(16)ی ئۆکتۆبەر، بیانووی پڕوپووچ یا ناپاکیی نەتەوەیی!

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2020-10-16     296

کاتێ سەرکردایەتی یەکێ لە پارتەکانی باشووری (کوردستان)، گوێلەمستی سەرانی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی نیشتمانەکەم دەبن، پیلان و بەرنامە دۆزەخییەکانیان، دژی خەڵکی داماوی بەشمەینەتی بێدەسەڵاتی کورد جێبەجێدەکەن، ناپاکیی لە خاکی نیشتمان و نەتەوەکەم دەکەن، بەرژەوەندیی تایبەتیی بنەماڵە و تەسکی پارتایەتی، پێش بەرژەوەندیی نەتەوە و نیشتمانەوە دەخەن، سەرانی دەوڵەتە داگیرکەرەکان، بە شانوبازوویاندا هەڵدەدەن و خەڵاتیاندەکەن، کەچی باجە گەورە و گرانەکەی، ئەو تاوان و ناپاکییە، تەنیا هەر ڕۆڵە بە ئەمەک و دڵسۆزەکانی گەلی کورد دەیدەن!
* * *
ئەو گرووپەی نێو (یەکێتیی)، بیانوویان ئەوە بوو، گوایە بۆیە ڕۆژی (16. 10. 2017)، لە (کەرکووک) بەرگرییان نەکرد، بۆئەوەی وەک (موسڵ) وێران نەبێ! لە ڕاستیدا ئەمە تەنیا بیانووە و ناپاکییش، هیچ جۆرە بیانوویەک هەڵ ناگرێ، گەر بە بەڵگە و بڕوبیانووی پووچیش بیشارنەوە، هەر ناشاررێتەوە و مێژووش، بەزەیی بە هیچ کەس و لایەنێکدا نایەتەوە!
ئەدی بۆ دان بە ڕاستیدا نانێن و بڵێن: پێشەکی، لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەردوو دەوڵەتی  داگیرکەری (ئێران) و (عێراق) ڕێککەوتبووین، ئەو نێوچە (کوردستان)یانەی، لە کاتی جەنگی دژ بە (داعش) ڕزگارکرابوون، بێ بەرگریکردن، ڕادەسی (عێراق)ی بکەینەوە؟!
هەر بە ئەو شێوەیەش، دەسەڵاتدارانی (ئێران) دەیانویست، هەموو نێوچە فراوانەکانی هەرێمی باشووری (کوردەستان)، لەژێر دەسەڵاتی خۆیاندا بێ و بە تەواویی کۆنترۆڵیکەن. چونکە جگە لە ئەوەی، ئەوڕۆ هەموو ڕاستییەکان، بۆ هەموو لایەک ڕوونبووەتەوە، بەرنامەی (مانگی شیعیی) ئاخووندەکانی (ئێران)یش، لێرەوە دەسپێدەکا و ئامانجەکانیان دەپێکن!
* * *
من دەڵێم: بریا (کەرکووک) وێرانبووایە و لە (موسڵ) خراپتری بەسەربهاتایە، بەڵام بێ بەرگریی، ڕادەسی هیزەکانی هەردوو دەوڵەتی داگیرکەری (ئێران) و (عێراق) نەکرایە و هیندەی دیکە، هەم گرفتەکان سەختر نەکرایە، هەم ڕیزەکانی گەلی کوردیش، لاواز و پارچەپارچە نەبووایە!
ئاخر گەر لەبەر خاتری چاوی کاڵی خەڵکی (کەرکووک)، ئەو تاوانە گەورەیە کرا، خۆ خەڵکە نیشتمانپەروەرەکەی شارەکە، هەر ئاوارەبوون، یەکەمین زیانلێکەوتووی ئەو تاوان و ناپاکییەش، هەر ئەوان بوون! جارێکی دیکەش نەوتەکە، بە گەرووی ئاشی دەوڵەتی داگیرکەری شیعەکاندا کرایەوە. دەسەڵاتی توورکمان و عەرەبە داگیرکەرەکانی پارێزگەکە زیاتربوو، کەمترنەبوو، پڕۆسەی بەعەرەبکردنیش، هەر بەردەوامە. کەواتە (کەرکووک)تان لە چی پاراست؟!!
* * *
ئەز پێم وایە، گەر لە دەوروبەری (کەرکووک) و لەنێو شارەکەشدا بەرگریبکرایە، قازانجی لە زیانی زیاتردەبوو. چۆن؟
هەر لە ساڵەکانی سییەکانی سەدەی ڕابووردووەوە تا ئەوڕۆش، دەسەڵاتدارە عەرەبەکانی (عیراق)، لەسەر بەعەرەبکردنی (کەرکووک) بەردەوامبوون. باوەڕیش ناکەم، هیچ هێزێکی (عێراق) و (توورکیا)ش، دان بە (کوردستان)ێتی پارێزگەی (کەرکووک)دا بنێن. چونکە توورکمانەکان بە هی خۆیانی دەزانن. (ئۆردووگان)یش بە ئاشکرا هاواردەکا و بە بەشێ لە (توورکیا)ی دەزانێ. هەرچەندە شیعەکان و دژەکانی (بەعس)، بە خوێنی سەری بەعسییەکان تینووبوون، بەڵام هیچ لایەنێکی عەرەبیی نەبووە و نییە، دژی بەعەرەبکردنەکەی (سەددام) بێ و بە خاڵێکی باشی نەزانێ!
ئایا بیرتان چووەتەوە، کاتێ دەسەڵاتی کوردیی لە شارەکەدا نەما، توورکمان و عەرەبەکان، چۆن لەسەر جادە و شەقامەکان، ئاڵای (کوردستان)یان داخستبوو، لەسەری هەڵدەپەڕین و شایی خۆشییان دەگێڕا؟! ئایا لەبەر خاتری ئەو دوژمنانەی کورد نەتانویست، (کەرکووک) وەک (مووسڵ)ی لێبێ؟!! بۆ (کەرکووک) لەچاو شارۆچکەی (هەڵەبجە) و گشت نێوچە کاولکراوەکان و ڕاگوێزراوەکانی باشووری (کوردستان)دا چییە؟!!      
