‌ ڕه‌وا ده‌زانن و‌ داوایده‌که‌ن. کەچی له‌ هه‌موو سه‌رده‌مێکدا، بە شێوەیە لە شێوەکان، دۆستی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی (کوردستان) و دژی مافه‌ ڕه‌واکانی نه‌ته‌وه‌که‌مان بوون. هەرچەندە کەس گوێ لە قسە و بڕیارەکانیان ناگرێ، بەڵام لێره‌دا (3) نموونه دێنمه‌وه، بۆئەوەی هاونیشتمانەکانم، بە باشی لە هەڵویستی ئەو بەناو دۆستانە بگەن‌:
* (ئیسماعیل عەبدولسەلام ئەحمەد هەنیە) ناسراو بە (ئیسماعیل هەنیە)، لە دەسەڵاتەکەی (حەماس)دا، سەرۆکی بیرۆی ڕامیاریی بزووتنەوەی بەرگریی ئیسلامیی (حەماس) و سەرۆک شالیارانی دەسەڵاتی نیشتمانیی فلەستینیش بوو، تاوانێکی گەورەی دژی گەلی کورد کرد، کاتێ ڕۆژی (6. 10. 2006)، گوتارێکی خوێندەوە، باسی هێزە جێبەجێکارەکانی فلەستنی کرد و گوتی: ئەم هێزە وەک هێزە کوردییەکانی پێشمەرگە، چەتە نین!   
* ساڵی (2016-2017)، هه‌واڵی دابه‌شکردنی (سووریا) بڵاوبووه‌وه‌، سه‌رۆکی ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانیی فله‌ستین (مه‌حموود عه‌بباس – ئه‌بو مازن)، وه‌ک ده‌ڵێن: به‌ ڕه‌چه‌له‌ک کورده‌، گوتی: ئێمه‌ دژی دابه‌شکردنی (سووریا)ین، چونکه‌ گه‌ر دابه‌شکرێ، کورده‌کان ده‌وڵه‌ت داده‌مه‌زرێنن!
* هه‌روه‌ها له‌ کاتی گشتپرسه‌که‌ی (25. 9. 2017)دا، (ئه‌حمه‌د عوقه‌ل) باڵوێزی (فله‌ستین) له‌ (عێراق) گوتی: گشتپرسیی (کوردستان) ڕه‌تده‌که‌ینه‌وه‌ و جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌که‌ین، که‌ پیلانێکی (ئیسرایل)ه‌، بۆئه‌وه‌ی (عێراق) دابه‌شکرێ! ئەمە مشتێ لە خەروارێکە، ئەگینا گەلێ نموونەی گوتە و هەڵوێستی دیکەی لێپرسراوانی (فلەستین) هەن، دژی مافەکانی گەل کورد دواون!
هەڵوێستی ڕێکخراوەکان
لە وڵاتە عەرەبیی و ئیسلامییەکاندا، چەندین ڕیکخراوی نەتەوەیی و ڕامیاریی فەرمیی و نافەرمیی هەن، وەک:
1. منظمة مؤتمر الاسلامى.
2. رابطة العالم الاسلامى.
3. جامعة الدول العربية.
4. وزراء خارجية الدول العربية.
5. منظمة تحرير الفلسطينية.
ئەم ڕێکخراوانە، چەن جارێ بڵاوکراوەیان دژی (ئێران) و (ئەمێریکا) دەرکردووە. بە تایبەتی هەردوو ڕێکخراوی (رابطة العالم الاسلامى) و (جامعة الدول العربية)، ڕۆژی (13. 9. 1988)، پشگیریی (سەددام)یان کردووە. کەچی ڕۆژێ نەبوو، بڵاوکراوەیەک دژی کارە شۆڤێنیی و جەنگەکانی دژ بە نەتەوەی کورد دەرکەن و داکۆکیی لێ بکەن!  
