کورتەیەکی مێژوویی، سەبارەت بە ژیان و هۆنراوەکانی (شێخ مەحموودی حەفید)

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2024-01-06     659

پێشەکی

(شێخ مەحموود) کوڕی (شێخ سەعید) و لە نەوەی پیاوچاکی گەورەی کورد (کاک ئەحمەدی شێخ 1792-1887) بوو، لە پشتی (شێخ مارفی نۆدێیی 1751-1837) کەوتووەتەوە. ساڵی (1886) لە شاری (سولەیمانی) لەدایکبووە. شەوی (9/10. 10. 1956)، لە نەخۆشخانەی (حەیدەرییە)ی شاری (بەغدا) کۆچیدوایکردووە و تەرمەکەی لە مزگەوتی گەورەی شاری (سولەیمانی)، لە تەنیشت باپیرە گەورەیەوە نێژراوە. مێژووی ئەم بنەماڵەیە، بۆ نزیکەی (250) ساڵێ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.

لە دوای یەکەمین جەنگی جیهانەوە، سێ جار لە شاری (سولەیمانی)، بەردی بناغەی فەرمانرەواییەکی سەربەخۆی کوردی دامەزراندووە: یەکەمین جار لە (17. 11. 1918 – 18. 6. 1919)، دووەمین جار لە (9. 10. 1922 – 3. 3. 1923) و سێەمین جاریش لە (00. 8. 1923 – 9. 7. 1924) بوو. واتە لە ئەو ماوە کورتدا، بە هەمووی نزیکە (4) ساڵ فەرمانرەواییکردووە، ئیدی لەبەر هێندێ هۆی خودیی و بابەتی، دەسەڵاتەکەی نەماوە.

لە دوای شەڕی (ئاوباریک -5. 4. 1931)ەوە، (شێخ) و هێزەکەی، لە گوندی (پیران) لە ڕۆژهەڵاتی (کوردستان) جێگێڕبوون. لە ئەنجامدا (شێخ) هەستیپێکردووە، بەربەرەکانی هێزەکانی بریتانیا، بە هیچ شێوەیە، بە چەکی سوووک سەرناکەوێ. لەبەرئەوە نامەیەکی بۆ دەسەڵاتدارانی ئینگلیز نووسیوە، داوای لێ کردوون، گفتوگۆبکەن. دوا جاریش (شێخ) لە (پێنجوێن)، ڕۆژی (13. 5. 1931)، لەگەڵ کاپتن (هۆڵت) ڕێککەوتووە، واز لە خەباتی چەکداری بێنێ و بۆ (سولەیمانی) گەڕاوەتەوە. بەڵام ڕۆژی (15. 5. 1931)، بە فڕۆکە  ناردوویانە بۆ شاری (ئور) لە خوارووی (عێراق)، دواتریش بۆ شاری (ناسریە) دووریانخستووەتەوە، تا ساڵی (1933) لە شاری (بەغدا) جێگیربووە. (1)

جگە لە ئەوەی، (شێخ) فەرمانڕەوای باشووری (کوردستان) بووە، پێوەندییەکی ڕاستەوخۆشی، بە ڕامیار، فەرماندەی سەربازیی و جەنگاوەرەکانی کوردەوە هەبووە، لە هەمان کاتیشدا، پێوەندییەکی فراوانیشی، لەگەڵ کەسایەتی، نووسەران، هۆنەران، هێندێ لە سەرۆک تیرە و هۆزەکانی (کوردستان)یش هەبووە. نامەیان گۆڕیوەتەوە و هۆنراوەشیان بۆ یەکدی نووسیوە.

هەروەها (شێخ)، چ لە شار و چ لە شاخ، بایەخێکی زۆری بە بزووتنەوەی ڕووناکبیریی و  کاری ڕۆژنامەنووسیش داوە. بۆ نموونە: لە ماوەی هەر (3) فەرمانرەوییەکەیدا، (4) ڕۆژنامەی دەرکردووە، سیانیان لە شاری سولەیمانی بووە: (بانگی کوردستان 1922، ڕۆژی کوردستان 1922 و ئومیدی ئیستقلال 1924.) چوارەمیشیان (بانگی حەق 1923، لە ئەشکەوی چاسەنە بووە.)

