کورد و شۆڕشی چەکداریی
دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
2021-02-09   684
ئەز پێم
وایە، دوای ئەوەی یەکەمین جەنگی جیهانیی کۆتاییهات، نەتەوی کورد نەدەبوو، پەنای بۆ
چەک ببردایە و خەباتی چەکداریی بکردایە، چونکە:
ڕێککەوتننامەی (سایکس – پیکۆ) ڕۆژی (11-16. 5. 2016) لە نێوان (بریتانیا، فڕەنسە و ڕووسیای تساریی)دا واژۆکرا. دژی ئیمپراتۆریای (عوسمانیی) بوون و بڕیاریاندا، نەخشەی نێوچەکە بگۆڕن.
یەکەمین جەنگی جیهانیی، ڕۆژی (28. 7. 1914) دەسیپێکرد و ڕۆژی (11. 11. 1918)، بە سەرکەوتنی (بریتانیا) و هاوپەیمانەکانی کۆتاییهات، لە ئەنجامیشدا ئیمراتۆریای (عوسمانیی) تێکشکا.
ڕۆژی (11. 3. 1917)، هێزەکانی سوپای (بریتانیا)، شاری (بەغدا)یان داگیرکرد. لە کۆتایی ساڵی (1918)دا، (000. 410) سەبازی (بریتانیی) لە (عێراق) بوون.
ڕۆژی (11. 11. 1920)، ڕێکخراوی (عوسبەت ئەلئومەم)، بڕیاری ئینتیدابی (عێراق)یان بۆ (بریتانیا) دەرکرد. بە ئەو شێوەیەش، هەموو (عێراق)ی عەرەبیی و باشووری (کوردستان)یان داگیرکرد. هەر دوای ئەوە، هەموو ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی کورد و عەرەبیان کوژاندەوە.
ڕێککەوتننامەی (سیڤەر)، ڕۆژی (10. 8. 1920) واژۆکرا و لە بەرژەوەندیی نەتەوەی کورد بوو، بەڵام ڕۆژی (12. 7. 1923)، ڕێککەوتننامەی (لۆزان) جییگرتەوە، جگە لە ئەوەی پاشەکشەیان لە مافەکانی نەتەوەی کورد کرد، هیچ جۆرە ترووسکاییەکیشی تێدا بەدی نەدەکرا.
کۆنگرەی (قاهیرە)، ڕۆژی (12. 3. 1921) گیرا، باسی مافی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردیی نەکرا.
ڕامیار و دیپلۆماتەکانی ئیمپراتۆریای (بریتانیا)ی گەورە، لە کۆنگرەی (قاهیرە)دا بڕیاریاندا، دەوڵەتێ بۆ عەرەبەکانی (عێراق) دامەزرێنن، باشووری (کوردستان)یشی پێوە بلکێنن. لەبەرئەوە شایەکی عەرەبیان لە (سعوودییە)وە (فەیسەڵی کوڕی حوسێنی کوڕی عەلی) هێنا، ڕۆژی (29. 6. 1921) گەیشتە (بەغدا) و ڕۆژی (23. 7. 1921) تاجیان لەسەر دانا. ئیدی بە ئەو شێوەیە. دەوڵەتی شانشینیی (عێراق)یش، بە شێوەیەکی فەرمیی دامەزرا و باشووری (کوردستان)یشیان، بە زۆر پێکەوە لکاند.
ئاخر لە
کۆنگرەی (قاهیرە)دا، دوو دوژمنی سەرسەختی وەک (پێرسی کۆکس) و (گێرترۆید بێڵ) ناسراو
بە (مسس بێڵ)، زۆر دژایەتی کێشەی کوردیان کرد و لەگەڵ مافە ڕەواکانی نەتەوەی
کورددا نەبوون. لەبەرئەوە هەرچی هەوڵ و تەقەلایەکی شۆڕشگێڕانە و چەکدارانەی کورد
هەیە، هیچیان سەرکەوتوو نەبوون. چونکە نێوچەکە، لە نێوان دەوڵەتە سەرکەوتووەکانی
جەنگدا دابەشکرا، (بریتانیا) و (فڕەنسە)، هەردوو دەوڵەتی (عێراق) و (سووریا)یان،
بۆ عەرەبەکان دامەزراند. ئیدی خەباتی چەکداریی، نەک هەر هیچ کەڵکی بۆ کورد نەبوو،
بەڵکوو زیانێکی زۆریشی پێگەیاند و لە ئاسنی سارد کوتان پتر، هیچی دیکە نەبوو!
بۆیە چ (شێخ
مەحموود) و چ (مەلامستەفا)، کاتێ دژی ئەو دوو دەوڵەتە (عێراق) و ئیمپراتۆریای
(بریتانیا) جەنگاون، کە خۆر لە ئاڵاکەیەوە ئاوانەدەبوو! نەک هەر لە توانای کورددا
نەبوو، بەڵکوو هەموو دەوڵەتەکانی نێوچەکەش، توانای ئەوەیان نەبوو،
بەربەرەکانیانبکەن. جگە لە ئەوەی، لە بەرنامەشیاندا نەبووە، (کوردستان)ێکی سەربەخۆ
و ئازاد دامەزرێنن!