ژیان و مەرگ، چیرۆکێکی خەمناک

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2022-12-27     635

بۆ یادی (6) ساڵەی کۆچیدوایی هاوڕێی خۆشەویستم دوکتۆر (کۆردۆ عەلی)، یاد و بیرەوەری (46) ساڵی تەمەنی هاوڕێیەتیمان ...  

ژیان و مەرگ  

مرۆ چۆنی بوێ، بە هەر شێوەیە بژی، ژیان هەر کاروانی خۆی بەڕێدەکا و هەرگیز، گوێ لە کەس ناگرێ. هەڵبەتە مەرگیش هەر وایە، هەر کاتێ ویستی، دەسی چەپەڵی لە بینەقاقای مرۆ گیردەکا و هەناسەی لێ دەبڕێ. بەڵام ئەوەی لە ژیانی ڕۆژانە و دوای مەرگیش دەمێنێ، تەنیا هەر مێژووی ژیان، کردەوە و یادگارەکانێتی، بە زیندوویی دەمێننەوە و لەنێوناچن. بەڵکوو چەندین شەو، یادگارەکان فرمێسکی خوێنینیان پێ دەڕێژێ.

ئاخ مەرگ، چۆن هەموو ئاوات و ئامانجەکان، لەگەڵ خۆتدا دەپێچیتەوە! ئاخ مەرگ، چەن ڕاستییەکی بێ چەندوچوونی بێ چارەسەری، کۆتایی بە هەموو بەسەرهات و ژیانی مرۆ دێنی! ئاخر ژیان و مەرگ، بە دەس کەس نییە، گەر بە دەس مرۆ خۆی بووایە، میلی کاژێری کامەرانیی و تەمەندرێژیی خۆی، لەسەر کاتژمێری شادیی و بەختەوەری دەنووان. بەڵام نە ئەو کەسە وردە پیتۆڵە، تا ئێستە پەیپێبردووە، نە مەرگیش مەودا دەدا، هەناسەیەکی پڕ لە خۆشەویستی پڕ بە سییەکانت هەڵمژی!

ئەندێشە و یاد 

شەوێ لە ئەم شەوانەدا، بە تەنیا لە ماڵەوە دانیشتبووم، بە یادی ئەو هاوڕێ جوانە خۆشەویستەمەوە دوکتۆر (کۆردۆ)، زۆر بە کوڵودڵەوە، جارێکی دیکە، گوێم لە گۆرانی (سەفەر)ی هونەرمەند (لەیلا فەریقی) گرتەوە. ئیدی بە تەواوی تێگەیشتم، کاکە (کوردۆ)، کاتێ گوێی لە ئەم گۆرانییە دەگرت، بۆچی ماتدەبوو، فرمێسکی دەڕشت و وردەوردە دەگریا. ئاخر دەبێ، چ جۆرە یادگارێکی سەنگین و ڕەنگینی خۆشی، بیرکەوتبێتەوە، وا ئارامی لێ دەبرا؟! ئیدی منیش بێ ئەوەی هەستیپێبکەم، دڵم پڕبوو، چەن دڵۆپە فرمیسکێ، ڕوومەتەکانی تەڕکردم. ئاخ ژیان، چەن فیلمێکی کورتی پڕ لە سەیر و سەمەرەی!

ئاخر من چی لە فریشتەکانی بەهەشت بکەم، گەر دوای کۆچی خۆشەویستەکەم، لە دڵ و دەروونمدا نەژنی، خۆشم نەوێن و نەیانناسم؟! ئاخر گەر لە ژیاندا، بە ئاکامی خۆشەویستی دڵەکەم نەگەیشتبم، لە گۆڕی تەنگوتار و پڕ ئەندێشەدا، پێی بگەم، کەی ئەو پێکگەیشتنە، تام و چێژی ژیانی ڕاستەقینەی هەیە؟!!