2021. 5. 27

 بەشی پێنجەم
کورد و ئیسرایل
ئەوەتەی من بیرم بێ و دەوڵەتی (ئیسرایل) دامەزراوە، کوردە سەرلێشێواوە عێراقچییە خۆفرۆشەکان و سەرکردایەتی پارتەکانی (کوردستان)، دەهۆڵ بۆ سەربەخۆیی گەلی (فلەستین) دەکوتن و داوای دەوڵەتێکی نەتەوەییان بۆ دەکەن، لە کاتێکدا ئەو مافە بە کورد ڕەوانابینن. کەچی عەرەبەکانی (فلەستین)یش، هەموو کاتێک و بە هەموو شێوەیەکیش، دژی سەربەخۆیی (کوردستان) بوون!
لە کاتێکدا، ئەو سەرکردە زۆر زیرەک و دڵسۆزانە، ئەو مافەیان بە گەلەکەی خۆیان ڕەوانەبینیوە و سەرکردایەتی بزووتنەوەی شۆڕش و کوردایەتیشیان، بە ئەوە تاوانبارکردووە، گوایە پێوەندییان بە (ئیسرایل)ەوە هەیە، بە هەموو شێوەیەکیش، دژی دەوڵەتی (ئیسرایل) بوون!
کەچی باسی ئەوە ناکەن، (یاسر عەرەفات)ی سەرۆکی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی (فلەستین)، ساڵی (1979) بە فەرمیی، دانی بە دەوڵەتی (ئیسرایل)دا ناوە. (ئیسرایل) چەندین باڵویزخانەی، لە هێندێ دەوڵەتی عەرەبیدا کردووەتەوە، پێوەندییەکی باشی ڕامیاریی و ئابووریشیان هەیە. هەروەها، باشترین پێوەندیی ڕامیاریی و ئابووریشیان، لەگەڵ هەردوو دەوڵەتی ئیسلامیی گەورەی بەهیزی نێوچەکە: (توورکیا)ی سووننە نایینزا و (ئێران)ی شیعە ئایینزاش هەیە!
 سەبارەت بە پێوەندییەکانی عەرەب بە گشتیی، دەوڵەت و پارتە ئیسلامییەکان بە تایبەتی، لێرەدا دوو بەڵگەنامەی لێپرسراوی (حیزبوڵڵای لوبنانیی) بڵاودەکەمەوە.
* لە گرتە ڤیدۆییەکدا، (حەسەن نەسروڵڵا)ی سەرۆکی (حیزبوڵڵا)ی (لوبنان)، گوتار بۆ ئاخوندە مێزەربەسەرەکانی پارتەکەی دەدا، سەبارەت بە پێوەندییە نهێنییەکانی پارتەکەی و دەوڵەتی (ئیسرایل)، زۆر بە ڕاشکاویی دەڵێ: (ئێمە لە ساڵی "1982"ەوە تا ئێستە، دۆستی "ئیسرایل"ین و پێوەندییمان هەیە).
 * جگە لە ئەوەی، نامەیەکی نهێنیی بۆ (بنیامین نەتانیاهۆ)ی سەرۆک شالیارانی (ئیسرایل) ناردووە و بە ئاشکرا نووسیووێتی: (دوژمنی هەردوو لامان، گێرەشێوێنەکانی سووننەن) کە سووننەکان هەم عەرەب و هەم موسوڵمانیشن!
منیش دەڵێم: ئەوەتەی سەرکردەکانی ئەم پارتانەی (کوردستان) هەن، تاڵی ڕەش و سپی پێوەندییەکانیان، لە یەکدی جیانەکردووەتەوە، دۆست و دوژمنی ڕاستەقینەیان، دیاری نەکردووە، لەبەر خاتری برا عەرەبە چاوڕەشەکانیان، هەمیشە دوژمنی دوژمنەکانی عەرەب و نۆکەری بیانیی بوون، بۆیە بە هیچ نەبوون و بزووتنەوەی کوردایەتیشیان، بە ناخی زەویدا بردووە!
