چی لەجەنگی (مەزبەح) فێر دەبین؟!

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2021-06-12     608
پێشەکی
تکا لە هەموو کوردێکی نیشتمانپەرەوری دڵسۆز دەکەم، چیرۆکی ئەم جەنگە خوێناوییەی، نێوان توورکە مەگۆلەکان و گەلی (یەمەن) بخوێنێتەوە، تا بزانن، ڕۆڵەکانی ئەو گەلە قارەمانە، چۆن داکۆکییان لە ئابڕووی خۆیان و بستبەبستی خاکی نیشتمانەکەیان کردووە!
دەسەڵاتی توورکەکان لە (یەمەن)
توورکە مەگۆلە عوسانییەکان، لە دوو سەردەمی جیاوازدا، فرمانرەوایی (یەمەن)یان کردووە.
1539 - 1634
1872 – 1911
بەڵام نەیانتوانیوە، بە تەواویی دەس بەسەر هەموو خاکی (یەمەن)دا بگرن. لەبەرئەوە چەن جارێکی دیکە هەوڵیانداوە و لەشکریان بەڕێکردووە، تا هەموو وڵاتەکە داگیرکەن.
جەنگی (مەزبەح 1538 – 1547(
ئەم جەنگە گەورە خوێناوییە، لە سەردەمی سوڵتان (سولەیمانی قانوونی)دا ڕوویداوە..
نێوچەیەک لە (یەمەن) لە خۆراوای (سەنعا)وە هەیە، بە (مەزبەح) ناوی دەرکردووە. لەبەرئەوەی لە مێژوودا، گەورەترین جەنگ و کوشتاری تێدا کراوە. چەن جارێ بە لەشکژرێکی گەورەوە پەلاماریانداوە و ویستوویانە، هەموو ولاتەکە بە تەواویی داگیرکەن.
یەکەمین جار، توورکە مەگۆلەکان، بە لەشکریکی گەورەی پڕ چەکەوە، لە (7) هەزار جەنگاوەر پێکهاتبوو، لە خۆراواوە چواردەوری شاری (سەنعا)یان گرتووە و ویستوویانە، داگیریکەن. بەڵام لە ماوەی یەک هەفتەدا، هەموویان کوژراون و یەک سەربازیان لێ دەرنەچووە و نەگەڕاوەتەوە! ئیدی توورکەکان شێت و هار بوون، چونکە تێکشکانی وایان بە خۆیانەوە نەدیوە و پەلاماری هەر شوێنێکیان دابێ، وێرانیانکردووە و گرتوویانە.
دووەمین جار، (40) هەزار سەربازی دیکەیان ناردووە، دیسانەوە زۆربەی هەرە زۆریان کوژراون و تێکشکاون.
سێیەمین جاریش، (40) هەزار سەربازی دیکەیان ناردووە، بەڵام هەر تێکشکاون. واتە هەر لە سەرەتاوە تا کۆتایی، بە هەمووی (87) هەزار سەربازیان ناردووە.
بە ئەم سوپا گەورەیەوە، هێرشێکی گەورەیان بەرەو (سەنعا) کردووە، جەنگێکی قورس لە نێوان سوپای توورک و تیرە و هۆزەکانی (یەمەن)دا بەرپابووە. لە ئەنجامدا توورکەکان توانیویانە، لە خۆراواوە تا قەراغ شاری (سەنعا) بڕۆن، نزیکەی (25) هەزار سەربازیشیان لەگەڵ بووە. بەڵام لە ئەو نێوچەیەدا، بەهێزترین و گەورەترین جەنگ لە مێژوودا، لە نێوان لەشکری داگیرکەری توورک و خێڵە نیشتمانپەروەرەکانی (یەمەن)دا ڕوویداوە. تەنیا لە یەکەمین ڕۆژدا، (12) هەزار سەربازی توورکیان کوشتووە و ئەوانەی مابووشنەوە، پاشەکشەیانکردووە و هەڵاتوون. واتە لە ئەو (87) هەزار سەربازە توورکە داگیرکەرە، تەنیا (5) هەزار سەربازیان لێ دەرچووە و بەرەو ئاخووڕەکانی ئیمپراتۆریای داگیرکەری (عوسمانیی) ملیان ناوە. لەبەرئەوە ئەو نێوچەیە لە مێژوودا، بە (مەزبەح - کوشتارگە) ناوی دەرکردووە!
سەیر ئەوەیە، لەشکری توورکەکان، ڕوویان لە هەر وڵاتێ کردبێ، یا دانیشتووانەکەی لە ترساندا، بێ جەنگ خۆیان بەدەسەوەداوە، چونکە نێوبانگیان بە ڕەشکوژیی و قڕکردنی دوژمنەکانیان دەرکردووە. یا گەر خۆیان بەدەسەوە نەدابێ و بەربەرەکانیانکردبێ، ئەوا توورکەکان لە جەنگەکەدا سەرکەوتوون و وڵاتەکەیان داگیرکردووە. ئینجا بەپێی یاسای ئایینی ئیسلام، جکە لە ڕەشەکوژییەکی گشتیی، سەروەت و سامانی وڵاتەکەیان تاڵانکردووە، ژن و کچەکانیشیان بە (سەبایا) بردووە!
بۆیە توورکەکان، هەر لە کۆنەوە تا ئەوڕۆ، ساڵانە یادی ئەو ڕۆژەڕەشە دەکەنەوە، بۆ سەربازە بێ گۆڕەکانیان دەگرین، سروودی نەتەوەییان بۆ دەهۆننەوە و بۆیان دەلاوێننەوە!