ڕەنگە ئیستەش هاوڕێکەم (کوردۆ)، لە تەنیایی نێو گۆڕە چۆڵوهۆڵەکەیدا، بۆ یارە شیرینەکەی شین بگێڕێ، ئای لە ئەو خۆشەویستییە بێ کۆتاییەی، گڕی لە دڵ و گیانی بەردابوو. بۆیە تا چاوە شینە جوانەکانی لێکنا و دوا هەناسەی ژیانی دا، خۆشەویستە نازدارەکەی بیرنەچووەوە، کەسێکی دیکەی خۆش نەویست و نەشیتوانی، هاوسەرگیریی بکا!

هەڵبەتە هەناسەهەڵکێشان، خۆزگە و ئاواتخواستن، هیچی لێ شین نابێ، مەگەر مرۆ لە بێ دەسەڵاتیدا، لەبەر خۆیەوە خۆزگەبخوازێ، چونکە گەر بشڵێم: خۆزگە پێکبگەیشتنایە، بە یەکدی شادبوونایە و داری سەوزی هیواکانیان، بەری بگرتایە، هیچ کەڵکێکی نییە. چونکە خەونی خۆزگە کورتە و زۆر ناژی، وەک ئەوە وایە، گەر مرۆ دارێکی زڕ بڕوێنێ، هیچ بەرهەمێکی نەبێ.  ئاخر گەر یەزدانی مەزن، ئەو دوو خۆشەویستەی لە ژیاندا، بەیەک نەگەیاندبێ، ئەدی لە بەهەشتدا چۆن پێکیان بگەیەنێ؟!!

ڕەنگە چیرۆکی خۆشەویستیی و ئەڤینی (شیرین و فەرهاد، مەجنوون و لەیلا، یوسف و زڵەیخا ...)، هێندێ لە ڕاستییەوە دووربن، بەڵام ئەم خۆشەویستییە پاک و بێگەردەی، ئەو جوانەمەرگەی هاوڕێم، چیرۆکێکی ڕاستەقینەی پڕ لە خۆشەویستیی و ئەمەکداری بوو، چونکە ئێستەش خۆشەویستەکەی، کاتێ گوێی لە ناوی (کوردۆ) دەبێ، بەدەس خۆی نییە و دەگری!   

لە (بەغدا) چی ڕوویدا؟!

 (کوردۆ) ساڵی (1977- 1978)، لە زانکۆی (سولەیمانی) کۆلێژی ئاداب، بەشی زمانی کوردیی تەواوکرد. پاشان هەوڵیدا، بە هەر شێوەیە بێ، خوێندنی باڵا تەواوکا. لەبەرئەوە هەموو ئاواتی ئەوە بوو، بەرەو (ئەورووپا) بڕوا. بە تایبەتی دوای ئەوەی، گوڵی هیواکانی سیسبوون!

ئەوەبوو، لەگەڵ هاوڕێی خۆشەویستم، خوالێخۆشبوو (نیهاد مەحموود) چوون بۆ (بەغدا). چەن ڕۆژێ لە ئەوێ بوون و پاشان گەڕانەوە. هەر ئەو ڕۆژەی گەڕایەوە، کاژێری (11)ی شەو بوو، تێلێفۆنی بۆ کردم و بە دەنگێکی هێواشی خەمناکەوە گوتی: خۆزگە ئەو کۆچەم نەکردایە و نەچوومایە بۆ (بەغدا).

منیش گوتم: بۆ؟ چی ڕوویداوە؟!  

گوتی: نازانم، کێ باسی پێوەندی من و خۆشەویستەکەمی، بۆ برا گەورەکەی گێڕاوەتەوە. کاتێ لە شەقامی (جمهوری) بینیمی. بانگی کردم، هەڕەشەی لێ کردم و پێی گوتم: جارێکی دیکە، بە ئەو کۆڵانەی گەڕەکی ئێمەدا بڕۆی، هەردوو قاچت دەشکێنم. بە هیچ شێوەیە نابێ، ناوی خوشکی من بەری.

گوتم: ئەی تۆ گوتت چی؟

گوتی: چی بڵێم، لە تاواندا بێدەنگبووم.

گوتم: تۆ ئەو کچەت، بە ڕاستی خۆشدەوێ؟!

گوتی: ئەدی خۆت نازانی؟ تازە لێم دەپرسی؟!!

