جه‌نگی ڕه‌شه‌کوژیی ده‌سه‌ڵات، له‌نێوان برا موسوڵمانه‌کاندا

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2022-01-19     796

بەشی یەکەم

 

به‌رایی

حه‌زده‌که‌م، ئه‌وه‌ی خوێنده‌واره‌، سه‌وداسه‌ری مێژووه و به‌ دوای ڕاستیدا وێڵه‌، ئه‌م گوتاره‌ی (ئه‌بوسه‌مه‌ر) بخوێنێته‌وه‌، تا که‌مێ شاره‌زای مێژووی ڕه‌شی قێزه‌ونی کوشتوبڕی نێوخۆی عه‌ره‌ب و توورکه‌ موسوڵمانه‌کان بێ، چۆن له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و سامان، سه‌ر و ماڵ، ئابڕووی یه‌کدیان ئه‌نفالکردووه‌ و به‌ ڕه‌وایان زانیوه، هه‌زارانیان له‌ یه‌کدی سه‌ربڕیوه‌، که‌عبه‌یان به‌ر مه‌نجه‌نیق داوه و مزگه‌وته‌که‌ی په‌یامبه‌ریشیان، کردووه‌ به‌ ته‌ویله‌ی وڵاخه‌کانیان. تۆ بڵێی ئه‌م کارانه‌شیان، لەبەر ڕۆشنایی ده‌قه‌کانی قورعان و فه‌رمووده‌کانی په‌یامبه‌ردا کردبێ؟!!

که‌سێ هوشیاربێ، بۆی ده‌رده‌که‌وێ، عه‌ره‌به‌ موسوڵمانه داعشه‌کانی ئه‌وڕۆش، له‌ کوێوه‌ هاتوون؟! به‌ چ یاساوڕێسایه‌ک، وڵاتان داگیرده‌که‌ن، ئاوه‌دانییه‌کان وێرانده‌که‌ن، سامانی خه‌ڵک تاڵانده‌که‌ن، مرۆ ده‌سووتێنن، سه‌رده‌په‌ڕێنن، ده‌س بۆ ئابڕووی هه‌زاران ئافره‌تی دیل و بێدەسەڵات‌ ده‌به‌ن و دواییش، له‌ بازاره‌کاندا ده‌یانفرۆشن؟!

ده‌قی ئه‌م گوتاره‌ (چه‌ن لاپه‌ره‌یه‌کی ڕه‌ش، له‌ مێژووی ئیسلامیمان)، چەن ساڵێ له‌مه‌وبه‌ر، له‌ لاپه‌ره‌کانی ئینته‌رنێتدا، به‌ زمانی عه‌ره‌بی بڵاوکرایه‌‌وه‌. منیش لێره‌دا، به‌ کورتیی و به‌ کوردیی، پێشکه‌ش به‌ خوێنه‌رانی هێژای کوردی ده‌که‌م.

سه‌ره‌تای ڕه‌شه‌کوژیی

نووسه‌ر له‌ سه‌ره‌تادا نووسیوێتی: (ئایا به‌ ڕاستیی‌، ئه‌وه‌ مێژووه‌که‌مانه‌؟!) پاشان زنجیره‌یه‌ ڕووداوی مێژوویی قێزه‌ونی خوێناویی، له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و فه‌رمانڕه‌وایی نێوان جێنشینه‌کانی عه‌ره‌ب و توورکە مه‌گۆله موسوڵمانه‌کان، له‌ سه‌رده‌مه‌ جیاجیاکانی فه‌رمانڕه‌وایی هه‌ر سێ ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی ئیمپراتۆریای ئیسلامیی (ئه‌مه‌ویی، عه‌بباسیی و عوسمانیی)دا تۆمارکردووه‌ و نووسیوێتی:

• هه‌ردوو جێنشین (عوسمانی کوڕی عه‌فان) و (عه‌لی کوڕی ئه‌بوتالیب)، به‌ ده‌سی موسوڵمانه‌کان کوژران. دواییش موسوڵمانه‌کان (حوسێن)ی کچه‌زای په‌یامبه‌ریان سه‌ربڕی و (حه‌سه‌ن)ی براشیان، ژارخواردکرد و کوشتیان!

