باشووری کوردستان لە نێوان ساڵانی (1920– 2020)

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2023-07-21     585

بەشی یەکەم

 

یەکەمین جەنگی جیهان و کێشەی کورد

ڕۆژی (28. 7. 1914)، یەکەمین جەنگی جیهان دەسیپێکرد و ڕۆژی (11. 11. 1918) کۆتاییهات. جەنگەکە (4) ساڵ و (3) مانگ و (1) هەفتەی خایاند. سەرەتا لە کیشوەری ئەورووپاوە دەسیپێکرد و پاشان، لە زۆربەی نێوچەکانی جیهان بڵاوبووەوە.  

لە مێژووی ئەم دوو سەدەیەدا، جەنگێکی وا سەخت و گەورە ڕووی نەداوە، نەخشەی ڕامیاریی ئەورووپای گۆڕیبێ. چونکە بناغەی هەموو ئیمپراتۆریا گەورەکانی وەک (ئەڵمان، نەمسا و مەجەڕ، روسیای تساریی و ئیمپراتۆریای عوسمانیی) هەڵوەشانەوە. هەروەها گەلێ لە دەوڵەتە داگیرکراوەکان، سەربەخۆییان بەدەسهێنا و هێندێ دەوڵەتی نوێش دامەزران. بەڵام نەتەوەی کورد، نەک هەر کەڵکی لێ وەرنەگرت، بەڵکوو زیانێکی گەورەشی لێ کەوت. 

لە جەنگەکەدا، سەرەتا هەموو دەوڵەتە گەورە ئابوورییەکان کۆبوونەوە، پاشان بە کردەوەش (16) دەوڵەت بەشدارییانتێداکرد و بەسەر دوو بەرەی ناکۆکی جیاوازدا دابەشبوون:

بەرەی هاوپەیمانان (12) دەوڵەت بوون: (فڕەنسە، ئیمپراتۆریای بریتانیا، ئیمپراتۆریای رووسیا، ئیتالیا، ئەمێریکا، ژاپۆن، سربیا، وڵاتی چیای رەش، رۆمانیا، بەلچیکا، گرێکلاند و پورتوگال.)

بەرەی ناوەند، بە عەرەبیی ئەلمەرکەز یا ئەلقاعدە، (4) دەوڵەت بوون: (ئیمپراتۆریای ئەڵمان، ئیمپراتۆریای نەمسا و مەجەر، ئیمپراتۆریای عوسمانیی و بولگاریا.)

لە کۆتاییشدا، زیانەکانی جەنگەکە، بە (315. 538. 8) کوژراو، (21) میلیۆن بریندار و (7) میلیۆنیش گیراو و ونبوو خەمڵینرا، جەنگەکەش بە سەرکەوتنی بەرەی هاوپەیمانانیش کۆتاییهات. چوار دەوڵەتە گەورەکە، (بریتانیا، فڕەنسە، ئەمێریکا و ئیتالیا)، ساڵی (1919) لە کۆنگرەی ئاشتیی (پاریس)دا، لە چەن دانیشتن و پەیماننامەیەکدا، مەرجەکانی خۆیان، بەسەر بەرەی ناوەنددا سەپاند.

 

ڕێککەوتننامەی سايكس بيكۆ

ئەم ڕێککەوتننامەیە، لە نێوان هەردوو دەوڵەتی سەرکەوتووی جەنگ، فڕەنسە و بریتانیادا، ساڵی (1915) مۆرکرا. نوێنەری بریتانیا (مارک سایکس) و نوێنەری فڕەنسەش، (فرانسوا جورج بيكۆ( بوون.

لەبەر ڕۆشنایی ئەو ڕێککەوتننامەیەدا، خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیان، بەسەر دوو نێوچەدا دابەشکرد. فڕەنسە (سووریا، لوبنان و مووسڵ) و بریتانیاش هەر سێ ویلایەتەکەی (بەغدا، بەسرە، باشووری کوردستان) و بەشێ لە (کەنداوی فارس)یان بەرکەوت. بەڵام پاشان گۆڕانکاری بەسەر دابەشکردەنەکدا هات و (مووسڵ) بەر بریتانیا کەوت. تەمەنی ئەم ڕێکەوتنەش کورتبوو، ڕێککەوتنێکی دیکە جێی گرتەوە.