(کەرکووک) و هەموو نێوچە داگیرکراوەکانی دیکەی باشووری (کوردستان)، نە بە کاری ڕامیاریی و دیپلۆماسی، نە بە سەرژمێری گشتیی و گشتپرس دەگەڕێتەوە، چونکە عەرەب و ئیسلام، باوەڕیان بە ئەو جۆرە کارانە نییە، بەڵکوو بەهێز ڕزگاردەکرێ. ئەمەش پێوەندیی بە هەلی مێژوویی، پشگیریی و بەرژەوەندیی دەوڵەتە گەورەکانی جیهانەوە هەیە.
گەر شەڕ ببووایە، هەر زوو توورکمانەکان لە ترساندا بایاندەدایەوە، چونکە هیچیان پێ نەدەکرا. عەرەبە هاوردەکانیش هێندە بە جەرگ و ئازا نین، تا بەربەرەکانی هێزی پێشمەرگە بکەن، بەڵکوو وەک لە ڕاپەڕینەکەدا ڕوویدا، هەموویان هەڵدەهاتن. ئەو کاتە سەرکردەی پارتەکان دەیانتوانی، ڕۆڵەکانی کوردی شارەکە چەکدارکەن، شانبەشانی هێزی پێشمەرگە، دژی داگیرکەران بجەنگن، بە جەنگی نێوکۆڵانەکان و سەرشەقامەکان، کۆنترۆڵی شارەکە بکەن.
بیرە نەوتەکانی (کەرکووک)، موڵکی هیچ لایەنێکی کوردستانیی و عێراقیی نییە، بەڵکوو خاوەنە ڕەسەنەکەی (بریتانیا)ی گەورەیە. گەر جەنگەکە گەرمبووایە و زیان بەر بیرە نەوتەکان بکەوتایە، ئەوا دەوڵەتە زلهێزەکانی جیهان، بێ دەنگ نەدەبوون، چونکە کارێکی نەرێنیی، لە نرخی نەوتی بازاڕەکانی جیهان دەکرد. ئیدی بیانووی چی، بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو تاوان و ناپاکییە گەورەیە دێننەوە؟!!
گەر ئەو گرووپە ناپاکە ڕاستیاندەکرد و خەمی شاری (کەرکووک) و دانیشتووانەکەیان دەخوارد، هەڵبەتە لەگەڵ هەردوو سوپای داگیرکەردا، ڕێک نەدەکەوتن و شارەکەیان هەروا بە ئاسانیی، رادەس نەدەکردن. بەڵکوو هەر زوو هەموو نێوچە داگیرکراوەکانیان چۆڵدەکرد و دەگەڕانەوە. ئەو کاتە با سوپای داگیرکەری هەردوو دەوڵەت (ئێران) و (عێراق)، خۆیان داگیریانبکردایە، ئیدی کەس مافی ئەوەی نەبوو، بە تاوانبار و ناپاکیان بزانێ. بەلام ئەم ڕێککەوتنە ژێربەژێرەی ئەو گرووپە، تەنیا لەبەرئەوە نەبوو، (کەرکووک) وێران نەبێ، یا هەر (کەرکووک) ڕادەسی شیعەکانی هەردوو دەولەت بکەنەوە، بەڵکوو پتر بۆ ئەوە بوو، هەمووو باشووری (کوردستان)، لە دەسەڵاتی (پارتیی) پاککەنەوە. بەڵام ئەم پیلان و پلانە، هەر زوو گۆڕکرا!
دوور نییە، هێندێ کەس بپرسن و بڵێن: ئەدی بۆ باسی تاوان و ناپاکییەکەی (31. 8. 1996) ناکەی؟! یا وابزانن، ئەز بەلای (پارتیی)دا دادەشکێنم، بۆیە ئەم باسە دەوروژێنم، بەڵام ئەمە زۆر لە ڕاستییەوە دوورە. چونکە هەم کاتی خۆی، زۆر بە درێژیی، لەسەر ئەو تاوانە گەورەیەشم نووسیوە.* هەم من وەک کوردێکی نەتەوەیی نیشتمانپەروەری دێمۆکراسیخوازی بێلایەن، لە کێشە و گرفتەکانی نەتەوەکەم دەڕوانم، ڕاست و هەڵە، نیشتمانپەروەریی و ناپاکیی، لە یەکدی جیادەکەمەوە، ئەنجامەکەشی هەرچی شتێ دەبێ، گرنگ نییە!
ئێستەش لە ئەم وتارەدا دەڵێم: ڕاستە (مەسعوود بارزانیی)، داوای لە (سەددام حوسێن) کرد، یارمەتیبدا، دژی هێرشەکانی (یەکێتیی) و (ئێران) هاوکاریبکا. ئەوەبوو، بە سوپایەکی زۆرەوە، پایتەختی هەرێمی باشووری (کوردستان)یان داگیرکرد، لە هێزەکانی (یەکێتیی) پاکیانکردەوە، خەڵکێکی زۆر کوژران و برینداربوون، بە دیل گیران و بێ سەروشوێن کران. لەگەڵ ئەوەشدا، یەک بست خاکی (کوردستان)، لەکیس کورد نەچوو، هەر کە سوپا داگیرکەرەکەی (بەعس) گەڕایەوە، هەموو شتێ ئاساییبووەوە. بەڵام ئایا لە (16. 10. 2017)دا، خاک بەرانبەر چی بە هەرزان فرۆشرا؟!! 
لە کۆتاییشدا دەڵێم: گەر کورد نەتوانێ، (کەرکووک) بۆ سەر هەرێمی (کوردستان) بگێڕێتەوە، بیگانەی داگیرکەر، کەڵک لە خێروبێرەکەی وەرگرێ و ڕۆڵەکانی کوردی (کەرکووک)یش، لە هەموو خێر و خۆشییەک بێبەشبن، پرۆسەی بەعەرەبکردنیش هەر بەردەوامبێ، ئەوا گەلێ باشترە، هەزاران جار ویرانبێ، لە ئەوەی ئەو داگیرکەرانە، بە ئارامیی و بە خۆشیی، تێیدا بژین، دژایەتی کورد و ئەزموونەکەشی بکەن!

