دوو کورتە گوتار

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2023-02-01     477

دوو جۆر جەنگ

هەموو ئەو ڕەشەکوژیی و جەنگە نابەرانبەرانانەیەی، لە باشووری (کوردستان) لە ساڵانی (1961-2003)دا، لە نێوان هێزە شۆڕشگێڕەکانی پێشمەرگە و گەلی کورد بە گشتی، لەگەڵ هێزە داگیرکەرەکانی سوپا و جاش و دەزگە سیخوڕییەکانی، دەسەڵاتە یەک لە دوایەکەکانی دەوڵەتی داگیرکەری (عێراق) ڕوویانداوە، جێی شانازی ڕۆڵەکانی گەلی کورد بوون، بە دڵ و بە گیان، پشگیری هیزی پێشمەرگە و شۆڕشەکەیان کردووە، هەرچەندە زیانێکی زۆرمان لێ کەوتووە، قوربانییەکی زۆرمان داوە و بەشی زۆری نیشتمانەکەشمان وێرانبووە.

بەڵام هەموو ئەو ناکۆکی، دووبەرەکیی و جەنگی خۆکوژی نێوخۆییانەی، لە نێوان هێزی پارتەکانی (کوردستان)دا ڕوویانداوە، مایەی شەرمەزاری، سەرشۆریی و ماڵوێرانی گەلی کورد بوون. هەموو ئەو خوێنە گەشەی ڕۆڵەکانی کوردیش، لە جەنگی نێوخۆی کوردکوژیدا، بە ناهەق ڕژاوە، تاوان و گوناهەکەی، تەنیا هەر لە ئەستۆی هەردوو باڵەکەی سەرکردایەتی (جەلالیی) و (مەلایی) دایە، لە ڕووی مێژووییشەوە، بە ناپاکییەکی گەورە دەژمێررێ!

 

هونەرمەند و دەسەڵات

 (عەبدولحەلیم حافز)، ڕۆژی (30، 3، 1977) مرد. زۆربەی دانیشتووانی (میسر)، پرسەیان بۆ دانا، ڕەشیان پۆشی، شیوەنیان بۆ کرد، هاوار و گریانی لاوان و ئافرەتان، ماڵان و شەقامەکانیان پڕکرد. تەنانەت چەن گەنجێکی کوڕ و کچ، خۆیان کوشت.

بەڵام بە دەیان سەرکردەی ڕامیاریی و سەربازی، لە وڵاتەکەدا کوژران و مردن، نەک هەر زۆربەی ڕۆڵەکانی گەل، مێش میوانیان نەبوو، بگرە پێشیان خۆشبوو. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە، هونەرمەند دەتوانێ، خۆشیی و شادی، بە کۆمەڵانی خەڵک بگەیەنێ، گەر ئەڵقەلەگوێ و وابەستەی دەسەڵات نەبێ. بەڵام دەسەڵاتداران بە گشتی، جگە لە خۆسەپاندن، زۆرداری، گەندەڵیی و تاڵانی، هیچی دیکەیان نییە، بە گەلەکەی خۆیانی ببەخشن!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×