 

هەوڵەکانی ژەنەڕاڵ (شەریف پاشای خەندان) و دەوڵەتی کوردیی

شەریف پاشای خەندان (1865-1951)، یەکەمین سەرکردە و ڕامیار و دیپلۆماسی کوردبوو، لە نێوان ساڵانی (1914-1920)، هەوڵیکی زۆری دا، دەوڵەتێکی یەکگرتووی کوردستانيی دامەزرێنێ. لەپێناوی ئەو ئامانجە پیرۆزەشدا، ساڵانێکی زۆر، لە وڵاتانی ئەورووپا تێکۆشاوە. با بزانین، چۆن؟!

کاتێ ساڵی (1914)، یەکەمین جەنگی جیهان دەسیپێکردووە، ژەنەڕاڵ (شەریف پاشا) هەوڵیداوە، پێوەندی بە بریتانیاوە بكا، لە ڕەوش و داواکارییەکانی نەتەوەی کورد ئاگاداریانبکاتەوە. لەبەرئەوە نامەى بۆ شالیارگەی دەرەوەی بریتانیا ناردووە و پێی ڕاگەیاندوون، نەتەوەی کورد، هاوکاری هاوپەیمانەکان دەکا، بەمەرجێ مافەکانی کورد دابینکەن.

پێش ئەوەی یەکەمین جەنگی جیهانیش کۆتاییبێ، بەریتانیا ویستوویەتی، لەگەڵ کورددا وتووێژبکا. بۆ ئەو مەبەستەش، (سێر پیرسی کۆکس)ی نوێنەری بریتانیا، لە شاری (مارسیلیا)ی فڕەنسە، چاوی بە ژەنەڕاڵ (شەریف پاشا) کەوتووە. ئەویش نەیویستووە، ئەو هەلە گرنگە مێژووییە، لە کیس کورد بدا و پێشنیازدەکا، دەوڵەتێکی سەربەخۆی کورديی دامەزرێنرێ.  

دوای ئەوەی ساڵی (1918)، جەنگەکە کۆتاییهاتووە، (شەریف پاشا) هەوڵە دیپلۆماسییەکانی خۆی چڕترکردووەتەوە. دوو نامەی بۆ شالیاری دەرەوەی بریتانیا ناردووە. لە نامەکاندا، ئاماژەى بە زوڵم و زۆری توورکەکان کردووە و نووسیوێتی: ئێمەی کورد نامانەوێ، لەگەڵ توورکەکاندا بژین، بەڵکوو داوای دەوڵەتێکی کوردیی دەکەین. بەڵام بەداخەوە، ئەو نامانە ئەنجامێکی ئەوتۆی نەبووە و بریتانیاش بایەخى پێ نەداوە.

لە کاتی نزیکبوونەوەی بەستنی کۆنگرەی ئاشتيشدا، (شەریف پاشا) جارێکی دیکە، دەسی بە چالاکی دیپلۆماسی خۆی کردووەتەوە. ڕۆژی (6. 2. 1919)، لە شاری (پاریس)ەوە، نامەیەکی بۆ سەرۆکی کۆنگرەی ئاشتيی ناردووە، سەبارەت بە داواکاريی و خواستەکانی کورد، ئاگاداریکردووەتەوە. هەروەها خۆشی بۆ بەشداريکردن لە کۆنفرانسەکەدا ئامادەکردووە، چونکە کۆنفرانسەکە، چارەنووسی نەتەوەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی دیاریکردووە. جگە لە ئەوەی (شەریف پاشا)، لە دوو کاتی جیاوازدا، لەگەڵ (سێر پێرسی کۆکس)، نوێنەری بریتانیا لە فڕەنسە کۆبووەتەوە و بیریخستووەتەوە، کە پێویستە بریتانیا، لە داخوازییەکانی کورد بکۆڵێتەوە!