 

تێبینی:
* سەبارەت بە هەنگاوە ناپاکانەکەی (31. 8. 1996)، ڕۆژی (2. 9. 1996)، لە ڕادیۆی کوردیی بەرنامەی (پەنجەرە) لە شاری (ستۆکهۆڵم)، چاوپێکەوتنێکیان لەگەڵ سازکردم. هەروەها ڕۆژی (15. 9. 1996)، گوتارەکەم لەبەردەم جەماوەڕیکی زۆری کوردە ئاوارەکانی شاری (ستۆکهۆڵم)دا خوێندەوە. دواجاریش لە پەرتووکی (حەوت گوتاری قەدەغەکراو، کوردستان – سولەیمانیی، ساڵی (2004)، ل (51-81) بڵاوکردەوە. لەسەر ئەو هەڵویستە نەتەوەییە، جگە لە ئەوەی، خەڵاتەکەم لە ڕدیۆی (پارتیی – ستۆکهۆڵم)، قسەی ناشیرین بوو، (3) دانە ساڵێش نەمتوانی، لە (برایم خەلیل)ەوە هاتوچۆبکەم و هەر لە (ئێران)ەوە دەگەڕامەوە!
* ئەم وتارە ساڵی پار، لەسەر داواکاریی دەستەی نووسەران، لە سایتی (Tema)دا بڵاوکراوەتەوە. بەڵام ئەم ساڵ، هێندی بابەتی نوێم بۆ زیادکردووە.


وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×