گشتپرسیی و یەکڕیزیی نەتەوەیی

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2020-10-25     713

ڕۆژی سێشه‌ممه‌ی ڕێککه‌وتی (18. 7. 2017)، واتە (2) مانگ و (7) ڕۆژ پێش گشتپرسەکە، ڕادیۆی (ده‌نگی گه‌لی کوردستان)، ده‌مه‌ته‌قێیه‌کی ڕاسته‌وخۆیان، له‌سه‌ر (کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ڕیفرانده‌م) بۆ سازکردین، من له‌ ستودێو و به‌ڕێز دوکتۆر (مه‌حموود عەلی عوسمان)یش، به‌ تێلیفۆن لە (هەولێر)ەوە به‌شداریمانکرد.
پوختەی بۆچوونەکانم ئەمە بوو: پێش ئەوەی گشتپرسیی بکەین، پێویستە، چەن خاڵێکی گرنگ لەبەرچاوبگرین:
ڕیزەکانی گەل یەکگرتووبێ. ئاشکرایە، ئێمە یەکگرتوونین، ناکۆکیی و دووبەرەکیی، لە نێوان پارتەکاندا هەیە.
ئابوورییەکی بەهێزی هەبێ. بەڵام ڕەوشی ئابووریی هەرێم، لاواز و دواکەتووە. گەر چوار دەوڵەتە داگیرکەرەکە، دەرگەی سنووریان لێ داخستین، بەلانی کەمەوە دەبێ، یەک ساڵ بەرگەبگرین و بژیویی خۆمان دابینکەین.
خەباتی دیپلۆماسیی. پێش ئەوەی گشتپریی بکەین، پێویستە، هەڵمەتێکی دیپلۆماسیی باش بەڕێوەبەرین.
بڕیاری گشتپرسیی دەبێ، لە پەرلەمان، میریی هەرێم یا بەرەی گەلەوە بدرێ، نەک پارتێکی دیاریکراو، یا سەرکردەی پارتێ بە تەنیا بڕیاری لەسەر بدا.
* * *
چۆن ئەم گشتپرسە سازکرا؟!
بڕیاربوو، ساڵی (2014) گشتپرسیی سەربەخۆیی بکرێ، چونکە ناکۆکیی و دەمەتەقێیەکی زۆر، لە نێوان دەسەڵاتی هەرێم و (بەغدا)دا هەبوو. بەڵام لەبەرئەوەی (داعش) دەرکەوت و هێندێ شوێنی گرنگی، وەک (مووسڵ)ی داگیرکرد، هێزەکانی (عێراق)یش، لە هێندێ نێوچە پاشەکشەیانکرد و هێزی پێشمەرگە دەسیبەسەراگرت. پڕۆسەکە دواخرا، پاشان هێزەکانی پێشمەرگە، لەگەڵ سوپای (عێراق)، بەشداریان لە ڕزگارکردنی (مووسڵ)دا کرد.
لە مانگی (4)ی ساڵی (2017)دا، هەردوو پارتی سەرەکیی (پارتیی) و (یەکێتیی) ڕێککەوتن و رایانگەیاند، گشتپرسیی دەکەن و گشتپرسەکەش، بۆ سەربەخۆیی هەرێم دەبێ! لەبەرئەوە (مەسعوود بارزانیی)، ڕۆژی (7. 6. 2017)، جگە لە بزووتنەوەی (گۆران)، کۆبوونەوەیەکی فراوانی، لەگەڵ (8) پارتی کوردستانیی، (3) لیست و پارتی توورکمانیی، (3) لیست و بزووتنەوەی ڕامیاریی ئەرمەنیی، ئاسووریی و کلدانیی سازکرد. واتە (14) پارت و بزووتنەوەی ڕامیاریی بەشدارییان تێدا کرد. هەموو پارتەکانی هەرێم (سیکیۆلار و ئیسلامیی)، لەگەڵ پارتەکانی دیکەی کەمەنەتەوەییەکان، جگە لە (بەرەی توورکمانیی عێراق) ڕازیبوون، گشتپرس بکرێ. لە کۆبوونەوەکەدا (مەسعوود بارزانیی)، کاتی گشتپرسەکەی دیاریکرد و بڕیاریاندا، ڕۆژی (25. 9. 2017)، گشتپرسەکە لە هەموو نێوچەکانی باشووری (کوردستان)دا بکرێ. هەڵمەتی پڕوپاگەندەکردنی گشتپرسەکەش، ڕۆژی (5. 9) دەسیپێکرد.