هەروەها (شەریف پاشا)، ڕۆژی (22. 3. 1919) لە (پاریس)، سەرۆکى شاندی کوردبووە، بەشداری لە کۆنفرانسی ئاشتيی گەلاندا کردووە. یاداشتنامەیەکى لە بارەی داخوازییەکانی نەتەوەی کوردەوە، پێشکەش بە کۆنفرانسەکە کردووە. لە یاداشتنامەکەدا، کوردی وەک نەتەوەیەکی جیاواز، خاوەن مێژوو و کەلتوور ناساندووە، ئاماژەى بە شارە کوردییەکان و مێژووی کورد و کوردستانیش کردووە. نەخشەی (کوردستان)ی گەورەی کێشاوە و پێشکەش بە بەشدارانی کۆنفرانسەکە کردووە. ئەمەش تا ئێستە، وەک یەکەمین نەخشەی کوردستانی گەورە دەناسرێ، لە ئاستێکی فەرميی و نێودەوڵەتیشدا بەکارهێنراوە. لە سەرەکیترین داواکارییەکانی یاداشتنامەکەشیدا، داوای دەوڵەتێکی سەربەخۆی بۆ کورد کردووە.

پاشان، شالیاری دەرەوەی بریتانیا، نامەیەکى بۆ نوێنەری بریتانیا لە (بەغدا) نووسیوە، ڕەزامەندی خۆی دەربڕیوە، دەوڵەتێکی کوردیی بە سەرۆکایەتی (شەریف پاشا) دامەزرێنرێ. بەڵام نوێنەری سامی لە (بەغدا)، ڕەتیکردووەتەوە و گوتوویەتی: کوردەکان خێڵەکین و هەستی خێڵەکییان هەیە، هەستی نەتەوەییان نييه. هەر ئەو کاتەش، ناکۆکی لە نێوان (شەریف پاشا) و (شێخ عەبدولقادری نەهريی)دا درووستبووە، چونکە (شێخ) بروسکەى بۆ کۆنگرەی ئاشتيی لیداوە و داوای ئۆتۆنۆمی کردووە!

پاشان بەهۆی هەوڵەکانی (شەریف پاشا) و داخوازی کوردەکانەوە، لە ڕێکەوتنامەی (سیڤەر)ى ساڵی (1920)دا، لەبەر ڕۆشنایی خاڵەکانی (62، 63، 64)، دامەزراندنی دەوڵەتێکی کورديی، وەک مافێکی ڕەوای کورد، دیاریکراوە و دەوڵەتی توورکیاش قایلبووە.

بەڵام زۆر بە داخەوە، لە باشووری (کوردستان)، بە سەرکردایەتی (شێخ مەحموودى حەفید)، شۆڕشێکی چەکداریی دژی بریتانیا بەرپابووە. لە هەمان کاتیشدا، نوێنەرانی شارەکانی (ئورفە، وان، بەتلیس، مەڵاتیا، دەرسیم، دیاربەکر)ی باکووری (کوردستان)، لەڕێی نوێنەرەکانیانەوە ڕایانگەیاندووە، نایانەوێ لە توورکیا جیابنەوە. ئەم دوو خاڵەش، خەونی دەوڵەتەکەی (شەریف پاشا)ی لەگۆڕناوە و ڕێکەوتنامەی (لۆزان)یش، ئەمەی چەسپاندووە. دواجاريش، (شەریف پاشا) بێ ئومێدبووە و وازی لە کاری دیپلۆماسی هێناوە.