2021. 5. 29

بەشی شەشەم
کێشەی کورد و دیدی فلەستینییەکان
گومانی تێدا نییە، چەندین ڕێکخراوی فلەستینیی و عەرەبی هەبوون، چ بە قسە و چ بە کردەوە، پشتگیریی پەلاماردانەکانی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی (کوردستان)یان، بۆ سەر کورد کردووە. لە ئەوانە شاڵاوی بەدناوی ئەنفالەکان، کیمیاباران، کاولکردنی (کوردستان)، پڕۆسەی بەعەرەبکردن و گواستنەوەی دانیشتووانەکانی.
کەچی سەبارەت بە ئەم جەنگە نوێیەی نێوان (فلەستین) و (ئیسرایل)، هێندێ لایەن و کەسایەتی ئیسلامیی فلەستینیی، لە وتارەکانیاندا، بە دەنگێکی بەرز داوادەکەن، (سەلاحەدینی ئەیوبیی)ەکی دیکەی نوێ، بە هانایانەوە بچێ و (قودس) لە داگیرکەری (ئیسرایل) پاککاتەوە!
بۆیە هێندێ نیشتمانپەروەری دڵسۆزی کورد، هاواریان لێ هەستاوە و زۆر بە ڕاشکاوی، هەستی خاوێن و کوردانەی دڵ و دەروونی کوردپەروەرانەی خۆیان دەربڕیوە.
لێرەدا وەک مشتێ لە نموونەی خەروارێ، تەنیا هەر (3) نموونەی جیاوازی پڕبەپێستی ئەو کوردە مارانگەزانە باسدەکەم.
یەکەم: دادگەی کەرکووکییەکان
ساڵی (1988) بوو، (500) سەربازی فلەستینیی و (2500) سەربازی میسریی، بەشدارییان لە پڕۆسەی ئەنفالکردنی (کوردستان) و ڕووخاندنی لادێکاندا کرد. دوو سەربازی فلەستینیی و یەک سەربازی میسریی، لە بەری (مەرگە) لە شەڕی دژ بە پێشمەرگە کوژران و بەڕێوڕەسمێ، تەرمەکانیان بۆ وڵاتی خۆیان نێردرانەوە. ئیتر ئێوەش کێشەی عەرەب و (ئیسرائیل)، بە کێشەی خۆتان بزانن! *
پرسیارێکی زۆر سادە لە براکانم دەکەم: ئەو ڕۆژەی (5) هەزار ژن و منداڵ، بە گازی کیمیایی خنکێنران، ئایا مسوڵمانترین عەرەبی (فلەلستین) و وڵاتانی تر، هیچ بەو تاوانە نیگەرانی خۆیان پیشاندا؟!! یا گوتیان: ئەوە کێشەی ناوخۆی (عێراق)ه. حەقە ئەو ڕاستییەتان پێ قووتبدرێ، کە هیچ کێشەیەک لە نێوان ئایینی ئیسلام و یەهودییەت نییە، بەڵکوو کێشەکە، لە نێوان عەرەب و جوولەکەدا، کێشەی زەوییە.  
* نۆرمان شوارسکۆف، ڕێگای مەرگ، ل. 133، ئەویش لە زاری لیوا (خالد شەمس)، گەورە ئەفسەری سوپای (عێراق) وەریگرتووە، ساڵی (1990)، لە (كوەیت) بەدیلگیراوە. (د. فوواد بابان)
دووەم: رەمەزان سەعيدوف - کوردێکی رووسیا
ئەوڕۆ لەسەر مینبەری (ئەقسا)ی فلەستینیی هاواردەکەن: (ئەی سەلاحەدینی نوێ، تۆ لە کوێی؟!)
منیش دەڵێم: (سەلاحەدینی نوێ) نایە، چونکە لە یەکێ لە گرتووخانەکانی (توورکیا) مرد، لەبەرئەوەی بە کوردیی قسەیکرد!
(سەلاحەدینی نوێ) نایە، چونکە لەبەرچاوی، مناڵەکانی لەسەر داری سێدارەی (ئێران) لەسێدارەدران.