گوتم: باشە. دەتەوێ، داوایکەیت و خیزانی لەگەڵ درووستکەی؟ گەر دەتەوێ، ئەوا من بۆت تێدەکەوم، چونکە براکەی هاوڕێمە و دەیناسم.

گوتی: نەخێر. تازە دوای ئەو قسە ناخۆشانە بڕیارمداوە، کۆچبکەم.

گوتم: کەواتە: براکەی هەرچییەکی پی گوتووی، ناهەقی نەبووە. ئیدی بە هیچ شێوەیە نابێ، ناوی بێنێ و هەوڵبدەی، بیبینی، وا باشە، لەبیر خۆتی بەریتەوە. ئەویش بێدەنگبوو.

ئەوەبوو، دوای ماوەیە، بەرەو (ئەورووپا) ڕۆی. لەگەڵ ئەوەشدا، تا ڕۆژی (18. 12. 2016) کۆچیدواییکرد، خۆشەویستەکەی هەر لە دڵ و دەروون، بیر و هۆشیدا دەژیا. ئەمەش چیرۆکی خۆشەویستییەکی خاوێنی بەئاکام نەگەیشتووی، دوو دڵدار و ئەڤیبنداری خێرنەدیوی کوردە، کە ماوەی (7) ساڵ بە نهێنی، یەکدیان خۆشدەویست! 

گۆرانی سەفەر و چیرۆکێکی خەمناک

گۆرانییە پڕ هەست و سۆزەکەی (سەفەر)ی خاتوو (لەیلا فەریقی)، سەرەتا بە هەستانێکی بەرزی خەمناک و تووڕەیی دەسپێدەکا. پاشان واز لە ئەو تووڕەییە دێنێ و وردەوردە هێوردەبێتەوە. دواتریش بە ڕاز و گللەیی کۆتاییدێ.

هەر لە ئەو ڕۆژەوە، گوێم لە ئەو دەنگە پڕ سۆز و ئاوازە دڵفڕێنە بووە، هەر وشەیەکیم بە تەرازووی ژیربێژیی بیرەوەرییەکانم کێشاوە و هەڵمسەنگاندوون. یەکسەر هاوڕێی خێرنەدیوی خۆشەویستم، دوکتۆر (کوردۆ)م بیرکەوتووەتەوە. چونکە ئەو هۆنراوەیە، ئەو گۆرانییە، ئەو هەستان و بەستە خەمگینە، وەک ئەوە وایە، چیرۆکی ژیانی خۆشەویستی بەئاکام نەگەیشتووی، یارە شیرینەکەی بگێڕێتەوە. بۆیە کاتێ لەنێو شاری بێکەسی (سولەیمانی)دا، بە ترومبیلەکەم دەمگێڕا و ئەو گۆرانییەم بۆ لێدەدا، بێ ئەوەی زۆر لە خۆی بکا، چاوەکانی تەڕدەبوو. منیش بە هێواشی لەگەڵ (لەیلا)دا، گۆرانییەکەم دەگووتەوە. ئەویش خێرا هەڵیدەدایە و دەیگوت: کاکە من زۆر جار گوێم لە دەنگی تۆ بووە. تو خوا وازبێنە، با بە باشی گوێ لە دەنگی (لەیلا) و هۆنراوەکە بگرم.

منیش دەمگوت: تۆ پتر بە هۆنراوەکەوە سەرسامی، چونکە وشە و بەسەرهاتەکانی هۆنراوەکە، لە بەسەرهاتی ژیانی خۆشەویستی خۆت دەچێ ...

کاکە (کوردۆ)، هێندێ گۆرانیی و دەنگی خاتوو (لەیلا)ی، زۆر پێ خۆشبوو، چونکە وەک بە تایبەتی، بۆ کارەساتە گەورەکەی ئەوی گوتبێ، دڵە خەمگینە هەتیوەکەی، لە بێشکەی سنگیدا ڕاژێنێ، وابوو. بە تایبەتی ئەم هۆنراوە جوان و دەنگە بەسۆزە ڕۆمانسییە، کە هەموو وشەیەکی لای ئەو، واتایەکی تایبەتی هەبوو، ڕاڤەی لە دەرد و ئازارەکانی دەکرد. هەر دەڵێی، (کوردۆ) خۆی، ئەو هۆنراوەیەی بە پیتی زامەکانی دڵ و دەروونی هۆنیوەتەوە. (لەیلا)ش بە دەنگە پڕ سۆزە ئاسمانییەکەی، بۆ ئەوی چڕێوە، هەردووکیشیان پێکەوە، شینیان بۆ ئەو خۆشەویستیی و ئەڤینە خاوێنە بەئاکام نەگەیشتووە کردووە! 