 

پەیماننامەی (سێڤر) و کێشەی کورد

ئەم پەیماننامەیە، لە نێوان وڵاتە سەرکەوتووکانی یەکەمین جەنگ و ئیمپراتۆریای عوسمانیدا، ڕۆژی (10. 8. 1920) مۆرکرا. بەشی سێیەمی پەیماننامەکە، بە ناوی (کوردستان)ەوە نووسرابوو، خاڵەکانی (62، 63، 64)، باسی قەوارەیەکی سەربەخۆ بۆ کورد دەکا. بەڵام لەبەر هێندێ هۆ، ئەو خاڵانەی پێوەندیی بە کوردەوە هەبوو، پشگوێخرا، بۆیە مەرەکەبی سەر کاغەزی پەیماننامەکە، هەر زوو وشکبووەوە. ئیدی بە ئەو شێوەیە، ناوەڕۆکی پەیماننامەکە جێبەجێ نەکرا، هۆکەشی بۆ چەن خاڵێکی دیاریکراو دەگەرێتەوە:

1. وڵاتە سەرکەوتووەکانی جەنگ بە گشتیی و بریتانیا بە تایبەتی، زۆر بایەخیان بە کێشەی کورد نەدەدا و ئەو خاڵانەی پێوەندی بە مافە ڕەواکانی نەتەوەی کوردەوە هەبوو، پشگوێخرا.

2. کورد خۆی هیچ نەبوو، لە ڕووی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، هوشیاری ڕامیاریی و نەتەوەییەوە، لە ئەو ئاستە بەرزەدا نەبوو، هەوڵ بۆ جێبەجێکردنی پەیماننامەکە بدا و لەنێوخۆدا ناکۆکبوون. بۆ نموونە:

* ئەو کاتەی (شێخ مەحموودی حەفید) ئازادکرا و لە (ھیندستان) گەڕایەوە، قەوارەیەکی ڕامیاریی و کارگێڕیی، لە شاری (سولەیمانی) دامەرزند. (سەید تەھای شەمزینی)، پیاوێکی ناسراوی ئایینیی و دەرەبەگێکی گەورەی کورد بوو، لەبری ئەوەی لەگەڵ (شێخ مەحموود) ڕێکبکەوێ، تواناکانی خۆیان یەکخەن، خەباتێکی ڕامیاریی و دیپلۆماسی ھاوبەش بکەن، دۆزی کورد بەرەو سەرکەوتن بەرن، پێوەندی بە ناوەندە نێودەوڵەتییەکانەوە بکەن، پێ لەسەر جێبەجێکردنی پەیماننامەی (سێڤر) داگرن، داوای لە ئینگلیزەکان کردووە، قەوارەیەکی ڕامیاریی وەک قەوارەکەی (سولەیمانی)، لە (رەواندوز و ئامێدی و ئاکرێ)، بۆ دامەزرێنن.

* هەروەها (پێوەندییەکانی نێوان شێخ مەحموود و سمکۆ، تا کۆتایی ساڵی 1922، پێوەندی دۆستانە و گەرموگوڕ نەبوو.)

* جگە لە ئەوەی، (شێخ مەحموود) و منەوەرەکانی ئەو رۆژگارە ناکۆکبوون، ئەوانەی لە (ئەستەنبوڵ)ەوە گەڕابوونەوە و رۆژنامەکانی سەردەمی (شێخ)یان بەڕێوەدەبرد.

3. توورکەکان هەوڵێکی زۆریان دا، ڕێ لە سەربەخۆیی (کوردستان) بگرن. لەبەرئەوە پەنایان بۆ هێندێ کوردی نەزان و ساویلکە برد، ئەو کارە جێبەجێبکەن. بۆ نموونە: لە ئەو ماوەیەدا، کاتێ ساڵی (1919-1922)، جەنگی سەربەخۆیی توورکیا دەسیپێکرد، بەشێ لە کوردەکان پشگیریی (مستەفا کەمال – ئەتاتوورک)یان کرد و وەک رزگارکەری کورد دەیانبینی. پێیانوابوو، گەر (ئەتاتوورک) سەرکەوێ و دەوڵەتی جێنشینی عوسمانی نەمێنێ، ئەوا کورد مافە ڕامیاریی و کەلتوورییەکانی خۆی دەسدەکەوێ، وەک (زیاب ئاغا، زەکی خەیری ...).