(سەلاحەدینی نوێ) نایە، چونکە لە ڕەگەزنامەی سووریی بێبەشکراوە و پەسپۆرتێکی دەس ناکەوێ، تا بگاتە (قودس).   
(سەلاحەدینی نوێ) نایە، چونکە لە بەرجاو و گویی هەموو جیهانی ئیسلامیی، لە (هەڵەبجە)، بە گازی (خەردەل) خنکێنرا!
سێیەم: هەڵوێستی مناڵێکی (10) ساڵانەی کیمیابارانکراوی هەڵەبجەیی
دوکتۆر (نگین جەعفەر) دەڵێ: منیش منداڵێکی کورد بووم و تەمەنم تەنیا (10) ساڵ بوو، کە کیمیاباران کرام. کە گەیشتینە کەمپی پەنابەرەکانی (دانیمارک)، فلەستینی دەستیان دەکرد بە چاومانا، کە دەمانگووت: (سەدام) دیکتاتۆرە!
(30) ساڵە لە (دانیمارک)م، هەر جارێ بە توورکێکم وتبێ: من خەڵکی (کوردستان)م، وتوويانە: (کوردستان) خەونە و بوونی نییە! ئادەی لە نەخشەدا (کوردستان)مان پیشانبدە!
تا نەبنە پەنابەر و تا ئاوەرە نەبن، نازانن دۆست و دوژمنی کورد کێيه.
بەس با ئاماژە بەمەش بدەم، ئایا ئێوە دەزانن، ئێمە خۆمان لەناو خۆماندا، گەورەترین دوژمی یەکترین؟
بەڵێ من ئەو مناڵەی (هەڵەبجە)م، کە (3) ڕۆژ بەسەر لاشەکاندا گوزەرمکردووە، لە شارە شەهیدەکەم. هیچ فلەستینیەک بۆ (هەڵەبجە) شینی نەکرد و هیچ لاوێکی فلەستینیش، لە میمبەری مزگەوتەکانی فلەستینەوە، هان نەدرا، بێت بۆ (هەڵەبجە) بۆ ساڕێژکردنی برینەکانمان و کۆکردنەوەی لاشەی شەهیدەکان !
نەخێر من سەر بە (ئیسرایل) نیم. سەر بە باکوورم، سەر بە ڕۆژئاوام، سەر بە ڕۆژهەڵاتم  ...بەڵێ، من پێش هەموو شتێک، کوردم و کوردستانیم!
2021. 5. 31


بەشی حەوتەم و کۆتایی
پەند
ئەم جەنگەی نێوان عەرەب و جوو، نزیکەی یەک سەدەیە، بە شێوەیە لە شێوەکان بەردەوامە و تا ئێستە، هیچ ئەنجامێکی نەبووە. چونکە بەرژەوەندیی باڵای گڵاوی  دەوڵەتە زلهێزەکانی جیهان لە نێوچەکەدا، لە ئاشتیی و ئارامیی، مافی چارەنووس و سەربەخۆیی، عەرەبەکانی (فلەستین) گرنگترە!
لە ئەو ڕۆژەوە تا ئێستە، دەوڵەتی (ئیسرایل 1948-2021) دامەزراوە، ئەزموونی پتر لە (70) ساڵی ڕابووردوو، ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێ، نە (ئیسرایل)، نە باڵەکانی بزووتنەوەی ئیسلامی ڕامیاریی و هێزە سیکۆیۆلارەکان ناتوانن، بە تەواویی یەکدی لەنێوبەرن.
ئاشکرایە، ئەم جەنگەی نێوان (ئیسرایل) و (فلەستین)، لە ئەنجامی ناکۆکیی و ململانێیەکی نەتەوەیی و نیشتمانییەوە هاتووە، لەسەر خاک و ئاوی ئەو وڵاتەیە. لەبەرئەوە بە هیچ شێوەیە، ئەم ناکۆکیی و ململانێیە، پێوەندیی بە ئایینەوە نییە، وەک عەرەبەکان و ئیسلامییەکان دەیانەوێ، بە زۆر ئەو بۆچووونە بسەلمێنن، بۆئەوەی هەست و سۆزی، هەموو موسوڵمانانی جیهان، بەلای خۆیاندا ڕاکێشن!