دەنگدەران دەیانتوانی، بە زمانەکانی (کوردیی، عەرەبیی، توورکمانیی، سریانیی) دەنگبدەن. لەسەر کارتی دەنگدانەکەش، ئەم پرسیارە نووسرابوو: (ئایا دەتەوێ، هەرێمی کوردستان  و نێوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ؟)
لە سەردەمی (بەعس)دا، لە هەموو ئەو نێوچانەی بە عەرەبکرابوون و لە باشووری (کوردستان) دابڕابوون، وەک (کەرکووک، شەنگال، خانەقین، بەعشیقە)، دەسەڵاتدارانی هەرێم بڕیایاندا، دانیشتووانی ئەو نێوچانەش، لە گشتپرسەکەدا بەشداربن. ئەوە بوو، تەنیا پارێزگەی (کەرکووک) نەبێ، لە (41) ئەندامی ئەنجوومەنی پاریزگەکە، (23) ئەندامیان دەنگیاندا، بەشداریی لە پڕۆسەکەدا بکەن. ئەو (18) ئەندامەی دیکەی بەشداریی دەنگدانیان نەکرد، عەرەب و توورکمانەکان بوون. یەک ئەندامیش بە دژ دەنگیدا.
بۆچی (مەسعوود بارزانیی)، گشپرسییی کرد؟!   
لە ڕاستیدا، دوو هۆ پاڵی بە (مەسعوود بارزانیی)ەوە نا، پەنا بۆ گشتپرسیی بەرێ.
کاتێ هێزەکانی (داعش)، مانگی (8)ی ساڵی (2014)، دەسیان بەسەر زۆربەی نێوچەکانی خۆراوا و باکووری (عێراق)دا گرت، بە تایبەتی شاری (مووسڵ)یان داگیرکرد، ئیدی دەوڵەتی (عیراق)، دەسەڵاتی لە ئەو نێوچانەدا نەما. هێزەکانی پێشمەرگەش هەلیان قواستەوە،هەموو نێوچە بەعەرەبکراوەکانی سەردەمی (بەعس)یان رزگارکرد. گرنگترین شوێنیش (کەرکووک) بوو. ئەوە بوو، ڕۆژی (1. 7. 1914)، سەرۆکی هەرێم (مەسعوود بارزانیی) ڕایگەیاند، گشتپرس دەکەین و هەرێم سەربەخۆ دەبێ!
یەکێ لە ئەو هۆ گرنگانەی، سەرکردایەتی لەسەر گشتپرسەکە سووربوو، پتر هەڵوێست و کارە شۆڤێنیستییەکانی (نووری مالکی) بوو. چونکە زۆر دژایەتی هەرێمی دەکرد. تەنانەت مانگی (6)ی ساڵی (2014)، لەسەر پێشنیازی (عادل موراد) ئەندامی پەلیتبیرۆی (ی. ن. ک.)، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی بڕی! بەلام (مالکی) مانگی (9)ی ساڵی (1914) لابرا و (حەیدەر عەبادی) دەسەلاتی وەرگرت. سەرکردایەتی هەرێمێش قایلبوون، گشتپرسەکە دوابخەن و هەموو هەوڵەکانیان بۆ لەنێوبردنی (داعش) بەگەربخەن.
کاردانەوەی نێودەوڵەتیی پێش دەنگدان
بێگومان، کۆمەڵێ دەوڵەتی گەورە و گچکە، چوار دەوڵەتە داگیرکەرەکەی (کوردستان) و دۆستەکانیشمان، هەر یەکەیان بەپێی بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆیان، دید و بۆچوونیان لەسەر گشتپرسەکە دەربڕی.
هێندێکیان دژبوون، وەک (توورکیا، ئێران، عێراق، سعوودیە، سپان، ئەمێریکا ...). هەرچەندە وەک دەڵێن: (سعوودیە) بە نهێنیی پشگیرییکردووە!
ڕۆژی (16. 8. 2017)، جیگری سەرۆکی بەڕێوەبەری ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران (موحەممەد باقری) و سەرۆک کۆماری توورکیا (ڕەجەب تەیب ئۆردووگان) کۆبوونەوە و چەن دانیشتنێکی گرنگیان کرد. لە ئەنجامدا بڕیاریاندا، بە هەموو شێوەیە، دژایەتی گشتپرسەکە بکەن.