(شێخ) بایەخێکی زۆری بە نامەنووسین داوە، نامەی بۆ هێندێ کەسایەتی، نووسەر، هۆنەر، هاوڕێ و پیاوە ناودارەکانی کورد نووسیوە، بە شێوەیەکی وێژەیی جوان، هێندێ جاریش بە چەن دێرە هۆنراوەیەک ڕازاندوویەتییەوە. جارجاریش حەزی لە شۆخی کردووە.

 

(شێخ مەحموود) و هۆنراوە

گومانی تێدا نییە، هەر کەسێ ئاگای لە ژیان و نووسینەکانی (شێخ) بێ، سوور دەزانێ، دەسی هۆنراوەهۆنینەوەشی هەبووە، چونکە هەم لە خوێندنەوەی هۆنراوەی هۆنەرەکانی سەردەمی خۆی، هەم لە نووسینی هۆنراوەکانی خۆشیدا، تام و چێژێکی تایبەتی لێ بینیوە. نازناوی (نووربەخشی)یشی، بۆ خۆی هەڵبژاردووە. 

پێم وایە، پتر لە ڕوانگەی ئەوەوە، هۆنراوەی گوتووە، ویستوویەتی، هەست و سۆزی خۆی، سەبارەت بە بارە کۆمەڵایەتی و ڕەوشە نەتەوەییەکەی، بە هۆنراوە دەربڕێ. هۆنراوەکانیشی، لە چەن سەردەم و بۆنەیەکی جیاوازی دیاریکراودا نووسیوە. هەرچەندە تا ئێستە ڕوون نەبووەتەوە، (شێخ) کەی دەسی بە هۆنراوەهۆنینەوە کردووە، یەکەمین هۆنراوەی سەبارەت بە چی گوتووە؟ بۆ کێی نووسیوە؟! ئەوەی هەیە و نییە، ئەو کۆمەڵە هۆنراوایە، کە لە دووتوێی دیوانی (نورەخشی)دا نووسراون. لەگەڵ ئەوەشدا، ژمارەی هۆنراوەکانی زۆر نین، خۆی بۆ هۆنراوەهۆنینەوە تەرخان نەکردووە، چونکە زۆربەی ژیانی خۆی، لە خەمی نەتەوەکەیدا بووە، بەتەواویش لە شوێنی جێگیر نەبووە، زۆربەی کات ئاوارە و دەربەدەربووە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، بەشی زۆری هۆنراوەکانی، لە بەشی هۆنراوەی نەتەوەیی و نیشتمانیدا جێیاندەبێتەوە، لە ڕووی داڕشتن و دەربڕین، هەست و سۆزیشەوە، وەک هۆنەرێکی نەتەوەیی، هۆنراوەکانی لە مێژووی وێژەی کوردیدا، جێی خۆیان کردووەتەوە، چونکە ئاستی هۆنراوەکانی، لە ئاستی بەرهەمی هۆنەرەکانی سەردەمی خۆی، کەمتر نەبووە، بەڵکوو هەستە نەتەوەییەکەی، زۆر جار لە ئەوانیش بەرزتربووە.  

هەروەها پتر بایەخی بە هۆنراوەی کورت داوە، واتە ژمارەی دێرەکانی کەمن. بابەتی لیریک ئاسا، چامەی پێنجخشتەکیشی نووسیوە، جگە لەئەوەی بایەخیشی بە چوارین و تاکدێڕیش داوە. (زمانی هۆنراوەکانی شیخ مەحموود ئاسانە، واتاکانی روونن، لە سیمبۆڵیزم و واتای ژێر وشە دوورن، بەرهەمێکە بۆ زۆرترین خەڵکی ناو کۆمەڵ نووسراوەتەوە.) (5)

 

(نوربەخشی) و نموونەی هۆنراوەکانی

وەک پێشتر باسمکرد، ژمارەی هۆنراوەکانی بەپەنجەی دەست دەژمێررێن. بەڵام مەرج نییە، ئەوە هەموو بەرهەمەکانی بێ، دوور نییە، هێندێکیان ونبووبن. لەبەرئەوە زۆر و بۆری، بە هۆنراوەکانییەوە دیار نییە.

