(مەلایی) و (جەلالیی)، دوو ڕێبازی جیاوازی دژبەیەک!

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2021-04-08     405
نوکتە  
دوو لاوی بەندکراو (ئەحە) و (مەغدید)، لە گرتووخانەیەک لە ژوورێکدا بوون و هەردووکیشیان، لەسەر یەک کێشە گیرابوون. (ئەحە) خەڵکی (سولەیمانیی) و (مەغدید)یش، خەڵکی (هەولیر) بوون. پێکەوە دانوویان نەدەکوڵا، ڕێک نەدەکەوتن و هەمیشە دەنگەدەنگیان بوو. وەک پەندە ڕووسییەکەش دەڵێ: وەک سەگ و پشیلە، ژیانی ڕۆژانەیان بەسەردەبرد!
دوای ماوەیە دادگاییکران، دادگە فرمانی لەسێدارەدانی هەردووکیانی لە یەک ڕۆژدا دەرکرد. سەرلەبەیانی ڕۆژی جێبەجێکردنی فرمانەکە، مەلایەک و چەن کاربەدەسێکی گرتووخانەکە چوون بۆ لایان. مەلا لە (مەغدید)ی پرسێ: پێش ئەوەی بمری، داواکارییت چییە؟
مەغدید: دەمەوی، داکم ببینم.
پاشان لە (ئەحە)ی پرسێ: ئەی تۆ داواکارییت چییە؟
ئەحە: من نامەوێ، (مەغدید) داکی ببینێ!
هەڵبەتە ئەم نوکتەیە، ئەوەمان بۆ ڕووندەکاتەوە، ئەم دوو کوڕە لاوە، زۆر ناڕێکبوون و تا سەر ئیسکیش، دژی یەکدی بوون. ڕقێکی گەورە بەڵام پۆخڵ، بەری چاوی گرتبوون، بە شێوەیە ئەو ڕقە قێزەونە، مەرگی خۆیانی لەبیربردبوونەوە، تەنانەت لە سەرەمەرگیشدا، هەر ویستوویانە، پشتی یەکدی لە زەوی بدەن!
* * *
پەندی هەرە گەورەی ئەم نوکەتەیە چییە؟!
ئەم نوکتەیە، هەردوو ڕێبازی (جەلالیی) و (مەلایی)م بیردەخاتەوە. چۆن؟ ئاخر هەر لە ساڵی (1963-1964)ەوە تا ئەوڕۆ، واتە نزیکەی (58) ساڵ دەبێ، ئەم دوو باڵە جیاوازە دژبەیەکە، لە گرتووخانە گەورەکەی (کوردستان)دا، هەم پێکەوە دەژین و خەباتدەکەن، هەم بە شێوازی جیاوازیش، چ بە نهێنیی و چ بە ئاشکرا، دژی یەکدی بوون. جەنگێکی پۆخڵی سەرتاسەریشیان بەرپاکردووە. تەنانەت لە ئەو پەڕی لەیەکدی نزیکبوونەوە و ئاشتبوونەوەشیاندا، هەر چارەی یەکدیان نەویستووە، لە بنەوە خەریکبوون، پڕوپاگەندە دژی یەکدی بڵاوکەنەوە و درۆی شاخداری نەشیاویش، بۆ یەکدی هەڵبەستن. هەروەها چەندین دەزگەی سیخوڕیی و چەواشەکارانەیان، دژی یەکدی دامەزراندووە، چاڵیان بۆ هەودارانی یەکدی هەڵکەندووە. هەر هیچیشیان دژی یەکدی پێ نەکرابێ، لایەکیان بە هەموو توانایەوە هەوڵیداوە و نەیهێشتووە، لایەکەی دیکەیان سەرکەوێ، کارێکی بەکەڵک بۆ کورد بکا و گەلەکەی بە کەناری زەریای ئارامیی سەربەخۆیی بگەیەنێ.
تەنانەت ئەو دووبەرەکیی و دوژمنایەتییە، هێندە قووڵ و درێژخایەن بووە، کار بە ئەوە گەیشتووە، هەردوولایان بە نۆرە، زۆر بێشەرمانە، لەشکری هەردوو دەوڵەتی داگیرکەری (عێراق) و (ئێران)یان، بۆ سەر یەکدی پەلکێشکردووە، تەنیا هەر بۆئەوەی ڕکەبەرەکەی سەرنەکەوێ و وەک (مەغدید داکی نەبینێ!) بە ئەو کارە ناپاکانەیەشیان، لە ئەرکە قوورسەکانی سەرشانی سەرانی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی نیشتمانەکەمانیان کەمکردووەتەوە و بای شانیان سووککردوون.
ئاخر بۆیە، ماوەی پتر لە یەک سەدەیە خەباتدەکەین، دژی داگیرکەران دەجەنگین، خوێندەڕیژین و لاشەدەنێژین، هیچمان بە هیچ نەکردووە، تا سەرکردایەتی ئەم دوو ڕێبازە نانیشتمانییەش، لەسەر ئەو کارە خراپە ناپاکانەیە بەردەوامبن، هەرگیز هیچ بە هیچ ناکەین. وەک دۆستی گەورەی کورد و نووسەری ناسراوی توورکیش (سمایل بێشکچی) گوتوویەتی:
)بە هیچ شێوەیە، ڕێی تێ ناچێ، نەتەوەیەکی (60) میلیۆن کەسی، ژێردەسە و بێ دەوڵەت بێ، گەر خۆیان کەلەپچەیان، بۆ دەس و پێکانیان درووست نەکردبێ. من زۆر جار، بە سەرکردە کوردەکانم گوتووە، ئێوە تەنیا یەکگرتووبن، هیچ ڕژێمێ بەرگەی یەک هەفتەتان ناگرێ. بەڵام ئەوان یەکگرتوویی نێوماڵی خۆیان ڕەتدەکەنەوە. چونکە کەسیان ئامادە نییە، لە ئەوی دیکە، خۆی بە پچوکتر بزانێ. ئیدی نەتەوەیەک، قووربانیی دەسی ناکۆکیی تاکەکەسیی و چەن ڕامیارێکی خۆ بە زلزانن(!
لە کۆتاییشدا دەڵێم: ئەم دوو باڵەی (جەلالیی) و (مەلایی) لەنیو کورددا، وەک هەردوو باڵەکەی (سووننە) و (شیعە)ی نێو ئیسلامیان لێهاتووە، چونکە ئەوانیش یەک ئایین کۆیاندەکاتەوە، بەڵام ماوەی پتر لە (1400) ساڵ دەبێ، هیچ نەماوە بە یەکدی نەکەن، تەنانەت سووکایەتی بە ئابڕووی یەکدیش دەکەن!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×