هێندیکی دیکەیان دژنەبوون، وەک (بەلچیکا، سوید، کەنەدە، گرێکلاند، ئیتالیا، پۆڵەند، ئەمارات، ئیسرایل ...).
هێندێکی دیکەشیان میانڕەوبوون، پتر ئامۆژگاریی و پێشنیازیان کردووە، وەک (رووسیا، چین، بریتانیا، فڕەنسە، هۆڵەند، بولگاریا، ئووردوون ...). ئەم گرووپە پێیان وابوو: کاتەکەی لەبار نییە. چونکە:
* جەنگی (داعەش) لە ئارادایە. پێویستە هەموو تواناکان یەکخرێ، دژی ئەو جەنگە بووەستنەوە.
* سەرکردایەتی هەرێم، پرسی بە (عێراق) نەکردووە.
* نەتەوە یەکگرتووەکان قایل نەبوون و چاودیری نێودەوڵەتی نانێرن، تا سەرپەرشتیی پڕۆسەکە بکەن.


هەر دوای گشتپرسەکە، سەرکردایەتی هەرێم گوتیان: ئێمە دەمانەوێ، سەبارەت بە ئەنجامی گشتپرسەکە، گفتوگۆ لەگەڵ لێپرسراوانی دەوڵەتی (عێراق) بکەین. بەڵام دەسەڵاتدارانی دەوڵەت، ئەنجامی گشتپرسەکەیان ڕەتکردەوە و دەرگەی گفتوگۆشیان داخست! *
* * *
کاردانەوەی نێودەوڵەتیی دوای دەنگدان
هەموو ئەم دەوڵەتانە، (ئێران، توورکیا، عێراق، پاکستان، ئەمێریکا، بریتانیا، میسر)، هەروەها (مەرجەعییەی باڵای ئایینیی شیعەکان، حیزبوڵڵای لوبنانیی و زانکۆی ئەزهەر)، بە شێوەیە لە شێوەکان، دید و بۆچوونی خۆیان دەربڕی، دژی ئەنجامەکانی گشتپرسەکە وەستانەوە و سزای هەرێمیان دا. بۆ نموونە:
(ئێران) لەسەر داوای دەوڵەتی (عێراق)، گەشتی ئاسمانیی لە (کوردستان)ەوە و بۆ (کوردستان) وەستاند.  (توورکیا) خاڵە سنوورییەکانی داخست، هەناردەکردنی نەوتی وەستان. بزووتنەوەی فڕۆکەوانیی ڕاگرت. لەسەر سنوورەکانی نزیک (کوردستان)، لەگەڵ سوپای (عێراق) دەسیان بە جموجۆڵکرد. بەڵام هەڵوێستی (بریتانیا)، لە هەموویان باشتربوو، چونکە ئامادەیی وڵاتەکەیانی دەربڕی، گفتوگۆ لە نێوان (عێراق) و هەرێمدا سازکەن.
لەنێو کوردیشدا، تەنیا هەر کوردێکی عێراقچیی (رابوون مەعرووف)، ئەندامی پەرلەمانی (عێراق) داوایکرد: ئەنجامی گشتپرسەکە پشگویبخرێ!
تەنانەت دوکتۆر (فوواد مەعسووم)، سەرۆک کۆماری (عێراق)یش گوتی: گشتپرسەکە پرۆسەیەکی دەستوورییە، بەڵام جیابوونەوە دەستووریی نییە!
بە شێوەیەکی گشتیی، ئەو کارانەی (عێراق) و هێندێ دەوڵەتی نێوچەکە، دژی ئەنجامی گشتپرسەکە کردیان، ئەمانە بوون:
هەستان و فڕینی فڕۆکەیان قەدەغەکرد.
ناردنی نەوت بۆ دەرەوەی ولاتیان ڕاوەستاند.
گەلەکۆمەکەی سەربازیی لەسەر سنوورەکانی باشووری (کوردستان) کرا.
ئەندامێتی ئەندامانی لیستە کوردییەکانی پەرلەمانی (بەغدا)یان هەڵواسی.
کاروباری پارەشیان ڕاوستان.
پەرلەمانی (عێراق)، داوای لە دەسەڵاتی دەوڵەت کرد، لێپرسراوانی بەڕێوەبردنی گشتپرسەکە بە گشتیی و (مەسعوود بارزانیی) بە تایبەتی، ڕەوانەی دادگە بکەن و دادگاییانبکەن.