هێندەی مامۆستا (عومەر مەعروف بەرزنجی)، بەرهەمەکانی لە دووتوێی پەرتووکی (نوربەرخشی)دا، چاپ و بڵاوکردووەتەوە، لە (12) هۆنراوەی دریژ، (8) هۆنراوەی چوارخشتەکی و (7) هۆنراوەی یەکدێڕیی پێکهاتوون. هێندێ کورتە هۆنراوەی دیکەشی هەیە، بۆ هاوەڵەکانی نووسیوە، یا وەڵامی داونەتەوە، شیوازی شۆخیی و گاڵتەوگەپی پێکەنیناویی لە خۆیان دەگرن. بۆ نموونە: ئەو نامەیەی بۆ (شەوکەتی دانسازی) نووسیوە و بە دوودێڕ هۆنراوە نووسویتی:

"وسو"مان ناردە لاتان لە بۆ "دان"

ئەڵین دەستان هەیە، ئێوە لە دانا

ئەویش بە هەمان شێوە وەڵامیداوەتەوە و گوتوویەتی:

"وسو"تان نادە لامان، قوربان لەبۆ دان،

بەمەرگی تۆ قەستەم، سێ دەفعە گامان.

لێرەدا هەوڵدەدەم، بەگوێرەی دیدی تایبەتی خۆم، چەن دێڕێ لە هۆنراوە نەتەوەییەکانی گوڵبژێرکەم.

لە هۆنراوەی (مودەتێ)کدا، بە (15) نیوەدێر هۆنراوە، سەرەتا گوتوویەتی:

مودەتێ عومرم، بە تاڵانچوو لە سووچ و قوژبنا

پێمەلەم زۆر کرد، لەبەر ئێمان لە بەحری بێ بنا

شاهبازێ بووم، لە مەیدانی شکاری دوژمنا

جەهلی میللەت بوو، بە زیللەت هات بەسەرشانی منا (4، ل27)

لە هۆنراوەی (شکار)دا بە (7) دێڕە هۆنراوە، سەرەتا گوتوویەتی:

کاتی شاکارە، دڵ بە موحیبەت کە برسییە

من بازم و شکاری وەتەن، بێ ڕییا ئەکەم

پارێزئەکەم، بە هیمەتی حەیدەر حقوقی کورد

یا ڕۆحی خۆم و ئالی پەیامبەر، فیدائەکەم

گەر مانیعی حەققی میللەتی کورد ببن عەرەب

بێشک نوێژەکانم، بە کوردی قەزائەکەم (4، ل28) 

بەڵام کاتی خۆی، ئەز ئەم دوادێرە هۆنراوەیەم، بە ئەم شێوەیە بیستووە:

گەر مانیعی حقوقی کورد ببن عەرەب

بێشک نوێژی مازیم، بە کوردی قەزائەکەم

هەروەها لە هۆنراوەی (فەرهادی کورد)یشدا، بە (5) دێرە هۆنراوە گوتویەتی:

فەرهادی قەومی کوردم و فەریادی کورد ئەکەم

دوژمن بە کوتەکی (کاوە)، وەکوو شووشە وردئەکەم

بۆ (بێستون)ی مانعی ئامالی کوردەکان

وەک (کۆهکەن) بە عەزمی مەتین، دەستوبردئەکەم

یا کەشتی کورد، ئەبەمە ساحیلی نەجات

یا ڕۆحی خۆم و ئالی پەیامبەر، بە پرد ئەکەم

لە کۆتاییشدا گوتوویەتی:

من کوردم و بە کوردی ئەڵێم و بڕایەوە

زیللەت نەما، سەعادەتی کوردان گەڕایەوە (4 ل36)

 

تێبینی:

سەبارەت بە پێوەندی بنەماڵەکەمان و بنەماڵەی (شێخ مەحموود)، لە بەرگی یەکەمی بیرەوەرییەکانمدا (گەڵاوەریوەکانی درەختی تەمەنم)، لە چەن لاپەڕەیەکدا باسمکردووە. بۆ نموونە: لە "ل 25"دا نووسیومە: (باپیرم "حاجی شێخ عەزیزی باراوی 1884-1986"، دۆستێکی نزیکی "شێخ مەحموودی حەفید" بوو. "شێخ"ی نەمریش، هەر بە خاڵە "شێخ عەزیز" بانگیکردووە.)

