هەر چیاکان مابوو، هەناوی شەقکەن و جەرگی دەربێنن!

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2024-05-29     266

ئێمەی کورد، ئەوەتەی لەسەر خاکی ئەم نیشتمانە داگیرکراوە دەژین، ئەوەتەی دووگوێمان لێ ڕواوە، چاومان بەدیمەنی سرووشتی ڕەنگاڵەی، ئەم (کوردستان)ە شیرینە جوانە هەڵهێناوە، سەبارەت بە شاری هەڵمەت و قوربانی (سولەیمانی)، هەردوو چیای بڵندی (گۆیژە) و (ئەزمڕ)، نووسەرەکانمان بە دەیان وتاری سەنگینیان نووسیوە، هۆنەرەکانیشمان چەندین هۆنراوەی ڕەنگینیان، بۆ چیاکانی دەوروبەری زێدەکەمان هۆنیوەتەوە. ئەو چیایانەی لە سەردەمی شۆڕشەکانی کورددا، لەپێناوی کورد و (کوردستان)دا، سەنگەری پێشەوەی بەرەی جەنگ و بەرگری بوو، پێشمەرگە ئازاکانی کورد، دژی سوپای داگیرکەر، مەردانە دەجەنگان، داکۆکییان لە بستبەبستی خاکی نیشتمان و ڕۆڵەکانی گەلەکەمان دەکرد.

کەچی تازە، دەسەڵاتدارانی بێ هەست و هۆشی نەتەوەیی، کۆمەڵێ چەتە و بەڵێندەری مشەخۆر، دەسیان لە جەرگ و هەناوی چیاکانمان گیرکردووە و دەیانەوێ، دەوروبەری شارکەمان، وەک بیابانەکانی خوارووی عەرەبستانی (عێراق) لێ بکەن. ئایا لەپێناوی چیدا، وا شێوەی سرووشتی ئەو چیایانە دەشێوێنن؟!

ئەم دیمەنە جوانەی لە وێنەکەدا دەیبینن، ئەوەمان بیردەخاتەوە، خەڵکی نیشتمانپەروەر و دڵسۆزی وڵاتانی جیهان، بە هیچ شێوەیە، خاکی نیشتمانەکەی خۆیان تێک نادەن، بەڵکوو بەپێچەوانەوە، وەک بیلبیلەی چاوی خۆیان دەیپارێزن و کەڵک لە دیمەنی ئەو سرووشتە جوانانە وەردەگرن. جگە لە ئەوەی، کاتێ وڵاتەکانی خۆیان، پیشانی گەڕۆک و گەلانی جیهان دەدەن، پیش هەموو شتێ، سرووشتە جوانەکانی وەک دەشت و دەر، باخ و دارستان، کێو و چیا، ڕووبار و زەریاکانیان پیشاندەدەن، شانازی بە سرووشت و جوانی نیشتمانەکەیانەوە دەکەن. هەر خۆم چەندین جار، وەک گەشتگەڕ گەڕاوم، هێندێ وڵاتانی ئەورووپا و ئاسیام بینیوە، بە پاسیش بۆ دەرەوەی شارەکانیان بردووین، ئەو بەهەشتەی خۆیانیان پیشانداوین. ئەی ئێوەی وڵات وێرانکەر و تاڵانکەر، شانازی بە چییەوە دەکەن؟!

دەبێ باش بزانن، خەڵکی هوشیار و ژیر، خەڵکی نیشتمانپەروەر و دڵسۆز، چۆن کەڵک لە بستبەبستی خاکی نیشتمانەکەیان وەردەگرن؟! لە کوێ خانووبەرەیان درووستکردووە، بێ ئەوەی تاشەبەردێکی ئەو چیا بڵندانە بڕوخێنن؟! ئێوەش گرد و تەپۆڵکەی شارەکەمان نەما، داگیری نەکەن، خانووی لێ درووست نەکەن و نەیکەن بە گۆڕستان!

ئاخر ماوەی (60) ساڵ دەبێ، ڕۆڵەکانی ئەم گەلە هەژارە، بەدەس ناکۆکی و دووبەرەکی، نێوان هەردوو باڵەکەی (جەلالیی) و (مەلایی)ەوە، لەتاو جەنگی نێوخۆ و کوردکوشتن دەناڵێنن و ژیانیان لێ تاڵبووە، بەڵام ئێستە ناتوانن، لەسەر ئەو کارە چەپڵە ناپاکانەیە بەردەوامبن، بۆیە لە ناچاریدا، پەلاماری چیاکانی (کوردستان) دەدەن، سرووشتی خواکردی وەڵاتەکەمان تێکدەدەن و هەرزانفرۆشی دەکەن؟!!

تکایەکم هەیە، گەر هەر بڕیارتاندا، چیای (ئەزمڕ)یش بە تەواوی تەختکەن، ئاگاتان لە گۆڕەکەی مامۆستا (نەجمەدین مەلا) بێ، چونکە ئەو نەک هەر زیانی بۆ کەس و ئەم شارە نەبوو، بەڵکوو بەچە و وەچەیەکی زۆریشی پێگەیاند!

لە کۆتایشدا، جگە لە ئەوەی دڵم پڕە لە داخ، خەم و پەژارەیەکی جەرگبڕ دایگرتووم، هیچی دیکەم لە دەست نایە، تەنیا هەر ئەوە نەبێ، لەگەڵ خاڵە (پیرەمێرد)ی خەمخواری ئەم شارە کەساس و بێکەسەدا بڵێم:

دەک خەجاڵەت بن لە ڕوی مەحشەرا

ئێمەش خاکی غەم ئەکەین بە سەرا

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×