پێم وایە، پێوەندیی ئایینیی نێوان نەتەوەی کورد و هێزە ڕامیاریی و دەسەڵاتدارەکانی، هەر چوار دەوڵەتە داگیرکەرەکەی (کوردستان) بە گشتیی و (فلەستین) بە تایبەتی، هێندە گرنگ نییە. چونکە گەر کوردیش بایەخی پێ بدا، ئەوا نەتەوەکانی فارس، توورک و عەرەب، بە هیچ شێوەیە، بایەخی پێ نادەن. لەبەرئەوەی ئەوان، لە ئەو ئاستە بەرزە مرۆیی، وێژدانیی، دادپەروەریی و ڕووناکبیرییەدا نین، وەک نەتەوەیەکی خاک داگیرکراو و دابەشکراو، لە کێشە گرنگ و ڕەواکەی نەتەوەی کورد بڕوانن، بەڵکوو لە ڕوانگەی ڕەگەزپەرستیی، شۆڤێنیی، مەزنخوازیی و بیری قرچۆکی نەتەوەپەرستییەوە، لە کێشەی کورد دەڕوانن، لەسەر خاکی مێژوویی خۆمان، بە میوانمان دەزانن!
بەڵام ئایینی ئیسلام، وەک دێوجامەیەکی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەکاردێنن، هەست و هۆشی، ڕۆڵەکانی نەتەوەی کوردی پێ ڕاودەکەن. هەر هێندەش کوردیان دەوێ، وەک جاشبیرە ئیسلامییەکانی (کوردستان)، داکۆکیی لە نیشتمانی ئەو نەتەوانە و ئایینی ئیسلام بکەن، دژی ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی نەتەوەکەی خۆیان بن. ئەگینا، هەرگیز مافی ئازادیی و سەربەخۆیی، بە نەتەوەی کورد ڕەوانابینن!
لەبەرئەوە دەبێ، سەرکردایەتی پارتەکانی (کوردستان) بە گشتیی و باشووری وڵات بە تایبەتی، گوێ لە بانگەواز و داواکاریی، پارتە ئیسلامییەکانی (کوردستان) نەگرن، جیاوازیی لە نێوان کاری ڕامیاریی و نەتەوەیی، لەگەڵ کاری ئایینیی و خواپەرستیدا بکەن. بەڵام دەبێ، وەک نەتەوەیەکی مرۆپەروەر، بێلایەنی ڕاسگۆ و دادپەروەر، هەڵسوکەوتبکەین، پشگیریی هیچ لایەکیان دژی لاکەی دیکە نەکەین، وەک گەلێکی بندەس و چەوساوەش، داوای وەستاندنی ئەو جەنگە بکەین، کێشەی نێوان عەرەب و (ئیسرایل)، بە شێوەیەکی مرۆپەروەرانە و ئاشتیخوازنە، بە وتووێژ چارەسەرکرێ!
ئاخر هەڵوێستی ڕاستینە و ڕیاڵبینانە ئەوەیە، ئێمەی کورد دەبێ، لەگەڵ ڕاستیی و ڕەوادا بین، بە هیچ شێوەیە نابێ، لەسەر حسابی لایەنێ، دژی لایەنەکەی دیکە بین. بە پێچەوانەشەوە هەر ڕاستە و نابێ، دژی لایەنێ، دۆستایەتی لایەنەکەی دیکە بکەین. چونکە ئێمەی کورد، چەندین گرفتی نەتەوەیی، ڕامیاریی، ئابووریی و کۆمەڵایەتی، بە خراپترین شێوە بەرۆکی گرتووین. جگە لە ئەوەی، نەتەوەی کورد لە نێوچەکە و جیهانیشدا، نەک هەر هیچ نییە و هیچیشی پێ ناکرێ، بەڵکوو کەسیش گوێی لێ ناگرێ! لەبەرئەوە گەر تا دەنگمان دەنووسێ، پڕ بەدەم هاوارکەین و بقیژێنین، هیچ کەڵکێکی نییە و هیچیش، لە کێشەکەی نێوانیان ناگۆڕێ و ئەوانیش، پێویستیان بە دەنگی کورد نییە!