گفتوگۆ
وشیار زیباریی)، ئەندامی پەلیبیرۆی (پارتیی)، هەر زوو و پێش گشتپرسەکە گوتی: گشتپرس دەکەین، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێ، بە شێوەیەکی فەرمیی و یەکسەر سەربەخۆیی هەرێم رابگەیەنین!
لەبەرئەوە (مەسعوود بارزانیی)، بە شێوەیەکی فەرمیی، داوای لە دەوڵەتی (عێراق) کرد، گفتوگۆ دەسپێبکەن. بەڵام (عەبادی) قایل نەبوو، گوتی: پێویستە، بە شێوەیەکی فەرمیی، ئەنجامی گشتپرسەکە هەڵوەشێننەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، (عەلی سیستانیی) دەسەڵاداری باڵای شیعەکانی (عێراق)، داوای لێ کردن، گفتوگۆ دەسپێبکەن!
لەنێو گێژاوی ئەم دژایەتیکردن و سووربوونەی (بەغدا)، لەسەر پاشگەزبوونەوە لە ئەنجامی گشتپرسەکە، میریی هەرێم ڕۆژی (25. 10. 2017)، بڵاوکراوەیەکی دەرکرد، دژی سڕینەوەی ئەنجامی گشتپرسەکە بوو، لە هەمان کاتیشدا، پێشنیازیکردبوو، ئەنجامەکە سڕبکرێ. جەنگ لە هەموو بەرەکان بووەستینرێ و گفتوگۆیەکی کراوە، لەگەڵ دەوڵەتی (عێراق)، بەپێی دەستوور بکری. بەڵام (عەبادی) ئەمەشی ڕەتکردەوە و پەسەندی نەکرد. کەچی وتەبێژێکی (توورکیا) گوتی: بڕیارێکی باشە، بەڵام هەر هێندە بەس نییە!
ڕۆژی (20. 11. 2017)، دادگەی فیدراڵیی بەرزی (عێراق)، ئەم بڕیارەی دەرکرد: گشتپرسەکە دەستووریی نەبوو، لەبەرئەوە ئەنجامەکەی پەسەند نییە.
لە کۆتایی ئەم باسە گرنگەشدا، منیش وەک کوردێکی نەتەوەیی نیشتمانپەروەر، کە دەنگم بۆ سەربەخۆیی (کوردستان) داوە، لەگەڵ (وەلید جونبوڵات)، سەرۆکی (حیزبی ئەللقائی دێمۆکراسیی لوبنان) دەڵێم: (ئەنجامی گشتپرسەکە، بە بڕیارێکی دادگەی فیدراڵیی هەڵ ناوەشێتەوە.) پاشان گوتوویەتی: باشتروایە، ڕێککەوتنێکی ڕامیاریی، لە نێوان (بەغدا) و هەرێمدا بکری، بۆئەوەی چارەسەرێکی گونجاو بدۆزنەوە و بە ئەوە ڕازیبن، گشتپرسێکی دیکە بکرێ، ئەنجامی گشتپرسەکەی یەکەم رەتکاتەوە. جەخت لەسەر شێوەی عێراقێکی فیدراڵیی یەکگرتوو بکا.) 
* * *
سەرنج و تێبینی
گەرچی کاتی گشتپرسەکە، زۆر گونجاو نەبوو، چونکە ئامادەکارییەکی باش و پێویستی بۆ نەکرابوو. ڕەوشی نێوچەکە و جیهانیش، زۆر لەبار نەبوو. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، زۆر سەرکەوتوووانە بەڕێوەچوو. ئەنجامی دەنگەکانیش ئەوەی سەلماند، لە (73. 92%) ڕۆڵەکانی گەل، بە خۆشیی و هەستێکی قووڵی پیرۆزی کوردانەوە، بە دەم داواکارییەکەوە چوون، وەک ئەرکێکی نەتەوەیی سەرشانی خۆیان، بەشدارییان لە پڕۆسەکەدا کرد و دەنگیان بۆ سەربەخۆیی نیشتمانەکەیان دا. گەر ئەمەش شتێ بسەلمێنێ، تەنیا هەر ئەوەیە: ڕۆڵەکانی گەلی باشووری (کوردستان)، زۆر بەتەنگ گشتپرسەکەوە بوون، دوای نزیکەی (100) ساڵ داگیرکردنی باشووری (کوردستان)، هێشتا خۆیان بە عێراقیی نازانن! بۆیە بە پەرۆشەوە، باوەشی دڵسۆزییان، بۆ سەربەخۆیی نیشتمانەکەیان کردەوە، هەر لە (زاخۆ)وە تا (خانەقین)، ڕیزەکانی گەلی یەکخست، گوتاری نیشتمانپەروەریی و سەربەخۆیی نیشتمانیش گەشەیکرد. ئاخر مەگەر هەر جاشبیر و ناپاکەکانی کورد، دژی سەربەخۆیی (کوردستان) و ئازادیی نەتەوەی کورد بن، ئەگینا ئەوە ئامانجی گەورە و پیرۆزی، هەموو کوردپەروەر و نیشتمانپەروەرێکی دڵسۆزە!