 

ڕێککەوتننامەی (لۆزان)

ئەم پەیماننامەیە، ڕۆژی (24. 7. 1923)، لە شاری (لۆزان(ی (سویسرا)، لە نێوان (9) دەوڵەتی وەک (بریتانیا، فڕەنسە، ژاپۆن، گرێکلاند، ڕۆمانیا، سربیا، كرواتیا، سلۆڤانیا و تووركیا)دا واژۆکرا. ئامانجی سەرەکی پەیماننامەکە ئەوەبوو:

بە بڕیارەکانی پەیمانی (سێڤر)دا بچەنەوە.

دان بە دەوڵەتی نوێی (توورکیا)دا بنێن.

(مستەفا عیسمەت ئینینۆ 1884-1973)ی سەرۆك شالیارانی (تووركیا)، کە بە ڕەچەڵەک کوردبوو، خەونی بە دەوڵەتبوونی (کوردستان)ی سەد ساڵ پێش ئێستای لە گۆڕنا, نوێنەری تووركیا و (لۆرد كرزن) ڕامیاری ناسراوی نوێنەری بریتانیا، لەسەر کێشەی (مووسڵ)، گفتوگۆیەكی درێژخایەنیان کرد. تووركیا لەبەرئەوەی لە جەنگدا دۆڕابوو، پەیماننامەی (سێڤر)ی بەزۆر واژۆكردبوو، هەرچی چۆنێ بێ، دەیویست دەوڵەتی نوێی (تووركیا)، بە چاوێكی دیكە سەیربكرێ.

بەپێی بەرنامەی کۆنگرەکە، کێشەکانی نێوان توورکیا و گرێکلاند بە ئاشتیی چارەسەر بکرێ. ڕێککەوتنێکی نوێی ئاشتیی، لەگەڵ توورکیای کەمالی ببەستن، بۆئەوەی پەیمانی لۆزان شوێنی پەیمانی سێڤر بگرێتەوە. ئەو پەیماننامەیەی، نە توورکیای کەمالیی و نە ھاوپەیمانان، ناوەڕۆکەکەیان جێبەجێ نەکردبوو!

لە کۆنگرەکەدا، گەلێ بابەتی تایبەت بە کێشە ناوچەیی، ڕامیاریی، چارەسەرکردنی کێشەی مووسڵ، سیستەمی زەریا تەنکەکان، کێشەی سیستەمی مافی بیانیی، ئابووریی و دارایییەکانی وەک قەرزی گشتیی عوسمانیی، پاراستنی بەرژەوەندی ئابووریی بیانیی، باسکران و گفتوگۆیان لەسەر کرا.

لەبەرئەوە کۆنگرەکە، پەیمانی (لۆزان)ی لێ کەوتەوە، زەبرێکی کاریگەری لە گەلی کورد و کێشە ڕەواکەی دا، هەموو ئەو ئاوات و داخوازییانەی، کورد لە پەیمانی (سێڤر(دا هەیبوو، زۆر بە ئاسانی گۆڕکرا. هۆی گۆڕکردنی پەیمانی (سێڤر) و سەرکەوتنی کۆنگرەی (لۆزان)یش، بۆ چەن خاڵێکی گرنگ دەگەڕێتەوە:

1. کەمالییەکان لە (تووركیا) بەهیزبووبوون و دەسەڵاتیان هەبوو، پێوەندی دیپلۆماسیشیان، لەگەڵ هێندێ دەوڵەتدا باشبوو.

2. لە سەرتاوە بریتانیا، پشتگیری مافەكانی گەلی كوردی دەكرد، بەڵام پاشان لەبەر هێندێ هۆ، پشتی لە کورد کرد، وەک:

* سەركردەکانی كورد لاوازبوون، لە ئاستی ئەو گەمە گەورە نێودەوڵەتییەدا نەبوون.

* ڕووسەكان پشتگیری كەمالیەكانیان دەکرد، ئەمەش ترسێكی گەورەی بۆ بریتانیا درووستكردبوو، چونکە ڕووسەكان بیری كۆمۆنیستییان بڵاودەكردەوە.

