ڕۆژی خۆشەویستی (ڤالەنتاین)

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2023-02-14     420

ئەم سێ پارچە پەخشانە، پێشکەش بە ئەو ئافرەتە کوردە سەربەرزانە بێ، کە بڕوایەکی تەواویان، بە خۆشەویستیی و ئەڤینی ڕاستەقینە هەیە.

 

حەجی مەلەباڵدارە ئەڤیندارەکان!

مەلەدڵداره‌ ڕاستینه سه‌وداسه‌ره‌‌کان، له‌ ماڵه‌ گه‌وره‌که‌ی جیهانی دڵه‌ فراوانه‌کاندا ده‌ژین. له‌ ده‌وروبه‌ری حه‌وشه‌که‌ی شاری خۆشه‌ویستیی دڵ ده‌نیشنه‌وه‌ و گۆرانیی بۆ ئه‌ڤین ده‌چڕن. ڕوو له‌ ڕووگه‌ی به‌رزی گیانی خاوێنی، هه‌موو شه‌یدایانی ڕێی خۆشه‌ویستیی ده‌که‌ن، هه‌موو سات و کاتێ، له‌ ئارامگه‌ی ئه‌ڤینداره‌ به‌ئاکامنه‌گه‌یشتووه‌کان حه‌جده‌که‌ن. به‌ ده‌وری به‌رده‌ڕه‌شه‌که‌ی کێلی مه‌زارگه‌ی، ڕه‌وانشادانی ڕێی خۆشه‌ویستیی و ئه‌ڤینی، کاکە (مەم) و خاتوو (زین)دا ده‌خولێنه‌وه‌. قوربانی بۆ هه‌ژاره‌ داماوه‌ بێسه‌روشوێنه‌کانی، شه‌یدایانی خۆشه‌ویستیی ده‌که‌ن. ده‌س به‌ره‌و خوای ئاسمانی خاوێنی گه‌ردوونی خۆشه‌ویستیی به‌رزده‌که‌نه‌وه‌، به‌ ده‌م‌ نزا و ‌پاڕانه‌وه‌ی بە کوڵودڵەوە،‌ تنۆکتنۆک فرمێسک دەڕێژن، هاوارده‌که‌ن و ده‌ڵێن: خودایه!

له‌ به‌هه‌شته‌ به‌رینه‌ جوانه ڕه‌نگینه‌‌ ڕازاوه‌که‌ی خۆشه‌ویستیی و ئه‌ڤینه‌ پیرۆزه‌که‌ی خۆتدا، ده‌س له‌ ملانی یه‌کدی بین و به‌ کامه‌رانیی بژین، تا تاوێ دڵی شه‌یدا و گیانی شه‌که‌تی خاوێنمان، له‌ ئامێزی سه‌وداسه‌ریدا ئارامبگرێ!

   

3 مەلی باڵداری خۆشەویستی

خۆشەویستیی ڕاستینە، لە هەموو تەمەن، سەردەم، کات و شوێنێکدا، یەخەی مرۆ دەگرێ و یەک واتای هەیە، ئەویش ئەوەیە: دوو دڵ لە باخە ڕازاوەکەی داڵدارییدا کۆدەکاتەوە، کە بیانەوێ، پێکەوە بژین، ماڵێکی خنجیلەی چکۆلانەی، پڕ لە هەستی خۆشیی و خێزانێکی بەختیار پێکەوەنێن.

بەڵام زۆر جار، کۆرپەی دڵی ئەم بەختەوەریی و خۆشییە، تەمەنی کورتە و بە ناکامی سەردەنێتەوە. چونکە دەسی ڕۆژگار، گەلێ لە ئاوات و خەونەکانی مرۆ بەهێزترە، ئەو دوو دڵە گەشە، لە یەکدی دەکا و دووریاندەخاتەوە!

ئەزموونەکانی ژیان فێریانکردووم، بۆ کەسێ نەگریم، منی فرۆشتبێ، بە دوای کەسێکدا وێڵ نەبم، ناپاکی لێ کردبم، بەڵام دڵم زیندووە، وەک خۆی ماوە و هەر دەشمێنێ، بۆ خۆشەویستییەکی ڕاستینە لێدەدا، ئەوەی خۆشیبوێم، خۆشمدەوێ.