• هه‌ردوو هاوه‌‌ڵانی په‌یامبه‌ر (ته‌ڵحه‌) و (زوبێر)، که‌ له‌ ئه‌و ده‌ که‌سه‌ بوون، له‌ ژیاندا مژده‌ی به‌هه‌شتیان پێ درابوو، له‌ نه‌به‌ردێکی نێوان دوولایه‌نی شه‌ڕکه‌ری موسوڵماندا: جێنشینی موسوڵمانان (عه‌لی) و دژی به‌ره‌ی دایکی موسوڵمانان (ئایشێ)، له‌ (شه‌ڕی حوشتر)دا، به‌ ده‌سی موسوڵمانه‌کان کوژران!

• له‌ شه‌ڕی (صه‌فین)ی نێوان (عه‌لی) و (معاویه‌)دا، چه‌ندین موسوڵمان به‌ ده‌سی موسوڵمانان لەنێوبران!

• هه‌رایه‌ک له‌ نێوان (عه‌لی) و یاوه‌ره‌کانیدا به‌رپابوو، به‌ جه‌نگی (نه‌هره‌وان) ناسراوه‌‌، به‌ سه‌دان موسوڵمان به‌ ده‌سی موسوڵمانان لەنێوچوون.

• له‌ شه‌ڕێکی نێوان (حوسێن) و (یه‌زید)دا، موسوڵمانان به‌ ده‌سی موسوڵمانان کوژران!

• خه‌ڵکی شاری (مه‌دینه‌)، له‌ تۆڵه‌ی (حوسێن)ی کچه‌زای په‌یامبه‌ردا، دژی (ئه‌مه‌ویی)ه‌کان ڕاپه‌ڕین، ئه‌وانیش (موسوڵمانه‌کان!) له‌ نه‌به‌ردی (ئه‌لحه‌ڕه‌)دا، (73) پیاو و ژن و مناڵیان، له بنه‌ماڵه‌ی په‌یامبه‌ری خوا و خزمه‌کانیان سه‌ربڕی!

• (700) که‌سیان له‌ کۆچکردوو و لایه‌نگرانی دیکه‌ی موسوڵمانان، به‌ ده‌سی (12) هه‌زار له‌ هێزه‌کانی له‌شکری (ئه‌مه‌ویی) موسوڵمان، له‌ نه‌به‌ردی (ئه‌لحه‌ڕه‌)دا کوژران. سه‌رکرده‌ی له‌شکری (ئه‌مه‌ویی)ه‌کان (موسلیم کوڕی عه‌قه‌به‌) بوو، (مه‌عقه‌لی کوڕی سه‌نانی ئه‌شجه‌عی) هاوه‌ڵی هات و قسه‌ی خراپی به‌ (یه‌زیدی کوڕی معاویه‌) گوت، دوای ئه‌وه‌ی (حوسێن) کوژرابوو، ئه‌ویش لێی تووڕه‌بوو، ده‌سبه‌جێ کوشتی!

• (ئه‌بوله‌هه‌ب) و (ئه‌بوجه‌هل)ی گاور نه‌یانوێرا، (که‌عبه‌) به‌ر مه‌نجه‌نیق بده‌ن و هێندێ به‌شیشی بڕوخێنن. که‌چی (حوسێنی کوڕی نومه‌یر)ی موسوڵمان، سه‌رکرده‌ی له‌شکره‌که‌ی جێنشین (عه‌بدولمه‌لیکی کوڕی مه‌ڕوان)، چوارده‌وری شاری (مه‌که‌)ی گرت و ئه‌و کاره‌یکرد!

• جووه‌کان یا گاوره‌کان، ڕۆژێ له‌ ڕۆژان، جه‌ساره‌تی ئه‌وه‌یان نه‌کرد، سووکایه‌تی به‌ مزگه‌وتی په‌یامبه‌ر ‌بکه‌ن. به‌ڵام سه‌رکرده‌ی له‌شکری موسوڵمانان (یه‌زیدی کوڕی معاویه‌) کردی، مزگه‌وته‌که‌ی په‌یامبه‌ری خوای، بۆ ماوه‌ی (3) ڕۆژ ئابڵووقه‌دا، پاشان کردی به‌ ته‌ویله‌ی ئه‌سپه‌کانی و پیساییان تێ ده‌کرد!

 

 تێبینی: گاور واتە کافر، نەک مەسیحی، یا فەلە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×