توورک و گەلانی دیکەی بندەس
توورکە مەگۆلە موسوڵمانە داگیرکەرەکان، ئێستەش دڵیان بۆ سەربازەکانی لەشکرە داگیرکەرەکەیان ژاندەکا، کاتێ (3) جار پەلاماری وڵاتی (یەمەن)یان داوە، تا دانیشتووانەکەی خەڵتانی خوین کەن و وڵاتەکە داگیرکەن.
بەڵام شێرەکوڕانی تیرە و هۆزەکانی (یەمەن)، ڕۆژی ڕووناکیان لێ کردوون بە شەوی تار، بە هەزاران لاشەیان پێ بەجێهێشتوون و بە ملی شکاو گەڕاونەتەوە. ئێستەش یادی ئەو سەربازە گومناو و گۆڕانە دەکەنەوە و بەسەریاندا هەڵدەدەن.
کەچی هەر ئەم توورکە مەگۆلانە، جگە لە ئەوەی ماوەی (728) ساڵ دەبێ، بەشێکی هەرە گەورەی باکووری (کوردستان)یان داگیرکردووە، بە هەزاران ژن و مناڵ و لاوی کوردیان کوشتووە، تازەش مرخیان لە باشوور و خۆراوای (کوردستان) خۆشکردووە، بۆئەوەی ناسنامەی گەلەکەی بسڕنەوە و زمانەکەی لەنێوبەرن، لە بۆتەی نەتەوەی توورکدا بیانتوێننەوە!
ئایا توورکە داگیرکەرەکان، کەی پەند لە مێژووی ڕەشەکوژیی گەلانی دیکەی وەک (ئەرمەن، کورد ...) وەردەگرن؟!! تا کەی دەس لە خوێنڕشتی کورد هەڵناگرن؟! بۆچی (عەفرێن) و (جەرابلوس)یان داگیرکردووە و دانیشتووانەکانیشیان دەربەدەرکردووە؟!
هەڵبەتە، ئەوەتەی خوا توورکە مەگۆلەکانی درووستکردووە، هەروا بێبەزەیی، دڵڕەق، بێویژدان، داگیرکەر و تاڵانکەر بوون، ئایینەکەش ڕێی بۆ خۆشکردوون، ڕێی ئەو ڕەشەکوژیی و تاڵانوبڕۆیەی بۆ تەختکردوون!
ئاخر ئەوەتەی ڕۆڵەکانی نەتەەوەی کورد هەیە، داکۆکیی لە خاکی نیشتمانەکەی خۆیان دەکەن، بەڵام لەبەردەم دوژمنی داگیرکەردا، خۆیان بۆ نەگیراوە و هەڵاتوون، هەموو شتێکیشیان لە دەسداوە، بۆیە بە ئەم ڕۆژەڕەشە گەیشتووین. لە ئەوە دەچێ، لەچاو نەتەوەکانی (توورک، عەرەب و فارس)دا، کورد هێشتا نەتەوە نەبێ، تا بە ئەم شێوەیەش بەردەوامبین، نە دەبین بە نەتەوە و نە رزگاریشمان دەبێ!

2021. 6. 12

سەرجاوە: اليمن في العهد العثماني

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×