وام ئەزانی، گەر سەفەرکەم

ئیتر تۆم بیرئەچێتەوە

چیتر ڕەگی خۆشەویستیت لە ناو دڵما

وشک ئەبێ و ناژێتەوە

کەچی نەمزانی

عەشقت دەبێتەوە تەوقێک و دێتە ملم

زامی دڵی سات لە دوای سات

گەورە دەبێ و ئەکولێتەوە

گەر دووریشبیت و نەتبینم

قەت ساڕێژ نابێ برینم

تەنیا هەر تۆی نازەنینم

هەر بۆ تۆیە، خەندە و شینم

            ***

بەجێتدێڵم، دڵنیاشم، ئەگەر ڕۆیشتم

سەرابترین ژینی دنیا، لە غەریبی چاوەڕێمە

بەجێتدێڵم، گەر نامۆشبووم

ئەندێشەی تۆ، بیرەوەوریی و یادەکانم

هەموو شەوێ، مۆتەکەیە و لەسەر جێمە

لە یادناچێ، سیمای مەرگی ئەرخەوانیت

عەشقێکی وێڵ لەسەر ڕێمە

وا ئەڕۆم و سەری کاسم هەڵگرتووە

هەگبەی غەمم لە کۆڵ ناوە

دڵی وێڵم، بە ناچاری

بە زیندوویی، لە چاڵ ناوە

***

دەمێ ساڵە چاوەڕێم و داری هیوام بەرناگرێ

زۆر لە مێژە عەشقی تۆم و گوڵی عومرم چرۆناگرێ

ئازیزەکەم!

وا ئەڕۆم و هەنگاوەکان بەرەو دواوە رامئەکێشن

یادگارییەکان، هەناسەی بێ ئومێدیم بۆ هەڵئەکێشن

ئازیزەکەم!

گەر ڕۆشتیشم، لەگەڵ زەردەی ئێوارانا

یادی خەندەم بکەرەوە

لەگەڵ ڕەهێڵەی بارانا، گریانم بێنەرەوە یاد

لەگەڵ وەرینی گەڵادا، سۆزی عەشقی بەجێماوم

ئارامگەی دڵەی شیواوم، بۆ ساتێ بەسەرکەرەوە

***

ئەڕۆم، ئەڕۆم، تا ئەگەمە، ئەو جێگایەی

تۆیەکی تر ئەدۆزمەوە

یان ئەم جارەش، بە ناچاری، کۆرپەی خۆزگەم

بەدەستی خۆم ئەنێژمەوە

                     ***

تێبینی: کاتێ دوکتۆر (کوردۆ) کۆچیدواییکرد، هەفتەیەک بوو، لە (سوید) بووم. بە پەلە گەڕامەوە و بە یارمەتی زانکۆی (سولەیمانی)، ڕۆژی (27. 1. 2017) کۆڕێکی ماتەمینیم، لە چلەکەیدا سازکرد و لە هۆلی ڕاپەڕینی زانکۆ بەڕێوەچوو. پاشان هەموو ئەو وتارانەی لە کۆڕەکەدا خوێندرانەوە، لەگەڵ بیرەوەرییەکانی خۆمدا، لە ئەو ڕۆژەوە یەکدیمان ناسیبوو، تا دواهەناسەی ژیانی دا، لە پەرتووکی (دوکتۆر کوردۆ عەلی، یاد و بیرەوەری 46 ساڵی تەمەن)، لە دووتوێی (114) لاپەڕەدا، لەسەر ئەرکی سەرۆکایەتی زانکۆی (سولەیمانی) چاپمکرد، بە دیارییش پێشکەش بە دۆستان و خوێنەرانی کوردم کرد.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×