ئەو کەسانەی دوای ئەنجامی گشتپرسەکە، رەخنەیان گرت و ئێستەش هەر لەسەر رەخنەگرتن بەردەوامن، یا قسەی سارد و سووک، بەرانبەر گشپرسەکە و بەڕیوەبەرانی دەکەن، بە هیچ شێویە گوێیان لێ ناگیرێ، چونکە دەبووایە، ڕەخنە و  تێبینییەکانیان، پێش ئەوەی گشتپرس بکری، دەربڕیایە، نەک دوای ئەوەی ئەنجامی گشتپرسەکە، بە ئەو شێوەیەی لێهات و شکستیهێنا. بۆ نموونە: باڵەکەی نێو (یەکێتیی)، خەوش و تاوانەکانی (16. 10. 2017)ی خۆیانی، پێ پەردەپۆشدەکەن، هەموو هەلە و ئەنجامەکانی ئەو ناپاکییە گەورەیە، لەدەسدانی لە (51%)ی ڕووبەری خاکی نیشتمانەکەمان، لە ملی گشتپرسەکەوە دەئاڵێنن!  
ئەوە ئەنجامی ریفراندەمیش نەبوو، لە (51%)ی خاکی باشوورمان لەدەسدا، بەڵکوو ئەنجامی ناپاکیی ئەو گرووپە تاوانبارەی نێو (یەکێتیی) بوو، هاوکارییان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی (ئێران) و (عێراق) کرد، تا ئەو مەرگەساتە، بەسەر گەلەکەی خۆیاندا بێنن. ئەو کوردەی خۆشی لە ئەو ڕاستییە گێلدەکا، کوردێکی بەکرێگیراو  و ترسنۆک نەبێ، هیچی دیکە نییە!
لە کۆتاییشدا دەڵێم: ریفراندەم وەک بەڵگەنامەیەکی مێژوویی دەمێنێتەوە و بە گەلانی جیهان ڕادەگەیەنێ، کورد چیتر ژێردەسيی قەبووڵ ناکا و داوای مافی چارەنووسی خۆی دەکا.



 استفتاء انفصال كردستان العراق 2017، من ويكيبيديا، الموسوعة الحرة.*


وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
سەعدی پیرە: یەكێتی هەڵوێستی لەبارەی بڕیارەكەی پارتی بۆ بەشداری نەكردن لە هەڵبژاردن دەبێت
شاسوار عەبدولواحید: پێشنیار بۆ پارتی و یەكێتی دەكەم ماوەیەك ئۆپۆزسیۆن بن
مه‌كته‌بی سیاسی پارتی: به‌شداری هه‌ڵبژاردنێک ناكه‌ین بە نایاسایی و نادەستوری بەڕێوەبچێت
شه‌ش خاڵ بۆ نه‌بونی متمانه‌ به‌ "هه‌ژماری من" ئاشكراده‌كرێت
مامۆستایانی ناڕازی بۆ دەسەڵاتدارانی زۆنی سەوز: هەژماری من رابگرن و راستەوخۆ لیستی موچە بنێرن بۆ بەغدا
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا: نیگەرانین لە راگەیەندراوەكەی پارتی بۆ بایكۆتی هەڵبژاردن
وەزارەتی دارایی ھەرێم بڕیاری دا، جیاوازیی مووچە و دەرماڵە بۆ بەشێك لە فەرمانبەران خەرج بكرێتەوە
بەیاننامەی تیمی یەکێتی لە حکومەتی هەرێم سەبارەت بەمووچە
ئەدهەم بارزانی: كار لەسەر بەلاڕێدابردنی دۆخەكە دەكرێت بۆ ئەوەی هەڵبژاردن نەكرێت
هێمن هەورامی: بڕیارەكەی پارتی بۆ راستكردنەوەی ئەو هەڵەیەیە كە عێراقی لە فرە پێكهاتەوە بەرەو تاك پێكهاتە بردوە
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×