لە "ل26"دا نووسیومە: (زۆر جار باسی سەردەمی دەسەڵاتی شێخ مەحموودی بۆ دەکردین، هەناسەیەکی ساردی هەڵدەکێشا، ئاخر "شێخ"ی زۆر خۆشدەویست، بەڵام دەوروبەرەکەی خۆش نەدەویست.)

هەروەها لە "ل44"دا نووسیومە: (کاتێ "شێخ مەحموود" لە گوندی "داریکەلی" ژیاوە، هەموو ساڵێ ڕۆژانی جێژن، هێندێ لە شێخانی "باراو"، وەک "سەییدکەریمی شێخ مارف، حاجی شێخ عەزیزی شێخ ساڵحی باپیرم، شێخ مەحموودی شێخ حەسەن، شێخ رەزای گوڵانی" کۆبوونەتەوە و سەریان لێ داوە. "شێخ"ی نەمریش، ئەوەی بیرکەوتووەتەوە و بەپێکەنینەوە گوتوویەتی: خزمانی "باراو"، گەلەکۆمەکیم لێ دەکەن و هاتوونەتەسەرم! جگە لەئەوەی "شێخ مەحموود"، خوشکێکی نابیناشی هەبوو، ناوی خاتوو "نەفێ" بوو، خێزانی "شێخ موحەممەد"ی خاڵی باپیرم بوو.)

لە "ل45-46" و لە کۆتایی ئەو بابەتەدا نووسیومە: (هەڵبەتە گەر ئەو پێوەندییە گەرموگوڕ و تێکەڵاوییە، لەنیوان ئەو دوو بنەماڵەیەدا هەبووبێ، شتێکی ئاساییە، گەر هێندێ لە کوڕە ئازاکانی شێخانی "باراو"، لە زنجیرە شۆڕشەکانی "شێخ مەحموود"دا بەشدارییانکردبێ. بۆ نموونە: "شێخ حەمەعەلی شێخ عەزیزی باراوی"، سەرلەشکری "شێخ" بووە، پیاوێکی زۆر ئازابوو، تەنانەت قسەی لە "شێخ"یش قەبووڵ نەکردووە، ساڵی "1918" لە شەڕی "ناوپارێز"دا شەهیدبووە، هەر لە ئەوێش نێژراوە. "ئەحمەد خواجە"ش لە بیرەوەرییەکانیدا "چیم دی"، باسی "شێخ سەعید"ی برای کردووە، زۆر ئازابووە و لە شۆڕشەکانی "شێخ"دا، ڕۆڵێکی گەورەی دیوە.

لە "ل46"دا نووسیومە: (شێخانی "باراو" بە سەر و ماڵ، یارمەتی شۆڕشەکانی "شێخ"ی نەمریان داوە. لە جەنگی "دەربەندی بازیان"ی ساڵی "1919"دا، چەندین بریندار و شەهیدیان هەبووە. هەر لەگەڵ شێخی نەمریشدا، "شێخ مەحموودی شێخ حەسەنی شێخ مارفی باراوی 1904-1990" دەسگیرکراوە و بەدیلگیراوە.)

 

    سەرچاوەکان:

احمد خواجە، چیم دی، ب3، چاپخانەی ڕاپەڕین، سولەیمانی، 1972.

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز، شەکرە شارەکەم سولەیمانی، چاپخانەی شڤان، چ1، لەسەر ئەرکی شارەوانی سلێمانی ساڵی 2003 چاپکراوە، لە یادی "شێخ"ەکەی بیری ئازادیی و سەربەخۆییدا، ل 69-109.

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز، پەندەکانی ڕاپەڕینە خوێناوییەکەی 6. 9. 1930، چاپخانە کارۆ، چ1، سولەیمانی، 2022.

عومەر مەعروف بەرزنجی، نوربەخشی، چ1، چاپخانە شڤان، سولەیمانی، 2006.

د. مارف خەزنەدار، مێژووی ئەدەبی کوردی، ب6، هەولێر، 2006. ل174.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×