ئاخر خۆشەویستیی شتێکی جوانە، چاو ڕۆشندەکاتەوە، دڵ دەگەشێنێتەوە و ختووکەی گیان دەدا. هەموو جۆرەکانی خۆشەویستيی و ئەڤینيش، یەکەمین هەنگاوی گەورەیە، بۆئەوەی مرۆ لە ڕاستینەی ژیان و گەردوون تێبگا. چونکە خۆشه‌ویستيی بە واتا فراوانەکەی، که‌ی له‌ ژیاندا نه‌ما، دونیا کۆتاییدێ. بۆیە خۆشەویستیی ڕاستینە، نهێنیی بوون و گەردوونە!

من چەندین ساڵ بوو، بە دوای پەریزادەیەکی وەک تۆدا وێڵبووم، کەچی مەلی دڵە پڕ هەستەکەم، ڕێی شاری خۆشەویستیی تۆی پیشاندام و بەسەر چڵی درەختی خۆشەویستیی تۆوە نیشتەوە. لە سەکۆی پڕ ناز و جوانیی تۆدا، ئارامیگرت.

بۆیە لە ئەوە پتر، هیچ شتێکی دیکە، لە خوا داواناکەم، چونکە هێندەم بەسە، ئەوەتەی تۆم ناسیوە، بە دڵ و بە گیان، بە مردن و بە ژیان، خۆشمویستووی و هەر خۆشیشمدەوێی.

پێشینان فەرموویانە: بە گوڵێ بەهار نایە. بەڵام تۆ لە هەر کەژێکدا دەرکەوی، هەزاران گوڵی جوانی دڵ دەگەشێتەوە!

 

ئافرەت و نیشتمان

خۆشەویستیی نیشتمان و خۆشەویستیی ئافرەت، دوو جۆر خۆشەویستیی ڕاستەقینەن و لە یەکدی جیانابنەوە، هەردووکیشیان پیرۆزن، چونکە:

دوو دیوی یەک دراوی زێرینن، بێ دراویش ژیان بەڕێوەناچێ.

دوو باڵی یەک مەلی ڕەنگینن، مەلیش بە یەک باڵ نافڕێ.

وەک جەستە و گیانی نەمر وان، ئاویتەی یەکدی بوون و تێکئاڵاون.

وەک کۆرپەی ساوا و گۆی مەمکی دایک وان، بێ یەکدی هەڵ ناکەن.

وەک شەوی تاریک و ڕۆژی ڕووناک وان، بە دوای یەکدیدا دێن و یەکدی تەواودەکەن.

ئاخر ئافرەتان نیوەی کۆمەڵن، دایک و خوشک و هاوسەری، نێوەکەی دیکەشن، ئیدی چۆن خۆشەویست نین؟!!

کەواتە (شیرکۆ بێکەس)، هەروا بە خۆڕایی نەیگوتووه:

کە ژن نەبوو

ژیان چییە؟!!

با هەزار ساڵیش بژیم  ...

جارێکیان لە (ستۆکهۆڵم)، پەیامنێرێ لێی پرسیم: سەبارەت بە (ڤالەنتاین)، دەڵێی چی؟!

گوتم: لای من هەموو ڕۆژێ، ڕۆژی خۆشەویسەتییە و ڤالەنتاینی منە!

هەرچەندە پێم وایە، هەموو ڕۆژێ دەبێ، ڕۆژی خۆشەویستیی بێ، بەڵام تازە ڕۆژی (14. 2)ی هەموو ساڵێ، وەک جێژنێکی نێونەتەوەیی لێ هاتووە و ئێمەش نابێ، لە کۆمەڵی مرۆ داببڕێین.

لەبەرئەوە لە ناخی دڵێکی بێگەردەوە، پیرۆزبایی ڕۆژی خۆشەویستیی، لە هەموو خۆشەویست و ئەڤیندارانی کورد دەکەم، هیوادارم، ژیانێکی پڕ لە خۆشەویستییەکی ڕاستەقینەی خاوێن و ئەڤینێکی گڕگرتووی بەجۆش، لە نیشتمانە پیرۆزەکەماندا بەسەربەرن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×