* هەردوو دەوڵەتی ئیتاڵیا و فڕەنسە، دوو ڕێككەوتنیان لەگەڵ كەمالییەكان واژۆکرد و وازیان لە كۆمەڵێ مافی خۆیان لە ناوچەكەدا هێنا.

* ئەرمەنەکانیش دژی ڕێککەوتننامەی (سێڤر) بوون، چونکە لە ئەوە دەترسان، گەلی کورد بە مافەکانی خۆی بگا.

 

حەسەن خەیری و ئەتاتوورک  

کاتێ کۆنگرەی (لۆزان)یش گیرا، (شەریف پاشا)، لە كۆنگره‌كه‌دا نوێنەری کوردبوو، پێى لەسەر خاڵەکانی (62، 63 ، 64)ی کۆنگرەی (سێڤر) داگرت، کە باسی سەربەخۆیی (کوردستان)ی ده‌كرد.

بەڵام پێش ئەوەی ڕێککەوتننامەکە واژۆبکرێ، هێندێ لە دەوڵەتە بەشداربووەکان، لە نوێنەر و شالیاری دەرەوەی توورکیا (مستەفا عیسمەت ئینۆنۆ)یان پرسی: چارەنووسی گەلی کورد چی دەبێ، گەر پشگیری دامەزراندنی دەوڵەتەکەتان بکەین؟! ئەویش بەپەلە، پێوەندی بە سەرۆکی پەرلەمانی توورکیاوە (مستەفا کەمال پاشا ئەتاتوورک1881-1938)ەوە کرد و پێی ڕاگه‌ياند: گەر فریای خۆمان نەکەوین، ئه‌وا (شەریف پاشا) دەوڵەتی (کوردستان) دادەمەزرێنێ. بۆیە دەبێ، پەیماننامەی (سێڤر) هەڵوەشێنینەوە.

بۆ ئەو کارە چەپەڵەش، (ئەتاتوورک)، کەسایەتییەکی ناسراوی کوردی باکووری (کوردستان)ی بانگکرد، ناوی (حەسەن خەیری بەگ 1881-1925) بوو، ئەو کاتە لەسەر لیستی شاری (دەرسیم)، ئەندامى پەرلەمانی تووركيا بوو. هاوکات نوێنەرانی شارەکانی (ئورفە، وان، بەتلیس، مەلاتیا، دەرسیم و دیاربەکر)یش، لە ڕێی نوێنەرەکانیانەوە ڕایانگەیاند، نایانەوێ، لە توورکیا جیابنەوە!

لە ڕاستیدا، (ئەتاتوورک) پیاوێکی زیرەکبوو، یەکێکی وەک (حەسەن خەیری) هەڵخەڵەتاند و داوای لێ کرد، بە جلوبەرگی کوردییەوە، لە پەرلەمان ئامادەبێ. لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا قسەبکا و لەبری گەلی کورد ڕایبگەیەنێ، کە کوردەکان بەشێ لە توورکیان و پێیان باشە، لە چوارچێوەی کۆماری توورکیادا بمێننەوە.

هەرچەندە هاوسه‌ره‌كه‌ى (حەسەن خەیری)، تکایەکی زۆری لێ كرد، ئەو كارە نەکا، هیچ کەڵکی نەبوو، بەڵکوو داواکارییەکەی (ئەتاتوورك)ی جێبەجێکرد و ڕەنجەکەی (شەریف پاشا)ی بەبادا، هەلە مێژووییەکەشی لەباربرد و دەوڵەتی کوردیی دانەمەزرا.

پاشان (ئەتاتوورك)، وێنەکەی و دەقی قسەکانی (حەسەن خەیری) بە تێلێگراف، بۆ (عیسمەت ئینۆنۆ) نارد، ئەویش پیشانی ئەندامانی کۆنگرەکەی دا و دانیان بە سەربەخۆیی توورکیادا نا.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×