لە هەمان کاتدا، ئەو دوولایەنە ناکۆک و جەنگکەرەش، هیچیان دۆستی ڕاستەقینەی ستراتیژیی نەتەوەی کورد نین. بەڵکوو ئەوانیش، بەگوێرەی بەرژەوەندیی نەتەوەیی خۆیان، هەڵوێستیان بەرانبەر کێشەی کورد هەبووە و هەڵوسوکەوتیان لەگەڵ کردووە.
سەیر ئەوەیە، لە هەر (3) کیشوەرەکەی ئەورووپا، ئەفریکا و ئاسیا، (25) دەوڵەتی گەورە و گچکە هەن، بە زمانی عەرەبیی دەدوێن، ژمارەیان (436) میلیۆن دەبێ. هەروەها (57) دەوڵەتی ئیسلامیی جیاواز لە جیهاندا هەیە. بەپێی سەرژمێرێکی گشتیی ساڵی (2015)ش، ژمارەی هەموو موسوڵمانانی جیهان، (8. 1) میلیار دەبێ و لە (1. 24%)ی، دانیشتووانی سەرزەوی پێکدێنن. کەچی تازە عەرەبەکانی (فلەستین) هاواردەکەن و داوای (سەلاحەدین)ێکی دیکەی نوێ دەکەن، (قودس)یان بۆ ڕزگارکا، وەک عەرەبەکان بە تایبەتیی و مسوڵمانەکان بە گشتیی، سەرکردەیەکی ئازا و دڵسۆزیان نەبێ، یا وەک زۆر ڕێزی نەوەکانی (سەلاحەدین)یان گرتبێ و دانیان بە مافە نەتەوەییە رەواکانیاندا نابێ!
بۆیە لە کۆتاییدا دەڵیم: هەردوو گەلی کورد و عەرەبەکانی (فلەستین)، کێشەیەکی نەتەوەیی و مرۆیی، دادپەروەرانەیان هەیە، بەڵام بە داخەوە، زۆربەیان سەبارەت بە گرفتی سەرەکی نەتەوەی کورد، بە ئەو شێوەیە بیرناکەنەوە، بەڵکوو ئەوانەی دان بە مافەکانی نەتەوەی کورددا دەنێن، زۆر کەمن و بە هەردوو پەنجەی دەس دەژمیررێن، با هەر بشنووسن و هاواربکەن، هیچ بایەخێکیان پێ نادرێ!
بۆیە ئەز وەک کوردێ دەمەوێ، هەڵوێستێکی فەرمیی، لە پارتە ڕامیاریی و دەسەڵاتەکەی (فلەستین) ببیستم، چۆن داوای مافی چارەنووس بۆ خۆیان دەکەن، هەر بە ئەو شێوەیەش، داوای مافی چارەنووس بۆ نەتەوەی کورد بکەن، ڕەخنە لە هەر چوار دەوڵەتە داگیرکەرەکەی (کوردستان) بگرن و ناڕەزایی دەربڕن، تەنیا هەر ئەو کاتە دەتوانم، بڵێم: گەلی عەرەبی (فلەستین)، دۆستێکی ڕاستەقینەی نەتەوەی کوردن!


تێبینی:
ئەم حەوت وتارە (ڕۆژانەی جەنگی نێوان ئیسرایل و فلەستین)، لە نێوان ڕۆژانی (21. 5– 2. 6. 2021)دا، لە ئەکاونت و پەیجە تایبەتەکەی خۆمدا بڵاوکراوەتەوە، خوێنەرێکی زۆری هەبوو، بۆیە بە پێوستم زانی، لە (ئاوێنە)شدا بڵاویکەمەوە.


وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×